ژماره‌یه‌ك لە گه‌نجانى كه‌لار كتێبه‌كانى (به‌ختیار علی)یان دا بەدەم ئاوی سیروانەوە
Sunday, 28/07/2013, 12:00
1714 بینراوە
به‌یاننامه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵێك گه‌نجى كه‌لاره‌وه بۆ ڕاى گشتى
هه‌فته‌ى رابردوو نووسه‌ر به‌ختیار عه‌لى وتارێكى بڵاوكرده‌وه له (رۆژنامه‌ى باس) کە سەر بە دەزگای پاراستنی پارتییە، تێیدا ئێمەی گه‌نجانی کورد و خوێنه‌ره‌كانى به فاشیست پێناسەکرد و بە كوته‌ك وهشێنهكانى ده‌سه‌ڵات پێناسەکرد، له‌كاتێكدا هیچ خاڵێكى هاوبه‌ش له نێوان ئێمه‌ى گه‌نجان و كوته‌ك وهشێنهكانى ده‌سه‌ڵاتدا نییه. به‌داخه‌وه ئێمە له‌وه تێناگه‌ین، کە چۆن كاك به‌ختیار ویژانى رێگه‌ى دا له‌تاى ته‌رازوویه‌كدا كۆمان بكاته‌وه! به‌ختیار عه‌لى له‌رێگه‌ى ئه‌و وتاره‌یه‌وه پێش زوڵم كردن له ئێمه‌ى خوێنه‌ر و كتێب دۆست و ئه‌هلى مه‌عریفه، زوڵمى له خۆى كرد، چونكه ئێمه به‌شێك بووین له خوێنه‌ره‌كانى ئه‌و و یه‌كسان كردنمان به فاشیست و كوته‌ك وه‌شێن به‌ماناى یه‌كسانكردنى خوێنه‌رانى خۆیه‌تى به‌كه‌سانێك ، كه ئێمه هه‌میشه نه‌یاریان بووین و ئه‌م نهیارییەتیهمان دیارە له‌گه‌ڵ كوته‌ك وهشێندا له‌خودى به‌ختیاره‌وه فێربووین. ئێمه ئه‌و گه‌نجه غه‌در لێكراو و دڵشكاوانهین، كه بیست ساڵه ده‌سه‌ڵاتى كوردى نائومێدییمان ده‌رخوارد ده‌دات، هه‌موو ئومێدێكمان كتێب و تێكسته‌كان بوو كه نیشتیمانێكى جیاواز له‌م فه‌زا ناشیرینه‌ى بۆ فه‌راهه‌م كردبووین و له نێو شیعر و حهقیقهتهكانیاندا ده‌ژیاین ، به‌ڵام ئه‌وه‌تا به‌ختیار عه‌لى وه‌كو یه‌كێك له دروستكه‌رانى ئه‌و نیشتیمانه به‌هه‌مانشێوه‌ى ده‌سه‌ڵات نائومێدمان ده‌كات و ئه‌و نیشتیمانه‌مان به‌سه‌ردا وێران ده‌كات ، بۆیه له‌م بارودۆخه‌شدا به‌دڵێكى پڕ لهئهسهفهوه ناچاربووین به‌رگرى له‌خۆمان بكه‌ین و كتێبه‌كانى به شه‌پۆله شین و جوانه‌كانى ڕووبارى سیروان بسپێرین.
یهكسانكردنمان به‌كوته‌ك وه‌شێنه‌كان زۆر توڕه و نائومێدمان ده‌كات چونكه ئه‌وه ئه‌و جۆره كه‌سانه‌ن ئێمه‌یان له‌نیشتیمان تۆراندووه، ئه‌وه‌تا به‌ختیاریش به‌هه‌مانشێوه و له‌رێگه‌ى دهعمكردنى میدیاى سەر بە دەسەڵات و پاراستن و بە پشتیوانیكردنى ئه‌و میدیایه (كه كارى چه‌واشه‌كردنى هاونیشتیمانه) و هێرش دەکەن سه‌رمان و له‌دونیاى شیعر و رۆمان و حه‌قیقه‌تى تێكسته‌كان دهمانتۆرێنێ ، ئێستاش ئێمه بێ نیشتیمان ماوین.
له‌كۆتاییدا ڕووى ده‌م له‌و رێكخراو و كۆلكه نووسه‌ر و خوێنه‌وارانه ده‌كه‌ین، كه له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌هۆى كتێب سوتاندنه‌وه هێرشى ناره‌وایان كرده سه‌رمان بێ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى ورد و لۆژیكیان به‌ده‌ر ئه‌نجامێكى ته‌ندروسته‌وه بۆ بابه‌ته‌كه كردبێت ، به‌ڵكو هێرشه‌كانیان له‌سه‌ر تێگه‌یشتنێكى روواڵهتى دوور له‌واقیع و راستیه‌وه بتیادنرابوو، لێره‌شه‌وه به‌وان ده‌ڵێین ئێمە بۆ هه‌موو جۆره دیالۆگ و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ك ئامادەین، تا بۆیان بسه‌لمێنین و ڕوونى بكه‌ینه‌وه ئێمه مه‌به‌ستمان چی بووه له‌م كاره. هه‌روه‌ك نیگه‌رانى خۆشمان ده‌رده‌برین به‌رانبه‌ر به‌وه‌ى كه له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا و له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى به‌رۆشنبیر كردنى گه‌نج له‌كه‌لاردا دیالۆگێك له‌سه‌ر كتێب سوتاندن ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى به‌یاننامه‌یان ده‌ركرد له‌دژى كتێب سوتاندن (به‌شێكیان نازانن ماناى كتێب چییه) جورئه‌تیان نه‌كرد ڕووبه‌ڕوومان ببنه‌وه و دیالۆگمان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كتێب سوتاندن بهئامانجهكانیهوه له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و خۆیان دزیه‌وه.
ژماره‌یه‌ك گه‌نجى كه‌لار
28/7/2013