کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاقیکردنه‌وه‌ی ده‌نگدان بۆ ئه‌که‌په له‌‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان له‌ تورکیا

Monday, 30/03/2009, 12:00


گونار گوێنه‌
و. له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 48 ملیۆن ده‌نگده‌ر له‌ نێوان ته‌نگه‌ی بسفۆڕ و ئاراراتدا له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان به‌شداری ده‌که‌ن. ئه‌مڕۆژه‌ بۆ پارته‌ ئاینییه‌ کۆنه‌پارێزه‌که‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی تورکیا ته‌یب ئه‌ردۆگان (ئاکه‌په‌) جه‌ژنێکی گرنگی هه‌ڵبژاردنه‌، که‌ ناوبراو شێلگیرانه‌ کار بۆ ده‌سخستنی ده‌نگه‌کانی کورده‌کانی تورکیا ده‌کات.

به‌ پێشوازییه‌کی گه‌رموگوره‌وه‌،‌ عوسمان بایده‌میر له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریدایه‌ له‌ نێو شاری دیاربه‌کر.ئه‌و ته‌مه‌نی ناوه‌ڕاستی په‌نجاکانه‌ و که‌سێکی له‌شولار لاوازه‌، پارته‌که‌ی (پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی) ده‌ته‌په‌ نزیکه‌ی هه‌موو شاره گه‌وره‌کانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیای له‌ ژێرده‌ستدایه‌، که‌ نزیکه‌ی ده‌ ساڵه‌ به‌ ناوی جۆراوجۆره‌وه‌ هه‌میشه‌ و دیسان قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێته‌وه‌.
ده‌ته‌په‌ به‌ باڵی یاسایی پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌ناسرێت، بۆیه‌ هه‌ر جاره‌ و راده‌کێشرێته‌ پای پرۆسه‌یه‌کی دادگایی و سکاڵای له‌سه‌ر تۆمار ده‌کرێت. پێش چوار ساڵ ئه‌م حزبه‌ 41 له‌ سه‌دی ده‌نگه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی برده‌وه‌ و بایده‌میر دڵنیایه‌ که‌ ئه‌م جاره‌ش ده‌یبه‌نه‌وه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت ((ئه‌مه‌ هه‌لبژاردنێکی گرنگه‌ له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌دا، له‌م پرۆسه‌یه‌دا هاوڵاتییان ده‌نگ ده‌ده‌دن، که‌ ئایا پشتگیری له‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌که‌ن یان پارته‌که‌ی ئه‌ویان ده‌وێت، که‌ بۆ کورد خه‌بات ده‌کات و سیاسه‌تێکی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانییه‌کان په‌یره‌و ده‌کات)).

له‌ راستیدا هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان ڕۆڵێکی گه‌وره‌ نابینێت، لێره‌ش وه‌ک له‌ به‌شه‌کانی تری ئه‌م وڵاته‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کاندا زیاتر سه‌رۆکی پارته‌کان ده‌بینرێت نه‌ک کاندیده‌کان بۆ سه‌رۆکی شاره‌وانی، بۆ نمونه‌ له‌ پروپاگه‌نده‌کاندا زیاتر وێنه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌بینرێت تا سیاسه‌تمه‌داره‌ خۆجێییه‌کان.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م شاره‌ خاوه‌ن ملیۆن و نیو دانیشتوانه‌ به‌ده‌گمه‌ن له‌لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه‌ له‌ڕوی داراییه‌و‌ه‌ یارمه‌تی دراوه‌، به‌ڵام ده‌ته‌په‌ توانیویه‌تی به‌شێکی باشی سیسته‌می زێرابی شاره‌که‌ به‌ هاوکاری راسته‌وخۆی ئه‌وروپای یه‌كگرتوو ئه‌نجام بدات، به‌شێکی ناوشار نوێ بکاته‌وه‌، داموده‌زگا خزمه‌تگوزاریه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌‌کان چاک بکات. ئه‌و ڕێژه‌ جێگیره‌ی (له‌سه‌دا چل) که‌ ئه‌م پارته‌‌ بۆ ژنان دایناوه،‌ یه‌که‌مجاره له‌ تورکیا‌دا، به‌مه‌ش سه‌ر‌نجی هه‌موو ژنانی کوردی بۆ خۆی راکێشاوه‌. وه‌ک ده‌ڵێن:

((ده‌ته‌په‌ هه‌موو شتێکه‌ بۆ ئێمه‌، زمانمانه‌، که‌لتورمانه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ینه‌ ئه‌م پارته‌))

((ئێمه‌ی ژنان راسته‌وخۆ لای ده‌ته‌په‌ هه‌ست به‌ ئازادی و هیوا ده‌که‌ین))

له‌ ئه‌وسه‌ری تری شاره‌که‌وه‌، گه‌وره‌ترین ڕکابه‌ری بایده‌میر که‌ ناوی (قوتبه‌ددین ئارزو)ه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسه‌کاندایه‌ و قسه‌یان بۆ ده‌کات، ئه‌و که‌ که‌سێکی کورته‌باڵا و بچکۆله‌یه‌ به‌ زه‌حمه‌ت له‌ نێویاندا دیاره‌، به‌ڵام گه‌وره‌ بازرگان و خاوه‌نکاره‌ له‌ شاره‌که‌دا و کاندیدی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سته‌ڵاتداری وڵاته‌.

سه‌رۆکوه‌زیران ته‌یب ئه‌ردۆگان ده‌یه‌وێت پارته‌‌که‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ دوا ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته‌، که‌ به‌ ده‌ست پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌وه‌یه، کۆنترۆل بکات، له‌و شوێنانه‌ش ئیزمیری گه‌وره‌شاری ڕۆژئاوا و دیاربه‌کری پایته‌ختی شاراوه‌ی کورده‌کانه. دوو جار ئه‌ردۆگان سه‌ردانی ئێره‌ی کرد، له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ پۆسته‌ر و ئاڵای هه‌ڵبژاردن به‌ وێنه‌ی لامپی هه‌رمێیه‌وه‌ (گڵۆپ) ده‌شه‌کێته‌وه‌، که‌ سیمبوڵی پارته‌که‌ی ئه‌ردۆگانه‌.‌ کاندیدی سه‌رۆکی شاره‌وانی (ئارزو) که خۆی کورده‌، باوه‌ڕی وایه‌، که‌ پارته‌که‌ی له‌ لایه‌ن کورده‌ ناسیۆنالیسته‌کانیشه‌وه‌ ده‌نگی پێ بدرێت،ئه‌و ده‌ڵێت:
((ده‌ته‌په‌ له‌ساڵانی رابردوودا چی بۆ کورد کردوه‌؟ یان چی بۆ ئه‌م شاره‌ کردوه‌؟ لای که‌می ئاکه‌په‌ بۆ یه‌که‌م جار ته‌له‌فزیۆنێکی کوردی (ته‌ره‌ته‌ 6) دامه‌زراندوه‌، ئه‌ی ده‌ته‌په‌ چی کرد؟ هات ره‌خنه‌ی له‌م کاره‌ گرت و ئه‌وانه‌شی به‌ ناپاک له‌ قه‌ڵه‌مدا که‌ سه‌یری ئه‌م که‌ناڵه‌ ده‌که‌ن)).
که‌ناڵی کوردی 6 له‌ لایه‌ن کورده‌ ناسیۆنالیسته‌کانی دیاربه‌کره‌وه‌ وه‌ک دێوجامه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن سه‌یر ده‌کرێت، تا ئێستاش سه‌رۆکی شاره‌وانییه‌که‌یان نه‌یتوانیوه‌ لێیه‌وه‌ به‌ زمانی کوردی پیرۆزبایی سه‌رساڵی نوێ په‌خش بکات. بۆیه‌ که‌س له‌و باوه‌ره‌دا نییه‌، که‌ پارته‌که‌ی ئاردۆگان له‌ دیاربه‌کر بیباته‌وه‌ و ده‌ته‌په‌ له‌و عه‌رشه‌ بێنێته‌ خواره‌وه‌.

وا پێشبینی ده‌کرێت، که‌ ئاکه‌په‌ هه‌رخۆی جێگه‌ی یه‌که‌م له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌، تموحی ئه‌ردۆگان 50%ی ده‌نگه‌کانه‌، به‌ گومان و له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و سکانداڵانه‌ی ئه‌م مانگانه‌ی دوایی و بێکاریه‌کی ریکۆردی شه‌ش ملیۆن که‌سیشه‌وه‌. وه‌ک ئاردۆگان رایگه‌یاندوه‌، گه‌ر له‌‌ 40% که‌متری ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وا ئه‌و واز له‌ سیاسه‌ت ده‌هێنێت.

سه‌رچاوه‌

http://www.dradio.de/dlf/sendungen/europaheute/941183/


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە