NRT و دەوڵەمەندبوونی خێرا
Saturday, 21/03/2015, 12:00
یەکێ لەو دیاردانەی دەسەڵاتی باشوور لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ وە بەدیاری بۆ خەڵکی هێنا،بریتی بوو لەوەی کەچۆن بەشێوەیەکی خێرا و لەپڕدا دەوڵەمەند ئەبی. بۆ ئەو مەبەستەش سڵیان لەهیچ نەکردوە و ئەوەی شکیان پێبرد ئاودیوی ئێران و تورکیان کرد و لەماوەیەکی کەمدا لەجیاتی پاتەی لاستیك،پێڵاوی چەرمی ئیتالی و لەجیاتی سواری کەر و ووڵاخە بەرزە دەستیان کرد بە لێخووڕینی ئۆتۆمۆبیلی لێکسێز و هامەر. پاشان لەجیاتی ئەوەی لەخانوە قووڕەکان بژین و لەتەك هاوڵاتی ڕەش و ڕووت ژیان بگووزەرێنن،هاتن و دەستیان گرت بەسەر هەرچی تەپۆڵکەو باخ و ئەرزەی ڕوکن و هەموویان لەخۆیان و حاشاییتەکەیان تاپۆکرد. ئەم جۆرە لە دەوڵەمەندبوونە پەلی کێشا بۆ سەر بارتاقای کۆمەڵگای کورد و ئەوانیش وویستیان پەیست و کۆپی ئەو بەرپرسە نابەرپرسانە بکەنەوە کە بەبەرگی شۆڕشگێڕی خۆیان کردە مافیا و دز و فەرهوود چی.
دیارە لەم کۆمەڵگایەدا کە ئەیانەوێ لە پڕێکدا ببن بە کوڕی و ئەیانەوێ هێڵی express وەربگرن تا خێراتر دەوڵەمەند ببن،ئێدی نەك هەر حەیاو شەرم باووی نامێنێ،بەڵکە گەڵتەشی پێ ئەکرێ. لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا هەرچی مۆڕاڵ و خوو ڕەوشتی بەرزە نامێنێ و لەجیاتیان ؛کۆیلەیەتی،گەدایی،سەرشۆڕکردن،خاولی بەدەستەوە گرتن و چەندین دیاردەی قێزەوەن شوێنیان ئەگرنەوە تا وایان لێدێ جۆرێك لە کلتووری خۆبەکەم زانین و کەسایەتی تێکشاو جێگای کەسی ئاسایی و سادە ئەگرێتەوە،ئەمەش تەنها لەبەر خاتری ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا پارەو پوولێکی باش بگاتە دەست و ئێدی چی ڕوو ئەدا جار بەجەهەنم.
بەداخەوە، کۆمەڵگای کوردی باشوور هەموو شتە جوانەکانی پێش ڕاپەڕینیان گۆڕییەوە بە پارەو پلەو پۆست. ئەو جوامێری و مەردایەتیەی ئەوسا هەبوو،هەمووی گۆڕدرا بە شتێکی نامۆ و نەشیاو تەنها بۆ ئەوەی خێرا خەڵکەکان دەوڵەمەند بن. وە بەراستی ئەوەی پارتی و یەکێتی وویستیان بیکەن،توانیان گەلێ بەسەرکەوتوویی بەئەنجامی بگەیەنن و ئەو کەلتوورە سەقەتە بچەسپێنن کە دوژمنانی گەلەکەمان لێیانیان داوا کردبوو. هەرئەوەش چەندین هەنگاو لەدروستکردنی دەوڵەوتی کورد و گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان دووری خستنەوە. خۆشەویستی نیشتمان و پیرۆزیەکانی لەبیر خەڵکی برانەوەو خەڵکەکە تەنها لەخەمی وورگیان و گۆڕینی ناوماڵ و ئۆتۆمۆبیل زیاتر بیرکردنەوەیان بۆ هیچی تر نەچوو.
گەلێ بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوان نەئەکرا لە دەزگا بەناو ئەهلیەکان و ڕاگەیاندنەکانیان کە ئەکرا ڕۆڵی پۆزەتیڤانە ببینن و نەیەڵن کۆی کۆمەڵگا بەرەو ماددیەت بڕواو تەنها بیر لەشتە ماددیەکان نەکرێتەوە،ئەم دەزگایانە خۆیان پێشبڕکێی ئەوەیانە کەوا چۆن خێرا دەوڵەمەند ببن و زۆرترین زەوی لەدەسەڵات وەربگرن و ڕەوایەتی دزی و کارە ناڕەواکانیان بەپاساوی سەیر و هەڵە بەخەڵکی بفرۆشنەوە.
کەناڵی بەناو ئەهلی nrt لەماوەی داهاتوو بەرنامەیەك بەناونیشانی(پرسیار گرووپ) لەچاڤیلاند پێشکەش ئەکا لەڕێگای خانمێکەوە کە ئەیەوێ گیرفانی بەتاڵی خەڵکی ئەوەندەی تر بەتاڵ بکاتەوە،بەوەی داوا لەخەڵکی ئەکا لەڕێگای ئێ سێ مێسەوە وەیان کورتە مەسجێکێوە ئەتوانێ ببێ بەخاوەنی کیلۆیەك زێڕ. ئەم خانمە پەیامێکی هەیە ئەویش (گەورەترین سەرمایە بۆ مرۆڤ ئاڵتوونە).گەر خوێندنەوەی تەواو بۆ ئەو پەیامە بکەین ئەوا تەنها ئەیەوێ پێمان بڵێ؛ مرۆڤ بەبێ پارەو سەرمایەو ئاڵتوون هیچ نیەو پوولێکی قەڵپ ناهێنێ. بەبڕوای ئەو خانمە پێوەری مرۆڤی سەرکەوتوو بە ژمارەی پارەو کیلۆ ئاڵتوونەکانە.واتە مرۆڤ لای ئەو وەك قاسەیەکی پر لەپارەو ئاڵتوون وزێڕە. ئەو جۆرە مرۆڤەی ئەو خانمە ئەیدوێنێ پێوستە پارەدار و دەوڵەمەند بێ،گەر نا ئەوا ئەتوانێ لەڕێگای بەرنامەکەی ئەوەوە ببێتە خاوەنی یەك کیلۆ ئاڵتوون.
ئەم خانمە دیارە وەك خاوەنی کەناڵەکە(شاسواری حاجی واحیدی کەبابچی) کە بەپارەی حاکم قادر و بەرهەم و ماڵی تاڵەبانی ئەو کەناڵەیان بۆ داناوە تا زیاتر خەڵکی بگەوجێنن و نەیەڵن مۆڕاڵی بەرزی کوردایەتی فێر ببن،دێت و پەیامی ئاوا ترسناك بڵاو ئەکاتەوە. ئەوە کامیان گرنگن بۆ مرۆڤ(سەرمایە وەیان هۆشیاری و زانیاری و زانین؟) کامیان پێوسترن بۆ کۆمەڵگای ژێر دەستی ئەو مافیانەی کورد،پارەو پلەو پۆست وەیان ئازادی و مافی هەڵبژاردن و ڕای جیاواز؟ کێ لەئێمە بەپارەو سەرمایەوە هاتۆتە سەر ئەم گۆی زەویە؟کێ هەیە لە کورد زیاتر پێوستی بە زانست و زانیاری و هۆشیاری هەبێ لەکاتێکدا هێشتا خاوەن قەوارەیەکی دیاری کراو نێن.
هیچ کات سەرمایە ناتوانێ شوێنی زانست و هۆشیاری بگرێتەوە،بەڵکە ئەوەی سەرمایە دروست ئەکا لەم سەردەمەی ئەوڕۆدا زانست و تەکنەلۆژیاو پیشکەوتنەکان و داهێنانەکانە. فەرموون پێمان بڵێن(کۆمپانیای ئەپڵ،مایکرۆسۆفت،گوگڵ و ئەوانی تر) تەنها لەڕێگای ئەو داهێنان و زانیاری و زانستەوە هاتن وتوانیان پاشان سەرمایە دروست بکەن. خاوەنی هەریەك لەو کۆمپانیایانەی سەرەوە لەسەرەتادا هیچیان خاوەنی دۆلارێك نەبوون،بەڵام دوای ئەوەی داهێنانیان کرد و خۆیان بەچەکی زانست و خوێندن پڕ چەك کرد،توانیان سەرمایەی گەلێ مەزن پێوکەوە بنێن. ئەمە ڕاستی و دروستی چۆنێتی دروست کردنی سەرمایەیە بەشێوەیەکی لۆژیك و دروست.
بەڵێ،سەرمایەی مەزنی مرۆڤ خوێندن و زانست و داهێنان و زانین و هۆشیاریە،نەوەك پارەو ئاڵتوون. گەر ئێمەی کورد توانیمان لەجیاتی ١٠ ملیارد لەسلێمانی ،١٠ داهێنەری زانستی دروست بکەین،ئەوا توانیومانە کۆمەڵگایەکی تەندرووست و بەکەڵك پێك بهێنین. دەنا گەر بەو شێوەیە نەبێ،کۆمەڵگایەکی تەمەڵ و تەوەزل و هیچ لەبارا نەبوو دروست ئەکەین . کاریان تەنها دەم چەقاند ئەبێ بۆ مووچەیەك و داوا لە حکومەت ئەکەن بۆ ئەوەی پێشینەی ئەرزە و پێشینەی خانوو بەرەو هاوسەرگیری بۆ ئامادە بکەن..
ئێمە لەکوردستان پۆست هەردەم پێمان وایە کە گەنج و لاوانمان خۆیان خەمی خۆیان بخۆن و دەست لەم دەسەڵاتە پان نەکەنەوە،ئەوەندەی داوای دامەزراندن و مووچە ئەکەنەوە،باشترە خۆیان داوای مافەکانی هاوڵاتیبوون بکەن و لەو ڕێگایەوە تواناکانیان تەرخان بکەن. پەیامی ئێمە لەکوردستان پۆست ئەوەیە کە مرۆڤی کورد سەرمایەیەکی گەورەیەو پێوستە بەشێوەیەکی باش ئەم سەرمایەیە لەخزمەتی کوردستاندا تەرخان بکرێ. وە تەنها ئەم سەرمایەیە کە ئەتوانێ زامنی ئازادی و دروست کردنی ووڵات و پاشەڕۆژێکی باش بۆ نەوەکانی تر دابین بکا.پێوستە مرۆڤی کورد بەهەردوو ڕەگەزەکەیەوە خوێندنەوەی خۆیان هەبێ و ئازاد بن لە بڕیارەکانی خۆیان و پابەند نەبن بەم جۆرە هزراندن و بیرکردنەوەی لەجۆری ئەوەی کەوا چۆن خێرا دەوڵەمەند بن. بەڵێ پارە و سەرمایە شتێکی پێوستن بۆ ژیان و درێژە پێدانی،بەڵام ناکرێ دەوڵەمەنێکی نەزان و گەمژە و لاژك بین. ئەکرێ هەوڵ بدەین سەرمایە پێکەوە نێین ،بەو مەرجەی لەڕێگای زانست و زانین و داهێنانێك بێ بۆ خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی. دەنا بەدەر لەو جۆرە دەوڵەمەندبوونە ئەچێتە خانەی هەراو هووریاو شتی قۆڕ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست