بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


قەندیل قوربانی کەڵە ژنەکانت بم کە بە پەنجەی پیرۆزی تەزیویان، ئاردی بەفر دەشێلن و دەیکەن بە کولێرەی گەرمی خەبات

Thursday, 11/06/2009, 12:00


زۆر بیرم کردەوە بەڵام لەو هۆنینەوەی د.کەمال میراودەلی م درەوشاوەتر دەست نەکەوت کە بیکەمە سەردێڕی بابەتەکە،سەبارەت بە بەرنامە ئەشکی تیمساح ڕشتن ئاساکەی کەناڵە ڕووزەردەکەی بنەماڵە کەی تی ڤی بە ناوی(بەرنامەی گەڕانەوە بۆ قەندیل).
کە ئاوڕێک بە خێرایی ڕوناکی لە مێژووی بنەماڵە ئاشبەتاڵپیشەکەی بارزانی بدەینەوە، بە پەلەو بێ دواکەوتن هەندێ لە خیانەتە زەبەلاحەکانیانمان دێنە بەرچاو تەنانەت کە بچوکترین تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیش وەکو ژمارە بەناوبانگەکەی ڕۆناڵدۆی بەڕازیل پێیان ئاشنان. لە تازەترینیان دا کە هێشتا هەڵمی تازەو گەرمی لێ هەڵدەستێ گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لەسەر دەستی خاڵ لە ڕوزادە گرگنەکانەوە واژویان لە سەر کراوە بە مەبەستی تۆپباران کردنی بنارەکانی چیای قەندیل. ئەمە لە کاتێک دا کە بڕۆینە باری ڕاستی یەوە وەکو خەڵکی کوردستان، تاکە شوێنێک کە وڵاتەکەی ئێمەی لە ڕوی سەرسەوزی و دڵرفێنی یەوە پێ لە ئەفغانستان جیا بکرێتەوە قەندیلە. بە شێوەیەک پێم وابێ گەشتێک بە ناو سەرکەشیی چیای قەندیلی پێش شەڕی ناوخۆ بینینی نیوەی ئەو خۆشیانەی کە لە سەر وشە خەیاڵیەکەی <بەهەشت>باس دەکرێت،ی لە خۆ دەگرت.
لە ڕوی جوگرافی یەوە پەرتوکەکان بەڵگەن لە سەر ئەوەی کە وەکو چیایەک تاکێکی ناو خانەوادەی باڵابەرزانە. ئەی ئەگەر لە ڕوی جیۆپۆلتیکیەوە تێ ڕامێنرێت، دەکرێ کە بگوترێ چەتر و قەڵغان و لانە و سەرپەرشتیاری هەمو شوڕشێکی کوردی بووە لە دەڤەرەکە دا.جێێ ئاماژەیە کە کاک ‌نەوشیروان لە کتێبە مێژوییەکەی پەنجەکان یەکتری دەشکێنن دا لە پێداهەڵگوتن و گرنگی چیای قەندیل و ڕۆلی لە سەرکەوتنی شۆڕشەکانی کوردی دا، دەستی پێ‌لە پێنوسەکەی بەر نادرێت. کام شۆڕ‌شەی کوردستانی باشور هەیە کە قەرزداری بەرزی باڵاکەی قەندیل و ماڵە هەژارە ناندەرەکانی ئەو بنارە گەردن بەرزەی نەبێت؟ ئاخ چ زەمەنێکی سەیرە کە ڕۆژگاری تێ دا کاوێژ دەکرێت؟ بەڵام لەوانەیە ئەوکات نێچیر و مامی ژ دایک نەبوبێتن کاتێک کە مەلای بەکرێگیراوی ڕابەری ڕوحی بنەماڵە ڕوزەردەکەی لەمەڕ دوکانەکانی عەلی حەسۆ، یاری دێکەی ئەوبەر دێکەی ئەمبەری لە گەڵ ڕژێمی شای ئێران و ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکانی عێراقی عەرەبی دەکرد، تەنها بناری قەندیل ببوە شوێنی خۆشاردنەوەی. دواییش لە دوای لە دایک بونی ئەو دو تۆلفە حەرامزادەیە، لە کاتانێکدا کە پێ دەچێت نێچیر خەریکی دارە دارە و مەسعودیش خەریکی کەلایێن بوبێت لە خیابانی ئیمامی کەرەج، کاتێک کە مەلای قومارچی لە سەرو بەندی ئەنجام دانی گەورەترین قوماری سیاسی دابو لە سەروبەندەکانی 1974 دا، و لەو قومارەشی دا یەکەم نازناوی شەهید بونی بەخشیە قەڵادزێ،و لە نشوستیەکانی دا هەر قەندیل باوەشی گەورەی بۆ کردنەوە هەتا ئەو کاتەی کە بە میوانداریەکەی ڕازی بون. ئەی مەگەر هەر ئەو بنارانەی قەندیل نەبون کە لە بەهێزترین سەردەمی ڕژێمی بەعس لە 1988 دا،زنجیری تانکەکان دەپچڕان و دەماری ئەژنۆی عەسکەرەکان لە ترسان دەپسان کاتانێک کە دەیانویست پەلاماری سەرکردایەتی ی.ن.ک بدەن، ئیدی کە لەوێشەوە گوڕ و تینێکی بێشوماری دەبەخشیەوە چالاکیەکان.
سەیرە کاکی ڕیپۆرتەر پرسیاری لە منداڵە ڕەنجدەرە گوندیەکان دەکرد: ئێرە(کە ناو کەمپێکی بە خێمە دروستکراوی هەر 4-5 خێزان لە ناو خێمەیەک دا،بو)خۆشترە یان گوندەکای خۆتان؟ وەکو ئەوە وایە کە خەڵک هەبێت چەشنی سەرۆکەکەی کە باڵای بە قەد نیوەی باڵای 31 یاپراغی گوێدرێژ بە لەسەر یەک هەڵچنراوی دەبێت، ڕقی لە نیشتمان و زادگاکەی بێت!
پیرەمێردێک لە گنجەکانی نێوچەوانە درەوشاوەکەی دا کە تەواوی نەهامەتی و ستەمدیدەییەکانی کوردی تێدا دەخوێنرایەوە، لێی دەپرسرا ئیشتان چۆنە؟ ئێ خوات بێت! خۆ ئەوە بن دیوارە بە پێنج ساڵ تەواو نەبوەکانی ئۆفیسی پاسپۆرت و مانەوەی قەڵادزێش نیە کە پیرەمێردە هەناسەساردەکان یاری دامە یان لێ دەست کەوێت. بە 4-5 سەر خێزان یەک چادر،دەبێت بە شێوەیەک بەش بکرێت کە بکرێتە دو شەفتی دوازدە کاتژمێری و بە سەرە گوزەرانی تێ دا بکرێ. دەبێت ئیشیان چۆن بێت؟؟؟
پرسیارێکی تری گاڵتە ئامێز ئەوە بو: لە لایەن ڕێکخراوە خێرخوازەکان و لایەنە پەیوەندی دارەکانی حکومەتی هەرێمەوە هیچ هاوکاریتان کراوە؟ گەمژەیی نەبێت ئەو پرسیارە هی کردن نیە!من زۆر دڵنیام لەوەی کە هەرێمی کوردستان گرێبەستی تۆپباران کردنی ناوچە سنوریەکان نەبەستێ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێستاش ماڵە هەژارە ڕەنجدەرە گوندیەکانی ئەو دامێنە چیا سەرکەشە، ئەوەندە خانەدان و نان دەر ماونەتەوە، تەنانەت بە گوندێکی بچوکی وەک مارەدو خۆراکی یەک مانگی هەمو حیزبی بنەماڵە ئاشبەتاڵ پیشەکان و پۆخڵەوات و چڵکاوخۆرەکانیان پێ دابین دەکرێت، بەڵام بە پەنیری خۆماڵی کوردیەوە بۆ برێکفەست نەک هی تورکی!! نەک پێویستیان بە هاوکاری و ئاوڕلێ دانەوەی حکومەتە ئیفلیجەکەی ئێوە بێت!
لە گرێبەستێکی خیانەت پیشانەی تری ئەو بنەماڵانەو حکومەتی ناوەندی ئاغا یان دا، ئەگەر دیپۆرت کردنەوەی پەنابەران واژوی لە سەر نەکرێت لە بری دەستەبەرکردنی کەمێک پارە دا(کە ئەمەیان دەچێتە قاڵبی مامەڵەکردنەوە بە گیان و سەروەریەکانی مرۆڤەوە)،پەنابەران نەک هەر پێویستیان بە کۆمەکتان نیە، بەڵکو تا ئێوەی خێڵەکی و ڕوڕەشی ڕۆژگار لە سەر کار بن، هەر ئارەزو ناکەن کە لە سەر نەخشەی جیهانیش ئەو مەملەکەتە بە دەستی ئێوە وێرانکراوە ببیننەوە.
ئەی پاداشتی ئەو کەڵەژن و کەڵە پیاوە چاو نەترسانە بەو شێوەیەی کە لەڕاپۆرتەکە دا نیشان دەدرا چۆن دەدرێتەوە؟ئاخر خۆ کە منداڵەکان یاریان بە گڵ و قوڕ دەکرد ، ئاویشیان لە خواردنەوە زیاتر نەبوو کە خۆیانی پێ پاک بکەنەوە!ئەویش کە بە پارەی خۆیان کڕیبویان. ئەمە لە کاتێک دا کە وەچە زۆڵەکانی ئەو بنەماڵە خێڵەکیانە لە سەر داهاتی لوشکراوی خەڵکی کوردستان پلەی ستەیشن چواریان لە یابان بۆ بە دروستکردن دەدرێت!!
بێ وێنەیی و بەرخودانی خەڵکی ئەو قەدپاڵە سەرکەشە لە سەرخستن و وزە پێدانی شۆڕشی نوێی گەلەکەشمان دا لە باس کردن نایە، بە شێوەیەک بو بە داینەمۆ لە سەرهەڵدانی یەکێتی نیشتمانی نادیموکراتی دژە کوردستانەکەی مامی سوکەڵەی مەلا بەختیارە چاوەش ئاساکە دا،لەوان ڕۆژە سەختانەی کە ناسنامەی لادێیی بونی ئەوبنارانە بەس بو بۆ ئەوەی سەرەت بۆ بخاتە ڕیزی پێشەوەی چاڵی بە عەفارە هەڵقەنراو و بە شۆڤڵ پڕکراوەکانی پڕۆسەی ئەنفالەوە، کە لە سەر دەستی سەددام بەڕێوە دەچو بەڵام بە هاوکاری نەوە و نەتیجەکانی پێغەمبەری ئێسلام لە سعودیە و عێراق و کوردستان، چەشنی شێخ جەلالی عیسامەدین و زۆرینەی وەچە ئۆریجناڵەکانی خولەفای ئیسلامی لە کوردستان. پێم وایە کە بە تێکڕایی خەڵکی ئەو بنارانە چۆن لە پاڵەوانیەتی و فێرە گاگۆڵکێ کردنی خەباتی کورد و سەرکەوتنەکان دا پشکی شێریان وەبەردەکەوێت، دەبوایە لە پاداشتیش دا چاوی خودا یان بۆ بەکار هێنرابایە.نەوەک هەموی ڕاپێچی ناو گیرفانی سەرۆک خێڵە نەخوێندەوارەکەی بەرپرسی مەڵبەندی پشدەر(محەمەد وەتمان)بکرایە. ئێمەش دەستی ماندو بون و ڕۆژانی ژیانی پێشمەرگایەتی توند دەگوشین و سەری نەوازشیش بۆ هەمو شەهیدەکانی گوندی شێنیێ نەوی دەکەین. بەڵام لە هیچ سێستەمێک دا قابیلی قبوڵ کردن نیە کە قەرەبوی قەندیل نشینەکان هەموی ڕادەستی سەرۆک خێڵێک بکرێت ئەویش لەو پێناوەی کە لە ڕوی سیستەمی خێڵەکیەو کاریگەری لە سەر هاندانی خەڵکەکەیەوە هەبێت کە هەر بە شەق دەبێت دەنگ بدرێت بەوەی کە شێختان دەیەوێت!
لە دوەم پرسیاری دەرەوەی بابەتەکە دا، دەکرێ بپرسرێت: تۆ بڵێی بنەماڵە ئاشبەتاڵپیشە زەردباوەکەی بارزانی، ناویان وەکو گەورەترین خیانەتکار لە کتێبی گینیس دا تۆمار نەکرابێت؟کەس هەیە ئەو وەڵامەی پێ بێت؟ زۆر سەمەرەیە کە تۆمەتی بەکرێگیراویەتی تورک بدەنە پاڵ کاندیدێکی بێگەردی نیشتمانپەروەر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم دکتۆر کەمال میراودەلی. کە هەمو سامانی خۆفرۆشییان ناتوانێت تەنها دڵۆپێک لە فەلسەفە و ڕۆناکبیریەتی دکتۆری پێ بکڕدرێت! لە کاتێک دا کە خۆیان بە شانازیەوە بە بەرچاوی جیهانەوە ڕێ نیشاندەری تانک و تۆپی سوپای تورکی فاشیان دەکرد بۆ هاتنە ناو خاکی کوردستانەوە لە ساڵی 1997 دا.
لە کۆتایی دا:
بەوشێوەیەی کە هەمو خەڵکێکی بیرتیژ و ڕوناکبیر پێشبینی ئاوابونی خۆری دکتۆر کەمال گوتەنی سۆشیال فاشیستی جەلالیزم و خێڵ پەرەستی دژە کوردستانی بازانیزم دەکەن. هیوادارین هەڵاتنی خۆری گۆڕانیش وەکو پێویستی یەکی هەنوکەیی ببێتە هەوینی بەلایەنی کەمەوەی سەربەخۆ بونی باشوری کوردستان بەڵام با ئەوجارەیان کەرکوک بکرێتە پایتەخت چونکە لە گەڵ ڕێزی بێپایان دا بۆ سلێمانی و هەولێر،ئەوان بۆنی شەڕی ناوخۆیان بە سەر دا ڕژاند و کردیاننە وشەی نێو فەرهەنگی سیاسی پەیوەست بە حیزبی بنەماڵەکانیان. چ خۆش دەبێت کە لە ئاییندەیەکی نزیک دا هەستی بە شانازی دەربڕینەوەی(من کوردی کوردستانی ئێراقم)بۆ هەمو کوردێک بگەڕێتەوە، ئیدی لەمەو دوا دەست بکەینەوە بە بە خۆشەویستی لە گەڵ نەتەوە و نیشتمانی کوردستان دا.

کوردستانێک خۆشە وابێ
بە خوێنی گەش ئاو درابێ



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە