پەیوەندی لە نێوان کورد وسەرمای زستان
Sunday, 02/12/2012, 12:00
لەوانەیە یەکێ لە سادەترین کردار کە مرۆڤ ئەنجامی بدات ، نانەوەی کاتژمێرێکە تا لە کاتێکی دیاریکراودا بە ئاگای بهێنێتەوە . زستان و سەرماو سۆڵە ئەو کاتژمێرە سروشتییەن ،کە چینی زەحمەتکێش ورەنجبەر و کرێکار و جوتیاری کوردستان ئاگادار دەکەنەوە کە کاتی ماڵ وێرانی یە !. لەوانەیە ئەمە رێکەوەت بێ ،نازانم بەڵام زۆر بەی هەرە زۆری كارەسات و رووداوە گرنگ و سەیر و دڵتەزێن و دڵخۆشکەر و جەرگبرەکان ،زۆر بەی زۆریان دەڵێم دەکەوێتە ، کاتی سەرماو سۆڵەو باران و جاری واش هەیە بەفر بارینەوە . دواجاش کە بەهار دێ ،چەند گۆرانکاری یەك لەگەڵ خۆی دێنێ و خەڵکیش بەر بەرە ، لەگەڵ خۆشی رۆژەکانی بەهار و گەشاوەیی گوڵەکانی ،رۆژە رەش وغەمگینەکان لەیاد دەکەن و بە خۆشییەکی کەم ووێنەوە بەرەو پیری بزە و خەندەی رۆژگار دەبنەوە .دەبێ کێ بتوانێ ئەم کاتژمێرە سروشتی بنێتەوە تا سەرما وسۆڵەو تۆفان و بارن بکەوێتە ئەو کاتەنەوە کە کاتی هەڵهاتن و بێلانەییو شەرو شۆرن ، یان دەبێ لە نێوان سەرماو کوردا چ پەیوەندییەکی نهێنی هەبێ ، کە کاتێ باری لەلێژی بوو جا ئەوکاتە ئەم حازربێ و لە باوشی بگرێ ؟ .
دەرئەنجامی ئەو هەڵە و ئەو تەسکی بیرکردنەوەو دوورنەبینییەی پارتە کوردییەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عەرەبی لە عێراق دەیکەن و دەرئەنجامی سیاسەتی حەپەلوش کردنی سەروەت وسامانی کوردستان و بێدەنگ کردنی رای جیاواز و گوێنەگرتن لە شەقام و فەراهام کردنی سیاسەتی بێگۆیی لە ناوخۆ، هەرێمی کوردستان لەبن هەرەشەیەکی بەردەوامدایە ، ئەم هەرەشانە ناویان زۆرن ، لە نجێفی وموتلەگەو دەست پێدەکات و بە مالکی و دیجلەوە تێئەپەرێ ،بو دەوڵەتەکانی ناوچەکەش کۆتایی نایە ،تا تێنە پەرێ بە موقەدەسە دروست کراوەکانی دەستی حیزب و پارتەکان و بنەماڵەکان و رەجلول حەدیدیەکانی ناو مێژو کە سەدان کەسی لەگەڵ خۆی بۆ ئەزەرباینجان بە قاچاغ بردو کەسیش وەك یەکەم قاچاغچی لە مێژوی کوردا تەنها خەڵاتێکیشی ناکات . ئەوەی مایەی سەرسورمانە کورد لەوەتی هەیە ، شەر بۆ گۆرینی قەناعەتی بەرامبەر دەکات و تا دنیاش ماوە ئەگەر بەنیازی ئەوە شەربکات کە ئەتوانێ بروای بەرامبەر بگۆرێ ،هەر ئەیدۆرێنێ . دەبێ کورد بەو زمانە شەربکات و سیاسەت بکات کە عەرەبەکان تێی ئەگەن . تا ئەو کاتەی سیاسەت بۆ دروست کردنی برای عەرەب بکەی کە کۆك بێت لەسەر ئەوەی تۆش وەك ئەو مافی ئەوەت هەیە کە وەك ئەو بیت ، سیاسەتێکی نامۆ دەکەی ،کە ئاکامەکەی سەرنەکەوتنتە . لە گەڵ هاتنی یەکەم رۆژەکانی زستان و سەرما هەواڵی هاتنی ئۆپراسێۆنی دیجلەشیان دا بە گۆی هاووڵاتیاندا ،بەوەش لەوانەیە بۆمان دەرکەوێ کێن هەندێ لەو کەسانەی کاتژمێرە سروشتی یەکان بۆ کاتی کۆرەو و ماڵ ووێرانی یەکان ئەنێنەوە .
لەوانەیە جێی خۆی بێت کە داوا بکەین لەم کاتەدا کە هەم سەرمای زستان لە قاپی یە و هەم ئۆپەراسێۆنی دیجلەش ،،مەلاکان لە مزگەوتەکان دەنگ هەڵبرن و خەڵکی زیاتر بچن بۆ نوێژو جەماعەت و دوعای زۆر بکەن ،بەڵکو چەند دوعایەك لەوانە ببنە ساروخی سەهەم و تەیارەکانی مالکی بخەنە خوارەوەو هەندێ تریش ببن بە دژە زریپۆش و هەندێکی تریش دژە وەلەکە عەرەب . دەبێ ئەوەش لەیاد نەکەن هەندێ لەو دوعاو نزاو پارانەوەیانە ئاراستەی کاربەدەستە حزبی و حکومییەکانی هەرێم بکەن ، تا لە بری بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی بکەنەوەو پارەو پوڵی هاوڵاتیانی کوردستانی باشور نەدزن و تەنها گیرفان پرنەکەن .لەوە زیاتر گەندەڵی نەکەن و رۆژنامە نوسان و نوسەرانیش لەوە زیاتر ئازار نەدەن ، دواجاش بەهێمنی بگەرێنەوە ماڵەکانیان، چونکە دەرەوە زۆر ساردە !؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست