کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عیشقى نێوان بەفر و زەوى

Friday, 20/03/2009, 12:00


رۆژێك زستان بریاری دا
به‌فری‌ كچی‌...
بكاته‌ هاوسه‌ری‌ زه‌وی‌،
زه‌وی‌ به‌م بریاره‌ی‌ زستان..
شاگه‌شكه‌ بوو !
كه‌وته‌ عیشق، كه‌وته‌ ئه‌وین..
هه‌موو رۆژێ‌ ،هه‌موو شه‌وێ‌..
رووی‌ له‌ ئاسمان
رووی‌ له‌ مانگ و
رووی‌ له‌ ئه‌ستێره‌كان ده‌كرد
ده‌یویست بزانێ‌ ئاخۆ كه‌ی‌..
هه‌ور دێت و،
پۆشاكی‌ سپی‌ بوكێنی‌
ده‌دوورێنێ‌..
ده‌یویست بزانێ‌ ئاخۆ كه‌ی‌
چله‌ دێت و..
به‌ڵێنی‌ باپیره‌ زستان
به‌جێ‌ دێنێت.
به‌ڵام كاتێك،
خۆر به‌م كه‌ین و به‌ینه‌ی‌ زانی‌
بریاریدا به‌هیچ جۆرێك،
به‌ڵێنی‌ باپیره‌ زستان..
سه‌ر نه‌گرێت و..
عیشق و ئه‌وین،
له‌ نێوان به‌فرو زه‌ویدا
به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌هێلێت.
رق و كینی‌ گڕی‌ سه‌ند و،
زه‌وی‌ خسته‌ نا ئومێدی‌ و
بووكه‌ به‌فری‌..
له‌ ئاسماندا تووانده‌وه‌
دڵۆپ.. دڵۆپ
بۆ سه‌ ر زه‌وی‌،
یه‌ك به‌ یه‌ك بردیه‌ خواره‌وه‌
زستان له‌ خه‌م و خه‌فه‌تدا
كۆتایی‌ به‌ وه‌رزی‌ هانی‌ و
به‌هار وه‌ك بووكی‌ رازاوه‌
هاته‌ جێگای‌..
كانیاوی‌ عیشق و ئه‌وینی‌..
به‌سه‌ر زه‌وی‌ ته‌قانده‌وه‌
زه‌ویش هه‌ر وه‌كو وه‌فایه‌ك
به‌رامبه‌ر به‌فری‌ هاوسه‌ری
گوڵاڵه‌ سوره‌و نێرگزی‌
له‌ خۆی‌ پۆشی‌


سلێمانی‌

29/3/2001

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە