کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانی ئەتککراوە، وا خەریکە کوردستانیش لەگەڵیدا هەرەس دەهێنێت!

Monday, 14/04/2014, 12:00


١- پاسەوانیی کردن و ڕووناکردنەوەی گۆڕی کابرایەکی مردووی وەك برایم ئەحمەد کە باوکی هەریەك لە هێرۆ، شاناز و هەڵۆیە، بەردەوام کارەبای فوولی هەیە و خەڵکەکەی خوار ئەویش بێ کارەبا و ڕووناکی شەو ئەگوزەرێنن. ئائەمە گەر ئەتککردنی سڵیمانی و خەڵکەکەی نەبێ، ئەی چی ناو ئەنێنن؟

٢- فوولکردنی عەرەبی باشوور و ناوەڕاست لە سلێمانی و پێدانی هەموو مافیك وەك هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی و ڕێگەپێدانیان بە هەموو ئەو شتانەی حەزیان لێیە وەك، خوێندگا، مزگەوت و حوسێنیە و کەناڵی فەیحائی تەلفیزێۆنی و چەندینی تر، لەکاتێکدا کوردانی پارچەکانی تر وان لە زڕگوێز و شوێنە دوورەکان و لەم دواییەشدا کوردانی ڕۆژئاوا لێیان قەوماو نەیان هێشت لەتەك خەڵکەکەی شار ژیان بکەن و کەمپیان بۆ دروست کردن لای عەربەت و شوێنی تر، کە هیچ بنەمایەکی ژیانی تیا نیە، ئا ئەمە سوکایەتیکردن بە هەموو کورد و خەڵکی شاری سلێمانی نەبێ، ئەی چییە؟!

٣- بەکارهێنانی هێز و چەك دژ بەخەڵکی سڤیل و هاوڵاتی بێدەرەتان لەکاتی ڕاپەڕینەکەی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و کوژرانی زیاتر لە ١٠ کەس بەدەستی چەتەکانی جەلال دژ بە خەڵکی سلێمانی، ئەمە لە ئەتککردن خراپتر نەبێ، ئەی چییە؟

٤- وەڵام نەدانەوەی خەڵکی لە سەرای ئازادی و لە ژێر وێنەکەی شێخی مەزن و دواتر دەستی دەستی پێکردنیان و پاشان بەزۆر ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە، ئەگەر ئەتککردن نەبێت، ناوی ئەمە دەنێن چی؟

٥- هەر لەو ماوەیەدا و لەکاتی کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵك بەگشتی و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەتایبەتی لەلایەن دژە تیرۆر و ئەنفالکردنی کچەکانمان و سوکایەتی پێکردنیان تا ئاستی دەست درێژی سێکسی بۆ سەریان، ئابڕووبردنی کچانمان و شارەکەی شێخی مەزن نەبێ، ئەی چییە؟

٦- هێنانی هێزی زێڕەڤانی بۆ سەر سلێمانی و گەنجەکان لەلایەن دکتۆر بەرهەمی بێ بەرهەمەوە و پاشان هێنانی هێزی عەرەبی لەلایەن شێخ جەعفەری وەزیری بەناو پێشمەرگە بۆ سەر گەنجانی خێر لەخۆنەدیوو، ئایا ئەمە بە سوکایەتی و ئەتککردن ناوی نەبەن، ئەی بەچی ناوی ئەبەن؟!

٧- بەڕۆژی ڕووناك ئەو هەموو قاچاغچی نەوتە خەریکی دزین و بەهەراجکردنی نەوت و سامانی ئەم شارەن بەرەو ئێران و تورانی ئەنێرن و گەنجەکانیان وەك شەهید ئومێد تەنها چەند هەزارێك لەگیرفانیاندابێ، ئەی ئا ئەمە گەر لە ئەتککردن زیاتر نەبێ ، ئەی چییە؟

٨- سلێمانیان کردوە بەشاری پایتەختی ڕۆشنبیری و کەچی هونەرمەندەکانی وەك عومەر چاوشین لە هەولێر پارچەیەك مقەبای پێشك نابەن لەسەری بخەوێ و لەولاوە چەندین کەسی تر دێنن و بە پارە و دۆلار ئەینێرنەوە. ئەوەتا شێرکۆ بێکەس (ئۆدنیس)ی شاعیری سووریی و هێرۆ (دکتۆر جۆنی کۆری) و شەجەریانی فارسی و چەندینی تر و هونەرمەندانی شارەکەش ئەبێ هەتا ماوون نانبڕواو بکرێن و پەراوێز بخرێن. ئا ئەمە ئەگەر سوکایەتی و ئەتککردن نەبێ ، ئەی چییە؟!

٩- تەماشا بکەن کاتێک یەکێکیان لێ نەخۆش ئەکەوێ و نەخۆشخانەکانی دونیا بەسەر ئەکەنەوە و پارەیەکی زۆر سەرف ئەکەن و وەك ئەوەی شارەکە نەخۆشخانەی تیا نەبێ و دکتۆری شارەزای تیا نەبێ، ئەوەتا تاڵەبانی کە ئەڵێ (شارە حەیاتەکە) کەچی ئامادە نییە لای دکتۆرو خەستەخانەیەکی ئەم شارە چارەسەر وەربگرێ، ئا ئەمە ئەگەر ئەتککردنی کەرتی تەندرووستی و پزیشکانی ئەو شارە نەبێ، ئەی چییە؟!

١٠- تێکەڵاو بوونی زێرابەکان بە ئاوی بیر و ئاووی خواردنەوەی هاوڵاتی و تووشبوونیان بە نەخۆشی کولێرا و پیسبوونی ئاووی دوکان و دەربەندیخان و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی شێرپەنجە و شتی لەو جۆرە، گەر ئەتککردنی خەڵکی سلێمانی نەبێ، ئەی چییە؟!

١١- برەودان و گەشەپێدانی هونەری ووڵاتانی وەك هیندستان و کۆریا بەرانبەر بە هونەری کوردی و پشتگوێ خستنی ، ئایا ئەتککردن لەمە زیاتر ئەبێ چی بێ؟

١٢- کاتیك هاوڵاتیەکی سادە لە تاوانیكەوە دەگلێ، یەکسەر دادگاو پۆلیس ڕاپێچی زیندانی ئەکەن، کەچی هەر هەمان دادوەر و هەمان دادگا ناتوانێ خۆی لە تاوانبارە حزبیەکانی جەلال و هێرۆ نزیك بکاتەوە، ئەی ئەمە ئەتککردن نییە بەیاسا و سەروەری دادگاکان؟

١٣-داگیرکردنی هەرچی زەوی ئەم شارەیە لەسەر هێر و بنەماڵەکەی و قۆرخکردنی بازاڕ و دەست تێوەردان لەکارو باری خەڵکی و فێرکردنیان بە گەندەڵی و پیسخۆری، ئایا تێکدان و شێواندنی تاك و ڕمانی بەهاکانی تاك لەکۆمەڵگادا نابێت بە ئەتککردن و لەوەش زیاتر؟!

جا ئەمە تەنها چەند سەرە داوێکە و نەچووینەتە قووڵاییەکەی، دەنا لەوەتی جەلال و تاقمەکەی لە سلێمانین هەر خەریکی ئەتککردنی شارەکە و خەڵکە ڕەسەنەکەیەتی، تا ئەم تاقمە لەوێ بن، کاریان تەنها و تەنها ئەتککردن و سووكکردنی دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە