سری للغایە ... لە عەلی حەسەن مەجیدەوە بۆ تاریق ڕەمەزانی تێكۆشەر
Sunday, 26/04/2009, 12:00
1155 بینراوە
سڵاوی شۆرش و قارەمانی.
نامەكەتانم پێگەیشت، سوپاستان دەكەین، لە ئێستا و لە رابردوودا ئێوە نمونەی بەوەفا بوون بۆ حزب و شۆرش و گەل، گومانم نییە ئەو ماوەیەی لە شیمال بویت دڵت لای ئێمە بووە، كارێكی رێكەوت نەبوو ئێمەش مهمەی بۆردومانكردنی هەڵهبجەمان بە ئێوە سپارد، دوو هۆكار لە پشتی ئەم هەڵبژاردنەوە بوو یەكەمیان دڵسۆزیتان بۆ بەعس و شۆرش و عێراق، دووەمیان دەمانزانی رۆژێك لە رۆژان ئێوە نابنە شاهید بەسەرمانەوە، ئەگەرچی ئێمە لە پێناو عێراقدا ئەو كارەمان ئەنجامدا، بەڵام دنیای دوای یانزەی سێبتەمبەر وای كرد ئێمە لە ئێستادا لە زینداندا بین دەنا هەموو ئەو بەكرێگیراوەكانی فرسی مجهولی نەیان دەتوانی ئێمە دادگای بكەن.
ئێمە گەر لە شوێنی خۆمان بوینایە رۆژمان بە ئێستا نەدەگەی، زۆربوون ئەو هەڤاڵانەی دڵسۆزبوون بۆ بەعس و قائیدی عروبە، هەر لە شوێن پێ ئێوەوە قوتاربوون و تێپەرین بۆ ئەو شوێنانەی خۆیان مەبەستیان بوو، وەلێ چۆن ئاوامان بەسەر دەهات گەر لە شمالی حبیب بوینایە، لە كاتێكدا حزبێكت شك نەدەبرد لە سەركردایەتی حزبە كوردیەكاندا چەندین بەعسی دڵسۆزی تێدا نەبوو بێت بۆ عێراق و قاعیدی عروبە. تۆ بزانە چەندین لەو هەڤاڵانەی ئێمە كەلە ئاستی سەركردایەتی و بگرە هەندێكیان ئەندامی مەكتەب سیاسی حزبە كوردیەكان بوون زۆر دڵسۆزانە تا دوای راپەرینیش هەر پەیوەندیان بە ئێمەوە هەبوو. نمونەش دەربازبوون ئێوە و چەندین هەڤاڵی تر.
هەڤاڵ تاریق:تۆ ئێستا كەلە هەندەرانی دوو ئەركی سەرەكیت لەسەر شان كە دەبێت جێبەجێیان بكەیت، یەكەمیان ئەو هەواڵانە بەدرۆبخەیتەوە كە گوایە فرۆكە باسلەكانی عێراق ئەو شارەیان بۆردوومان كردووە، دووەمیان نابێت ئەو كۆمپانیانەی كە چەك و تەقەمەنی كیمیاویان بە ئێمە دەفرۆش لە پەرەی گوڵ كەمتریان پێ بوترێت، من هەوڵ دەدەم لە رێگەی برادەرانی شمالەوە ئاسانكاری بكەم بۆ ئەو كۆمپانیانەی رۆژانێك بوو لە جەنگی عێراق ئێران لە پشتمانەوە بوو هیچ تۆمەتێكیان رووبەرونەكرێتەوە، تۆش لە هەندەران واجبە لەسەرت كار بۆ ئەو مەبەستە بكەیت.
هەڤاڵ تاریق...بێ خەم بە ئەگەر دنیای دوای یانزەی سێبتەمبەر سەرۆكی عێراقی بە لە سێدارەدان دابێت، ئەوای دنیای سەردەمی ئۆباما زۆر گۆراوە، لای خۆمان بە لێشاو بەعسیە دڵسۆزەكان بەوانەی لە پۆستی لیوا و زوبات و ئامر فەیلەق بوون... دێنەوە ناو ریزەكانی سوپای عێراق بە هەمان پۆست و پلەو پایە، كێ ناڵێت برادەرانی شیعە شەرێكیان بەدەستەوە نییە لەگەڵ كوردەكانی شمال ئەو كات لەو زوباتانەی ئێمەیان باشتر چۆن دەست دەكەوێت، گەر كار گەیشتە ئەو حاڵەتە دڵنیابە بانگت دەكەینەوە بۆ ئەنجامدانی مهمەی سعب.
هەڤاڵ تاریق...ئێمە دەست و پێمان بەخێربوو بۆ ئەو شارۆچكەیە، تۆ راست دەكەیت بەهۆی ئێمەوە هەڵهبجە چۆن ناوبانگی دەركرد، ئێستاش رۆژانە لە سەر دەستی ئێمە بریندارەكانی ئەو شارە دەناڵێنن و لێیان دەمرێت، ئەگەر تۆ باسی ئەوە دەكەیت ئێمە لەسەردەمی خۆماندا كۆمارێك بووین لە ترس، یان عێراقمان كردبووە زیندانێكی گەورە، ئێستا بۆ روونتر سەیرناكەیت چۆن شەقامەكانمان سوركردووە لە خوێندا، كەچی هەردەستمان بۆ درێژدەكەن تا یارمەتیان بدەین، ئەوان لە بەسرەوە بۆ زاخۆ دەیانەوێت كۆمارە ترسەكەی ئێمە بەرهەم بهێننەوە، چونكە گەیشتونەتە ئەو باوەرەی عێراق و ئەو دیموكراسیەی لەسەر تانكەكان هاوردەی عێراق كراوە پێكەوە هەڵ ناكەن.