کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەندێ بەرپرس دەستپێشخەرى زیادەڕەویەكانن

Sunday, 17/04/2011, 12:00






چەندین بەرپرس لە كەلار زیادەڕەوییان كردۆتە سەر موڵكى گشتى و تایبەتى هاوڵاتیان،بەڵام تا ئێستا كەمترینیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە.
بەپێی نوسراوێكى دیوانى چاودێری دارایی،بەرپرسێك لەكەلار زیادەڕەوى كردۆتە سەر پارچە زەوییەكى 798 مەترى و كردویەتى بە باخچە،بەرپرسەكەش ئەوە رەت دەكاتەوەو دەڵێت"ئەو زەویەم كڕیوە،تەكەتولی ناو یەكێتى ئەو كێشەیەى بۆ من دروستكردوە".
بەپێی نوسراوێكى دیوانى چاودێریی دارایی كە بەژمارە (84) لە ڕۆژى (24/10/2007)،دەرچوەو واژۆى (فاروق عبدڵڵا)ى سەرۆكى دەستە لە سەرەو ئاراستەى سەرۆكى شارەوانى كەلار و لێپرسراوى بەشی هونەرى و زەوى كراوە، ئاماژە بە زیادەڕەوى ئەو بەرپرسە دەكات.
لە نوسراوەكەدا كە كۆپییەكى دەست ئاوێنە كەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە كە زەوى ژمارە 98/1 كەرتى 101 ى بنگرد روبەرەكەى 798م لەلایەن ئەندامى پەرلەمانى پێشوى كوردستان لەسەر لیستى یەكێتى (ئیسماعیل مەردان) زیادەڕووى كردۆتە سەرو كردویەتى بە باخچە.
هەر لەو نوسراوەدا ئەو روونكراوەتەوە كە ناوبراو چەند جارێك لەو سەرپێچیە ئاگاداركراوەتەوەو جارێكیش لێچینەوەى لەگەڵ كراوە،بەڵام دووبارە سەرپێچیەكەى ئەنجام داوەتەوە زەویەكەى كردۆتەوە بەباخچە.
كاتى خۆی بەرپرسی كۆمیتەى یەكێتى بووم،دەمتوانى هەموو خانووەكان بكەم بە ناوى خۆمەوە،بەڵام نەمكرد
ئەمە جگە لەوەى لەنوسراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە پارچە زەوى ژمارە 62/3 و 65/3 زیادەڕوى كراوەتەسەر.
بەڵام ئەندامى پەرلەمانى پێشوى كوردستان (ئیسماعیل مەردان) ئەوە رەتدەكاتەوە كە زەوى داگیركردبێت،ئاماژە بەوە دەكات كە كاتى خۆی ئەو زەویەى لە كەسێك كڕیوە بە 25 هەزارى دینارى سویسری ئەو كاتە،ئەو دەڵێت" كاتى خۆی بەرپرسی كۆمیتەى یەكێتى بووم،دەمتوانى هەموو خانووەكان بكەم بە ناوى خۆمەوە،بەڵام نەمكرد".مەردان باس لەوەش دەكات كە لە ساڵی (19994) فەرمانێك لە ئەنجومەنى وەزیرانى ئەو كاتەوە دەرچوە باس لەوە كراوە كە ئەو خانووانەى كە موڵكى حكومەتن بكرێن بەناوى ئەو كەسانەى تێدا نیشتەجێن، ئەو وتى"لەسەر ئەو فەرمانە منیش كردومە بەناوى خۆمەوە،تەنانەت نوسراویشم داوەتە شارەوانى كەلار".
ئەو،نەشی شاردەوە كە كاتى خۆی تەكەتولى ناو یەكێتى گوشاریان بۆ مام جەلال بردوە تا خانوكەی بڕوخێنن،وتی"بەپێی تاپۆو یاسا من زیادەڕویم نەكردوە،بەڵام تەكەتولاتى ناو یەكیتى لەو كاتەدا گوشاریان خستە سەر مام جەلال بەفەرمانى ئەو خانوەكەیان رووخاندم".
هەر لەم بارەیەوە سەرۆكى شارەوانى كەلار (جەواد وادى)،رەتى كردەوە كە نوسراوى چاودێری داراییان بەدەست گەیشتبێت و وتى"هیچ نوسراووێكى فەڕمیمان پێنەگەیشتووە لەو بارەیەوە،ئەو كەسەش،مامەڵەى بۆ زەویەكەى كردوە،بەڵام تا ئێستا تەواو نەبووە".
بەدەر لەوە بەپێی زانیارییەكانى ئاوێنە،لەماوەى رابردوودا بەرپرسێك بەناوى (ش) لەگەڕەكى سیروانى كەلار،موڵكى كەسێكى داگیركردوە كە نزیكەى 600 مەترە،بەڵام ئامادە نییە بۆى بگەڕێنێتەوە،هەرچەندە ئاوێنە پەیوەندى بەخاوەنى ئەو موڵكەوە كرد،بەڵام ئەو خاوەن موڵكە هیچ لێدوانێكى نەدا.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە