کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رۆکی روسیا داوای پارێزگاریکردن له‌ ژیانی رۆژنامه‌وانان ده‌کات

Tuesday, 09/11/2010, 12:00


له‌ ئه‌ڵمانیه‌وه‌: دانای شه‌ده‌ڵه

دنیا به‌وپه‌ڕی نائارمیه‌وه‌ هه‌واڵی په‌لاماردران و خوێناویکرانی جه‌سته‌ی ریپۆرته‌ری روس - ئۆلێگ کاشین - ده‌خوێنێته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی که‌سانێکی نه‌ناسراو په‌یامنێرێکی روسییان به‌ ته‌واوی بریندار کرد، سه‌رۆکی روسیا دیمیتری مێدڤیدێڤ داوای باشتر پاراستنی ژیانی رۆژنامه‌وانان ده‌کات.

بۆ یه‌که‌مینجاره‌ دیمیتری مێدڤیدیڤی سه‌رۆکی روسیا داوای پارێزگاریکردن له‌ ژیانی رۆژنامه‌وانان ده‌کات. مێدڤیدیڤ له‌ رۆژی دوشه‌ممه‌ (8/11/2010) و له‌کاتی کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانانی رۆژنامه‌ی ده‌وڵه‌تیی (رۆسیسکایا گازێتا)دا ئه‌م داوایه‌ی خۆی باسکرد.

یه‌کێتیی ئه‌وروپا و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌توندی ئه‌م روداوه‌ی دوایی (و: لێدران و په‌لاماردرانی ئۆلێگ کاشینی په‌یامنێر و تێکشکانی جه‌سته‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکی نه‌ناسراوه‌وه‌) ریسوا و مه‌حکوم کرد.

هه‌مو ساڵێک له‌ روسیادا ده‌رزه‌نێک رۆژنامه‌وان ده‌که‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی په‌لاماردران.

دوای ده‌ستدرێژیی کرانه‌ سه‌ر هاوپیشه‌که‌یان، به‌ سه‌دان رۆژنامه‌وانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نامه‌یه‌کی کراوه‌دا داوایان له‌ مێدڤیدیڤ کرد که‌ پتر بایه‌خ به‌ پاراستنی رۆژنامه‌وانانی ره‌خنه‌گر بدات.

مێدڤیدیڤ وتی: رۆژنامه‌وانان بریتین له‌و مرۆڤانه‌ی له‌ بوارێکی پڕ له‌ مه‌ترسیدا کارده‌که‌ن، هه‌روه‌ها وتیشی: له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانان راستیه‌کان ده‌رباره‌ی خه‌ڵک و هه‌ڵسوکه‌وته‌کان له‌ وڵاتدا ده‌خه‌نه‌ڕو، هه‌ربۆیه‌شه‌ ریسکێکی فره‌ به‌ ژیانیان ده‌که‌ن، ده‌بێت ده‌وڵه‌ت زۆر به‌وریاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کار و پیشه‌ی رۆژنامه‌واناندا ره‌فتار بکات، ئه‌رکی ده‌وڵه‌ته‌ ژیانی پڕ له‌ ئاشتی و ئاسایش بۆ رۆژنامه‌وانان دابین بکات، ئه‌گه‌رچی گه‌لێک جار له‌ نوسینه‌کانیاندا باس له‌و راستیانه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌وڵه‌ت پێی ناخۆشه‌.

مێدڤیدیڤ دڵنیابونی خۆی سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ نیشاندا که‌ هه‌وڵی کوشتنی ئۆڵێگ کاشینی په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (کۆمێرسانت) داوه‌.

پارێزگاریکردن له‌ ژیانی رۆژنامه‌وانان له‌ روسیا دا بۆ‌ته‌ کارێکی یه‌کجار پێویست، چونکه‌ له‌ دوای رودانی هێرش بۆ سه‌ر کاشینی په‌یامنێریش و له‌ شه‌وی یه‌کشه‌مه‌ له‌سه‌ر دوشه‌مه‌دا رۆژنامه‌وان ئاناتۆلی ئادامچوک که‌وتۆته‌ به‌ر په‌لاماری که‌سانێکی نه‌ناسراو و زیانێکی گه‌وره‌ به‌ر که‌له‌سه‌ی که‌وتوه‌، به‌پێی لێدوانی سه‌رگه‌ی گراماتینی هاوڕێی ئه‌و رۆژنامه‌وانه‌ ئازاردراوه‌ بۆ رادیۆی (ئیکۆی مۆسکۆ)، دو که‌س له‌ شوێنێکی نزیک مۆسکۆدا چاودێری ئادامچوک- یان کردوه‌ و خستویانه‌ته‌ کادیری روانینیانه‌وه‌.

ئه‌م رۆژنامه‌وانه‌ی رۆژنامه‌ی (شوکۆڤسکی ڤێستی) له‌ چه‌ندین وتار و کۆمێنتاریدا ره‌خنه‌ی له‌ پڕۆژه‌ی دروستکردنی ئه‌و ئۆتۆبانه‌ کردوه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ نێوان مۆسکۆ و فڕۆکه‌خانه‌وه‌.

رۆژنامه‌وانه‌ لێدراوه‌که‌ هێشتاکه‌ له‌ حاڵه‌تی بێهۆشیدایه‌...
یه‌کێتیی ئه‌وروپا به‌ توندی ئه‌و ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌وانه‌ی ریسوا کرد و ئه‌و کاره‌ی به‌ هه‌وڵدانێک بۆ ده‌مکوتکردنی رۆژنامه‌وانان پێناسه‌ کرد، هه‌روه‌ها سه‌ندیکای رۆژنامه‌وانانی ئه‌ڵمانیا (دۆیچه‌ ژۆرنالیستێن فێرباند-دی جه‌ی ڤی-) و رێکخراوی په‌یامنێرانی بێسنور داوای پارێزگاریکردن له‌ ژیانی رۆژنامه‌وانان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانکارانه‌ کرد که‌ پێشتر په‌لاماری رۆژنامه‌وانیان داوه‌و و تاکو ئێستا ئه‌و ده‌ستانه‌ نه‌دۆزراونه‌وه‌، دیاره‌ ئاشکراترین تیرۆرکاریی به‌رانبه‌ر رۆژنامه‌وانان له‌ ساڵی 2006دا رویدا وه‌ختێک ئاننا پۆلیتکۆڤسکایا له‌به‌رده‌می ماڵه‌که‌ی خۆیدا درایه‌ به‌ر گوله‌ و کوژرا.

کاشینی په‌یامنێر تاکو ئه‌م ساته‌ له‌ حاڵه‌تی بێهۆشیدایه‌. داواکاری گشتی دادگا له‌ بانگه‌وازێکدا داوای له‌ میدیاکان و هه‌مو ئه‌و که‌سانه‌ کرد که‌ به‌ چاوی خۆیان ئاگایان له‌و روداوه‌ بوه‌ یارمه‌تی دادگا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیکاران بده‌ن. به‌پێی قسه‌ی ڤلادیمیر مارکینی نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت بۆ به‌دواداچونی ئه‌و که‌یسه‌، پێویسته‌ ده‌فته‌ر و دۆسیه‌ی ناو جانتاکانی ئه‌م په‌یامنێره‌ش بخوێنرێنه‌وه‌ تاوه‌کو به‌هۆیانه‌وه‌ بزانرێت ره‌خنه‌ی له‌ کێ گرتوه‌، شایانی ئاماژه‌پێدانه‌ که‌ دو که‌سی نه‌ناسراو په‌لاماری کاشینی په‌یامنێری رۆژنامه‌ی لیبراڵی (کۆمێرسانت) یان داوه‌و بێجگه‌ له‌ شکاندنی چه‌ناگه‌ و ڕان و په‌نجه‌ی زیانێکی زۆریشیان به‌ که‌له‌سه‌ری گه‌یاندوه‌.

ئه‌م ده‌ستدرێژیکردنه‌ بۆ سه‌ر کاشین له‌ چه‌ندین میدیای مۆسکۆدا لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخانکراوه‌. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ نوسینه‌کانی کاشین چه‌ندینجار ره‌خنه‌یان له‌ سیسته‌می نادیموکراتیانه‌ی ده‌وڵه‌ت و کاربه‌ده‌ستانی مۆسکۆ گرتوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ گه‌لێک دوژمنی بۆ دروستبوه‌، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی کۆمێرسانت له‌ نوسینێکدا ئاماژه‌ی به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ کرد که‌ لاوانی ناشی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی کرێمل کردویانه‌ و باس له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی کاشین له‌لایه‌ن ئه‌و لاوانه‌وه‌ ده‌کات و له‌سه‌ر وێنه‌کان نوسیویانه‌ با سزای ئه‌م رۆژنامه‌وانه‌ بده‌ین.

هه‌ندێک له‌ میدیاکان گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیان خستۆته‌ ناو تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه‌ و تیایدا دو که‌س دو ده‌قیقه‌ی ته‌واو خه‌ریکی شکه‌نجه‌دانی کاشینن و پاشان هه‌ڵدێن.

تێبینی: باسی ده‌ستدرێژیکرانه‌ سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌وانه‌ له‌ رۆژی 7ی نۆڤێمبه‌ردا له‌لایه‌ن بنیامین بیده‌ری په‌یامنێری گۆڤاری دێر شپیگله‌وه‌ له‌ مۆسکۆوه‌ بۆ شپیگل نێردراوه‌، ئه‌و وێنه‌یه‌ی له‌ گۆشه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م باسه‌دایه‌ بریتیه‌ له‌ وێنه‌ی ئۆلێگ کاشینی رۆژنامه‌وان و په‌یامنێری رۆژنامه‌ی لیبراڵی کۆمێرسانت که‌ باری ته‌ندروستی به‌هۆی لێدرانیه‌وه‌ له‌ نێوان مه‌رگ و ژیاندایه‌.
http://www.spiegel.de/politik/ausland/0,1518,727977,00.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە