باسى وەزیرى تەندروستى مەكەن تازە دایكى مردووە ، ئەم كارەساتانە بۆبەرهەم ساڵح باس بكەن كەلەم ڕاپۆرتەدا ئەیخەینە ڕوو !!
Thursday, 18/08/2011, 12:00
ڕۆژێ وەزیرمان دیت پێمان گووت هەتبێ حیسى میللەت ............. پێیى گووتین من چیم داوە لەوانە كاسبى خۆم دەكەم .
بەڕێزێك لەچەند نووسینێكدا باسى گەندەڵى و كارەنایاسایەكانى تاهیرهەورامى وەزیرى تەندروستى كردبوو هەر زوو چەند ماستاوچی و زوڕناژەنێكى بەكرێ گیراو كەوتنە وەڵامدانەوەى ، ئێمە بەو بەڕێزانە ئەڵێین كێشەكان بەشەخسى مەكەن وەرن باسى كۆى سیستەمەكە و كارەستەكانى كەرتى تەندروستى بۆ جەنابى سەرۆكى بەناو حكومەت بكەن ، چونكە هەر هیچ نەبێت خاترى وەزیر بگرن كەداماوە تازە دایكى مردووە هێندە برین و زامەكانى مەكولێنەوە ، سەیرى وێنەكە بكەن جەنابى وەزیر چەندە بۆ ئەو ژنە بارزانیە موتەئەسیر بووە !! وەزیرێك ئەوەندە ماستاوچى و كەم بێت خۆى وابچووك بكاتەوەو بەزۆر خۆى بخزێنێتە نێوان دوو بارزانیەوەو بڵێ ئەوە دایكى منیشە مردووە ، ئەبێ چاوەڕێیى چى لێ بكەین كەبۆ ئەو میللەتەى بكات ؟ بارزانیەكان ناحەقیانە كەبەمانە ئەڵێن سۆرە قۆندەرە .
وەئێمە هەر لێرەوە پێشنیار ئەكەین بۆ تاهیرهەورامى چۆن كاتى خۆى دكتۆر محەمەد خۆشناو بۆ شاردنەوەى دزى و گەندەڵى كۆمپانیا وەهمیەكانى خۆیان و سەقەتى بیناكان لەگەڵ عومەرفەتاح ناوى پیرۆزى شەهیدیان بەكارئەهێنا و شەهیدیان كردبووە بنێشتە خۆشەى سەر زمانیان و نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكانیان بەناوى شەهیدەكانەوە ئەكرد ، تۆش كەهێندە پەرۆشى دایكى سەرۆكتە ئاوا نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە بكە بەناویەوە .
((سەرجەمى ئەو نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیانەى لەسەردەمى دكتۆر محەمەد خۆشناو و عومەر فەتاح كراون لەسنوورى ئیدارەى سلێمانى بەناوى شەهیدانەوە كراون ، دوو مەبەستیان هەبوو هەم بنەماڵەى شەهیدەكانیان فریو ئەدا ، هەم دزى و گەندەڵیەكانى خۆیان پێ پەردەپۆش ئەكرد ، چونكە بیناكانیان بەسەقەتى تەواو ئەكردو هەر لەسەرەتاوە بنەماڵەى شەهیدەكانیان ئەكردە چاودێر بەسەر پڕۆژەكانەوە ئەیانووت بەناوى شەهیدەكانى ئێوەى ئەكەین ، بیناكان بەسەقەتى و بەمەوداى خراپ ئەكران بنەماڵەى شەهیدەكانیش قسەیان نەئەكرد لەخۆشى ئەوەى كەبەناوى شەهیدەكانیانەوە ئەكرێ وچاوپۆشیان لەهەموو شتێك ئەكرد)) .
كارەساتەكانى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان .
بەپێیى نوێترین ڕاپۆرتى لیژنەى داواكارى گشتى كەلەسەر نەخۆشخانە و دامەزراوەكانى وەزارەتى تەندروستى هەولێر ئەنجامدراوە دەركەوتووە چ كارەسات و ماڵوێرانیەك لەسیستەمەكەدا هەیە كەئێمە دەمێكە هاوار ئەكەین و هەموویمان باس كردوە ئێمە باسى سنوورى سلێمانیمان كردوەو هەموو جاریش وتوومانە (پێمان وانیە حاڵى سنوورى ئیدارەى هەولێر لێرە باشتربێت) ئەوەتا بەفعلى وایە و لێرە كارەساتبارترە ، لەخوارەوە ئەوەى ڕاپۆرتەكەى داواكارى گشتى سەبارەت بەهەولێرخستوویەتیە ڕوو بەراوردى ئەكەین بە سلێمانى و لەكۆتایشدا دەقى ڕاپۆرتەكە ئەخەینەڕوو .
_ بەشێوەیەك ئەڵێ (نەخۆشى درەم لەگەڵ نەخۆشەكانى دیكە لەیەك هۆڵن) كەئەبێتە هۆى گواستنەوەى ئەو نەخۆشیە درمانە بۆ ئەوانى دیكە ، كەچى جەنابى وەزیر و كاربەدەستانى ئەم حكومەتە گەندەڵە بانگەوازى ئەوە ئەكەن كەسیستەمەكە زۆر پێشكەوتووە و لەپێش عێراق و هەندێك ووڵاتى دراوسێ وەیە ، ئەوەتا جارێكى تر بەپێچەوانەى لێدوانەكانى پێشوویەوە جەنابى وەزیر بۆ ڕۆژنامەى ڕووداو ئەڵێ ... دەرمانى بەسەرچوو لەهەموو نەخۆشخانەكانى كوردستاندا هەیە ، بۆیەكەم جار دانیشى بەوە داناوە كەدەرمانى ئێكسپایەر لەسەر نەخۆش تێست و تاقیكراوەتەوە ئەو كارە لەفەرمانگەى تەندروستى هەولێر كراوە وەزارەتیش لەڕۆژى 27 / 7 / 2011 لیژنەیەكى لێكۆڵینەوەى بۆ ئەو بابەتە پێكهێناوە !!. ((ڕۆژنامەى ڕووداو ، ژمارە 174 ، بەروارى 8 / 8 / 2011)) .
وەزیرێك ئەمە لێدوانى بێ بۆ دادگایى كردن نەبێ بۆ چى باشە ؟ ئەگەر ئەزانى ئاوا كارەساتبارە و هیچ دەسەڵاتێكیشت نیە ئەى بۆ دەست لەكار ناكێشیتەوە ؟ ئەڵێ بایى ملیۆنان دینار دەرمانى خراپ و ئێكسپایەر بۆ نەخۆشخانەكان هاتووە ، وەزۆربەى ئەو دەرمانە خراپ و ئێكسپایەرانە لەكۆمپانیاكانى هەرێمى كوردستان ئەكڕدرێنەوە ، وەئەڵێ تەندەرى كڕینى دەرمان تەنیا ئەدرێتە دوو كۆمپانیایى شارى هەولێرو بەس ((دەمێكە كوردستانپۆست و ئێمە و خەڵكى بەپەرۆش و دڵسۆزى تریش هەر لەڕێگەى ئەم مینبەرە پیرۆزەوە ڕایانگەیاندووە بۆ هەموو لایەك كەتەنیا دوو كۆمپانیا كەئى دووفیرعەون و دووبەرپرسى باڵاى ئەم هەرێمەن دەرمانى خراپ و ئێكسپایەر دێنن بۆ ئەو میللەتە)) ئەڵێن لەبەغداوە دێ ، سەرچاوەیەك لەفەرمانگەى گشتى تەندروستى هەولێر بەڕۆژنامەى ڕووداوى ڕاگەیاندووەو ئەڵێ ئەمە وانیە ئەوەى بەغدا بۆ خۆیان ئەگێرنەوە ، چونكە بەغدا وەك ئێرە نیە لەكۆمپانیاى باوەڕپێكراو ئەكرێ ، ئەوانەى ئەچن لەبەغدا ئەیهێنن ئى بەغدا بۆ خۆیان ئەبەن و ( سورى و هیندیش) ئەهێنن بۆ نەخۆشخانەكانى كوردستان . ئەمەش پێچەوانەى ئەو لێدوانانەیە كەجەنابى وەزیر لەمیدیاكانى یەكێتیەوە هەفتەیەك بوو هاوارى ئەكرد سیستەمەكە زۆر لەبەغدا و عێراق باشترە .
ڕاپۆرتەكە باسى شەش خاڵى سەرەكى كردوەو پۆلێنكارى بۆ كردوە هەر خاڵێك لەو شەش خاڵە وەربگرى ڕێك بەسەر سنوورى ئیدارەى سلێمانى بەزیادەوە جێ بەجێ ئەبێت ، چونكە ئێرەش هەمان تاس و حەمامە .
هەوڵئەدەین بەشێك لەو بەرواردە بۆ ئێوەى بەڕێز بخەینەڕوو ..
_ لەخاڵێكدا باسى خراپى بیناى نەخۆشخانەكانى كردوە ئێرەش بەهەمان شێوە نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە باشترین وەڵامە و زیاتر ناڵێین .
_ لەڕووى دەرمان و كەلوپەلى پزیشكیەوە ئێرەش بەهەمان شێوەیە لەوێ شەش ساڵە داواى ئامێرى (لاپرسكۆپ)كڕاوە كەبەبیست هەزاردۆلارە لێرەش دەیان نەخۆشخانە هەیە بەدەست نەبوونى ئامێرەوە ئەناڵێنێ لەولاشەوە ئامێرى ملیۆن دۆلاریان لەسەر حسابى بودجەى ئەو میللەتە كردە دیارى بۆ ڕێكخراوى منداڵپارێزى هێرۆى برایم ئەحمەد كە(50)ئامێرى لاپرسكۆبى پێ دابین ئەكرا ، بەوەشەوە نەوەستان لەڕقى ئەوەى پارتى لەهەولێر كارگەى دەرمانى داناوە ئەوانیش لەمانگى شەشى ڕابردوو كارگەیەكى دروستكردنى دەرمانیان لەبەغداوە گواستەوە بۆ سلێمانى ، نامانەوێ لەبوونى پڕۆژەكە كەم بكەینەوە بەڵام هیچ سوودى نیە بۆ سلێمانى تەنها مەسەلەیەكى سیاسى بازرگانى بوو و بەس ، چونكە كێشە نەبوونى كارگەى دەرمان نیە كێشە نەبوونى سیستەمە ، نەبوونى ژێرخانێكى تەندروستى پتەوە ، نەبوونى نەخۆشخانەى مۆدێرن و سەردەمە .
_ سەبارەت بەئامێرەكانى تریش هەموو ئەوانەى كەهێنراون ئى سەردەمى عومەرفەتاحە و براكەى وەزیرى تەندروستى لەچینەوە هێناونى بۆ سلێمانى و ملیۆنان دۆلار لەسەر حكومەت كراوەتە ماڵ و زۆربەیان لەكاركەوتوون و كارناكەن و لاى ئێمە لەقڕگە لەبەر باران ڕزانەوە .
_ سەبارەت بەنەخۆشخانەى لەدایك بوون و منداڵانیش لێرە بەهەمان شێوە لەشارێكى گەورەى وەك سلێمانى تەنها(یەك)نەخۆشخانەى حكومى منداڵبوون هەیە بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا (هەشت) نەخۆشخانەى منداڵبوونى ئەهلى هەیە كەیەكێكیان ئى خێزانى جەنابى وەزیرى تەندروستیە ، كەپێمان وایە ئەمەش هەوڵێكى ترو پیلانێكى سەقەتى ترى وەزارەتى تەندروستیە كەلەسەر حسابى هاوڵاتیان گرنگى بەكەرتى تایبەت دەدات و نەخۆشخانە حكومیەكانیش بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارى پێویستەوە جێگەى ڕەزامەندى هاوڵاتیان نین بەم شێوەیە ئەم وەزارەتە سیستەمەكەى سەقەت كردوە ئەوەتا بەئاشكرا گرنگى بەكەرتى تایبەت دەدات و كەرتى گشتیش ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپى ئەڕوات .
بەبڕوایى ئێمە و تێكرایى شارەزایانى بوارەكەش گرنگى دانى وەزارەتى تەندروستى و حكومەت بەكەرتى تایبەت بەهیچ شێوەیەك بۆ خزمەتى كەرتى گشتى تەندروستى و هاوڵاتیانى هەژارو خەڵكى كوردستان نیە ، تەنها لەپێناوى بەرژەوەندى هەندێك كەسى باڵادەستى ناو پارتى و یەكێتیە كەدەستیان گرتووە بەسەر هەموو جومگەكانى كۆمەڵگادا و دەیانەوێت لەو ڕێیەوە بەرژەوەندیە ئابووریەكانیان زیاتر پەرە پێ بدەن ، كەئەوەتا حكومەت و وەزارەتى تەندروستى بەڕەسمى و بەیاسایى دەیانەوێت بەناوى (لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و خزمەتى خەڵك) گرنگى بەكەرتى تایبەت بدەن دووبارەى دەكەینەوە لەسلێمانى یەك نەخۆشخانەى حكومى منداڵبوون هەیە كەچى هەشت نەخۆشخانەى منداڵبوونى ئەهلى بەرپرسان هەیە ، ئێمە ناڵێین با گرنگى بەكەرتى تایبەت نەدرێ باگرنگى پێ بدرێت بەڵام لەسەر حسابى كەرتى گشتى نەبێت لەسەر حسابى بودجەى گشتى ئەو میللەتە نەبێت .
_ هەروەها بەپێیى ئەو زانیاریانەى ئێمە دەستمان كەوتووە (نەخۆشخانەى شۆڕشى ڕٍاپەڕین) لەناحیەیى چوارقوڕنەى نزیك ڕانیە ، ئەویش بیناكەى ئى وەزارەتى تەندروستى بووەو بەناوى نەخۆشخانەى لەدایك بوون و منداڵان كراوە بۆ سنوورەكە كەچى یەكێتى دەستى بەسەر داگرتووەو كردوویانەتە نەخۆشخانەى شۆڕشى حزبى .
_ لەبارەى پزیشكەكانیشەوە لێرەش بەهەمان شێوە ئەوەندەى خەریكى نەخۆشخانەى ئەهلى و كەرتى تایبەت و عیادەكانى خۆیانن ئەوەندە لەنەخۆشخانەكان نامێنەوە جگەلەوەى لەزۆربەى شاروشارۆچكەكان دكتۆر لەگەڵ تیشك ، سۆنەر ، دەرمانخانە و ... هتد . شەریكە و پشكى هەیە لەسەر حسابى هاوڵاتیان .
_ نەخۆشخانەى دەروونى ئێرەى سلێمانیش زۆر لەوەى هەولێر كارەساتبارترە ئەوەى ئێرە نەك بەندینخانە هەر بۆ خۆى شوێنێكە بۆ كوشتنى مرۆڤەكان بۆ تووشبوونى مرۆڤەكان بەنەخۆشیە دەروونیەكان و نەخۆشیە درێژخایەنەكان بەتایبەت ڕەبوو و تەنگەنەفەسى ، چونكە ئەوەى ئێرە لەناو كارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجەیە ئەمەش لەسەر پێشنیار و داواى دكتۆرە دڕندە مرۆڤكوژە پەلەوەركوژەكە (حەمەخۆشناو) برایە ئەوێ كەپێشتر نەخۆشخانەى شۆڕش بوو كرایە نەخۆشخانەى سۆزى دەروونى و سەدان هەزار دۆلاریان بەناوى چاككردنەوە دزى و برد .
_ نەخۆشخانە ئەهلیەكانى ئێرەش بەهەمان شێوەى هەولێرە (دەرمانى بەسەرچوو لێرەش هەبوو گیرا ، پاپەندنەبوون بەڕێنمایەكانى وەزارەتى تەندروستى لێرەش بەهەمان شێوەیە ، دەوامكردنى ستافى نەخۆشخانە گشتیەكان لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان لێرەش بەهەمان شێوەیە هەر لەجەنابى وەزیرى تەندروستى و خێزانەكەیەوە بگرە تادەگاتە خوارەوەى خوارەوە هەمووى وایە) .
بەڵێ خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ....
ئێستا ئێوە بڵێن سیستەمە تەندروستیەكە چۆنەو چەندە كارەساتبارە ، وەهیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان سیستەمى تەندروستى لەهەولێر و سلێمانى ، هەردوولایان وێران ، گەندەڵ ، كارەساتبار ، ماڵوێران بەدەست دوو كۆمپانیاى بازرگانى دوو ئەندامى مەكتەبى سیاسى ، سیستەمەكە خۆى تووشى شێرپەنجە بووە لەسایەیى ئیدارەو حكومەتێكى سەقەت و گەندەڵ كەپێمانوایە حكومەتەكە خۆى زۆر زۆر نەخۆشە وەزارەتەكەش هەربەناو تەندروستیە .
_ ئەڵێ شەش ساڵە لەهەولێر داواى دروستكردنى هۆڵێكى تایبەت بەنەشتەرگەریان كردوە تائێستا نەكراوە ، لێرەش لەسلێمانى لەبەرنەبوونى قاوش دوایى نەشتەرگەرى گەنجێك ڕۆژى 1 / 8 لەنەخۆشخانەى فریاكەوتنى سلێمانى گیانى لەدەستدا ، ئێوە بڵێن ئەبێ گرنگى و ئەهمیەتى ئەم وەزارەتە و وەزارەتى پیلاندانان لەچیدابێ ؟ ئێوە بڵێن لەماوەى ئەم شەش ساڵەدا چەند بیناى چۆڵى حزبى بەرزكرایەوە ؟ چەند گوندو دێهات و ڤێلاى فیرعەون و بەرپرسەكان لەسەر حسابى بودجەى ئەم میللەتە و كەرتى تەندروستى دروستكران و بەرزكرانەوە ؟ چەندان تاوەر و بیناى دە قات و بیست قات و سى قاتى بەرپرسانى پارتى و یەكێتى بەرزكرانەوە ، هەى قوڕبەسەر ئەو میللەتەى هیوا و ئومێدى بەوانە هەیە سیستەم و دەرمان و نەخۆشخانەیەكى باش و مۆدێرنیان بۆ دابین بكات !!.
كەموكورتى نەخۆشخانەكانى هەولێر بەپێی ڕاپۆرتى لیژنەى داواكارى گشتى ...
ئەو لیژنەیە بەفەرمانى وەزارى ژمارە 105 ى وەزارەتى داد لەڕۆژى 10 / 5 / 2011 داواى پێكهێنانى كراوە ، بەنووسراوى ژمارە 6 / 504 لە 16 / 5 / 2011 لەلایەن سەرۆكایەتى داواكارى گشتى ئەندامانى لیژنەكە دانراون .
1 _ بیناى نەخۆشخانەكان .
كەمى هۆڵى نەشتەرگەرى لەنەخۆشخانەكانى حكومەت بووەتە هۆى كەم ئەنجامدانى نەشتەرگەرى .
بوونى زیندەوەر لەهۆڵەكانى نەشتەرگەرى بەهۆى پیس و پۆخڵى .
نەبوونى سیستەمى ئۆكسجینى مەركەزى لەهۆڵەكانى چاودێرى چڕ (العنایە المركزە) .
تێكەڵاوبوونى نەخۆشە درەمەكان لەگەڵ نەخۆشەكانى دیكە بەهۆى كەمى قەرەوێڵە .
پەرش و بڵاوى بیناى نەخۆشخانەكان .
2 _ دەرمان و كەلوپەلى پزیشكى .
پێنەدانى دەرمانى پێویست بەنەخۆش بەبیانووى كەمى دەرمان و زۆرى نەخۆش .
بوونى دەرمانى ئێكسپایەر و بەسەرچوو لەهەندێك نەخۆشخانەكان .
كەمتەرخەمى لەچاكردنەوەى ئامێرە پزیشكیە لەكاركەوتووەكان .
نەبوونى ئامێرى ئیكۆ ، هێڵكارى مێشك ، پاككردنەوەى خوێن و دى سى لەهۆڵەكانى چاودێرى چڕ .
نەبوونى ئامێرى پشكنین (الكترولایك) لەهەموو تاقیگەكان .
نەبوونى ئامێرى سكان لەنەخۆشخانەكان بەتایبەت لەنەخۆشخانەى فریاكەوتنى هەولێر .
3 _ نەخۆشخانەى لەدایك بوون و منداڵان .
فێنكەرەوەى ناوەندى (تبرید مركزى) تێكچووە ، بەو هۆیەوە دەیان هۆڵ چۆڵ بوونەو هەموو نەخۆشەكان لەیەك دوو هۆڵ كۆكراونەتەوە و هەندێكیان لەسەر زەوى خەوێندراون
لەهۆڵى لەدایكبوون قەرەباڵغیەكى زۆر ، هەبوو بەڵام تەنیا یەك پزیشكى پسپۆڕى ئافرەتان هەبوو .
نەبوونى كارمەندى پێویست (پەرستار) لەنەخۆشخانەكە .
دەوامى بەشى سۆنار لەكاتژمێر 10 ى شەو كۆتایى دێت .
چوونى نەخۆشى نەخۆشخانەكە بۆ نەخۆشخانەكانى دیكە بەهۆى نەبوونى هۆڵى چاودێرى چڕ .
4 _ پزیشكەكان .
پاپەند نەبوونى پزیشكانى پسپۆڕ بەئێشكگرى ، بەتایبەتى ئەوانەى وانە دەڵێنەوە .
پزیشكانى پسپۆڕى تیشك و سۆنار ئێشكگرى ناكەن .
كەمى پزیشكى پسپۆڕ لەهەندێك بوار .
پاپەند نەبوونى هەندێك پزیشكى نیشتەجێ و دێرین بەدەوامەكانیان .
5 _ نەخۆشخانەى دەروونى .
سیماى نەخۆشخانەى دەروونى تێدا نیە و لەبەندیخانە دەچێ .
یەك كارمەند خزمەتى 70 نەخۆش دەكات .
نەبوونى پۆلیس بۆ چاودێریكردنى ئەو نەخۆشانەى تاوانیان ئەنجامداوە .
نەبوونى شوێنى حەوانەوە و ناوچەى سەوزایى .
6 _ نەخۆشخانە ئەهلیەكان .
بوونى دەرمانى بەسەرچوو لەهەندێك لەو نەخۆشخانانە .
پاپەند نەبوونى بەڕێنمایەكانى وەزارەتى تەندروستى ، بەتایبەتى لەنرخى نەشتەرگەرى .
نەبوونى مۆڵەتى یاسایى بۆ كاركردن لەهەندێك لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان .
دەوامكردنى ستافى نەخۆشخانە گشتیەكان و كارمەندانى حكومى لەهەندێك لەنەخۆشخانە ئەهلییەكان .
هەندێك لەبەڕێوەبەرانى كارگێڕى نەخۆشخانە ئەهلیەكان فەرمانبەرى حكومین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست