کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرهەم ساڵح سیاسییەكی فاشیل و بێژەرێكی سەركەوتوو

Wednesday, 08/07/2009, 12:00


ئەم دكتۆرە بەڕێزە كاتی خۆی لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانیدا لەدەرەوەی وڵات وتبووی من شەرم دەكەم كوردم.
پێشتر زۆرینەی خەڵكی ئێمە بەشەوارەدا خرابوون، چوونكە سیمای راستەقینەی زۆرینەی كەسایەتییەكانیان وەك خۆی نەدەبینی، ئەمە بەتەنیا لەرابردوودا وا نەبووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەتا ئێستا ئەم چەپڵەلێدانە بۆ وەهم وهەڵپەڕین بەزوڕنای ودیماگۆگیا هێشتا برەوی هەیە، بەبەڵگەی ئەوەی هەتا وەختێكی زۆر بەرهەم ساڵحی جێگری سكرتێری یەكێتی وەك كاریزماو دیپلۆماتكارو سیاسییەكی بێوێنەو سەركەوتوو تابلۆی بۆ دەكێشرا، ئەگەرچی دیاربوو بەرهەم ساڵح وەك میزڵدانێك لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە فووی پێدا دەكرێت و لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەم نەبوون بە ئەو كاریزما وەهمی وسیما تەزویرەی بەرهەم ساڵح سەرسام ببوون.
كاتێك بەرهەم ساڵح لەئەمەریكا بوو، نوێنەرایەتی یەكێتی دەكرد لەدەرەوەی وڵات، گێجی كاریزماكەی لەپلەی هەشتادا بوو، بەڵام كاتێك وەك سەرۆك وەزیران گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی و یەكەم كاری زیادكردنی رێژەی تاكس "باج" بوو، گێچەكەی كەمێك دابەزی. جاران پادشای خراپ بەوە لەپادشای چاك جیا دەكرایەوە باج و خەراجی زۆری دەسەند، ئێستا حكومەتی باش ئەو حكومەتەیە بەبێ زیانگەیاندن بەژێرخانی ئابووریی باج لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی كەمبكاتەوە، بەڵام د. بەرهەم بێ سێ و دوو، لەبەرچاوگرتنی دۆخی كوردستان لەیەكەم هەنگاوی كابینەكەیدا باجی زیاد كرد.
كاتێكیش ئەزموونی ئەویش بینرا لەسەر كورسی حوكم ئەوەندەی تر گێچەكەی رووی لە نزمی كرد و لەهەشتاوە بۆ شەست دابەزی، بەتایبەت وەختێك بەرهەم ساڵح بەهەندێ خەڵكی ناڕازی وت ئێوە ژیانی ئاسایی منتان تێكداوە؟ لەبەرئەوەی ئەو ناڕازییانە بۆ بەردەم ماڵی ئەو چووبوون بۆ دەربڕینی سكاڵا، چوونكە هیچ بوارێكیان نەبوو بەو هەموو بیرۆكراتییەت و پرسگەیەی جەنابیاندا تێپەڕن لەبارەگای ئەنجوومەنی وەزیران، بگرە بەساڵێكیش شانسیان نەبوو بگەنە بەردەم ژوورەكەی.
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و رووكردنە بەغدادی سەركردەكانی كورد، دكتۆر بەرهەم لە پێشی كاروانەكەوە بوو، لەوێ چەندین پۆستی جیاجیای وەرگرت تا دەگات بەجێگری سەرۆك وەزیران، بەڵام دیسان ئەم پۆستە و مانەوەی لە بەغداد بە دوو شێوە سیمای راستەقینەی ئەوی بەدیارخست، یەكێكیان بەوەی ئەو لە بەغداد زۆرتر سەركردەیەكی عەرەبیی وعێراقی بوو، نەك نوێنەرێكی كورد. ئەمەش باڵانسی میسداقییەتی ئەوی وەك نوێنەر و خەمخۆری گەلەكەی هێندەی تر نەوی كرد، ئەویتریشیان بەهۆی ئەوەی ئەو ساڵی 2005 لەپرۆسەی هەڵبژاردن و لەچوارچێوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن یەكێك بوو لەچالاكترین هەڵسوڕاوەكان و هەزارەها بەڵێنی زەردو سووری بەخەڵكی كوردستان دا، بەتایبەت خەڵكی سلێمانی بەوە خۆش خەیاڵ كرد بەعەسایەكی جادوویی شارەكە لەماوەیەكی كەمدا دەكات بەهۆنگ كۆنگ یا دوبەی، كەچی هەر دوای هەڵبژاردن جەنابیان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچوونەوە بۆ بەغداد و هیچ وادە و بەڵێنێكیان لە بیرنەما و رۆژێك لە رۆژان لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا سەری نەكردەوە بەشارە حەیاتەكەدا، تا لەگەڵ چین و توێژەكانی خەڵكی شار كۆببێتەوە بۆ باسكردن لە كێشە و كەموكوڕیی و نەهامەتییەكانیان، بەپێچەوانەوەی بەڵێنەكانی دكتۆرەوە سلێمانی نەك نەبووە دوبەی، بەڵكو بووە كاولاش و گوندێكی وێرانەی هەزار ساڵ وێرانە، ئەمەش هەڵوێستەیەكی تر بەخەڵكی شاری سلێمانی و هەموو كوردێك گرت لەهەمبەر ئەو دكتۆرە بەڕێزە كە كاتی خۆی لەیەكێك لەكۆبوونەوەكانیدا لەدەرەوەی وڵات وتبووی من شەرم دەكەم كوردم! ئەم هەڵوێستەی بەرهەم ساڵح جارێكی تر باڵانسی متمانە و خۆشەویستی ئەوی لەكن جەماوەر بەرەو خوارتر برد و رێژەكەی گەیاندە خوار پەنجاوە، واتە لەنیوە كەمتری ئەو جەماوەری پێش چەند ساڵێك شانازییان پێوەدەكرد لەحەقیقەتی ئەم دكتۆرە گەیشتن بەوەی ئەویش لەهەمان جۆگە ئاو دەخواتەوە كە بەرپرسە گەندەڵە بێ پەیمانەكانی تری كورد تێرئاو بوون لێی.
ئێستاش كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی لیستی كوردستانییە و هەزارەها بەڵێنی باق و بریق دەدا بەخەڵك و هەندێك جاریش بەزمانێكی هەڕەشەئامێز دەپەیڤێت هەر هۆیەكی تر دەبێ بۆ دابەزینی كاریزماكەی و ئێستا رێژەكە بۆ سی یان بیست و پێنج كەمبۆتەوە، كە من لەوە دڵنیام لەدوای ئەم هەڵبژاردنە، وەزعەكە وەك خۆی لێدێتەوە و كوردوتەنی عەینەن تاس وعەینەن حەمام، جەنابی دكتۆریش تا چوار ساڵی تر و هەڵبژاردنێكی تر بای بای لە جەماوەری بەشەرەفی گەلەكەمان دەكات، ئیتر باڵانسەكەی سفر دەبێتەوە و بەشی بەڵێنی هەڵبژاردنێكی تری تێدا نامێنێ، ئەویش دەچێتە خانەی بەرپرسە بێ متمانەكانی تر، بەڵام كارەساتەكە ئەوەیە خەڵكی ئێمە دوای ئەو هەموو ساڵە لەسەركردەیەكی سیاسیی تێبگا، چوونكە گەلی زیندوو و هۆشیار هەر زۆر زوو لەفیكەی سەركردەكان تێدەگات، ئەگەر بزانن هەر بەلارێدا دەڕوات ئەوانیش فیكەیەكی لەوانەی ناوبژیوانی تۆپی پێی بۆ لێدەدەن و بەدەرهێنانی كارتێكی سوور لە پۆستی سەرۆكایەتی هەڵیدەدەنە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر زۆریش سەركێشی بكات فڕێیدەدەنە ئەودیوی گۆڕەپانەكەوە.
ئێستا دەزانین دكتۆر بەرهەم لەگەڵ سیاسییەكانی تری پارتی و یەكێتی هەر یەك میتاڵە و بەموو جیاواز نییە لێیان، ئەوەی وایكردووە جیاواز دەركەوێت ناهۆشیاریی ئێمە بووە، نەك بلیمەتی و جیاوازبوونی ئەو، ئێستاش كەسیان جیاواز نین، چوونكە ئەگەر یەكێكیان لەمەكتەبی سیاسیی بڵێ من جیاوازم و لە ئێوە جیاوازترم، ئەوە پێیدەڵێن بڕۆ بۆ لای بەلقیس خان خۆ ئێرە تیڤی زاگرۆس نییە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئێستا دوای ئەوەی دكتۆر بەرهەم بەشێوازێكی زۆر بەهێز و بەرز كاكە عەزەی وەیسەی پێشكەش كرد بۆ وتنی گۆرانییەكانی لەو ئاهەنگەی لیستی كوردستانی، که‌ لەپاركی ئازادیی سلێمانی رێكیخستبوو، هەقوایە غەدر لەجەنابی دكتۆر نەكەین وبڵێین ئەگەرچی جەنابیان سیاسییەكی فاشیلن بەڵام لەراستیدا بێژەر و پێشكەشكارێكی هەتا بڵێی سەركەوتوون.
ئەم نووسینە کاتی خۆی بە ناوی کاردۆ چاوشین بڵاوکراوەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە