هه‌ڵوێستی خه‌ڵک له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستوردا ده‌بێ جی بێت؟

Sunday, 05/07/2009, 12:00


وێڕای ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ستور مافێکی سروستی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌و شتێکی باشه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بێت، به‌ڵام نه‌بوونی ده‌ستوریش زۆر باشتره‌ له‌ وه‌ی که‌ ده‌ستورێکت هه‌بێت ببێت به‌ کوته‌ک بۆ سه‌ر سه‌ری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌ت.
ئه‌وه‌نده‌ی من له‌م ده‌ستوره‌ی هه‌رێمی کوردستانی ئێڕاق تێگه‌یشتبم و شتێکم لێهه‌ڵکڕاندبێت، پێم وایه‌ نه‌بوونی زۆر باشتره‌ له‌ هه‌بوونی!! چونکه‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ ته‌نیا له‌خزمه‌ت جه‌ند که‌س و لایه‌نێک دایه‌و جگه‌ له‌م دوو لایانه‌ ، یا باشتره‌ بڵێم له‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ سودی بۆ هیج که‌سی تر نیه‌و نابێت!!!
20 له‌ سه‌دی ده‌ستور له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم نوسراوه‌و خاڵ به‌ خاڵ و پێ به‌ پێ هه‌وڵ ده‌دات بۆ دانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵات پێ به‌خشیوه‌ که‌ بتوانێت حکومه‌ت و پارله‌مانیش تێکوپێک!!!
ده‌سه‌ڵاتیێکی وای داوه‌ته‌ سه‌رۆکی هه‌رێم که‌ که‌س نه‌توانێت پرسیار له‌ داهات و سامانی گشتی ووڵات بکات و که‌س بۆی نه‌بێت بڵێ ئه‌رێ سامان و داهات و نه‌فتی وڵاته‌که‌م چی به‌سه‌ر هات و جی به‌سه‌ر دێت!!!
ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی زیاده‌ی که‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ پێیدراوه‌.
بۆیه‌ خه‌ڵکی کوردستانی ئێڕاق مافی خۆیانه‌ به‌ر له‌ ده‌نگدان و به‌کاربردنی ئه‌م ده‌ستوره‌ بڕژێنه‌ سه‌ر جاده‌و سه‌قمه‌کان و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌ دژی ئه‌م ده‌ستوره‌ دیکتاتۆریه‌ ده‌رببڕن.
خه‌ڵک ده‌بێ هاوار بکه‌ن و بڵێن : ئێمه‌ خوێنمان نه‌دا تا له‌ ده‌ستی دیکتاتۆرێکه‌وه‌ ڕزگار بین و بکه‌وینه‌ ده‌ستی دیکتاتۆرێکی تری خۆماڵی.
ئێمه‌ خوێنمان نه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی خوێندانی زیاتر و چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتر. ئێمه‌ خوێنمان نه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ببین به‌ کۆیله‌ی دوو بنه‌ماڵه‌ی پاوانخوازو پاره‌په‌ره‌ست.
ئیـه‌ خوێنمان دا بۆ ڕزگاری، بۆ ئازادی و مافی یه‌کسان، بۆ ژیانی ئاسوده‌ و دوور له‌ کۆیلایه‌تی.
ئێمه‌ ته‌حه‌مولی ناخۆشی و سه‌ختی و ئه‌نفال و کیمیابارانمان کرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کانمان ئازاد و سه‌ربه‌رزانه‌و سه‌ربه‌خۆ بژین نه‌ک ببنه‌ دیل و کۆیله‌ی ده‌ستی دوو بنه‌ماڵه‌ی فاسد.
من لێره‌وه‌ بانگه‌واز ده‌که‌م له‌ لاوان، ژنان، و ته‌واوی کۆمه‌ڵگای کوردی کوردستانی ئێڕاق، که‌ ئه‌م ده‌ستوره‌ دیکتاتۆیه‌ په‌سه‌ند نه‌که‌ن و ده‌نگی بۆ نه‌ده‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر له‌مڕۆوه بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قمه‌کان و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌ دژی ئه‌م ده‌ستوره‌ ده‌رببڕن.
ئه‌مه‌ مافێکی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای خۆتانه‌و هیج بنه‌ماڵه‌و حیزبێک ناتوانێت منه‌تی ئه‌وه‌تان به‌سه‌ردا بکات بڵێ ئێمه‌ خه‌باتمان کردووه‌ و خوێنمان داوه‌، ئه‌وه‌ی خوێنی داوه‌ ئێوه‌ بوونه‌ نه‌ک بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی، بۆخۆتان باش ده‌زانن که‌ هه‌میشه‌ خوێندان له‌ ئێوه‌و خواردن و پاره‌ کۆکردنه‌وه‌ و ئیستراحه‌ت کردن له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بووه‌.
ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون راپه‌ڕینتان کرد و ڕێژیمی سه‌دامتان له‌ خاکه‌که‌تان وه‌ده‌ر نا نه‌ک تاله‌بانی و بارزانی، ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون کیمیا بارانکران نه‌ک بارزانی تاله‌بانی، ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون ئه‌نفال کران نه‌ک بارزانی و تاله‌بانی، ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون 8000هه‌زار پیاوتان لێ زینده‌به‌چاڵ کرا نه‌ک بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی، ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون کران به‌ سوته‌مه‌نی شه‌ڕی ناوخۆیی و له‌ پێناو پاره‌ی به‌سنه‌کراوی ئه‌واندا خوێنتان داو ماڵوێران بوون. هه‌ر ئێوه‌سن ده‌توانن هه‌ڵمه‌ت بکه‌ن و لافاو ئاسا ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و دزه‌ ورگ زله‌کانی ووڵاته‌که‌تان تڕۆ بکه‌ن و بیانکه‌ن به‌ عیبڕه‌ت بۆ داهاتووی وڵات و ناوچه‌که‌.
ئێوه‌ ده‌بێ به‌م دزو مافیایانه‌ی بسه‌لمێنن که‌ هێزو توانای ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ ئاوا گه‌وره‌یان بکه‌ن و له‌ به‌رانبه‌ریشدا وایان لێبکه‌ن که‌ ناوی خۆیان له‌بیر بچێته‌وه‌. ئێوه‌ خه‌ڵکی کوردستانی ئێڕاق، ده‌بێ باش بزانن که‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به‌ مانای گۆڕینی ووڵات نییه‌، به‌ مانای گۆڕینی ده‌سه‌ڵات نییه‌ له‌ خۆماڵیه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌کی، ئه‌مه‌ گۆڕین ده‌بێت بۆ خزمه‌تی زیاتر به‌ ئێوه‌و نه‌وه‌کانتان.
ئێوه‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌کێتی و پارتی و حیزبه‌کانی تر، گرنگ ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ سه‌ر به‌ کام حیزب و ڕێکخراون، ئێوه‌ مافی خۆتانه‌ هه‌ر وه‌ک ئه‌ندام له‌ حیزبه‌کانتاندا بمێننه‌وه‌و کاری سیاسی خۆتان هه‌ر بکه‌ن، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ولاته‌که‌تان به‌ گرنگترو پیرۆزتر بزانن و ووڵاته‌که‌تان مه‌که‌ن به‌ قوربانی حیزبێک. خه‌ڵکی ووڵات ده‌توانێ حیزبێک و سه‌دان حیزب دروست بکات به‌ڵام حیزبێک ناتوانیت گه‌ل و خاک و ووڵاتێک دروست بکات و ئاوای بکات.
بۆیه‌ پیویسته‌ له‌ سه‌ر ئێوه‌ هه‌موتان به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی نه‌ته‌وایه‌تی خۆتان هه‌ستن و ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵ و پاوانخواز بگۆڕن و ده‌سه‌ڵاتێکی باشترو خزمه‌تکارتر بۆ وڵاته‌که‌تان دیاری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی زیاتر و باشتر به‌ ئێوه‌و منداڵه‌کانتان بکات.
گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ کام لاین و حیزب هه‌ڵده‌بژێرن به‌ڵکوو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزی خۆتان نیشان بده‌ن و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بگۆڕن بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی مۆدێرن و خزمه‌تگوزار بێننه‌ کایه‌وه‌.
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی ئێراق؛ ئێوه‌ ده‌بێ باش بزان که‌ سه‌رانی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ته‌واوی سامان و داهاتی ئه‌م وڵاته‌یان خستۆته‌ ژێر ده‌ستی خۆیان و ئیستاس خه‌ریکه‌ به‌ نوسینی ده‌ستوورێک و بۆ به‌ یاسایی کردنی ئه‌م ده‌ستووره‌ بانگه‌سه‌ی کوردایه‌تی و خوێندان و ... ده‌که‌ن و ده‌یانهه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه‌و له‌مه‌و به‌دووا به‌ شێوه‌یه‌کی یاسایی مافه‌کانتان زیاتر پێشێل و داهاته‌که‌تان حه‌ڵالتر بکه‌ن.
بۆیه‌ مافی خۆتانه‌ ده‌نگ به‌م ده‌ستووره‌ نه‌ده‌ن و به‌ نیشانه‌ی نه‌خێر بۆ ئه‌م ده‌ستووره‌ دیکتاتۆریانه‌ بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قمه‌کان و ده‌ستووره‌که‌ بۆ جارێکی ترو به‌ قازانجی خه‌ڵکه‌که‌تان بنوسرێته‌وه‌.

دریژه‌ی هه‌یه‌.....


که‌ریم موکریانی
6.7.2009‌





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە