کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پشتیوانی حزبە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکانی ووڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست لە خۆپیشاندانەکان و خەباتی خەڵکی کوردستان

Wednesday, 11/05/2011, 12:00


لە ڕۆژانی ٧و٨ ئایاردا کۆنفرانسی حزبە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکانی ووڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست لە شاری مارسیلیای فەرەنسا سەبارەت بە شۆڕشەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسترا. ئەم کۆنفرانسە لەلایەن (حزبی نوێی دژی سەرمایەداری) فەرەنساوە ڕێکخرا کە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان لە ١٢ ووڵاتەوە بەشداریان تێداکرد و سەبارەت بە شۆڕش و خۆپیشاندانەکانی ووڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەوباس کرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و لەسەر کاری هاوبەشی بزوتنەوەی سوسیالیستی لەئاستی ناوچەکە و دنیادا بۆ درێژەپێدانی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێرانەیە کۆنفرانس ڕاگەیاندنێکی دەرکرد .حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەشداری چالاکانەی لەم کۆنفرانسەدا هەبوو و سەرنجی حزبە بەشداربوەکانی بۆ خۆپیشاندانەکان و خەباتی خەڵکی کوردستان لەدژی دەسەڵاتی ستەمکارانە و گەندەڵی یەکیتی و پارتی ڕاکێشا و لە ئاکامدا لە بڕیارنامەی کۆنفرانسەکەدا پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و مافی بڕیاردانی چارەنوس وخەباتی خەڵکی کوردستان کراو وهەروەها نوێنەرانی بەشداری ئەم حزبانە کە لە خوارەوە ناوەکانیان هاتوە ئەم نامەیەیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی کوردستان کردوە:
پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو وئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی
خەڵکی کوردستان هاوشانی خەڵکی تونس و میسر و ووڵاتانی تری ناوچەکە بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیان دەست پێکرد بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ، نەهێشتنی گەندەڵی ، بەدەستهێنانی ئازادیە سیاسیەکان و بۆ ژیانێکی باشتر. دەسەڵاتدارانی کوردستان ، کە بریتین لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ینک) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک)، دوو ڕێکخراوی چەکدارن وەڵامی خەڵکیان بە سەرکوت و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان داوەتەوە. تا ئێستا ١٠ کەسیان کوشتوە و سەدان بریندارکراوە و سەدان کەسیان گرتوە کە تا ئێستا زۆریان لە زینداندان. رفاندنی قسەکەرانی خۆپیشاندانەکان هێشتا دەبینرێ. خۆپیشاندانەکان بەتوندی قەدەغەکراوە لە شارەکانی کوردستاندا و شارەکان کراونەتە ناوچەی سەربازی.
ئێمە پشتیوانی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان دەکەین کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن دژ بە دەسەڵاتدارانی کوردستان و وە پشتیوانی داوا سکۆلار و ئینسانیەکانیان دەکەین. ئێمە ئەم توندوتیژیە عەسکەریە دژی خۆپیشاندەران مەحکوم دەکەین و داوا لەدەسەڵاتداران دەکەین بە فەوری ڕایگرن. داوا لە دوو حزبی دەسەڵاتدار دەکەین کە مافی خەڵکی کوردستان بۆ خۆپیشاندان بەڕەسمی بناسن و کۆتایی بێنن بە سەربازگەکردنی شارەکانی کوردستان.
ئیمزاکان بەناوی نوێنەرانی ئەم حزبانەی خوارەوەیە کە بەشداربوون لە کۆنفرانسی شۆڕشی ووڵاتانی سەر دەریای سپی ناوەڕاست :
حزبی نوێی دژی سەرمایەداری (فەرەنسا)(NPA)،حزبی سوسیالیستی میسر، حزبی کریکارانی کۆمۆنیستی تونس، بزوتنەوەی نوێبونەوەی سوسیالیست (میسر)، پارتی پەیڕەوی دیموکراتی (مەغریب)، یەکێتی لاوانی دیموکراتی حزبی شیوعی لوبنان، بەرەی ڕزگاریخوازی فەلەستین، پارتی ڕزگاریخوازی دیموکراتی (تونس)،پارتی قوبرسی نوێ(YKP)، پارتی کاری نیشتمانی دیموکراتی (تونس)، ڕەوتی چەپی ڕەخنەگر(ئیتالیا)، ئەلتەرناتیڤی سوسیالیست(مەغریب)،پارتی چەپی دژی کاپیتالیست(ئیسپانیا)، ڕێکخراوی کۆمۆنیستی ئەنتەرناسیونال(یۆنان) ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە