هەڵسەنگاندنێك بۆ لیستی گۆڕان !
Saturday, 25/07/2009, 12:00
ئەوەی من دەیخوێنمەوە یەكێتییەكی دیكەیە بە هەمان میتۆدی كاركردنەوە بە ستاف و ناوێكی تازەوە لەدایك بوو بە ناوی كۆمپانیای وشە و لیستی گۆڕان,ئەگەر ناوەڕاستی هەفتاكان مۆدێلی بیری ماویزم بوو بە كەڵك وەرگرتن لە بیری دیموكراتی جدیدەی ماوتسی تۆنگ, یەكێتی نیشتمانی كوردستانی فرە باڵ دامەزرا كە وابزانم هەر خودی كاك نەوشیروان وەرگێڕی ئەو پەرتووكە بوو, لەو یەكێتیە "ئاغا و جوتیار,كرێكار و سەرمایەدار,ماركسیزم و سەرمایەدار,بێدین و ئایندار,سۆسیال دیموكرات و لیبرال.."هەموو لە ناو یەك ڕێكخراو وەك چێشتی مجێور كۆكرانەوە,ئەمڕۆ لە ژێر كاریگەری سەركەوتنەكانی ئۆبامای سەرۆكی ئامەریكا ناوی گۆڕان لە بزووتنەوەیەكی سیاسی دەنرێت كە باڵێكی یەكێتی ڕابەرایەتی دەكات,بە پێی هێز و مۆدێلی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسی,سیاسییە ناجێگیرەكان "لچتق"خۆیان دەگۆڕن.
هێزی جەماوەری گۆڕان بریتین لە" ناڕازیانی جەماوەر بەشی زۆری لەناو ینك ەوە هاتوون,زیزبووەكانی ڕێكخستنەكانی ینك,ناڕەزایانی دەسەڵاتی كوردی,كۆنە پاسۆكەكان,كۆنە كۆمۆنیستە پەڕگیرەكان,كۆنە كۆمەڵەكان,ئەندامانی ناڕازی ناو پارت و لایەنەكانی دی,ئاغا نەیارەكانی ینك و پدك,جاش و فایلدار و تاوانكاران,كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال,دەسەڵاتدارانی تڕۆ كراو,كۆنە وەزیر و مەكتەبی سیاسی و پارلەمانتار,كۆنە ئیسلامی,عەلمانی,شێخی تەریقەت,فیمینست و دەنگدەران بە دوو ژنە,هەلپەرستان و بازرگانانی سیاسەت,نووسەرانی هەلپەرست و نووسەرانی ڕەخنەگر...." ,دەتوانین بڵێین ئەم هێزە لەم هەموو پێكهاتە تەواو لەگەڵ یەك ناكۆكە پێك دێت,وەلێ بەشی زۆریان ئەو جەماوەرە ناڕازییە ستەملێكراوە هەژارەن كە 18 ساڵە زوخاویان دەرخواردە درێت و دەیانەوێت كۆتایی بە دەسەڵاتی ناڕەواو بنەماڵەیی بهێنرێت ,ئەم جەماوەرە هەموو لە دووخاڵدا تەباو هاوبەشن:
-دژایەتی "ینك و پدك"بە تایبەت بەرپرس و لوتكەكانی.
-بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بۆ ئەوەی كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە بهێنرێت.
بێشك كۆكردنەوەی ئەم هەموو خەڵكە لە ماوەی مانگێكی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا سانایە بە تایبەت بۆ كاری جەماوەری وفریا نەكەوتنی بیركردنەوە,وەلێ لە دوای دامركانەوەی حەماسەتی خەڵك ئیتر كۆبونەوەی ئەم حەشاماتە ناڕێكخراو و فرە پێكهاتە و بەرژەوەندییە ئاسان نییە.
بیرۆكەی كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتەكان لە یەك ڕێكخستن,داهێنانی مام جەلالە,بەڵام ئەو بە سیاسەتی براگماتیكی خۆی دەتوانێت ئیدارەی سیراعاتی هەموو لایەك بدات,وەلێ ڕاگرتنی ئەم جەماوەرە بۆكۆمپانیای وشە بەم ستافەوە ئەستەمە,لە بیرمان نەچێت مێژوو دوبارە بێتەوە قارەمانەكانی لە تراژیدیاوە دەبنە كۆمێدی.
ئایا ئەم هەموو خەڵكە بە كۆمپانیای وشە تا سەر كۆدەكرێنەوە
كۆكردنەوەی ئەم خەڵكە پێكهاتە جیاوازە لە ڕوی سیاسی و چینایەتییەوە لە ناو بزووتنەوەیەكی سیاسیدا گرانە بە تایبەت لە قۆناغی ئێستادا,ئەگەر ئەو ئەزموونە بۆ خەباتی چەكداری ڕەوا بووبێت,ئێستا سەردەمی فەرمانڕەواییە چەوساوەو چەوسێنەر تاكو سەر لە مەنجەڵێكدا كۆناكرێنەوە,ئێستا سەردەمێكی دیكەیە,خەڵك چاوەڕوانی زیاتری هەیە و ناشیەوێت هەڵەكان دوبارە بكەنەوە.
ناكرێت كۆنە پاسۆك و كۆمۆنیست و ئیسلامییەك تاسەر تەبا بن لە كامپینێك,وەلێ زەخیرەی سەرەكی و جەماوەری ئەم بزووتنەوەیە كۆنە یەكێتیە ستەملێكراوەكانن ,ئەوانەی پێیان وایە لە دابەشكردنی دەسكەوت و پاداشتدا غەدریان لێكراوە,ئەمانیش یەكێتی بیر و سیاسەت لە نێوانیاندا نییە,ئەوەی كۆیانی كردبوەوە سیاسەتی ڕۆژی مام جەلال بوو نەك بەرنامەی حیزب,لە قۆناغی شاخیشدا خەباتی چەكداری وحەماسەتی شۆڕشگێڕانە و دژایەتی داگیركەران,بۆیە دەبینین بۆ فەرهاد سەنگاوی و مام ڕۆستەم دەكەونە سەما بەڵام گوێ لە د.زانا و شاهۆیەكی بەسزمان ناگرن,لە كاتێكدا لەوان ژیرتر و پاكترە.
ئەم بزووتنەوەیە بەخۆیدا نەچێتەوە و خۆی ڕێك نەخاتەوە لە ستایلێكی نوێدا ئەوا نەتوانێت لە مەودای نزیكدا دەسكەوتی بەڵێندراو بۆ جەماوەرەكەی بە دەست بیهَنێت,بە چ شاڵاوێك هاتن بۆ ڕیز, گەرمتر دەڕۆنەوە,تەواوی ڕەخنەكان لە چوارچێوەی هیچم بۆ نەكراوە پەنگی خواردبوەوە,ئەوا ئەوان هیچیان نەكرد,ئەدی گۆڕان چییان بۆ دەكات؟,چاوەڕوانی زۆرن بەڵام گۆڕان بە خۆی كورسییەكانی پارلەمانییەوە دەتوانێت وەڵام بە خواستەكانیان بداتەوە,بێشك بەشی زۆری نا.
ئیستا گۆڕان لە بەردەم دوڕیانێكدایە
لیستی گۆڕان دوای هەڵبژاردن بەرەو ڕوی كۆمەڵێك ئاستەنگی دەبێتەوە كە گرنگترینیان بریتین لە:
-بوونی بە ڕێكخستنێكی سیاسی "لێرەدا بەشێك بای بای خۆی دەكات,ئەوان تەنها لە قۆناغی تۆڵە كردنەوە لە دەسەڵاتداران لە گەڵدا بوون",بیروباوەڕ و بەرژەوەند جیاوازەكان كۆناكرێنەوە بە سانایی لە یەك ڕێكخراودا.
-مانەوە بە بزووتنەوەیەكی جەماوەری عەفەوی,ئەمەش چارەنووسی نابێت و لە داهاتودا هێزەكە پەرتەوە دەبێت.
-نەبوونی ئەلتەرناتیف بۆ شەخسی كاك نەوشیروان,هەمان كێشەی مام جەلال دوبارە دەبێتەوە لێرەش"65 ساڵ تەمەنی كاك نەشیروان عومرێكە",كاتەكە زۆری بە بەرەوە نەماوە.
-ڕیفۆرمی دەسەڵات و كەڵك وەرگرتن لە بەرنامەی لیستەكان و ڕەخنەكانی جەماوەر,بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان"ئەوەی یەلسن لە بەرامبەر كۆمۆنیستەكان كردی.....".
هەڵەكانی خودی كاك نەوشیروان
هەموو كەسایەتیەكی سیاسی كوردی لایەنی گەش و لایەنی لاواز لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە,لەبەر ئەوەی ئەم بزووتنەوەیەش لە دەوری كەسایەتی و كارێزمای ئەو كۆبۆتەوە نەك كۆمپانیا و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و عەمر و زەید,بۆیە تایبەتمەندی و كارەكانی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر خودی بزووتنەوەكە دەبێت,گرنگترین خاڵی بەهێزی كاك نەوشیروان:
- كەسێكی دەست پاكە .
- كەسێكی داوێن پاكە"بارزانی و تاڵەبانیش هەمان سیفاتیان هەیە".
- كەسێكی سادەیە .
- كەسێكی خوێندەوارە.
- توانای سەرۆكایەتی ر ِێكخستنی هەیە و كەسایەتییەكی مەیدانییە.
- نزیكە لە توێژی لاوان و خوێنەوارانەوە.
لایەنە لاوازەكانی:
-ڕەخنە لە هەڵەكانی ڕابردووی ناگرێت و ئازا نییە لە هەڵسەنگاندنی ڕابردوو,دەیتوانی بە داوای لێبوردن لە هەر هەڵەو پێشێلكاریەك لە ڕابردوو كردویەتی كە ئەنجامی بیروباوەڕ و ململانێی چەكداری و شەڕی ناوخۆیی بوو ,بەشێكی زۆر لەو ڕەخنانەی لەسەری هەبوو بڕەوێنێتەوە,ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەی كێشەی مێژوویی هەبوو ئاشت بێتەوە.
-كەسێكی دوورە پەرێزی ناجەماوەرییە و ناتوانێت سەركردایەتی جەماوەر بكات"مەبەستم سەرۆكایەتی حیزب نییە",لەم هەموو بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ یەك كاتژمێریش لە گردەكە دانەبەزی تەنانەت سەردانی ماڵە شەهیدێك بكات.
-تاكو ئێستا لە سلێمانی دوور نەكەوتۆتەوە,نەیتوانی قەناعەت بە ڕەخنەگرانی بكات كەشارچێتی ناكات و ڕونكردنەوە یان ڕەخنەی لەو وتانەی خۆی نەگرت كە وتوییەتی بەرامبەر بە هەولێر وكەركووك.
-نەرمە بەرامبەر بە غداو وڵاتانی دەوروبەر.
-سامانی خۆی ئاشكرا نەكرد.
-بودجەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەكەی ئاشكرا نەكرد.
- كەسێكی ناجێگیری سیاسییە,لە ڕابردوو ماركسی بوو دواجار هاشای لێكرد,لەم بانگەشەیەش زۆر دیاردەی سەیر سەیری ئەنجامدا.
-میتۆدێكی سەربەخۆی كاركردنی نییە,تا ئێستا بە میتۆدی مام جەلال كارە كات.
-بەهەمان شێوەی مام جەلال زانیاری نادرووست لە ژیاننامەكەی دابوو,دەلالەت لەوە دەكات سەریح نییە لە گەڵ جەماوەر و نایەوێت ئە ولایەنانەی ژیانی كە هەڵەی تێدایە بە جەماوەر بڵێت"مەبەستم لایەنە سیاسییەكانە نەك شەخسییەكان".نموونە لەو ژیاننامەیەی لە ڕیكلامی هەڵبژاردن بڵاو كراوەتەوە:
- باسنەكراوە گۆڤاری ڕزگاری چ لایەنێك دەریكردووە؟,پێش ئەو گۆڤارە بەشداری سیاسی چی بووە؟,لە ڕێگەی كام پارتەوە هاتۆتە ناو ژیانی سیاسیەوە.
-لە سەرەتادا پلەی چی بووە لە ناو كۆمەڵەی ینك دا.
-ساڵی 1978 بۆتە سكرتێری كۆمەڵە,ئەم زانیارییە هەڵەیە.
-لە 1978 ەوە یەكسەر دەڕواتە سەر 1988 ,لەو نێوانە زۆر وێستگەی گرنگی سیاسی لە ژیانی دەپەڕێنێت لەوانە كۆنفرانسەكانی كۆمەڵە و بوونی بە سكرتێر بە فەرمی ,بوونی بە جێگیری مام جەلال, مفاوەزات و بەشداری لە شەڕی ناوخۆیی , لێدانی نەوتەكەی كەركووك .... .
-لە سەرەتای حەفتاكان چۆتە ئەوروپاو لە زانكۆ خوێندوییەتی ئاماژەی پێنەدراوە.
-لە مەجلسی حوكم جێگیری مام جەلال بووە ئاماژەی پێنەدراوە.
-ساڵی 1991 سەركردایەتی ڕاپەڕینی كردووە,بەڕێز نەوشیروان ڕۆڵی كاریگەری گێڕا لە ڕاپەڕین,بەڵام كەسانی دیكە لە ناو پارتەكەی و و لایەنی دیكەش كاریگەرانە بەشداری ڕاپەڕینیان كرد نەك تەنها بەڕێزی.
كەموكوڕییەكانی گۆڕان
لیستی گۆڕان كۆمەڵێك كەموكڕی هەبوو ,گرنگترینیان بریتی بوون لە :
-هەموو كەسێكی وەرگرت "لە جاش,فایلدار,تاوانبار,گەندەڵ,قومارچی".
-كۆمەڵێكی كردە دەموچاوی لیستەكە لە ڕابردوو گلاونەتە گەندەڵییەوە,یان لە دەسەڵاتدارییەتیدا فاشیل بوون,ئەو دەموچاوانە ناتوانرێت بكرێنە سیمبولی گۆڕانكاری,سەیر بكەن خۆشەویستی عوسانی حاجی مەحموود پایەی گۆڕانی لە گەرمیان بەهێز كرد,وەلێ لە كەركووك و هەولێر پێچەوانە كەوتەوە,لە كاتێكدا هەولێر زیاتر ستەمی پارتەكانی دەسەڵاتدار دەچێژن.
-ڕاگەیاندنەكانی لە هەواڵدا دەقیق نەبوون,زۆر جار كەوتنە ناو هەڵەی زەقەوە و بەشێك زۆر لە جەماوەر متمانەی بە هەواڵ و زانیارییەكانیان نەما و مسباقیەتیان لە دەست دا.
-ڕابەرە جەماوەرییە ناڕەزاییەكانی ڕابردووی دەسەڵاتیان كۆنەكردەوە,ئەوانەی مێژوییەكیان لە كێشمەكێش و ململانێ هەبوو لە گەڵ دەسەڵات.
-بزووتنەوەكە لەسلێمانی قەتیس ما و نەچووە دەرەوە.
- دەوترێت گۆڕان خواستی خەڵكە,بەڵام كۆمپانیای وشە بۆ خۆیان ئەندامانی لیستەكەیان بە پێی ئینتیما دانا,لە داهاتووشدا لە بەشداریكردن لە دەسەڵات و هەڵبژاردنەكانی دی ئەگەری ئەوە هەیە هەمان شت دوبارە بكەنەوە, دیسانەوە خەڵك هەر دەبێت لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەوە دەموچاوەكان ببینێت.
نەگەڕانەوە بۆ خەڵك و ڕێكخستنێك لە دیاریكردنی نوێنەران , ئەگەر لە دەستپێكدا دانانی ئەندامانی لیست سانا بێت ئەوا لە مەودای كاتدا ئەستەمە.
-لیستی گۆڕان دەبوایا ببوایەتە بەرەیەكی بەرفراوان هەموو لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پاتی كۆبكردایەتەوە و بە هێزێكی بەرفراوانەوە بهاتایەتە پێشەوە.
-بوونی ناوی كاك نەوشیروان لە سەروی لیستەكەوە,ئەگەری ئەوە هەیە چۆن لە گردەكە دانەبەزی بۆ ناو جەماوەر,بەهەمان شێوەش نەچێتە پارلەمانەوە,ئەمەش متمانەی دەنگدەر بە لیستەكە لاواز دەكات.
-ناسنامەیەكی سیاسی دیاریكراوی نەبوو,دروشمی ڕەنگا و ڕەنگ و هەڵسوكەوتی سەیر سەیری دەنواند كە مایەی پێكەنین بوو بۆ كەسانی هوشیاری سیاسی"بانگەواز بۆ هەژاران,خۆ بە لیبراڵ زانین,موستەشار و تاوانكار وەرگرتن,هانا بۆ كەسوكاری قوربانیان بردن,سكۆلاریزم و هانا بردن بۆ شێخێكی ساختە لە هەورامانەوە,كۆمەڵگەی مەدەنی و پاڕانەوە لە عەشیرەت....هتد".
خاڵە بەهێزەكانی گۆڕان
هەموو بزووتنەوەیەكی سیاسی خاڵی پرشنگدار و لاوازی خۆی هەیە,هێشتا زووە حوكم بەسەر ئەدائی لیستەكە لە پارلەمان بدەین.
وەلێ تاكو ئێستا گرنگترین لایەنی سەركەوتنی ئەوەبوو هەیبەتی جەبرووتی دەسەڵاتی تێكشكاند و فەزای سیاسی كوردستانی كردەوە,گۆڕان لە سستەمی سیاسی ئەنجامدرا و دواڕۆژی ئەم كرانەوەیەی فەزای سیاسییە پەیوەستە بە ئامادەیی خەڵك لە داكۆكی لە دەسكەوتەكان و سەقامگیر كردنی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست