باندیدۆ
Thursday, 27/01/2011, 12:00
مێژووی ڕامیاری گەلی کورد و ژمارەی ڕاپەڕینەکان و قوربانیەکان گەواهی ئەوەن کە کورد میلەتێکی ووشیارە، شۆڕشگێڕە،ئازایەو دەستەمۆ ناکرێ.
ئەم چێرۆکەی لای خوارەوە بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەیەو بەو هیوایەی بەسەر کەسی تردا نەیەت و ئەزموون و وانەی لێوە وەربگیرێ. (کارلۆس تیریج) کوڕێکی مەکسیکیە و چەند ساڵێك پێکەوە لەیەك شوێن کارمان ئەکرد، ڕۆژی بڕیاری دا سەردانی خێزانەکەی بکات لە شاری(یۆکەتام) لە ووڵاتی مەکسیك. بەووتەی خۆی زیاتر لە ١٣ ساڵە سەردانی ماڵ و مناڵی نەکردۆتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی لە ئەمریکا خەریکی بژێوی و کارکردنە. بۆیە ساڵی پار بڕیاری دا بۆ ماوەی چەند مانگێک بڕواتەوەو چاوی بە تاقە کوڕەکەی بکەوێ. لەڕاستیدا پێش ئەوەی بڕواتەوە گەلێ دڵخۆش بوو، ئەوەی لە ڕووکاری بڕوانیایە زوو هەستی بەو جۆرە گۆڕانکاریانە ئەکرد کە نەی ئەتوانی بیان شارێتەوە.
چیرۆکی ئەم کوڕە مەکسیکیە وەك هەموو ئەوانی تر ئەوەیە کە مەکسیك ووڵاتێکی گەندەڵەو کاری تیا دەست ناکەوێ، وەیان ئەو کارە بڕێ پارەی کەم ئەدەن کە گەلێ گرانە بژێوی ژیانی ئاسایی پێ بەڕێوە ببرێ، بۆیە زۆربەی گەنجی ئەم ووڵاتە لەماوەی ١٠٠ ساڵێ ڕابردوو ، ووڵاتی خۆیان جێهێشت و وەبەردەوام ڕوو ئەکەنە ئەمریکا و لەوێوە پارە ڕەوانەی ماڵ و مناڵەکانیان ئەکەن، ئەمانە چونکە بەشێوەی نایاسایی لێرەن هیچ جۆرە کەڵکێك لەسیستمی ئەمریکا وەرناگرن ، وەك هاوڵاتی ئاسایی ئەمریکی.
ئەوەبوو دوای ڕۆیشتنەوەی کارلۆس تەنها یەك هەفتەی نەخایەند و گەڕایەوە بۆ ئیش ، لەراستیدا هەموان تووشی شۆك بووین و گەلێ لامان سەیر بوو کەوا هەر بەو زووییە گەڕایەوە، یەکەم پرسیار لامان دروست بوو ، کەلەوانەیە خێزانەکەی نەمابێ و ئەمیش لەداخا سەری خۆی هەڵگرتبێ، وەیان کەسیانی نەدۆزیبێتەوە. لێ لەڕاستیدا بەو شێوە نەبوو، ئەم ووتی کاتێ گەیشتمەوە ئەوێ ئەوەی بینیم تەواو پێچەوانەی هەموو ئەو ئەگەرانە بوو کەهەرگیز ڕۆژێ لەڕۆژان خەیاڵم لێی نەکردبۆوە.
کاتێ کارلۆس ئەگاتە ئەمریکا کوڕەکەی تەنها ٢ ساڵان ئەبێ، ئێدی لەو ڕۆژەوە ئەم کاری کردوەو بەردەوام پارەی ناردۆتەوە بۆ ژنەکەی ، تابتوانێ هەر هیچ نەبێ خانوویەك دروست بکەن و خۆی و کوڕەکەی تیایدا بحەوێنەوە و پاشان بەردەوامی بەژیانی خۆیان بدەن. ئەو ماوە دوورو درێژە کارلۆس مانگانە پارەی بۆ ڕەوانە کردوون و ژنەکەشی وەك چەندینی تر دوای ئەوەی زانیوەیەتی مێردەکەی وا بەزوویی ناگەڕێتەوە بۆ لایان هەستاوە ژێر بەژێر لەگەڵ (ئەمیگۆ)یەکی تر ڕێکەوتوەو لەهەمان کاتیشدا کارلۆسی وەك مردوو هەژمار کردوەو ئێدی لەو ڕۆژەوە کوڕەکەی تەنها ئەو پیاوە ئەناسێ کە دواتر لەگەڵ دایکدا ژیاوە.
کارلۆس دایە پڕمەی گریان و تووشی باروو دۆخێکی دەروونی سەیر بوو، ئەم ووتی داهاتووم و ڕابردووم لەکیس چوو، بەبۆچوونی کارلۆس هۆکاری سەرەکی ئەم کارەساتەی هەمووی گەرانەوە بۆ سیستمی حوکمڕانی لەمەکسیك، ئەو پێی وابوو، گەلی مەکسیك دوای ئەو هەموو ساڵە لەگەڵ ئەو حکومەتە گەندەڵانە تاکە شتێك هاوڵاتی مەکسیك فێری بووە، ئەوەیە کە هەمووکەس لەو ووڵاتە دزی لەیەکتری ئەکەن، لەهاوڵاتیەکی ڕەشۆکیەوە بیگرە تا گەورەترین کەسایەتی خاوەن پلەو پۆست، بەشێوەیەك گەندەڵی و دزی وەك بازنەیەکی داخراوی لێهاتوەو لەم چوارچێوەیەدا جگە لەمانە هیچی تر بەدی ناکرێ. کارلۆس ووتی گەر ئێمە لەماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو نەمان هێشتایە ئەم جۆرە سیستمانە بەڕێوەمان بەرن ئێستا ژیان و گوزەرانمان بەشێوەیەکی باشتر ئەبوو، ووڵاتمان لەجیاتی ئەوەی ٧٠ملیۆن هاوڵاتی لە ئەمریکا بەبێ هیچ گەرەنتیەکی یاسایی و فەرمی کار ئەکەن و ئابووری ئەمریکا ئەبووژێننەوە، گەنجانمان لەجیاتی ئەوەی تەنها بیر لەوە بکەنەوە چۆن تێبتەقێنن بەرەو سنوورە ترسناکەکانی ئەمریکا بڕۆن، لێرەش تەنها خەریکی خواردنەوەی (تەکێلا)و بیرە بن، کچانمان بۆ تیکەیەك نان لەشی خۆیان بۆ(توورست)و گەشت کەران بفرۆشن ، مناڵانمان لەجیاتی ئەوەی بەڕێژەی ٤% نەخوێنەوار بن، وەیان دایکانمان لەچاوەڕێی کوڕەکانیان شەو خەونەچێتە چاویان ، بۆیە گەر ڕاپەڕین وشۆڕشمان بکردایە دژی ئەو گەندەڵ و دزانە هەرگیز ئاوامان بەسەردا نەئەهات. ئێستا بەداخەوە کارلۆس گەیشتۆتە دەرئەنجامێك کە بەووتەی خۆی ئەڵێ (گەلی مەکسیك لەو گەلانەیە لەجیاتی ڕاپەڕین، ڕاکردنیان هەڵبژارد. لەجیاتی شۆڕش کردن دژی سیستمی نایەکسان و گەندەڵ، دزێکردن و چاولێکردنیان هەڵبژارد. لەجیاتی بیرکردنەوە لە خۆڕێکخستنی گەنجان و بیرکردنەوە بۆ ژیانێکی باشتر، خۆ سەرقاڵکردن بە خۆاردنەوەو کێشانی مادە هۆشبەرەکان و کۆکائین و مەرەوانەیان هەڵبژارد. لەجیاتی ئازادی و سەربەستی و سەربەرزی ، تەنها پارە کۆکردنەوەو خۆ دەوڵەمەندکردنی خێرایان هەڵبژارد. لەجیاتی کارکردن بۆ گۆڕانکاری و هێنانەکایەی سیستمی یەکسانی و هاوڵاتبوون، ووڵات بەجێ هێشتن وچۆك دانانیان هەڵبژارد.
ئێمە دڵنیاین لەوەی میلەتەکەمان لەهی مەکسیك ناچێ و چاوەڕوانی سەدەیەك ناکا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری و شۆڕش لەخۆوە بێنە کایە. لەوەش دڵنیایین کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە بەرێوەیەو کەس چاوەڕوانی ئەوە ناکا بنەمەڵەی بارزانی وەچە بە وەچە فەرمانڕەوایی کورد بکەن. وەئەوەی کەزیاتریش لێی دڵنیاین ئەوەیە کە ڕاپەڕین تاکە ڕێگایەو هیچی تر لەڕێگا نیە بۆ ڕزگار بوون لەدژی گەندەڵان و تاڵانکەرانی سەروەت و سامانی گەلەکەمان، ڕاپەڕین تاکە هیوایە بۆ ئەوەی چی دی ئاسایشی تاك و نەتەوەیی کورد نەکەوێتە ژێر مەترسیەوە، ڕاپەڕین ئەو چەکەیە کە گەل ئەتوانێ بەکاری بێنێ و خۆشبەختی بۆ بێنێتە کایەوە. ڕاپەڕین گەرانەوەی خەون و هیوا دزراوو هەراجکراوەکانە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی خۆی کە گەلە. ڕاپەڕین واتە دروست کردنی ژیانێکی نوێ لەژێر سایەی سیستمێکی نوێ و سەرکردەیەکی لۆکاڵی وخاکی .
تێبینی:ووشەی (باندیدۆ) بەواتای ساختەچی، قۆڵبڕ، دز و گەندەڵ لەزمانی ئیسپانی دێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست