تێڕامان لە پێناسەی مرۆڤ و خەباتی ناتوندوتیژی و هۆکاری هەڵبژاردنی یان دەستبەرداربوون لێی
Tuesday, 03/05/2011, 12:00
لە دێر زەمانەوە مرۆڤ وەکو کائین و مەخلوق پێناسەی دەکرێت و، ئەو پێناسەیەش لە ئێستادا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی لەگەڵ سیفاتەکان و خاڵەکانی ئەو پێناسەکردنەدا وا تێکئاڵاوە کە زۆر جار پێناسەکان بۆ خۆیان لەو لاوە هێند ورد و چڕوپڕن کە وا دەکەن مرۆڤ خۆی خۆی لێدەگۆڕێت و، پێی لەسەر ئەرزی واقیع بەردەبێت.
پێناسەکان تێکەڵەیەکن لە پێناسی فەلسەفی و ئاینی و، گەردوونی و ئیلاهی و زۆری تریش.
مرۆڤ لە ئاژەڵی کۆمەڵایەتییەوە بازدەدات بۆ ئەوەی قسە دەکات و لەلایەکی ترەوە ئەوەی بیردەکاتەوە، یان ئەوەی بەرهەمی پەیوەندییەکانی کار و ئامڕازەکانی کارە، ئەوەی بە مەعریفەوە لەدایک دەبێت یان ئەوەی وەکو "تابولا ڕاسایەک" وایە و خامی سپییە و دواتر لە ئەزمونەوە مەعریفە وەردەگرێت و تابلۆکە نیگاردەکات و زۆری تریش.
ئەم پێناسەکردنانەو سیفات پێبەخشینانە گەر زۆرێکیان لەسەرەتادا بە زیانی مرۆڤ خۆی شکابێتنەوە ئەوا دواجار بە سودی کەوتونەتەوە و گەیشتونەتە ئەو ئاستەی جاڕی گەردوونی مافەکانی و دواتریش مافە یاساییەکانی بۆ دەستەبەر ببێت.
لەهەمان کاتدا هەمان ئەم مافانە زۆر جاریش لەدژی مرۆڤ خۆی بەکارهێنراون.
هەمومان لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە ئەگەر مرۆڤ مافی هەبێت ئەوا ئەرک و بەرپرسیارەتیشی لە ئەستۆیە.
واتە تۆ وەکو مرۆڤ مافت هەیە مرۆڤانە بژیت بەڵام ئەرکی سەرشانیشتە کە ئەو مافە بە هاومرۆڤەکانیشت ڕەوا ببینیت.
بن لادنی مرۆڤ کاتێک لەلایەن ئۆباماوە فرمانی گرتن یان کوشتنی بۆ دەردەکرێت، ئەو فرمانە خۆی لە خۆیدا فرمانێکە بەرانبەر جەستەی مرۆڤێک و سیفاتە مرۆڤایەتیەکانی، بەڵام دوای ئەنجامدانی کردەکە کاتێک کە ئوباما هەواڵی کوشتنەکەی ئاشکرادەکات، دێت سیفاتەکانی مرڤایەتی لە ئوسامە دەسەنێتەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە کردەی لەناوبردنەکە. وەک چۆن لەسەرەتاوە وتم کە سیفاتەکانی مرۆڤ ئەوندە چڕوپڕن کە مرۆڤەکە پێی لەسەر زەمین بەرزدەبێتەوە، بە هەمان شێوە مرۆڤە بایۆلۆجییەکە کاتێک کە سیفاتە مرۆڤایەتییەکان پێشیل دەکات و بایەلۆجی و جەستەی مرۆڤەکانی تر دەخاتە ژێر مەترسی و لەناو بردنەوە لە هەمان کاتدا سیفاتەکان و بەها مرۆڤایەتییەکانیشی خستۆتە بەر مەترسی، ئەو سیفات و مافانەی کە ئەوەندە دەمێکە کاریان بۆ دەکرێت، بۆیە دەکرێت مرۆڤایەتییەکە لە خۆشی بسەنرێتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مرۆڤایەتی و بەها مرۆڤایەتییەکانی ئەوانی تر بکرێت. ئەمە بە مەنتیقی ئوبامای دیموکرات و زۆرێک لە داکۆکیکارانی مرۆڤ و بەها دیموکراتییەکان.
لەو سیفاتانەی کە دەدرێتە پاڵ ئوسامە بۆ ئەوەی مەکانەی مرۆڤێتیەکەی لێبسەنرێتەوە ئەوەیە کە ئەو بۆ کۆمەڵکوژی بووە، کە ئەو دژی ئیسلام و موسڵمانان بووە و هەتادوایی.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئوباما سەرۆکی وڵاتێکی زۆر گەورەی دیموکراتییە و لەو وڵاتەشدا مافەکانی مرۆڤ و پێناسەکانی مرۆڤ جەختیان زۆر لەسەردەکرێتەوە.
کاتێک بەتەنیا بەمەوە بوەستین و پێشینەی ئەمەریکا و ئوسامە نەزانین کێشە دروست دەبێت، بەڵام کە گەڕاینەوە بۆ ساتەوەختی یانزەی سێپتەمبەر و دە ساڵ لەمەوبەر ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە خودی ئوسامە ئەوکاتە حەقی داوە بەخۆی کە پێناسەی مرۆڤ و مرۆڤێتی لە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیانی ئەمەریکی بسەنێتەوەو بیانکوژێت. بۆیە لەزۆربەی ئەو ناوەندانەی دنیا و لەلایەن زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی دنیا کە پشتگیری لە مافی مرۆڤ دەکەن کوشتنی ئوسامە بە دەستکەوت بۆ مرۆڤایەتی دادەنرێت.
لە باسکردنی ئەو کورتەیەی سەرەوە مەبەستم ئەوەیە پرسیارێک بکەم:
ئایا ئەوە چییە بڕیاردەدات مرۆڤ شێوازی هەڵسوکەوت کردن هەڵبژێرێت، وە بە تایبەتی لە بواری خەباتکردندا بەرانبەر دەسەڵاتێک یان بەرانبەر دەسەڵاتێک لەدەرەوەی دەسەڵات؟
ئوبامە بۆ خۆی دەسەڵاتە و ئوسامەش دەسەڵاتێک بوو لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو.
لە کوردستانیش دەسەڵات پارتی و یەکێتین و، لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەوانیش دەسەڵاتی شەقام هەیە.
شەقام دەسەڵاتە بەو مانایەی کە قورسایی و زەخمی خۆی هەیە و دەتوانێت دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لابەرێت و دەسەڵاتێکی تر لە جێگەیان دابنێت یان گەر ئەوەشی پێنەکرا ئەوا مەرجەکانی بەسەر ئەواندا بسەپێنێت.
باشە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کام شێوازەیان هەڵبژارد بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی شەقام؟
ئەوان چەک و تێڵا و دارلاستیک و بوختان و چەواشەکارییان هەڵبژارد. لەسەرو هەموشیانەوە هاتن و بەرنامەیان دانا مرۆڤایەتی و سیفاتەکانی بە مرۆڤبوون لە منداڵ و مێرمنداڵەکان بسەننەوە بۆ ئەوەی ئەو توندوتیژی بەکارهێنانەی خۆیان مەشروع و بە مرۆڤانە بکەن.
بەوە مرۆڤایەتی ڕاپەریوەکانیان خستەژێر پرسیارەوە، کە ئەوانە پەنایان بردۆتە بەر توندوتیژی و بەردهاویشتن، بۆیە موستەحەق بوون کە بکوژرێن و تەقەیان لێبکرێت و لەناوببرێن.
لێرەدا دەتوانین بڵێین مافەکانی مرۆڤ و سیفاتەکانی مرۆڤیان بەکارهێنا بۆ لێدانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەکو پێناسە.
ڕاپەڕیوەکانیش هاتن لەولاوە دوای چەند بەردهاویشتنێک
بە هاندان و بە ئامۆژگاری چەند کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و شارەزا شیوازی بەرەنگاربوونەوەی ناتوندوتیژیان هەڵبژارد. بەوەی لە سەراکان کۆبوونەوە و کەوتنە هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان و فێری خەباتی مەدەنییان کردن و وایان لێکردن باوەڕبێنن کە بەشێوازی مەدەنی دەتوانن گۆڕانکاری ڕیشەیی دەستەبەربکەن.
لەولاشەوە دەنگی تر بەزدەبوەوە کە دەیوت ئەوانەی لەسەر کورسین بە توندوتیژی هاتوون و هەر بە توندوتیژیش دەڕۆن.
لە کاتی هەموو ئەم بگرەوبەردانەشدا مرۆڤ وەکو کائین و پێناسەکانی مرۆڤ و سیفاتەکانی و، دواجار مافە گەردونی و یاسایی و ئیلاهیەکانی لەچەقدابووە و، کراوەتە ئامڕازی دەستی هەردوو دەسەڵاتەکە، بە دەسەلاتی پارتی و یەکێتی لەلایەکەوە و، لەلاکەی تریشەوە بە دەسەلاتی فشاری شەقامەوە.
گەر بگەڕێینەوە بۆ دواوە و سەیرێکی ئەو حەفتا رۆژەبکەین دەبینین لایەنی شەقام لایەنی داکۆکیکاری ڕاستەقینە لە مرۆڤ و لە بەها مرۆڤایەتییەکان بووە و، لایەنی پارتی و یەکێتیش (بێگومان بە حسک و شیوعی و زەحمەتکێشان و ئەوانی تریشەوە کە لە میحوەری پارتی و یەکێتیدا دەسوڕێنەوە) لایەنی گومڕاکار و تاوانکار بوون بەرانبەر مرۆڤ وەکو کائین و، مرۆڤایەتی وەکو سیفات و پێناسە.
پارتی و یەکێتی وەکو ئەنجامدەری ڕاستەوخۆ و ئەو لایەنانەش کە لە قەوسەکەدا ناویان هێنراوە وەکو شەرعیەت پێبەخشێنەر لە ناو پەرلەمان، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەستخۆشی لێکردنە لە پارتی و لە یەکێتی و لە پێشێلکاریەکانیان و هاوسەنگەربوونە لەگەڵیاندا.
گەر ئەم کورتەیەی سەرەوە بمانگەیەنێتە ئەوەی کە ئەم خەباتە بەهەردوو جەمسەرەکەیەوە، واتە بە دەسەڵات و بە شەقامەوە، لە هەوڵی پێناسەکردنەوەی مرۆڤدا بن لەناو هەرێمی کوردستاندا ئەوا دەسەڵات بە بەکارهێنانی پێناسە گەردونی و یاساییەکان لە هەوڵی ئەوەدایە، پێناسەی مرۆڤی کورد بگۆڕێت بۆ کائینێکی دەستەمۆ و بێدەنگ و سەرکوتکراو، لەولاشەوە شەقام هەوڵدەدات لەو کائینە دەستەمۆ و ستەملێکراوەوە بیباتەوە ئاستی بەرزی مرۆڤە گەردونیەکە و سیفاتە گەردونیەکان و یاساییەکانی پێببەخشێتەوە.
ئەم کۆششەش لەلایەن ڕۆشنبیرەکان و فەیلەسوفەکانی کوردەوە کاری بۆکراوە و، دواجار گوترا کە خوێنی مرۆڤی کورد هێڵی سوورە.
سەیرکەن و چاوتان لە جەختکردنەوەکە بێت لەسەر "مرۆڤی کورد" وەکو مرۆڤ!
ئایا تاک یان مرۆڤی کورد کێیە؟ هەموو ئەوانەن بە زمانی کوردی دەدوێن یان ئەوانەن بە زمانی کوردی دەدوێن و وەکو مرۆڤە ئونیڤێرشاڵەکە هەڵسوکەوت دەکەن و لەگەڵ ئەو پێناسە گەردونیانەدان و تەجاوزیان ناکەن یان ئەوانەش دەگرێتەوە کە تێڵاو تفەنگبەدەستن و ئەوانەشە کە فەرمانیان پێدەدەن؟
ئایا هاوتەریبییەک لەگەڵ ئەوەی ئوبامە و ئوسامە دەبینرێت؟
بەو واتایەی ئەوانەی شەقامن ببنە ئوبامە و، ئەوانەی تێڵا بەدەستن و هاندەریانن ببنە ئوسامە!
گەر سەیری خۆپیشاندەران بکەین تا ڕادەیەکی زۆر دانیان بەخۆیاندا گرتووە و وەکو مرۆڤ هەڵسوکەوتیان کردووە و وەکو مرۆڤ کاردانەوەیان هەبووە و ڕێزیان بۆ بەرانبەر داناوە و هەوڵیان داوە بەرانبەریش وریابکەنەوە و ببنەوە بەو مرۆڤە گەردونیە و، وەکو ئەوان هەڵسوکەت بکەن و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی چۆک دابدەن و بچن بەدەم داواکاریەکانی خۆپیشاندەرانەوە.
گەر سەیری پارتی و یەکێتی بکەین تەنیا کاتێک باوەڕیان بە مرۆڤ و مرۆڤایەتیەکەی هەبووە کە وەکو ئامڕازو چەکی بەرەنگاربونەوە دژی خۆپیشاندەران بەکاریان هێنابێت، ئەگینا وەکو تر سەربازەکانی خۆیان هێناوەتە خوارەوە و، تا ئاستی ڕوبۆت و داچۆڕاو لە سیفات و بەها مرۆڤایەتییەکان گوشیویانن، بەو مانایەی هەم وەکو مرۆڤ سەیری ئەوانیشیان نەکردووە و هەم بەگژ مرۆڤەکانی تریشیاندا کردونەتەوە و دووچاری پێشێلکارییان کردوون. کاتێکیش دووچاری ئەو پێشێلکاریانە دەکرێن تەنیا بەرپرسەکان مەسول نین بەرانبەر ئەو کردانەیان بەڵکو سەربازەکوردەکان خۆشیان لە ئاست ئەو کارانەیاندا بەرپرسن و تەجاوزی مرۆڤەکان و مافەکانیان دەکەن.
کەواتە وەکو زۆرێک لەو دەنگانەی کە دەڵێن ئەوەی بە توندوتیژی هاتووە هەر بە توندوتیژی دەڕوات، دەشێت بپرسین کە ئایا ئەمانەی بوونەتە ڕوبۆت و دەستی سەرکوتکەرانن و خۆیان بێبەری دەکەن لە مرۆڤبوونیان، بەوەی ئەرکە مرۆڤایەتییەکانیان فەرامۆش دەکەن و دواجار نابنە ئەو مرۆڤەکوردەی کە خوێنەکەی هێڵی سوورە، دەکرێت بە توندوتیژی وەڵامیان بدرێتەوە و بەدەردەکەی ئوسامە ببرێن و دواجار ئەو دەسەڵاتەی بە توندوتیژی هاتووە بە توندوتیژی لاببرێت؟
هەر ئەم حاڵەتانەش وامان لێدەکات بپرسین کە ئایا هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی ناتوندوتیژی وەکو مێتود کارێکی ڕاستە؟ لەولاشەوە ئەو یەقینە بوەستێت کە ئەوانەی لەسەر دەسەڵاتن رایانگەیاندووە کە شەرعیەتیان هەیە و بە ئاشتی دانابەزن و ناچن بەپیر داواکارییەکانی شەقامەوە!
لایەنگرانی خەباتی ئاشتیانە لە پێش هەموشیانەوە ڕێبین ترسی خۆی لە خەباتی توندوتیژی بەوە چڕدەکردەوە کە ئەو جۆرە خەباتە بووە ئەم دێوەزمانەی ئەمڕۆی هێناوەتە سەر کورسی و دروستیکردوون، بۆیە خەباتی توندوتیژی ڕەتدەکردەوە، لەهەمان کاتدا ئەمە پرسیارێک دەوروژێنێت کە ئایا گەرەنتی چییە بۆ ئەوەی کە ئەوانەی لە ڕێگەی خەباتی ناتوندوتیژییەوە دێنە سەر کورسی نابن بە دێوەزمە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە بۆی هەیە ئەوە بێت کە چەسپاندنی یاسا و دەستور و بەها مرۆڤایەتیەکان ڕێگردەبێت لەبەردەم ئەمەدا، بەڵام هەلپەرستەکان لە هەردوو حاڵەتەکەدا خۆیان لە بێشەدا داناوە و، سەرانی دەسەڵاتیش وەکو دامەزراوەی حیزبی هەمیشە ئامادەن پاشقولبگرن و بگەڕێنەوە.
گەر سەیری دنیای دیموکراتی بکەین ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ دیموکراتین و مرۆڤپەرستن، هەمویان بە خەباتی ناتوندوتیژی نەچەسپاون بەڵکو زۆربەیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و ئەو شەڕە سەختەوە هاتوون.
لەولاشەوە گەرەنتی نییە کە ئەمانەی لای خۆمان کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە بە خەباتی ناتوندوتیژی لادەچن و مل دەدەن.
ئاستەنگێک کە لەبەردەم خەباتی ناتوندوتیژی کوردستاندا هەیە ئەوەیە کە ئەم خەباتە دژی دەسەڵاتدارێکە جیایە لە ئینگلیزەکان کە گاندی دژیان دەجەنگا.
ئینگلیزەکان دوور لە دەستە سەربازیەکەیان، میللەتێکی هۆشیاربوون و ماوەیەکی زۆر هەڵسوکەوتیان لە گەڵ مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان کردبوو. یەکێک لە کۆنترین گروپ کە پێکهێنرا و، لەدنیادا پێشەنگ بوو لە پشتگیریکردن لە ڕەشپێستەکان لە بەریتانیا دروست بوو.
کۆیلە ڕەشەکانیان لەدەستی خاوەنە سپیپێستە ئەمەریکیەکانیان دەفڕاند و دەربازدەکرد.
هەر ئەو ئینگلیزانەش بوون کە فشاریان خستە سەر دەسەڵاتەکەی خۆیان کە پاشەكشە بکات لە داگیرکردنی هیندستان.
لە کوردستان میللەتی ئێمە بەشێکی زۆری لە میحوەری پارتە دەسەلاتدارەکاندا و لە میحوەری دوبنەماڵەکەدا دەسوڕێتەوە و قوتی ژیان و بەرژەوەندی مادیان لەگەڵ ئەواندایە. دووڕوییەکی زۆر بەرچاو بوونی هەیە لەناو ناخی ئەو تاکانەدا کە لای ئەوانن.
خۆی خەباتی ناتوندوتیژی ئاڕاستەی ئەو جۆرە کەسانە دەکرێت بەو هیوایەی کە فشاربخەنە سەر بەرپرسەکانی خۆیان لە ڕێگەی وازهێنان یان وەلاخستنیان و پەنابردنە بەر دیالۆگی راستەقینە و چارەسەر. بەڵام ئەو دوومانگە سەلماندیان کە ئەوانە لە سەیرانی خۆیان ناکەون و تەنیا کاتێک هەڵوێستیان دەبێت کە هاوسەنگی دەسەڵات بەلای شەقامدا بشکێتەوە و بەرژەوەندیەکانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
ئەوانە چینێکی مامناوەندی حیزبی یان مەراییکەری کۆیلەن و خاوەن ئیرادەی خۆیان نین و بە هونەر و کارامەیی دادەنێن کە پارەداربن و پارە بە پاڕانەوە و تەکلیف لە مەسولەکانیان وەربگرن!
لەوە تێناگەن کە ئەگەر لە کوردستان دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری بێتە ئەنجام ئەوا ئەوان زۆر لەوەی ئێستایان زیاتریان بە بێ منەت و چاوشۆڕی دەستدەکەوێت و ژیانیان زەمانەتی دەبێت.
لەولاشەوە خەباتە ناتوندوتیژیەکە بانگکردن و بزواندنی کەرامەت و هەستی مرۆڤی وڵاتانی دیموکراتییە و ئەمەش کاتی زۆری دەوێت. وە جوڵاندنیان کاتی زۆری دەوێت، مەحاڵ نییە بەڵام موعجیزەش نادات بەدەستەوە بەوەی بە ماوەیەکی کورت وەڵامی هەبێت. خۆراکی کاردانەوەی ئەوانیش پیشێلکاری زیاتری دەسەڵاتی کوردییە و هاتنی وێنەی زیاترە لە کوشت و کوشتار. ئەمەش بێگومان خوینساردیەکی زۆرە کە داوا لە میللەتی خۆمان بکەین ئەو وێنانە بکێشن و ڕەوانەی دەرەوەیان بکەن بۆ ئەوەی ئەو پشتگیرییە پەیدا بکرێت.
لە هەموو زەمان و کاتێکیشدا ئەرزی واقیع گرنگ و بڕیاردەرە بۆ ئەوەی دەرەوە بێتە ناوەوە. تۆ دەبێت قورسایی خۆت بسەلمێنیت تا باوەڕت پێبکەن و یارمەتیت بدەن. ئەو قورساییەش تا ئێستا لە شەقامی کوردییەوە نەسەلمێنراوە.
تا ئەم ساتە وەختە کاردانەوە دەرەکیەکان لە شێوازی گشتیدا بوون و وەکو ئامۆژگاری بۆ دەسەڵات بوون کە تەقە نەکەن و ڕێزی مافەکانی مرۆڤ بگرن و لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکەن!
بەداخەوە لەمە تێناپەڕێت تا خوێنی زیاتر نەبینن و هەست بە بێمانایی ئەو ئامۆژگاریانەی خۆیان ناکەن!
ئنجا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا میللەتی ئێمە ئامادەیی ئەوەی تیایە ئەو خۆراکە بدات بە ڕای دەرەوە بۆ پەیداکردنی پشتیوانی کاریگەر؟
گەرنا ئەوا هیچ ناکرێت، گەر لەلایەکی ترەوە پەنا نەبرێتە بەر داوا و هاندانی ئەوانەی کە بۆ لابردنی دەسەلاتدارانن لەڕێگەی هەمان شێوازەوە کە خۆیانی پێهاتوون.
مرۆڤ کاتێک لەوانە ورد دەبێتەوە کە لە شەقامەکان و لە کوچەوکۆڵان و مەیدانەکان بە تێڵاوە دانیشتوون یان وەستاون، بۆی دەردەکەوێت کە ئەوانە نیازیان نییە بەدەم داواکارییە ئاشتییانەکانی شەقامەوە بچن.
ئەو تێڵایانە لەبەر ئەوە ئەوەندە ترسێنەرن، چونکە بە تەنیا تێڵا نین، بەڵکو لولەیان هەیە و فیشەکیان لێدێتە دەرەوە.
ئەوان کاتێک هەستبکەن کە بە تێڵاکان دەرەقەت نایەن پەنا دەبەنە بەر کوشتن بە فیشەک چوونکە ئەمری تەقە دراوە بە قەناسەکان و بە دەبابەکان و بە سیخوڕەکان.
هەرئەمەشە وایکردووە کە ئێستا جەقبەستنێک هەیە!
کەی ئەو جەقبەستنە دەشکێت و ئاڕاستەکەی بە کام لادا دەبێت ئایندە دەریدەخات.
ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادیش دیارە زۆر ماندوو بوون و ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا سستیان نواندوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی رێگە بۆ دەسەڵات خۆش ببێت کە دوا تاوانەکانی بەئەنجام بگەیەنێت.
پێشتر لە چەند بۆنەیەکدا بانگەوازیان لێدەکرا کە خۆیان سەرا چۆڵبکەن و ڕێگری بکەن لەو خوێنڕشتنەی بەڕێوەیە و دواتر بچنەوە سەرا، کەچی ئەمە رووی نەدا. ئەمڕۆش کە بوون بە چەند بەشێکەوە و هەندێکیان دەڵێن هەڵوەشاوەتەوە و هەندێکیان دەڵێن هەڵنەوەشاوەتەوە هەروا بە گاڵتە نییە.
تۆ بڵێی فاروق ڕەفیق بۆچی بڵێت هەڵوەشاوەتەوە و کاری تەواو بووە؟ ئایا لە ماندوبونیەتی یان لە تێگەیشتنێتی لە سستی ئەو ئەنجومەنە لە بڕیاردان یان هەنگاونانێتی بۆ دورکەوتنەوە لەو خەباتی ناتوندوتیژییە و پەنابردنە بەر ستراتیژێکی نوێ؟
لەولاشەوە ١٠ ئەندامی تری ئەنجومەنەکە دەڵێن هەڵنەوەشاوەتەوە، کەچی لێکدابڕاون و شەقامیان بەتەنیا جیهێشتووە.
خۆی ئەوە قسەیەکی زۆر ناماقوڵە بوترێت کەسەرا تەواو و، ئاشبەتاڵ قبوڵبکرێت، بەڵام ئەوەش ناماقوڵە بڵێیت ئەنجومەن هەڵنەوەشاوەتەوە و چالاکییشت وەکو ئەنجومەن نەبێت و سڕی بکەیت!
ئێستا شەقام لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ئەنجومەنە و، پێویستی بە چالاکی ئەو ئەنجومەنەیە. ئەنجومەن دەبوو ئێستا لە هەموو کات چالاکتر بوایە.
گەر ناشگەنە یەک و، دید و بۆچوونی جیایان هەیە و، ئەوەش هۆکاری سستیەکانیان بووە لە بڕیاردان و لە دەستپێشخەریدا ئەوا خۆ شەقام ئەگەری تری لەبەر دەستدایە و دەتوانێت ئەنجومەنی تر دروست بکات و ئەرکەکانی هەنوکە و ئایندە بگرێتە ئەستۆ و، ستراتیژی نوێ بۆ درێژەدان بە خەبات داڕێژێت. پێویست ناکات ئەو ئەنجومەنانە سیاسی بن و لە حیزبی سیاسی بچن.
لە پۆڵۆنیا لێش ڤالێسا لە ڕێگەی نەقابەیەکی پیشەییەوە خەباتی کرێکاران و میللەتی پۆڵۆنیای بەسەر دەسەلاتدا سەرخست.
ئەنجومەن پێویستناکات سیاسی بێت، بەڵکو پێویستی بە ئیرادە و بە دەستپێشخەریی و بە بەرچاو ڕوونی هەیە.
گرنگە بە زوترین کات ئەنجومەنەکان دروست بکرێن و نوێنەرایەتی لە دەرەوە دابین بکەن و، بە هەماهەنگی خەبات دەست پێبکەنەوە.
لەدەرەوە زەمینەی ئەو نوێنەرایەتییە زۆرە، لەوانە گروپەکانی حەڤدەی شوبات و چەتری ئازاد و گرووپەکانی تر.
کەسایەتیش زۆرن کە دەتوانرێت سودیان لێببینرێت.
شەقام چاوەڕێیە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست