کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نوێکراوه‌ته‌وه‌: بۆچی(نه‌وشیروان مسته‌فا) نه‌چوو بۆ به‌رده‌رکی سه‌را؟

Wednesday, 01/06/2011, 12:00


(سه‌رۆک به‌قوربانت بێت)
 ئه‌مه‌ ئه‌و دروشمه‌ بوو، که‌ زۆربه‌ی ڕۆژه‌کان گوێی سه‌رای ئازادیی که‌ڕ ده‌کرد، گه‌نجان به‌ڕیتمی چه‌پڵه‌وه‌ به‌ هه‌موو دایک و باوکان بۆ رێزگرتن له‌ قسه‌که‌ره‌کان، ده‌یانگووته‌وه‌.
 ئێواره‌ی نه‌ورۆز بیستمان، که‌ (نه‌وشیروان مسته‌فا) که‌سی یه‌که‌می ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆران، ده‌یه‌وێت له‌ سه‌ر مینبه‌ری سه‌را  قسه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری خرۆشاوی مه‌یدانه‌که‌ بدات، په‌یامی خۆی و بزووتنه‌وه‌که‌ی بگه‌یه‌نێته‌ خه‌ڵکی.
 چاوه‌ڕوانی باڵی کێشا به‌سه‌ر ئاپوره‌ی نێو سه‌رای ئازادییدا، که‌چی شێره‌که‌ی خاوه‌ن شکۆ ده‌رنه‌که‌وت، به‌ڵکو  له‌که‌نه‌ڵی knn وه‌ ده‌رکه‌وت و ووتارێکی ساده‌ی بڵاوکرده‌وه‌، نه‌ به‌ ‌چاک و نه‌ به‌ خراپ باسی له‌ سه‌رای ئازادیی و داخوازییه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌کرد، کاتێکیش که‌ قسه‌ی ده‌کرد، هه‌موو قسه‌کانی له‌ روانگه‌ و داخوازییه‌کانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گرده‌وه‌که‌ هه‌ڵده‌سه‌نگاند، وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها خۆیان له‌ گرده‌که‌ داخوازییان هه‌بێت و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی سه‌رای ئازادیی، تووره‌  و هیچ نه‌بن، داخوازییان نه‌بێت، وه‌کو ئه‌وه‌ی ته‌نها هه‌ر خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵات نارازیی بن، وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌رده‌رکی سه‌را سه‌پانی ئاغاکانی ئۆپۆزیسیۆن بن و قوڕمیشکراوی خۆیان بن، نرخێکی له‌لایان نه‌بێت، چۆنیان ویست سه‌رای ئازادیی هه‌ڵیده‌سوڕێنن، داخوازیی ئه‌و خه‌ڵکه‌ داخوازیی ئه‌مانه‌‌، ئاخر چۆن بزووتنه‌وه‌یه‌ک رووی دێ خۆی به‌ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی بزانێت، که‌چی جه‌ماوه‌ر فه‌رامۆش بکات و نرخێک بۆ تووڕه‌یی و خواسته‌کانیان ناگرێت؟
 له‌کاتێکدا له‌به‌رنامه‌یه‌کی knnدا پرسیارێک ئاڕاسته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا کرا: تا چه‌ند چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین له‌ناو ریزی‌ خۆپیشانده‌راندا ببینین؟
 کاک نه‌وشیروان راشکاوانه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ئه‌گه‌ر پێویستی‌ کرد به‌ڵێ‌ به‌شداری‌ ده‌که‌ین.
 ئه‌مه‌ خودی وه‌ڵامی نه‌وشیروان بوو، کاتێکیش چووه‌ له‌به‌رده‌رکی سه‌رادا له‌ناو ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی دانه‌به‌زیی و سووڕێکی خوارد و گه‌ڕایه‌وه‌، ده‌روێشه‌کان وتیان له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی نه‌یتوانیی و رێگای نه‌بوو بچێته‌  ناو خه‌ڵکه‌که‌. واته‌ ئه‌گه‌ر چۆڵ بوایه‌ ده‌چوو قسه‌شی ده‌کرد! ئه‌وه‌ به‌ لای منه‌وه‌  گرنگ نه‌بوو، چونکه‌ ئه‌وه‌ی که‌مێک سه‌ری له‌ سیاسه‌ت بخورێت و له‌گه‌مانه‌ تێده‌گات، ده‌زانێت ئه‌مانه‌ هه‌موویان به‌شێکن له‌ گێمێکی دۆڕاوی گه‌مه‌یه‌ک، که‌ تێیدا یاریی‌ به‌ هه‌ستی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیار بوو ئه‌وه‌ بوو: داخۆ خه‌ڵکی چۆن له‌مه‌ تێده‌گات و ئاستیی بیرکردنه‌وه‌یان چه‌ند بڕده‌کات تا له‌مه‌ تێبگه‌ن؟!
 هه‌موو ئاگادارین و ناشتوانین حاشا له‌وه‌ بکه‌ین، کاتێک ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبوویه‌وه‌، که‌ کاک نه‌وشیروان له‌سه‌کۆی ئازادیی قسه‌ ده‌کات، ئه‌مه‌ش دواهه‌مین شانسی سیاسیی ئه‌و به‌ڕێزه‌ش بوو، که‌چی له‌دوا چرکه‌دا په‌شیمان بوویه‌وه‌، دیاره‌ به‌ شوفێره‌که‌ی ووت: ته‌واو  بگه‌ڕێره‌وه‌ به‌ره‌و گرده‌که‌‌، کاری من هه‌ر ته‌نها خۆپێشاندان بوو، هۆکاره‌که‌شی بۆ زۆر که‌س دیار بوو، که‌ له‌به‌ر چیی بوو، ئه‌گه‌ر ده‌پرسن له‌به‌ر چی بوو؟  ئه‌وا ده‌ڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسا نه‌کا هه‌موو خه‌ڵکی به‌ر سه‌رای ئازادیی به‌ده‌نگی به‌رز و به‌ڕیتمی چه‌پڵه‌وه‌ بڵێن (سه‌رۆک به ‌قوربانت بێت)، نه‌وشیروان هه‌موو ژیانی سیاسیی خۆی به‌ قوربانی تاله‌بانیی کردووه‌، هه‌رچی کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ تاله‌بانی  هه‌ڵسێنێته‌ سه‌ر پێ و به‌م رۆژه‌ خۆشه‌ی بگه‌یه‌نێت، ئیستاش تاله‌بانی به‌ هه‌مان شیو هه‌رچی ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ بوو، تا هه‌مووی بکاته‌ قوربانیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، ئیتر چۆن به‌ ده‌ستیی دووهه‌م‌،  کاک نه‌وشیروان هه‌موو ژیانی سیاسیی خۆی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، پێچه‌وانه‌که‌ی پیاده‌ ده‌کات، کۆمپانیای وشه‌ و لیستیی گۆڕان، و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌مانه‌ دوایین گه‌مه‌ و کارتی ژیانی سیاسیی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، چۆن رازی ده‌بێت خه‌ڵکی تووڕه‌ و گه‌نجان بڵێن سه‌رۆک به‌ قوربانت بێت!؟ سیاسییه‌کانی کورد، سه‌رانی کورد، ئه‌وانه‌ی له‌ شاخ بوون، ئیستاش له‌ شارن، ئه‌گه‌ر گۆشتی یه‌کتر بخون، ئێسقانی یه‌کتر ناشکێنن، ئه‌وه‌ میله‌ته‌ هه‌میشه‌ ئیسقانی له‌ ئاستیی به‌رژه‌وه‌نده‌ییه‌کانی ئه‌مانه‌دا خوارکراوه‌ته‌وه‌ و ملی شکێنراوه‌.
  به‌رده‌رکی سه‌را و سه‌کۆی قسه‌کردن زۆر هاوکێشه‌ی ده‌گۆڕی، ئێوه‌ سه‌یر بکه‌ن، کاتێک له‌ سه‌ره‌تای ئێواره‌ی 17ی شوبات چه‌کداره‌ زه‌ردباوه‌کان به‌بیکه‌یسی له‌سه‌ر منه‌زه‌مه‌وه‌ ده‌ستڕێژیان کرد، کاک نه‌وشیروان هات و ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌گێره‌شێوێن ناوهێنا، دوایی په‌شیمان بوویه‌وه‌، پاشان یه‌که‌ یه‌که‌ی سه‌رانی گۆران، وه‌ک شۆڕه‌بیی به‌ ده‌م هه‌ڵڵه‌رزینه‌وه‌ ده‌یان وت، نه‌ له‌ دوور و نه‌له‌نزیک ڕاپه‌ڕین و کۆبونه‌وه‌ی خه‌ڵک په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه‌ نییه‌، که‌چی به‌رده‌وام ته‌له‌فیزۆنی  knnیش له‌به‌رده‌رکی سه‌رادا وێنه‌ی ده‌گرت، په‌رله‌مانتاری گۆران و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌چرکه‌ش سه‌رایان چۆڵ نه‌کرد، خۆیان به‌خاوه‌نی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش نه‌ده‌زانی. گه‌لۆ ده‌بێ بۆچی وابێت؟
 من وه‌ڵامی ئه‌مه‌م پێیه‌: بۆ ئه‌وه‌ بوو، که‌ کۆنتڕۆڵی خه‌ڵکه‌که‌ بکه‌ن،  زۆر که‌سی ناو ئه‌نجومه‌نه‌که‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ هاتبوونه‌ ناویان و کاریان بۆ گرده‌که‌ ده‌کرد، ئه‌مه‌ کۆنتڕۆڵکردنێکی باش بوو، که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ یه‌ک بست له‌ به‌ر ده‌رکی سه‌را دوور نه‌که‌ونه‌وه‌، کاتێکیش دوور که‌وتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوونه‌ گێره‌شێوێن، دووه‌میش ئه‌مه‌ وه‌کو وه‌ره‌قه‌ و کارتك به‌کاریان هێنا، که‌ تا ئیستاش ئه‌و کارته‌ هه‌ر به‌ ده‌ستیانه‌وه‌یه‌.
 له‌ ڕۆژه‌کانی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکدا و کۆبونه‌وه‌یان له‌به‌رده‌رکی سه‌رادا کرد، نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌نها سه‌یرکه‌ر بووه‌،  به‌درێژایی ئه‌و دوو مانگه‌ نه‌وشیروان په‌یامێکی به‌خه‌ڵک نه‌دا، به‌ڵکو قسه‌ی پێده‌گووتن، گۆڕان هێنده‌ لۆکاڵی بوو ده‌روازه‌ی هه‌واڵیان له‌سه‌ر هه‌رێمی زه‌رد کڵۆم دابوو، جگه‌ له‌وه‌ی پارتی هه‌موو باره‌گاکانی گۆڕانی له‌سنوری خۆیدا هه‌ر به‌نێره‌که‌ری ئاگر تێبه‌ردا و گۆڕانیش بێ ده‌نگی هه‌ڵبژارد و له‌ڕۆژه‌کانی سوتانی باره‌کاکانیاندا ووتیان داوای یاسایی تۆمار ده‌که‌ین، له‌کاتێکدا ده‌شزانن هیچ یاسایه‌ک نییه‌ تاڵه‌ موویه‌ک له‌سه‌ری ده‌سه‌ڵاتداران بجوڵێنێت. تۆ که‌ نه‌توانیت به‌رگری له‌ باره‌گاکانی خۆت بگریت، چۆن ده‌توانیت به‌رگی له‌ مافی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌یت؟
 جا خه‌ڵکینه‌ من ده‌پرسم: ئۆپۆزیسیۆنی چ وڵاتێک ئه‌وه‌نده‌ ترسنۆک و بێ هه‌ڵوێست نییه‌، گۆڕان زه‌نده‌قی له‌ پارتیی و بنه‌ماله‌ی بارزانیی چووه‌، توخنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی ناکه‌ون، له‌ ژێره‌وه‌ پشی پشییان بۆ ده‌که‌ن، ‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی و که‌سایه‌تییه‌کانی ناو یه‌کێتی قسه‌ ده‌که‌ن، هه‌ر هیچ له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی پارتیی قسه‌ ناکه‌ن، ئه‌و هه‌موو هێرشه‌ی به‌رده‌وام ده‌کرێته‌ سه‌ر گۆڕان له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت پارتی، که‌چی له‌ تۆڵه‌ی ئه‌وه‌دا گۆڕان سۆرانیه‌کی جامانه‌سوور ده‌هێنێت له‌که‌ناڵه‌که‌یانه‌وه‌ به‌ته‌حداوه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ هێنده‌ ڕه‌زاقورس نین، به‌و ده‌لیله‌ی که‌ گۆڕان میوانداری کردوون بۆ گرده‌که‌.
 نه‌وشیروان له‌ نه‌چوونی بۆ به‌رده‌رکی سه‌رادا وشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی کرد، به‌س له‌وێ به‌نه‌وشیروانیان بووتایه‌ سه‌رۆک به‌قوربانت بێت، ئه‌وه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ مه‌سعود لێی خۆش نه‌ده‌بوو، چونکه‌ جامانه‌ی سور و سه‌رۆک به‌قوربانت بێت، هێڵی سووره‌ بۆ نه‌وشیروانیش، ئه‌مه‌ سیاسه‌ت نییه‌، به‌ڵکو پاراستیی رۆح و به‌رژه‌وه‌ندییه‌.
 سه‌مه‌ره‌ له‌وه‌دایه‌ نه‌وشیروان به‌درێژایی 40ساڵ ده‌یان کتێبی دژی ماڵی مه‌لامسته‌فا نووسیوه‌ که‌چی ئیستا هه‌موو کورد ده‌زانێ  ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌لان و ده‌بێ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بخرێنه‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌ ، که‌چی نه‌وشیراون و ئۆپۆزیسیۆن گیانی نوێ به‌ به‌ر ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا ده‌که‌نه‌وه.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە