کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ (8) گەریلاى شەهید...

Tuesday, 22/09/2009, 12:00


كەركوك (پردێ)
لە كەركوكەوە پێشكەشە بە گیانى بەرزەفڕى شەهیدانى سەنگەرى مرۆڤدۆستی: (حەنیفە عەلی هەدار ئافرین)و (عالیە تەیمور سەلا وان)و (ساڵح گولەج چەكدار جودی) و (یەحیا موسا زادە مەزلوم ئازەرى) و (قەهرەمان شێخ عەلى عەباس باران) و (عەزیز ئۆزەر كەماڵ كاتۆ) و (رەمەزان یلدز دڵگەش سەرخۆوەبوون) و (رزگار ئاشكان جودى)و سەرجەم شەهیدانى سەنگەرى پاراستنى گەل.

كوانووى بەرخۆدانى كوردان
هەمیشە پڕە لە پشكۆ..
پەناى هەر گابەردو دارێك
مەزارو ئارامگەو گڵكۆ..
كاروانى سەختى تێكۆشان
پڕاوپڕە لە رێبوارى هەڵۆئاساى
چیاو دوندان..
وا هەمدیسان:
لەم دەمەدەمى جەژنەدا..
گەریلا چەكى خامۆشەو
بەهیواى كۆتایی شەڕە..
چونكە گەریلاى خەباتم
ئاشتیخوازەو دژى شەڕە..
لەولاشەوە نەخشە رێگاى
پشت شیشەكانى ئیمیرالی
پڕ بە گەرووى هاوار دەكا:
بەسە چیدى خوێن مەڕێژن،
وڵاتێك لە گوڵ ئاواكەن..
لەملاشەوە..
لە دوندى چیاى سەركەشەوە
(كەجەكە) چەندەمینجارە
لوولەى تفەنگى گەریلا خامۆش دەكاو
پڕ بە هزرو بڕواى بەتینى سەركەوتن
بانگەوازى ئاشتیخوازى بە گوێچكەى
ژەنەراڵە شەڕخوازەكانى
گول و ئەردۆغاندا دەدا..
(2)
گەریلا پاسەوانى بنارەو
بەژنى زراڤى بەرەختو تفەنگ داپۆشراوى
نامووسى نەتەوەیەك،
شەتەكدراوە..
چاوەكانى كراوەن و
بەڕۆح ئاگاى لەهەر چوار رەخى وڵاتە..
كات: لاى گەلانى رۆژهەڵات..
دەمەدەمى جەژنە، جەژن..
جەژنێك زۆربەمان نازانین
خۆبرسی كردن یانى چى؟
لەودەمەدا سوپاى تاوان
بە نەخشەو فیتى
گولەنییەكانى ئەردۆغان..
بۆ ماوەى هەشت رۆژى رەبەق
بەزۆرترین ژمارەى چەكدارو
قورسترین چەكى مۆدێرنی شەڕ
بە كۆپتەرى (كۆبرا)ى مەرگ
لە (هشتێ و كسێ و زاویتێ)
لە (دۆكۆو مەرجى شەمدین و گەلی زاویتێ)
لە (دەرییە ڕەبەنێ و چیاى سامۆرا)
لە (كانی گلی و چۆخێ و لووتكەى هەلفەسیس)
لە (گەلی تەیارێ و جۆزا رەش)
لە سەر سینەى
دەڤەرى چوقورجاى هەكارى
باكوورى كوردستان
سوپاى مەرگ..
زەڕنەقووتەكانى ئەتاتورك..
ژەنەڕاڵە دڵڕەشەكان
دواى شكستى هەشت رۆژى شەڕو پێكدادان
چەشنى سوپاى بەعسى رووخاو
هەمیشە لەسەنگەر دۆڕاو
ژەهرى كیمیاوی قەدەغە
بەسەر سەرى بەڕوو و گوێزو
دارچنارو گەریلادا دەكا بڵاو..
چەندین جەندرمەو سەربازى
گۆشكراوى فاشى و نازی
بە گوللەى چەكى گەریلا
كپوخامۆش لەو دەشتەدا
تووڕ دراون بەبێ نازی!!
لەم لاشەوە:
لەنێو سەنگەرى ماف و بوون
هەشت گەریلاى ناسك ناسك
چەشنى رێواسى لا بنار
(كەماڵ، دڵگەش، جودى و چەكدار
عەباس، مەزلوم، سەلاو هەدار)
پەنجەى شایەتمانی دەستى راستیان..
لەسەر پەلاپیتكەى چەكەكانیان
خامۆش بووەو خوێنى گیانبازیی
سەنگەریان لێچۆڕاوە..
تەماشاكەن.. گوێڕادێرن:
یەكێك لە شارى (حەسەكە)ى
باشوورى رۆژئاڤاى وەلات..
ئەویتریان خەڵكى (خوئی)
رۆژهەڵاتى خوێن و خەبات..
ئەویتریان گەنجێكى رۆحسووكى (وان)
مەڵبەندو مەكۆى بەرخۆدان..
ئاماژەیە بۆ یەكڕیزى و فیداكارى
هەرچوار پارچەكەى كوردستان..
ئەگەر جاران:
بەرخى نێر بۆ سەربڕین بوو
وەلێ ئێستا هەڤاڵانى
زیلان، ڤیان و بێریتان
(هەدار ئافرین و سیلا وان)
لە گەرمەى ئاگربەستى تاكلایەنەى
خەباتى شاخ..
گیانبازانە دەبنە فیداى
پارچەیەك خاكى كوردستان..
ئەو پارچەیەى:
منداڵى كورد لەسەر هۆیهاو
بەردبارانى پۆلیس و جەندرمەى
تورك..
یەكودوو نا، بە سەدانیان
لەبەردەمى نادادوەرى دادگاكانیان
لەجیاتى پەروەردەو ژیان
هەریەكەیان بۆ چەندین سالأ
دەكرێن زیندان..
ئەو پارچەیەى:
لەیلا زاناى هێنایە بوون
بۆ گیانبازى و دیموكراسی و
ماف و ژیان..
ئەو پارچەیەى:
پارچەى جگەرى گشتمانەو
هەر هەموومان بۆ رزگاریی
ئەو پارچەیە،
دەچینە ریزى شەهیدان...
(3)
ئێستا دواى ئەو پەلامارە
دەبێ چى بكەن، ئەو بەڕێزانەى
دەیانگوت:
توركیا كڵۆڵو هەژارە
پەكەكە دژو دژوارە
لێناگەڕێ:
گەل ئارام بێ لەو پێدەشت و لەو بنارە!!
دەبێ ئێستا كە دەبینن ئاگربەستیش
دادمان نادا..
تۆ بڵێى هەر داوا بكەن:
گەریلا چەكى دانێت و خۆى رادەستى
ئەردۆغانكا؟!
21/9/2009









نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە