هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان (مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاریی؟ یان ده‌رفه‌تێک به‌ره‌و دیموکراتی!)
Wednesday, 25/02/2009, 12:00
له سیستمه دیموکراتییه‌کاندا ، هه‌ڵبژاردن ئامرازێکه بۆ گۆڕان و نوێبوونه‌وه و به‌رده‌وامیی و مانای ڕێزگرتنه له بڕیاری گه‌ل که له ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه ئازادییه‌کانی ده‌رئه‌بڕێت و ئاوات و ئامانجه‌کانی ئه‌هێنێته‌دی و بڕیاری ئه‌وه ئه‌دات که ئایا ده‌سه‌ڵاتداران سه‌رکه‌وتوو بوون له کاره‌کانیاندا یان نا. به بێ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات وه‌ک گۆمێکی داخراوی لێدێت و به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و بۆگه‌نبوون ئه‌چێت و ئیتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ناتوانێت ده‌ربڕی ئاوات و ئامانجه‌کانی گه‌له‌که‌ی بێت و به‌ره‌نگاری کێشه و سه‌ختییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ببێته‌وه ، چونکه متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری نه‌ماوه.
ئه‌مڕۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ڵبژاردن بووه به دیارده‌یه‌کی باو ، له وڵاته دیموکراتییه‌کان و دیکتاتۆرییه‌کانیشدا په‌یڕه‌وئه‌کرێت ، به‌ڵام بێگومان به شێواز و دروشمی جۆراوجۆر و جیاوازه‌وه و به‌گوێره‌ی خواست و ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتداران.
له وڵاتانی ئه‌وروپا و له ئه‌مێریکا ڕێز له ویست و خواستی گه‌لانیان ئه‌گرن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نیه که هه‌مان تێڕوانیان له‌سه‌ر دیوکراتی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی خۆیان هه‌یه و پشتگیریی کاروانی دیموکراتی ئه‌که‌ن! ئه‌و وڵاتانه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یاندا گرنگیی ناده‌ن به دیموکراتی له وڵاتانی دنیای سێیه‌مدا ، ئافریکا ، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کوردستانیش!
حه‌ماس له هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراتییانه‌دا سه‌رکه‌وت به‌سه‌ر ڕێکخراوی فه‌تح دا ، به‌ڵام ئه‌و جۆره دیموکراتییه ناگونجێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ڕۆژئاوادا ، بۆیه هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسه ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌نده‌ڵه‌کانی فه‌تح ڕێککه‌وتن دژی ئه‌و دۆخه نوێیه.
هه‌ر به‌و جۆره‌ش و وه‌ک خه‌ڵکی کوردستان ئاگاداره ، له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی پێشوودا ، ئه‌مێریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگییه‌کی ئه‌ووتۆیان نه‌دا به هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و خۆیان له‌و هه‌موو گزیی و فڕوفێڵه‌ی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که بێده‌نگ کرد ، له کاتێکدا که پێشێلکارییه‌کان گه‌یشتنه ڕاده‌ی کوشتنی هاونیشتمانییان و سوتاندنی نوسینگه‌ی لایه‌نی به‌شدار له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.
ئه‌مڕۆ کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی کورد بووه به کێشه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی و چه‌ندان لایه‌ن به‌شدارن له پروسێسهکهدا ، ئه‌مه‌ش مانای وایه که چاره‌سه‌ری کێشه‌کان هه‌ر ته‌نیا به‌ده‌ست لایه‌نه خۆماڵییه‌کانه‌وه نیه.
گه‌لی کورد ژیانی ڕاستینه‌ی دیموکراتی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه ، نه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقدا و نه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵییدا. ئه‌مڕۆش که له‌م قۆناغه نوێیه‌ی پێشکه‌وتنی گه‌لاندا و گه‌له‌که‌مان به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ئه‌چێت و بۆ یه‌که‌م جار ده‌یان ڕێکخراوی هه‌مه‌جۆره و له ده‌ره‌وه‌ی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که و حیزبه کلاسیکییه‌کان ، به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ئه‌که‌ن ، ئه‌بێت وه‌ک پێشتر له وتاره‌کانماندا باسمان کردووه ، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین که ده‌سه‌ڵاتداران په‌نا بۆ هه‌موو کارێکی نایاسایی و نابه‌جێ ئه‌به‌ن تا هه‌ڵبژاردنه‌کان دوابخه‌ن و چاره‌یه‌ک بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه که مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵاتدا مسۆگه‌ر بکات.
هه‌ر له‌م ڕووه‌شه‌وه و یه‌که‌م هه‌نگاوی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه بوو که هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانیان دواخست. دواتر پروپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان کرد که هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان له کاتی خۆیدا ئه‌کرێت. دواتریش کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق که پارتی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌کات ، ڕایانگه‌یاند که له‌به‌ر هۆی تێکنیکیی ، کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆیان نیه به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن. ئه‌مه له کاتێکدا که بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مانی عێراق ، دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که پاره‌یه‌کی خه‌یاڵییان ته‌رخانکرد بۆ گه‌یاندنی کوردانی ئه‌وروپا به سنوقه‌کانی ده‌نگدان. جگه له‌وه‌ش که سه‌رانی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که زۆر بێشه‌رمانه فتوای ئه‌وه‌یان ئه‌دا که ئه‌وه‌ی ده‌نگ نه‌دات "خائین و زۆڵه". ئه‌مڕۆش هه‌موومان ئه‌یبینین که چونکه گڵۆڵه‌یان که‌وتووه‌ته لێژیی ، ئه‌ڵێن له‌به‌ر "هۆی تێکنیکیی" کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆیان نیه ده‌نگ بده‌ن!
هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک دوای ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌یان و هه‌ر له‌ڕێی کۆمیسیۆنه‌که‌ی پارتییه‌وه که ناویان ناوه کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان ، دیسان ڕایانگه‌یاند که "له‌به‌ر هۆی تێکنیکیی" هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان دوائه‌خرێت! سه‌یره‌که له‌وه‌دایه که چونکه پارله‌مانی کوردستان سه‌ربه دوو حیزبدهسهڵاتهکهیه ، بڕیاری هه‌ڵبژاردنه‌کانی داوه‌ته ده‌ست کۆمیسیۆنێکی عێراقیی!
ئه‌م گاڵته‌جاڕییه ئه‌وه‌مان بیرئه‌خاته‌وه که له سه‌رده‌می شه‌ڕی عێراق و ئێران‌دا ، سه‌دام ده فڕۆکه‌ی جه‌نگیی ئه‌نارده سه‌ر ئێران و دووانیان ئه‌گه‌ڕانه‌وه و له‌ده‌زگاکانی ڕاگهیاندنیشیاندا ئه‌یانوت ئه‌وانی تر "به هۆی تێکنیکی"یه‌وه که‌وتوونه‌ته خواره‌وه!
به هه‌ر حاڵ له سه‌روبه‌ندی ئه‌م هه‌موو گۆڕانکارییانه‌دا و تێپه‌ڕبوونی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌مان به قۆناغێکی پڕ ڕووداو و چاوه‌ڕوانییه‌کان ، ئه‌بێت له ڕوانگه‌یه‌کی فره‌وانه‌وه سه‌یرێکی نه‌خشه‌ی سیاسی ده‌وروبه‌رمان بکه‌ین و تێڕوانینێکی زانستییانه‌مان بۆ باس و ڕووداوه‌کان هه‌بێت ، چونکه له‌م سه‌رده‌مه‌ی گڵۆڵهدا ته‌نیا فاکته‌ره ناوخۆییه‌کان نین که ئه‌بێت حسابیان بۆ بکه‌ین ، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی که به هۆشیاریی و ویستی به‌رزه‌وه به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ین. بۆیه ئه‌بێت به شێوه‌یه‌کی کورت و چڕ ، سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی جیهان و ناوچه‌که و تێکئاڵاوییان له‌گه‌ڵ پرۆسه‌که‌ی ئێمه.
له ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه:
* داگیرکردنی عێراق له لایه‌ن ئه‌مێریکاوه و گۆڕینی ڕژێم له عێراقدا ، له‌پێناوی دیموکراتییدا نه‌بووه و ئه‌مێریکا گرنگییه‌کی ڕاستینه‌ی پێ نه‌داوه ، به‌ڵکوو به مه‌ستی به‌رده‌وامیی دابینکردنی وزه بووه بۆ پێویستییه‌کانی پێشکه‌وتنی ئابوری خۆی.
* بوونی ئه‌مێریکا له ناوجه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و زامنکردنی ده‌ستگرتن به سه‌ر سه‌رچاوه‌کانی وزه‌دا ، ده‌رفه‌تی به‌رده‌وامیی زاڵبوونی ئه‌دات به‌سه‌ر دنیادا و ئه‌بێته هۆی ڕێگرتن له په‌ره‌سه‌ندنی بوون و سیاسه‌تی ڕوسیا و چین له ناوچه‌که‌دا و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئێران و له هه‌مان کاتیش‌دا پاراستنی ئاساییشی ئیسرائیل.
* ده‌ستگرتنی ئه‌مێریکا به سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ، ئه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که به سنورێکی دیارییکراو ڕه‌وتی سیاسه‌تی حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که بگۆڕێت تا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیدا یه‌کبگرنه‌وه.
* مامه‌ڵه‌کردن به کێشه‌ی کورده‌وه ، وای لێئه‌کات که به ئاسانیی کاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر حکومه‌تی عێراق و دراوسێکان ، به‌تایبه‌تییش سوریا و ئێران.
* ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ئاگادارین ، تا ئێستا هیچ نوسراوێکی نهێنی و ئاشکرا نیه که تیایدا ئه‌مێریکا په‌یمانی پاراستنی ئاساییشی کورد بدات و نه‌هێڵێت کاره‌ساته خوێناوییه‌کانی ڕابوردووی دووباره ببنه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه ده‌رئه‌خات که تا ئێستا ئه‌مێریکا ده‌رگای مانۆری دانه‌خستووه به ڕووی وڵاتانی دابه‌شکه‌ری کوردستاندا.
* به ڕای ئێمه ئه‌مێریکا کورد وه‌ک کاردێک و له کاتی پێویستدا بهکاریئههێنێت ، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به کورد هه‌میشه له گۆڕاندایه و به‌گوێره‌ی گۆڕان له بارودۆخی ناوچه‌که‌دا و بۆ نمونه ، ڕێککه‌وتنی ئه‌مێریکا ئێران ، ئه‌مێریکا تورکیا ، یان ئه‌مێریکا عێراق.
*ڕۆڵی ئه‌وروپا ، ڕوسیا و چین له کوردستاندا سنورداره له‌چاو توانا و ڕۆڵی ئه‌مێریکادا ، به‌ڵام له‌وانه‌یه له کاتی کێشه‌ی ئه‌مێریکا له‌گه‌ڵ عێراقدا ، ڕۆڵ و چالاکیی زیادتریان هه‌بێت.
* له کاتی سوێندخواردنیدا ، ئۆباما له وتاره‌که‌یدا بانگه‌وازێکی بۆ ئه‌وانه بوو که ده‌سه‌ڵاتدارن له دنیای ئیسلامییدا و ئه‌و ڕژێمه بۆگه‌نانه‌ی که هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانیان سه‌رکوت ئه‌که‌ن (بێگومان ئه‌وه سه‌رکردایه‌تی کوردیش ئه‌گرێته‌وه). ئه‌وه‌ی له‌و بانگه‌وازه‌دا ئاشکرایه ، ئه‌وه‌یه که ئه‌مێریکا گرنگیی ئه‌دات به کێشه ناوخۆییه‌کانی خۆی ، نه‌ک کێشه‌ی دیموکراتیی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئه‌وه‌ش ده‌رکه‌وت که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆباما وتووێژی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا پێ باشتره وه‌ک له هه‌ڕه‌شه‌کانی جۆرج بوش.
* هه‌ر چۆنێک بێت ، باسی دیموکراتیی په‌یوه‌ندیی که‌م و زۆری هه‌ر به ڕاده‌ی هۆشیاریی گه‌لانه‌وه هه‌یه و پیاده‌کردنی نرخێکی به‌رزی هه‌یه و ئه‌بێت ئاماده‌بن بۆ ئه‌و نرخه به‌رزه. هه‌ر وه‌ک "تۆنی بله‌یر"ی سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشووی بریتانیا جارێک وتی: ئه‌مێریکا و ئه‌وروپا کاتی خۆیان بهفیڕۆئهدهن له بڵاوکردنه‌وه‌ی دیموکراتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه هێشتا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاماده نیه بۆ دیموکراتی ، چونکه ژێرخانێکی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی نیه که ئاماده بێت بۆ ژیانی دیموکراتی.
ده‌ستپێشخه‌ریی باشی وڵاتانی ڕۆژئاوا ، به لایه‌نی که‌مه‌وه ، له‌وه‌دایه که پشتگیریی ڕژێمه دیکتاتۆرییهکانمان نه‌که‌ن ، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که ئه‌بێت گه‌لان به ته‌واویی پشت به هێز و توانای خۆیان ببه‌ستن و چاوه‌ڕێی یارمه‌تی ده‌ره‌کیی نه‌که‌ن.
ئه‌بێت ئێمه‌ی کوردیش ئه‌و ڕاستییه باش بزانین و هه‌ر وه‌ک په‌ندێکی پێشینانمان ئه‌ڵێت: (گه‌ر چاوه‌ڕێی ده‌ستی دراوسێ بیت ، شه‌و بێ شێو سهرئهنێیتهوه). بۆیه ئه‌بێت ئێمه‌ش به‌وپه‌ڕی هۆشیاریی و توانامانه‌وه به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ین و سنورێک بۆ ده‌سه‌ڵاتی حیزب و خێڵ دابنێین که هه‌ژده ساڵه ده‌ستیان گرتووه به سه‌ر خێروبێر و سامانی کوردستاندا.
* تا ئێستا ئه‌مێریکا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردووه که په‌یوه‌ندیی نێوان تورکیا و حکومه‌تی کوردستان به‌هێز بکات ، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که هه‌ر گرژیی و تێکچوونێک له په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو دۆستهیدا ، ئه‌بێته هۆی ناڕه‌زایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌مێریکا ، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌و گرژیی و تێکچوونانه کاردانه‌وه‌یان ئه‌بێت له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مێریکا له عێراق و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
* له لایه‌کی تریشه‌وه و له‌پێناوی ئه‌وه‌ی که ڕێگریی له ئێران بکات که پێشه‌نگی هێزه شیعییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته ، هه‌روه‌ها له ئیسلامییه ئوسوڵییه سونهییهکان و نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌بییه ڕادیکالییه‌کان ، ئه‌وا له‌وانه‌یه که ئه‌مێریکا په‌یوه‌ندیی و هاوپه‌یمانییه سیاسییه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا و حکومه‌تی کوردستان و ئیسرائیل‌دا پته‌و بکات.
هه‌روه‌ها لێره‌دا به گرنگی ئه‌زانین که ئه‌و به‌شه‌ی وتاره‌که‌ی ئۆباما بنوسینه‌وه: (به دنیای ئیسلامیی ئه‌ڵێم ، ئێمه به‌ره‌و پێشه‌وه ئه‌ڕۆین و به ڕوانگه‌یه‌کی نوێوه و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ند و ڕێزگرتنی هاوتا. ئه‌و سه‌رکردانه‌ش که کێشه دروستئه‌که‌ن و کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگاکانیان ئه‌خه‌نه ئه‌ستۆی ڕۆژئاوا ، ئه‌بێت ئه‌وه بزانن که ئه‌وه گهلانیانه بڕیارئه‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانیان چی‌یان بۆ کردوون! نه‌ک چی‌یان لێ وێران کردوون. ئه‌وانه‌ش که به‌زۆر ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست و له ڕێی ڕژێمی گه‌نده‌ڵ و بۆگه‌نه‌وه و گه‌لانیان هه‌ڵئه‌خه‌ڵه‌تێنن و ده‌نگی به‌رهه‌ڵستکاران کپئهکهن ، پێیان ئه‌ڵێین له لایه‌کی هه‌ڵه‌ی مێژوودا وه‌ستاون ، به‌ڵام ده‌ستی یارمه‌تییان بۆ درێژ ئه‌که‌ین ، ئه‌گه‌ر ده‌ستیان شل بکه‌ن!).
له ڕووی ناوچه‌ییه‌وه:
گومان له‌وه‌دا نیه که تورکیا ، ئێران و سوریا زۆر به هۆشیارییه‌وه چاودێریی گۆڕانکارییه‌کانی باشوری کوردستان ئه‌که‌ن و چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌ت ئه‌که‌ن که نه‌هێڵن سه‌ربه‌خۆیی کورد په‌ره‌بسه‌نێت. له‌پێناوی ئه‌و مهبهستهشیاندا هه‌میشه له پلانداناندان ، بۆیه سیاسه‌ته گشتییه‌کانیان له چه‌ند خاڵێکدا به ئاشکرا ده‌رئه‌که‌وێت ، وه‌ک:
* هاوکاریی و گۆڕینه‌وه‌ی زانیاریی له‌نێوان ده‌زگا جاسوسیی و سه‌ربازییه‌کانیاندا ده‌رباره‌ی عێراق و کوردستان. هه‌روه‌ها له هه‌وڵداندان بۆ له‌باربردنی فیدراڵیی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که بۆ سه‌رده‌می جارانی پێش هێرشی ئه‌مێریکا بۆ سه‌ر عێراق.
* به هۆی بوونی سه‌ربازیی ئه‌مێریکا له عێراق و کوردستاندا و ڕێگرتنیان له ده‌ستتێوه‌ردانه ئاشکرا‌کانی وڵاتانی دراوسێ ، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ڕێیه‌کی تریان گرتووه‌ته‌به‌ر که ئه‌ویش سیاسه‌تێکی ئابورییه و وای له کوردستان کردووه که به ته‌واویی له‌و ڕووه‌وه پشت به به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و وڵاتانه ببه‌ستێت ، به‌تایبه‌تیی له به‌رهه‌می کشتوکاڵیی و خواردندا. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌یه که وڵاتێک ناتوانێت له ڕووی سیاسییه‌وه ئازاد بێت ، ئه‌گه‌ر نه‌توانێت ئابوری خۆی بپارێزێت و بژێوی هاونیشتمانییانی دابینبکات.
* ئه‌وه‌ی که ئاشکرایه به هۆی به‌رژه‌وه‌نده ئابورییه‌کانه‌وه ، په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانیش دروستئه‌بن. ئه‌وه‌ش که هه‌موو هاونیشتمانییان ئه‌یبینن ئه‌وه‌یه که ژماره‌یه‌کی هێجگار زۆری به‌رپرسان و له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ، توێژێکی تایبه‌تییان دروستکردووه و سه‌دان پرۆژه‌ی بازرگانیی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ داموده‌زگا بازرگانیی و پیشه‌سازییه‌کانی تورکیا و ئێران‌دا هه‌یه.
* ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دراوسێ و له ڕێی داموده‌زگا بازرگانیی و پیشه‌سازییه بڵاوهکانیانهوه له کوردستاندا ، چه‌ندان تۆڕی جاسوسیی کاریگه‌ری گه‌وره و فره‌وانیان له شار و شارۆچکه‌کانی کوردستاندا ده‌مه‌زراندووه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ش که ژماره‌یه‌کی زۆر سیخوڕ و به‌کرێگیراویان خستووه‌ته‌گه‌ڕ. ئه‌م ڕاستییه تاڵه‌ش به ئاسانیی له ڕووخساری هاونیشتمانییاندا ئه‌بینرێت که چۆن توشی بێمتمانه‌یی بوون.
* هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ته‌واو زاڵن به‌سه‌ر سنوره‌کانماندا ، هه‌ر کاتێک بیانه‌وێت ، ئه‌وا به ئاسانیی سنوره‌کان به ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا دائه‌خه‌ن.
* نه‌بوونی پلانی داڕێژراو له لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه بۆ گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنی کشتوکاڵ و پیشه‌سازیی ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌که به پلانه‌کانیان ، ببنه هۆی شێواندنی ئابوری کوردستان و ڕێگر له په‌ره‌سه‌ندنیدا.
* ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌دا تێبینی ئه‌کرێت ، ئه‌وه‌یه که له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی تورکیا ئه‌یانه‌وێت ببن به ئه‌ندام له یه‌کیه‌تی ئه‌وروپادا ، وا پێشانئهدهن که ئه‌یانه‌وێت کێشه‌ی کوردیش به ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بکه‌ن! به‌ڵام هیچ یه‌کێک له‌و دوو هه‌وڵه‌یان سه‌رکه‌وتوو نابێت ، ئه‌گه‌ر دیموکراتی له بواری سیاسیی‌دا په‌یڕه‌و نه‌کرێت. هه‌روه‌ها له‌م دواییانه‌شدا هه‌ست به‌وه ئه‌کرێت که تورکیا له‌هه‌وڵداندایه که په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا پته‌و بکات و نهرمییهکیش به‌رامبه‌ر به حکومه‌تی کوردستان پێشانبدات.
* حیزبه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کان و داموده‌زگاکانی سوپای تورکیا ، دژی هه‌ندێک له‌و گۆڕانکارییانه‌ن که ئه‌مڕۆ له تورکیادا ئه‌کرێت ، به‌تایبه‌تیی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی کورده‌وه هه‌یه. ئه‌مڕۆ به ئاشکرا ململانێی نێوان توێژه بۆرجوازییه ئهنهدۆڵییه ئیسلامییه په‌ره‌سه‌ندووه‌کان و که‌مالییه‌کان ئه‌بینرێت ، ئه‌وان له‌پێناوی گۆڕینی ڕه‌وتی تورکیا به‌پێی ئاواته‌کانی خۆیان و که‌مالییه‌کانیش له‌پێناوی مانه‌وه‌یاندا له ده‌سه‌ڵات و سوپادا.
* تورکیا له هه‌وڵی بێوچاندایه بۆ سه‌رنه‌که‌وتنی هه‌وڵه‌کان له‌پێناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کانی وه‌ک که‌رکوک ، خانه‌قین و سنجار و ..تد. هه‌روه‌ها دوژمنی سه‌رسه‌ختی ماده‌ی 140 و چاره‌نوسی که‌رکوکه. له‌م ڕووه‌شه‌وه ، پشتگیریی مافی که‌مایه‌تی تورکمان و لێدانی PKK ی کردووه به بیانوو بۆ ده‌ستتێوه‌ردانه‌کانی له کاروباری کوردستاندا و وێرانکردنی سنوره‌کان.
* ئه‌مڕۆ ته‌وه‌رێکی ڕوسیی ئێرانیی هه‌یه و ئه‌یانه‌وێت ڕۆڵێکی گه‌وره له کورستان‌دا دژی ئه‌مێریکا ببینن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشکرایه تا ئێستا هه‌ر ئه‌مێریکایه که چاره‌نوسی باشوری کوردستان دیارییئهکات.
* گومان له‌وه‌شدا نیه که وڵاتانی دراوسێ هه‌وڵئه‌ده‌ن به‌گوێره‌ی هاوکێشه‌کانیان ئه‌و لایه‌نانه هه‌ڵببژێرن که زیادتر بواری لێکتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه و له ڕێی ئه‌وانه‌وه ململانێکانیان ببه‌ن به‌ڕێوه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی که به دوژمنیان دائه‌نێن.
هه‌ره‌وه‌ها دوای ئه‌وه‌ی که به کورتیی و چڕیی سه‌یرێکی ده‌وروبه‌ری کوردستان‌مان کرد ، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به کورتیی و چڕیی باسی دیارده سه‌ره‌کییه‌کانی بارودۆخی ناوخۆی وڵات ئه‌که‌ین.
* له کوردستاندا و هه‌ر وه‌ک له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا ، که‌مینه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی مشه‌خۆر به ته‌واویی ده‌ستیان گرتووه به سه‌ر سامانی گه‌له‌که‌ماندا و ڕه‌گیان داکوتیوه له گه‌نده‌ڵیی و مشه‌خۆریی و نه‌بوونی ڕونیی و چه‌وسانه‌وه‌دا.
* نزیکه‌ی په‌نجا ساڵه ململانێی نابه‌جێ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی کوردییدا هه‌یه و تا ئێستا له شێوازدا نه‌بێت ، هیچ له ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا نه‌گۆڕاوه و هه‌مان ده‌موچاو و ڕه‌فتار و هه‌مان هه‌لپه‌رستیی و شێوه‌ی مامه‌ڵه‌کردنیان هه‌یه له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستاندا و ئه‌و دیاردانه‌ش بوون به به‌شێکی بنچینه‌یی له که‌لتوری سیاسی و ڕه‌فتاری سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانی کوردستاندا. ئه‌مه‌ش وای کردووه که ئه‌و سه‌رکردایه‌تییانه ناتوانن به‌رده‌وامبن و سنوره‌کان و ئاساییش به‌بێ پشتگیریی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مێریکا بپارێزن.
* سه‌رکردایه‌تی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که ده‌یان ساڵه گه‌لی کوردیان توشی ده‌یان شه‌ڕی خوێناویی کردووه و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و یارمه‌تییه ههمهجۆرهکانیشیان له عێراق ، تورکیا و ئێران وه‌رگرتووه.
* له مێژووی گه‌لاندا ڕاستییه‌ک هه‌یه و ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر سه‌رکردایه‌تییه‌ک له ماوه‌یه‌کی دیارییکراودا ، سه‌رنه‌که‌وت له به‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌کانی گه‌له‌که‌یدا ، ئه‌وا وازئه‌هێنێت و سه‌رکردایه‌تییه‌کی نوێ به‌رده‌وام ئه‌بێت له خه‌باتدا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که زیادتر مایه‌ی سه‌رسوڕمانه ، ئه‌وه‌یه که له لای ئێمه سه‌رکردایه‌تییه کۆنه ده‌یان ساڵییه‌که هه‌ر به‌رده‌وامه و له‌م شکسته‌وه بۆ ئه‌و شکست و له هه‌مووشیان سه‌رگه‌ردانتر ، شکسته‌که‌ی ساڵی 1975 بوو که چه‌ند قۆناغێک شۆڕشه‌که‌مانی به‌ره‌و دواوه گه‌ڕانه‌وه ، به‌ڵام تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامن و به‌دتر له جاران که‌وتوونه‌ته گه‌نده‌ڵیی و تاڵان‌کردنی سامانی گه‌له‌که‌مان. ئه‌وه‌ش که له‌م ڕووه‌وه ئاشکرایه ، ئه‌وه‌یه که دوژمنانی کورد ئه‌وانه‌یان له لا باشتره وه‌ک له سه‌رکردایه‌تییه‌کی نوێ که دڵسۆزانه خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی گه‌له‌که‌مان به‌ره‌و قۆناغێکی نوێ ببات.
ئه‌وه‌تا هه‌موومان به چاوی خۆمان ئه‌یبینین که ئه‌مڕۆ و له کاتێکدا هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان نزیکبووه‌ته‌وه ،تورکیا نه‌رمیی پێشانئه‌دات و بۆ یه‌که‌م جاریش له مێژوودا به‌رپرسێکی به‌رزی ڕژێمی ئێران سه‌ردانی هه‌ولێر و سلێمانیی ئه‌کات. ئایا ئه‌مه خۆی له خۆیدا به‌شدارییکردنی ئه‌و ڕژێمانه نیه له پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رانی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که و ئه‌و حیزبانه‌ی که ناسراون به هاوکارییان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا؟ ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه که ئه‌و ڕژێمانه ڕازیین به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لێنیشتووه که هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ببن به ڕێگر له پیاده‌کردنی پلانه‌کان و بهرژهوهندهکانیاندا؟
بۆچی حکومه‌تی عێراق خۆی که‌ڕ کردووه له دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان؟ بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌یه که ئه‌یانه‌وێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه و هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان ده‌ستیان نه‌گاته ده‌سه‌ڵات و نه‌بن به ڕێگر له جێبه‌جێکردنی پلانه ههمهجۆرهکانیاندا.
* سه‌رکردایه‌تی دۆڕاوی ئه‌مڕۆ ، بۆ لێدانی لایه‌نه کوردییه‌کان و شه‌ڕی ناوخۆ و کوردکوژیی ، هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ سوپای هه‌موو داگیرکه‌راندا کردووه. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه که داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌میشه هه‌وڵئه‌ده‌ن که ئه‌م سه‌رکردایه‌تییه بپارێزن و بیهێڵنه‌وه بۆ دژایه‌تی هێزه به‌رهه‌ڵستکار و گۆڕانکارییه‌کان.
* تا ئێستا سه‌رکردایه‌تی دوو حیزبده‌سه‌ڵاته‌که نه‌یانتوانیوه له بازنه‌ی حیزبایه‌تی ته‌سک و به‌رژه‌وه‌نده بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کییه‌کان ده‌ربچن و ئه‌و هێزه چه‌کداره‌ش که هه‌یانه ، تا ئێستا نه‌بووه به هێزێکی یه‌کگرتووی نیشتمانیی و ته‌نیا له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رۆکی دوو حیزبه‌که و خزمانیاندایه ، بۆیه تا ئێساتاش هه‌ر گیانی میلیشیایی زاڵه به‌سه‌ریاندا.
* هه‌ر ئه‌وه‌شه که وای کردووه تا ئێستا وه‌زاره‌ته‌کانی پێشمه‌رگه و ناوخۆ یهکنهخهنهوه.
* له‌به‌رئه‌وه‌ش که به‌رژه‌وه‌نده‌کانیان حیزبیی و بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کییه ، ئه‌وه‌تا هه‌موو جه‌ماوه‌ر ئه‌یبینێت که تا ئێستاش وه‌زاره‌تی(پاره) دارایی یهکناخهنهوه و بودجه‌ی کوردستانیش وه‌ک برا بهشئهکهن.
* له ئه‌نجامی ئه‌و گه‌نده‌ڵیی و لوشدانهی سامانی گه‌لدا ، هه‌ندێک خێزان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌رکردایه‌تییه‌کان که پێش ڕاپه‌ڕین له‌وپه‌ڕی هه‌ژارییدا ئه‌ژیان ، ئه‌مڕۆ و له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا ، به شێوه‌یه‌کی وا خه‌یاڵیی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون که له که‌لتور و فه‌رهه‌نگی سیاسی و ئابوری هیچ وڵاتێک‌دا ڕووینه‌داوه! له کاتێکدا که زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌شمان به هۆی گرانیی و نه‌بوونی یاسا و ڕێسای بازاڕ و بازرگانیی و زۆریی بێکارییه‌وه ، ئه‌ناڵێنن و هێجگار به‌زه‌حمه‌ت بژێوی خۆیان و ئه‌ندامانی خێزانه‌کانیان بۆ دابینئهکرێت. ئه‌و هۆیانه و سه‌رجه‌می هۆیه‌کانی تر بوونه‌ته هۆی دروستبوونی دیوارێکی مه‌تینی بێمتمانه‌یی له نێوان جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتداراندا.
* ڕاستییه‌کان تا ئێستا ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه که هێزه‌کانی پۆلیس ، ئاساییش و پێشمه‌رگه ، کاریان ته‌نیا مانه‌وه‌ی ڕژێم و ده‌سه‌ڵاتدارانه و پاراستنیانه له جه‌ماوه‌ری بێزار و ناڕازیی گه‌ل.
* ده‌سه‌ڵاتداران له ڕێی پروسێسی دیموکراتیدا وه‌ستاون و پێشێلکاریی و گزیی و فڕوفێڵیان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوودا کرد و هه‌ڕه‌شه‌یان له به‌رهه‌ڵستکاران و چه‌ندان که‌سایه‌تی کرد که سه‌ریان بۆ ده‌سه‌ڵاتی بێپایانیان شۆڕنهکرد. ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ سه‌دان خێزان و بنه‌ماڵه له به‌رده‌می پارله‌مانه‌که‌ی دوو حیزبدهسهڵاتهکهدا خۆپێشاندان و مانگرتن ئه‌که‌ن و داوای ئاشکراکردنی چاره‌نوسی که‌سوکاره دیارنهماوهکانیان ئه‌که‌ن که هه‌ر به ده‌ستی داموده‌زگا حیزبییه‌کان و پاراستن و ئاساییش و زانیاریی ساڵانێکه بێسه‌روشوێنکراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتداران ئاماده نین باسی ڕاستییه‌کان بکه‌ن و چاره‌نوسیان ئاشکرا بکه‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین عێراق و به‌عس ، ئه‌وا هه‌مان کاره‌ساته‌کانی وڵاتانی شیلێ و لاووس و کهمبۆدجیا و دیکتاتۆره‌کانی وه‌ک پۆڵپۆت و پینۆشێ مان بهبیرئههێنێتهوه.
* سه‌رکردایه‌تی ئه‌مڕۆ ، تا ئێستا نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌کییه ڕۆژانه‌ییه‌کانی ژیانی هاونیشتمانییان دابینبکات ، وه‌ک ئاو و کاره‌با و سوتمه‌نی و هۆیه‌کانی گواستنه‌وه و ده‌رمان و ته‌ندروستیی و چاره‌سه‌ری دادپه‌روه‌رانه‌ی کرێچییه‌تی و ڕۆژ به ڕۆژیش باری چین و توێژه هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌ته‌کان ، گرانتر ئه‌بێت ، له کاتێکدا که خێزان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌رکرده و به‌رپرسه‌کان له‌وپه‌ڕی ناز و نیعمه‌تدا و له ڤیللای چه‌ند میلیۆن دۆلارییدا ئه‌ژین!
* هه‌ڵوێسته‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانیی و مه‌سعود بارزانیی هه‌میشه له گۆڕاندان ، کاتێک که له به‌غدا و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن ، خۆیان وه‌ک که‌سایه‌تییه‌ک پێشانئهدهن که داکۆکییکهرن له دیموکراتی ، فیدراڵیی ، فره‌حیزبیی و ڕه‌خنه له دیکتاتۆریی ئه‌گرن ، به‌ڵام هه‌ر که گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵی خۆیان ، بۆ کوردستانه‌که‌یان ، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان ئه‌گۆڕێت و خۆیان به به‌رپرسیار نازانن له‌و هه‌موو چه‌وسانه‌وه و زۆرداریی و گه‌نده‌ڵییه ، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه له به‌رهه‌ڵستکاران و ڕۆژنامه‌نوسانیش ئه‌که‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پارلهمانهکهیان کردووه به ئامرازی ده‌ستیان و له‌سه‌ر حسابی کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌رژه‌وه‌نده بنه‌ماڵه‌یی و حیزبییهکانیانی پێ دابینئه‌که‌ن.
* له پیاده‌کردنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌وه ، زه‌مینه‌یه‌ک دروستبووه که ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و خاووخێزان و داروده‌سته‌کانیان دژی ڕونیی و ئاشکرایین و له سه‌رووی یاساوه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌شه که بووه‌ته هۆی دزیی و تاڵانیی سامانی گه‌ل. له کاتێکدا که ڕۆژ نیه ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن باسی ئه‌و جۆره کاره ناپه‌سه‌ندانه نه‌که‌ن و نه‌یانخه‌نه به‌رچاوی گه‌وره و بچوکی به‌رپرسان. هه‌روه‌ها چه‌ندان که‌سایه‌تی ناسراو و ڕۆژنامه و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌مێریکایی و ئه‌وروپایی ، که‌م و زۆر باسی ئه‌و گه‌نده‌ڵیی و کهموکوڕییانهیان کردووه.
* ئه‌وه‌ی که جێی سه‌رنجه و گرنگه ، ئه‌وه‌یه ئه‌بێت ئه‌و ڕاستییه بزانین که یه‌کێک له ڕه‌وشته‌کانی ڕژێمه دیکتاتۆرییه‌کان ئه‌وه‌یه که نایانه‌وێت به‌شداریی هه‌ڵبژاردنێک بکه‌ن که تیایدا سه‌رکه‌وتوو نابن ، بۆیه په‌نا بۆ هه‌موو شتێک ئه‌به‌ن که هه‌ڵبژاردن دوابخرێت و نه‌کرێت. له کاتێکیشدا که به ناچاریی به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌که‌ن و سه‌رکه‌وتوو نابن ، ئه‌وا هه‌موو پروسێسهکهش لهبارئهبهن. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستاندا سه‌رکه‌وتوو نه‌بن ، ئه‌وه‌ی که دیارده‌ی سه‌رنجڕاکێشه له‌و ڕووه‌وه و وه‌ک له وڵاته تۆتالیتارییه‌کاندا ڕووئه‌دات ، ئه‌وه‌یه که له‌وانه‌یه و مێژووش ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخستووه ، ده‌سه‌ڵاتداران ڕازیی نه‌بن که هێزه چه‌کداره‌کانی کوردستان بخه‌نه ژێر ڕکێفی حکومه‌تی هه‌ڵبژێرراو به دیموکراتی و له ڕێی سنوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه! بۆیه هه‌ر له ئێستاوه داوا له ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و چه‌کداره‌کان ئه‌که‌ین که هۆشیار بن له‌و دیارده‌یه و نه‌بن به کوته‌ک به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه بۆ سه‌رکوتکردنی دیموکراتی و ڕۆڵه سته‌مدیده‌کانی گه‌له‌که‌یان که خۆشیان به‌شێکن له‌وان.
* هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵاتداران به ده‌یان میلیارد دۆلاری سامانی کوردستانیان له‌به‌ر ده‌ستدایه و درێغیی ناکه‌ن له کڕینی ده‌نگه‌کاندا له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. بۆیه ئه‌بێت هه‌موو هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریی جه‌ماوه‌ریی ده‌ستپێبکه‌ن و به‌و ڕاستییه تاڵانه ئاشنایان بکه‌ین ، تا نه‌که‌ونه ئه‌و داوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.
سه‌رجه‌می ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه و ئه‌و خه‌مڵاندن و لێکدانه‌وه و ڕاستییه مێژووییه تاڵانه ، به‌و ئه‌نجامه‌مان ئه‌گه‌یه‌نێت که:
* ئه‌گه‌رچی کاتێکی ئهووتۆمان له پێش نیه بۆ هه‌ڵبژاردن و هێشتا به ته‌واویی ڕون نیه که هه‌ڵبژاردن ئه‌کرێت ، یان نا ، به‌ڵام ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو هێزه بهرههڵستکارهکانه که پێکه‌وه بکه‌وینه خۆمان و به شێوه‌یه‌کی زانستییانه له بارودۆخه‌که بکۆڵینه‌وه و خاڵ و هۆ و ئامرازه‌کانی سه‌ر ڕێی پرۆسه‌ی دیموکراتی ده‌ستنیشان بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی که پاره و ده‌سه‌ڵات و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ئامرازه ترسێنه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌بن به ڕێگر له هه‌وڵ و کۆششهکانماندا و نه‌هێڵین گزیی و فڕوفێڵه‌کانیان سه‌ربگرێت.
* ئه‌وه‌ش داوای ئه‌وه‌مان لێئه‌کات که ئێمه‌ی به‌رهه‌ڵستکارانیش به گیانێکی له‌خۆبردوویی و هه‌ست به لێپرسینه‌وه‌وه و دور له به‌رژه‌وه‌نده تایبه‌تییه‌کان و گرژییه ئایدیۆلۆجییه‌کان و له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌نده مه‌زنه‌کانی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ماندا ، هه‌موومان پێکه‌وه له لیستێک و به‌ره‌یه‌کی دیموکراتیدا کۆببینه‌وه و متمانه‌ی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی گه‌له‌که‌مان دابینبکه‌ین و به به‌رنامه‌یه‌کی واقیعیی و زانستییانه‌وه ، بتوانین ئاوات و ئامانجه به‌رزه نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیی و ئابورییه‌کانی ساڵه‌ها ساڵه‌ی ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان بهێنینه‌دی.
* ئیتر کاتی ئه‌وه هاتووه که ئه‌وانه‌ی خۆیان له به‌ره‌ی خه‌ڵک و به‌رهه‌ڵستکاراندا ئه‌بیننه‌وه ، خۆیان ئاشکرا بکه‌ن و ڕه‌فتار و نهێنییه نابه‌جێکانی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ خه‌ڵکه‌که ئاشکرا بکه‌ن.
کێ هه‌یه ئه‌و ڕاستییه نه‌زانێت که په‌یمانه ستراتیجییه‌که‌ی نێوان سه‌رانی پارتی و یه‌کیه‌تی ته‌نیا بۆ دژایه‌تیکردنی ئه‌و که‌سانه‌یه که له ده‌ره‌وه‌ی خۆیانن. ئه‌و په‌یمانه ناپیرۆزه که زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی دوو حیزبه‌که‌ش ئاگاداری نین ، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی لێی ئه‌وه‌یه که پرۆسه‌ی دیموکراتی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا له‌بارببه‌ن و نه‌یه‌ڵن ئه‌ڵته‌رناتیڤی دیموکراتی دروستببێت. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و دوو سه‌رکردایه‌تییه به‌رده‌وام ببن له لوشدان و شاردنه‌وه‌ی سامانی گه‌له‌که‌ماندا که چه‌ندان ساڵه به‌رده‌وامن له‌سه‌ری.
* 45 ساڵه ئه‌و دوو حیزبه دوژمنی پله یه‌ک و سه‌رسه‌ختی یه‌کترن و هه‌رگیز نه‌ک هه‌ر په‌یمان ، ته‌نانه‌ت ڕێککه‌وتنێکی ڕاستینه له‌نێوانیاندا نه‌بووه و هه‌زاران چه‌کداری خۆیان و ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌یان به‌کوشتداوه ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ به‌رژه‌وه‌نده‌کانیان له مه‌ترسیدایه و گه‌رده‌لولی دیموکراتی و گۆڕان هه‌ڵیکردووه ، ئه‌وه‌تا په‌یمانی ستراتیجیی مۆرئهکهن!
* سه‌رکردایه‌تی ئه‌و دوو حیزبه له مێژوویاندا ئه‌وه‌یان بۆ گه‌له‌که‌مان سه‌لماندووه که ڕێکنه‌که‌وتنیان ئه‌بێته مایه‌ی شه‌ڕ و خوێنڕشتن و زیان و ماڵوێرانی بۆ گه‌له‌که‌مان و له ڕێککهوتنیشیاندا هه‌ر ئه‌بنه مایه‌ی زیان و گه‌نده‌ڵیی و تاڵان‌کردنی سامانی گه‌له‌که‌مان.
* بۆیه ئه‌بێت هه‌موو هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان و پێکه‌وه هه‌وڵبده‌ین له‌پێناوی ئه‌وه‌دا که ته‌واوی هاونیشتمانییان به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن و ده‌نگ بده‌ن. هه‌روه‌ها هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له مه‌ترسییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی پرۆسه‌ی دیموکراتی بۆ سه‌ر خۆیان و نه‌وه‌کانی دواتریشیان.
* بێگومان له‌م ڕووه‌شه‌وه ئه‌بێت دروشمه‌کانمان ساکار بن و ده‌ربڕی ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کان و ئاوات و ئامانجه‌کانی زۆرینه‌ی چین و توێژه‌کانی گه‌له‌که‌مان بن.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان ، زوو یان دره‌نگ ، گۆڕانکاریی مه‌زن له هاوکێشه‌کاندا دروستئه‌که‌ن. بۆیه ئه‌بێت هه‌موومان خۆمان بۆ ئه‌و گۆڕانکارییانه ئاماده‌بکه‌ین و هه‌ر له ئێستاوه بکه‌وینه خۆ بۆ بیروڕا گۆڕینه‌وه له‌ناو لایه‌نه به‌رهه‌ڵستکاره ڕاستییه‌کان له لایه‌که‌وه و له لایه‌کی تریشه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی جه‌ماوه‌ردا و دانانی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌رنامه‌ی کار بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان.
سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ گه‌له.
19-02-2009
ئه‌یوب بارزانی و نه‌وزاد وه‌لی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست