شانۆگه‌ریی کونده‌یه‌ک میز (به‌شی پێنجه‌م)
Friday, 04/09/2009, 12:00
نادی بێکاران:ئه‌وانه‌ی دێن لێره سه‌ر گه‌رم ئه‌که‌ن، زۆربه‌یان بێکارو بێزارن، ژیانیان جگه له ڕه‌خنه ڕه‌نگه هیچ تروسکاییه‌کی هیوای لێ به‌دی نه‌کرێ.
براده‌ری یه‌که‌م: ئه‌زانن براده‌ران ئه‌مڕۆ میوانێکی گه‌لێ ڕۆشنبیرو هه‌قبێژ و یاخی دێته لامان و ڕه‌نگه بۆ ماوه‌یه‌کی زۆریش بێ دانیشتنی وامان ساز نه‌کردوه.
براده‌ری دووه‌م: گوێ بگرن، من تاقه‌تی جدییات وئه‌و شتانه‌م نیه، خۆم له‌بێ ئیشیدا وا خه‌ریکه دڵم ئه‌ته‌قێ، ئینجا هیوادارم نه‌یه‌ت فشه به‌سه‌رماندا بکاو خۆیمان لێ‌بکا به نیتشه‌و سارته‌ر.
براده‌رێ سێیه‌م: بابه ئه‌وه تۆ ئه‌ڵێی چی، له‌خوامان ئه‌وێ ، یه‌کێ بێ دوو قسه‌ی قۆڕی پێبێ ونه‌ختێ له‌م واقیعه تاڵه دوورمان خاته‌وه.
براده‌ری یه‌که‌م(دکتۆر تازه گه‌یشت): براده‌ران ئه‌مه ئه‌و میوانه ئازیزه‌یه که‌له‌و ساوه بۆتانی باس ئه‌که‌م وهیوادارین پێکه‌وه شه‌ویكی خۆش ڕابوێرین و نه‌ختێ که‌ڵکیش له ئه‌زموونی زۆری مامۆستای به‌ڕێز وه‌رگرین.
مامۆستا(دوای سڵاو): ئه‌رێ ماڵتان ئاوابێ، شوێن نه‌ما سه‌ری لێگهرم که‌ن ئه‌م سهرهنوێڵکهیه نه‌بێ به‌سه‌ر ئه‌م گرده حیزه‌وه؟ ئامه شوێنی نادیه، به‌شه‌ره‌فم هه‌تا دۆزیمه‌وه ڕوحم ده‌رچوو، پاشان ئه‌ڵێ سه‌رو پێخانهیه ئه‌و بۆنه‌ی لێدێ،، ئه‌رێ ئه‌وه چیه بۆ وا به‌تاڵی لێ ئهخوورن؟ گوتم هه‌نووکه مێزتان بۆ ڕازێنراوه‌ته‌وه‌و ڕه‌نگه نه‌ختێ سه‌رتان گه‌رم بوبێ.
براده‌ری دووه‌م: چۆن ئه‌بێ بێ تۆ ده‌ست پێبکه‌ین، هه‌موان چاوه‌ڕوانی تۆ بوین و هه‌ر ئێستا ئه‌م مێزه وا قه‌ره‌باڵخ ئه‌که‌ین شوێنی ته‌پڵه‌که جگه‌ره‌شی له‌سه‌ر نه‌بێته‌وه.
دکتۆر(دوای ڕازاندنه‌وه‌ی مێزه‌که): ده‌زانن له‌ئیسلامدا دوو جۆر خواردنه‌وه هه‌یه حه‌ڵاڵه؟
براده‌ری سێیه‌م: من حه‌ڵاڵ وحه‌رام نازانم ، هه‌ر خواردنه‌وه‌یه‌ك سه‌رو مه‌ڵاشووم گهرمکا ، سه‌ری پێوه ئه‌نێم وچاوی بۆ ئه‌نووقێنم.
براده‌ری دووه‌م: مه‌به‌ستت له‌و جۆره خوادنهوهیه که له‌هه‌ندێ له‌ووڵاتانی ئیسلامی‌دا هه‌یه‌و کحولی تیا نیه؟
براده‌ری یه‌که‌م: ئا به‌بڕاوی منیش هه‌رمه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه،ئه‌وه‌ی وه‌ك شروبی کۆکه وایه.
دکتۆر:به‌ڕاستی ئێوه که‌رن، جا خواردنه‌وه‌یه‌ك که کحولی تیا نه‌بێ وخه‌ڵکی که‌ر نه‌کاو نه‌یهێنێته هه‌له‌که سه‌ما ، که‌واته خواردنه‌وه‌ی چی؟ من مه‌به‌ستم له‌و ئایه‌ته‌یه که خوا ده‌فه‌رموێ(واشربوا من اللۆلۆه و المرجان)، له‌م کورته ئایه‌ته‌دا خوا پێمان ده‌ڵێ که‌وا ئه‌گه‌ر بیره‌ی لۆلۆه و ویسکی مه‌رجان بخۆنه‌وه ، ئه‌وا سه‌رفرازن و گوناهتان پێناگا.
براده‌ری سێیه‌م: که‌واته هه‌ر خۆم باشم کردوه، بێ ئه‌و ئایه‌ته‌ش ته‌واو عه‌قڵم پێشکاوهو درێخیم لێ نه‌کردوه.
بردهری یه‌که‌م: ئه‌ی باشه من زیاتر حه‌زم له شه‌هره‌زادو هانهکهین و بهدوایزهره، تۆ بڵێی ئه‌مانه گوناه بن؟
دکتۆر: هه‌ی گه‌وجه، گه‌ر واده‌زانی به‌خواردنه‌وه گوناهت ده‌گا، بۆچی ده‌خۆیته‌وه.
بردهری دووه‌م: ئه‌ی چی بکه‌ین نه‌خۆینه‌وه، ئه‌ی چۆن بێزاری خۆمان له‌م ژیانه قۆڕه بدزینه‌وه، بڕوا بکه ته‌نها شوێن ئێره‌یه حه‌زی لێئه‌که‌ین ودوای خواردنه‌وه‌ی ئه‌م شیره شێره‌ش هه‌ست ئه‌که‌ین مرۆڤین، ئینجا به‌س نه‌بوو ئه‌مه‌ش هه‌بوو، ئه‌ی چیمان بکردایه‌و بچوونایه بۆ کوێ؟
دکتۆر(به‌خێرایی پێك دوای پێك هه‌ڵئه‌دا): به‌بڕوای من جگه‌ره کێشان و خواردنه‌وه و هه‌ر شتێکی تر که مرۆڤ بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی په‌نای بۆ ده‌با ، تا خۆی له‌کێشه‌کانی به‌دوور بگرێ، بڕوا ناکه‌م تا سه‌ر سه‌رکه‌وتوو بێ، خواردنه‌وه ته‌نها لای ئێمه بۆته ڕه‌چه‌ته‌ی دکتۆرو وا ده‌زانین چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان بۆ ده‌کا، ئه‌گینا له‌ڕاستیدا وا نیه‌و کێشه‌کان زیاتر به‌ره‌و قوڵی ده‌باته‌وه،، په‌نا بردن بۆ ئه‌م جۆره چاره‌سه‌رانه خۆ گێلکردن وفێڵکردنه له خودی خۆت، پاشان له به‌رانبه‌ره‌که‌ت.
براده‌ری دووه‌م(ڕووی لهدکتۆره) : ئه‌ی باشه گه‌ر وایه ،که‌واته بۆ تۆ ئه‌خۆیته‌وه،، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه نه‌بێ ، بته‌وێ هه‌ندێ له هیلاکیت بڕه‌وێته‌وه‌و له‌سه‌ر مێزی سه‌راحه‌ت ئاخ وئۆفی خۆت بۆ به‌رانبه‌ره‌که‌ت هه‌ڵبڕێژی.
دکتۆر: ئه‌من بۆ ئه‌وه ده‌خۆمه‌وه، تا زیاتر بمگهنێته دۆخی یاخی بوون وله‌و ئاسته نزیکم بکاته‌وه که بتوانم شیعره‌کانم بنووسم.
براده‌ری دووه‌م: ئێ که‌واته خواردنه‌وه‌که‌ی تۆش بۆ مه‌به‌ستی خۆ ده‌ربازکردنه له‌و دۆخه ئاساییه‌ی که تۆ پێی ناڕازیت ودیاره بێ بوونی ئه‌م ئامرازه‌ش(خواردنه‌وه) ناتوانی بیگه‌یتێ،، وه‌یان به‌مانایه‌کی تر، یاخی بوونه‌که‌ت فهلهو لهسهربناغهیهکی دروست پێك نه‌هاتوه، چونکێ گه‌ر وابوایه‌و یاخی بوونه‌که‌ت سروشتی بوایه، ئه‌وا ڕه‌نگه پێویستیت به‌م ئامرازه نه‌ئه‌بوو.
براده‌ری سێیه‌م: بۆ چوونه‌که‌ت گه‌لێ ڕاسته، ئه‌گه‌ر نا قابیله کاسترۆ وگیڤارا هه‌موو کاتێ قاپێ ویسکی له‌گیرفانیاندا بوبێ؟
براده‌ری یه‌که‌م: منیش پێم وایه نه یاخی بوون وه‌یان هه‌ر دیارده‌یه‌کی شۆڕشگێڕی پێوستی به‌و جۆره ئامرازانه نیه، وه‌یان لانی که‌م نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی دکتۆر باسی لێوه ئه‌کا.
دکتۆر(پاساو دێنێته‌وه): ئێوه گه‌لێ گه‌مژه‌ن و له‌من باش تێنه‌گه‌یشتن، ئه‌من ناڵێم بۆ ئه‌وه‌ی شیعرێ بنووسم هه‌ر ده‌بێ سه‌رم گه‌رم بێ، وه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌ی یاخی بوون له‌مندا کامڵ بێ ، ده‌بێ بخۆمه‌وه‌و ئاگام له‌خۆ نه‌بێ، مه‌به‌ستی من ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه که خواردنه‌وه، وه‌یان ئه‌وه‌ی ئێوه پێی ده‌ڵێن ئامراز ، ته‌نها یاریده‌ده‌ری ئه‌و ئامانجانه‌ن،، ئه‌گینا جاری واهه‌یه له‌کاتی ڕۆیشتندا کۆپله‌یه‌ك شیعرم بۆ دێی و تۆماریان ده‌که‌م ، جاری وا هه‌یه له پاسێکدا دانیشتوم وشیعرێك ده‌نووسم، وه‌یان جاری واهه‌بوه له شه‌یتان بازاڕ‌و نرخی شمه‌کدا یاخی بوم و به‌و بازرگان ومافیانهدا ههڵشاخاوم، ئه‌مه هیچ له‌وه ناگۆڕێ که‌من به‌سروشت مرۆڤێکی یاخی نه‌بم، به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن گۆرانی ووتن له حامام خۆشه وده‌نگت ساف ده‌بێ چونکه ههواییهکهت به‌رزو بڵنده.
براده‌ری یه‌که‌م: مامۆستا گیان ئه‌مشه‌و براده‌ران هه‌موو لۆژ دایگرتون وئهڵێی به‌له‌مه‌که‌یان نقومی ده‌ریا بوه، بۆ باسێکی ڕوداوی 31ی ئابی 1996مان بۆ ناکه‌ی، با زیاتر خه‌م وپه‌ژاره بمان گرێت و به‌شکم تۆزێ بگرین و ئه‌و مۆته‌که‌یه‌ی سواری ملمان بوه ، ئه‌م شه‌و بڕه‌وێته‌وه.
دکتۆر(هه‌ناسه‌یه‌کی درۆ هه‌ڵ ئه‌مژێ): له مێژه حه‌زم ده‌کرد باس لهڕووداوێ بکه‌م که دوور بێ له پێکه‌نین و قسه‌ی قۆڕ،، بڕوا بکه‌ن منیش وه‌ك ئێوه پڕ به‌دڵ حه‌ز ده‌که‌م وه‌ك کۆرپه‌له‌ی دوو ڕۆژه بگریم وکه‌سیش ڕێم لێنه‌گرێ.
دکتۆر(جگه‌ره‌یه‌ك دائه‌گیرسێنێ و دوای چه‌ند نه‌فه‌سێکی قووڵ) ، ڕه‌نگه ڕووداوی زۆرم دی بێ، کوشتن وبڕینم دیبێ، لهسێدهرادان وزیندانم دیبێ، ڕاکه ڕاکه له‌ترسی دوژمن وهه‌ڵپه‌ی دایك بۆ ئه‌وه‌ی کوڕێکی ده‌ست چنگی دوژمن نه‌که‌وێ و هه‌وڵ بدا بیشارێته‌وه، وه‌یان باوکێ هه‌وڵ بدا خۆی بداته به‌ر گوله‌ی دوژمن تا کوڕه‌که‌ی نه‌پێکێ،، ئه‌مه وچه‌ندانی ترم بینیوه،، به‌ڵام به‌وێنه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ی 31 ئاب نه‌بوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ساته هه‌موو ڕووداوه جگه‌ر بڕه‌کانی له‌خۆ گرتبو، هه‌ر له‌داگیر کردنی شار، تۆپ باران کردن، له‌سێداره دانی نه‌یاران وکوڕانی گه‌نج ولاوی شار، ڕاوه‌دونانی ژنان و پیاوان، کون به‌کون گه‌ڕان به‌دوای پێشمه‌رگه‌و نه‌یارانیاندا، قه‌سفی جه‌وی به‌رده‌وام، تاڵاکردنی گشت که‌س و موڵك وماڵیان به‌بێ جیاوازی،، له‌هه‌موی ناخۆشتر ئه‌وه‌بو که سه‌رچاوه‌ی کاره‌ساته‌که کورد و به‌ده‌ستی کورد هاته ئاراوه، له‌وه‌ش ناخۆشتر له‌ژێر چه‌تری پیرۆزی پێشمه‌رگه‌دا ئه‌م کاره‌ساته سه‌پێنرا به‌سه‌رماندا، خۆ ڕه‌نگه له‌وانه‌ش زیاتر ناخۆشتر ئه‌وه‌بێ، کاره‌کته‌رو پاڵه‌وانی ئه‌م کاره‌ساته به کوردایه‌تی له قه‌ڵه‌می ده‌دا.
31ی ئاب جیاوازی له‌گه‌ڵ ئاشبه‌تاڵدا ئه‌وه بوو، که ئه‌م گرێبه‌سته پڕ شووره‌ییه گشتگیر‌و سه‌راپایی بوو، واته هه‌موو ئه‌و سه‌ره داوانه‌ی تێدا به‌دی ده‌کرا که ڕه‌نگه له خیانه‌ته‌کانی تر جیاواز تربێ، چۆن؟ ڕژێمی به‌عس جگه له‌وه‌ی پاره‌یه‌کی مفتی وه‌رگرت وه‌ك شاباش بۆ ئه‌و یارمه‌تیه سه‌ربازیه‌ی بۆ مه‌سعود، توانی ئه‌جندای خۆی که بریتی بوو له تاقی کردنه‌وه‌ی سوپاکه‌ی و زانینی ئاستی دڵسۆزی بۆ سه‌دام له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها گرتن وله‌سێداره‌دانی ئه‌و چه‌ند هه‌زار عه‌ره‌به‌ی له‌گه‌ڵ هێزه ئوپۆزیسیۆنهکان بوون، توانی بۆ چه‌ندین ساڵی تریش خۆی وه‌ك ده‌سه‌ڵات بهێڵێته‌وه‌و ئه‌و ترسه‌ش لای عێراقیه‌کان قوڵتر کات که جارێکی تر بیسه‌لمێنێ که سه‌دام ناتوانرێ له‌ڕێگای نه‌یاری خۆماڵیه‌وه له‌ناو ببرێ.
براده‌ری یه‌که‌م ودووه‌م: دوای ئه‌وه‌ی دکتۆر پێکی به‌لاش هه‌ڵئه‌دا ، نه‌ختێ به‌یه‌که‌وه قسه ئه‌که‌ن ودهرفهتێ بۆ دکتۆر ئه‌ڕه‌خسێ تا له‌دڵی خۆیدا بڵێ:
دکتۆر: جا ئه‌گه‌ر ڕۆژێ له‌ڕۆژان براده‌رانی پارتی ڕه‌خنه‌ی ئه‌م قسه‌و گفتوگۆیانه‌یان لێگرتم ، ئه‌وا هیچ کێشه له‌گۆڕدا نابێ و پێیان ده‌ڵێم،، ئه‌وه‌ی پارتی کردی له‌م ڕۆژه‌دا کارێکی گه‌لێ ئاسایی و په‌رچه‌کرداری بوو، ههرکهسو لایه‌نیکی تریش بێ هه‌ر وا ده‌کا، 31 ئابی 1996 پارتی کردی ، ئیتالیه‌کان 5 سه‌ده له‌وه‌و پێش کردویانه‌و که‌سیش ته‌پڵیان بۆ لێ نه‌دان، ئه‌وه‌بوو کاتێ ئیتالیا پارچه پارچه بوو بوو(ئه‌میر نیکۆلا) په‌نای برد بۆ هێزه سیخوڕیه‌کان(ئسپانیا و پۆرتوگالیه‌کان) بۆ ڕزگار کردن و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئیتالیا که ئه‌و کات هه‌ر پارچه‌یه‌ی به‌ده‌ست لایه‌که‌وه بوو، ئه‌میر له‌سه‌ر ڕێنماییه‌کانی میکیاڤیللی ، ئه‌گه‌ر چی دواتر ده‌رکه‌وت که ئه‌و هێزانه سیخوڕیانه‌ی دوای یارمه‌تیان لێده‌کرێ ، له‌زۆر کاتدا ده‌بنه خاوه‌ن بڕیار و مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌نده‌ی خۆیان له‌سه‌ره‌وه داده‌نێن. به‌واتایه‌کی دی هێزی سیخوڕ لهکۆیلهوه ده‌گۆڕێن بۆ هێزی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتیش بۆ کۆیله.(ئا به‌م قسانه پارتی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنم و پاره‌یه‌کی باشیان لێ وه‌رده‌گرم، هه‌روه‌ك چۆن ئێستا له‌سه‌ر سکی ئه‌م برسیانه دهلهوهڕێم و ئه‌وه‌نده‌ی تریش نابووتیان ده‌که‌م)، ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ر باوه‌ڕی نه‌کرد ، ئه‌وا پێیان ده‌ڵێم بڕۆن سه‌یری فلیمی (بریهڤ هارت) ی کاره‌کته‌ری به‌ناو بانگی ئه‌مریکی(میل گیبسن) بکه‌ن ، که‌چۆن هێزه‌کانی ئینگلیز پشتیان به‌هێزه سیخووڕه‌کان به‌ست تا بتوانن پاڵه‌وانی ئایرشهکان له‌ناو به‌رن. پاشان دکتۆر ده‌که‌وێته‌وه گفتوو گۆ: 31 ی ئاب جگه له‌وه‌ی ده‌ریخست به‌ناو کادیرو چه‌کداره‌کانی پارتی ترسنۆك و شه‌ڕکه‌ر نین، دهرییشی خست که خودی مه‌سعود له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی ژێر ده‌ستی تاقمێ جه‌رده‌و ڕێگر ودز بوه، بۆیه له‌لای ئه‌و له‌جیاتی خوشه‌ویستی نیشتمان و پێشمه‌رگایه‌تی وکورد په‌روه‌ری ، له‌شوێنیاندا داگیر کردنی ماڵی جوتیاران به‌زۆرو باج لێوه‌رگرتن لێیان و کوشتنی ئه‌و ده‌نگه ناڕه‌زاو مرۆڤه یاخیانه‌ی به‌مانه ڕازی نه‌بوون و تیررۆ کردنی که‌سایه‌تیه گرنگه‌کان و پیاو ماقوڵانیان و دواتر بونه چاو ساغ و ده‌لیل بۆ دوژمنانی گه‌ل و ده‌ستیان له‌گه‌ڵ دوژمنان‌دا تێکه‌ڵ کرد، بۆیه ئه‌مه بوه که‌لتوورێك که وه‌ك خۆی نمایشی بکه‌ن.
براده‌ری یه‌که‌م: هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌خۆت ومردووت، کورد خاوه‌نی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی وه‌ك تۆی هه‌بوایه، به‌خوا ڕۆژمان هه‌رگیز نه‌ئه‌گه‌یشته ئه‌م ئاسته‌و هه‌موو ڕۆژێکمان وای لێبێ که له‌م جۆره کاره‌ساتانه دووباره ببنه‌وه. به‌سه‌ری ئێوه براده‌ران گه‌ر یه‌ك تۆز له‌م جۆره کهسایهتیانهمان هه‌بوایه ، ڕه‌نگه پێش ئیتاڵیا ببوینایه به‌ده‌وڵه‌ت، به‌س ئاخ تا ڕۆشنبیرێك وشوڕشگێڕێکی وه‌ك ئه‌مه‌مان لێههڵئهکهوێ، به‌هه‌زاره‌ها خۆفرۆش و سیخوڕ له‌ولاوه وه‌ك قارچك سه‌ردێنن.
براده‌ری سێیه‌م : بابه به‌وه نیه، ئه‌وه نیه مام جه‌لالیش به‌حساب خوێنه‌وارو ڕۆشنبیرو پارێزه‌ر، که‌چی له 66 خۆی خزانده پاڵ حکومه‌ت و سواری ده‌بابه‌ی دوژمن بوو.
(دکتۆر دوای پێکێکی حه‌یده‌ری) ڕه‌نگه 31 ئاب گه‌ر بۆ نه‌وه‌کانی خۆمانی بگێڕینه‌وه، بڵێین که‌وا هێزێکی سه‌ربازی کوردی توانای به‌ره‌نگاری هێزێکی تری سه‌ربازی لایه‌نه‌که‌ی تری نه‌کردو هاوکێشه سه‌ربازیه‌کان هاوتای یه‌کتر نه‌بووبن، بۆیه لایه‌نێ په‌نا بۆ یارمه‌تی دوژمنی خۆی دێنێ و داوای هاریکاری لێده‌کا ،تا پێکه‌وه بتوانن هێزه‌که‌ی تر بشکێنن وله‌شار وه ده‌ری نێن، وه‌یان بووترێ ئه‌م پرۆسه سه‌ربازیه پاساوی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه که پارتی ئه‌گه‌ر چی خاوه‌نی هه‌زاران چه‌کداری خۆی بوو،لێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌کدارانه‌ی هه‌ڵگری هیچ بیروباوه‌ڕێکی تۆکمه‌و قایم نه‌بون به‌و پارته‌و ئاماده نه‌بوون پارێزگاری له‌و پارته بکه‌ن که گوایه باوه‌ڕیان پێیه‌تی، بۆیه سه‌رۆکه‌که‌یان داوای هاوکاری ویارمه‌تی له دوژمنه‌که‌ی دوێنی کرد تا بتوانێ خۆی له‌ناوبردنی حه‌تمی ڕزگار بکا،، ئه‌مانه هه‌مووی ڕاست ولۆژیکن، لێ ئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی من جوێ ده‌کاته‌وه له‌هی خه‌ڵکانی ڕه‌شۆکی و نه‌فامانی وه‌ك ئێوه گه‌لێ جیاوازه‌و ڕه‌نگه تا ئێستا درکتان پێی نه‌کردبێ. به‌ڵام با پێش ئه‌وه پێتان بڵێم که‌وا 31ی ئاب کێشه نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی لایه‌نێك داوای هێزی سه‌ربازیی له‌لایه‌نێکی تر کردوه ، بۆ تێکشکاندنی لایه‌نی دووه‌م، چونکه وه‌ك مێژوو پێمان ده‌ڵێ گه‌لێ هێزی تریش له‌وه‌و پێش په‌نایان بۆ ئه‌م میکانیزمه بردوه، بۆ نمونه ئه‌مریکا جگه له‌وه‌ی یه‌که‌م هێزی سه‌ربازی جیهانی هه‌یه، له هه‌ردوو جه‌نگی که‌نداودا ، هه‌وڵی دا شه‌ڕه‌کان به‌هێزی تر بکاو چه‌ندین گرێبه‌ستی وهاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ چه‌ندین ووڵاتدا دروست کرد. له‌جه‌نگی که‌نداوی یه‌که‌مدا(28) ووڵات که‌له‌وانه چه‌ندینیان ئیسلامیش بوون ، به‌شداری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان کرد‌و عێراقیان له کۆێت ده‌رپه‌ڕاند، ئه‌م جاره‌ی تریش بۆ ئۆپراسێۆنه سه‌ربازیه‌کان چه‌ندین هاوپه‌یمانێتی و وڵاتی جیاواز تیادا به‌شداری کرد و که زیاتر شه‌رعیه‌تیان دا به‌هێرشه سه‌ربازیه‌کان وداگیر کردنی عێراق.
کێشه‌ی من له‌گه‌ڵ 31 ی ئاب زیاتر خۆی له‌چوار چێوه فه‌لسه‌فه کوردیزمهکهیدا ده‌دۆزێته‌وه، چونکه وه‌ك ده‌زانن که‌من کابرایه‌کی به‌سروشت یاخی و دژی ته‌سلیم بوونم، چۆن؟ گه‌ر بڕوانیهته مێژوو و وه له‌ناوه‌خنی به‌باشی بکۆڵینه‌وه ، هه‌رگیز که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ربازی وڕابهرێکی چه‌کداریانه نابینی که خۆی به‌ئاسانی ته‌لسیم به‌دوژمنانی کردبێ، جه‌نگاون تا دوا دڵۆپ، دواتر یان ڕایان کردوه‌و جارێکی دی خۆیان ساز داوه‌ته‌وه، وه‌یان یه‌خسیر کراون‌و دواتر له‌سێداره دراون، خۆ هه‌ندێ جار ئه‌و دیکتاتۆرانه‌ی که بهترسنۆکیش هه‌ژمار ده‌کرێن ، ڕه‌نگه وا به‌ئاسانی خۆیان نه‌دابێ به‌ده‌سته‌وه، بۆ نمونه هتله‌ر. مێژوو ئه‌وه‌مان پێ ناڵێ کهسهرکردهیهك هه‌بوه چاو شۆڕوو شه‌رمن له‌دوژمنان و ڕق ئه‌ستوور لهمیلهتهکهی خۆی. کێشه‌که‌ی من له‌مه‌ڕ ڕوداوه‌که له‌وه‌دایه که مه‌سعود سه‌رکرده‌یه‌کی یاخی نیه، من تێناگه‌م خه‌سله‌ت وسیفاتی سه‌رکرده‌ی پارتی له‌سه‌ر چی پێوراوه،(ئازایه‌تی، جوامێری، کورد په‌روه‌ری ، نیشتمان و خۆشه‌ویستی بۆی) ئه‌وه‌نده‌ی گیانی ته‌سلیمبوون وسازشکردن بۆ بێگانه و کلك ڕاوه‌شان بۆیان له‌م کابرایه‌دا ده‌رده‌که‌وێ، به‌چاره‌کی ئه‌وه‌ش بۆنی ئازایه‌تی وشۆڕشگێڕی تیا به‌دی ناکرێ، ئاخر له‌کوێی ئه‌م دنیا ڕوویداوه که سه‌رکرده پاشکۆ‌و کۆیله بێ، ئه‌ی قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌ی کۆیله ده‌بێته سه‌ردارو سه‌رکرده‌ی، هیچ میله‌تێ ناتوانێ هه‌نگاوێ له دۆزه‌که‌ی به‌ره‌و پێش ببا، گه‌ر سه‌رکرده‌کانی کۆیله بن وگیانی یاخی بوونیان تیا نه‌بێ. میله‌تانی ژێر ده‌سته پێش ئه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و شۆڕشگێڕیان له قه‌پان بدرێ، ئاماژه‌یه‌کی ڕون وئاشکرایه که‌سه‌رکرده‌کانیان کۆیله‌و ده‌سته‌مۆن. ناکرێ سه‌رکرده‌و ڕابه‌ر که‌وی بکرێن، ده‌بێ هه‌میشه له لوتکه‌و ترۆپکی یاخیبووندا بن، سه‌رکرده‌ی ئازا‌و یاخی گه‌ر سه‌رکه‌وتنیش به‌ده‌ست نه‌هێنێ، لێ دوژمنه‌که‌ی هه‌رگیز خۆی به‌براوه نازانێ، به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ر سه‌رکرده‌و ڕابه‌ر دهستهمۆو کهویکرابن، خاوه‌نی به‌هێزترین سوپا‌و وپڕچهك کرابن به‌به‌هێزترین چه‌کی سه‌رده‌م، هه‌رده‌م دۆڕاو خه‌سێنراو ده‌رده‌که‌ون. مه‌سعود بارزانی له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌یه‌کی ده‌سته‌مۆیه بۆیه داماڵراوه له‌هزری ڕاسته‌قینه‌ی شۆڕش ، لای ئه‌م شۆڕش بریتیه له جۆری له تۆڵه‌کردنه‌وه‌و پاشقول لێگرتن و حیز فرسه‌تی، به تێفکرینی مه‌سعود ئاستی شۆڕش و پارتی سیاسی جگه له هۆده‌یه‌کی زیاده‌ی بنه‌ماڵه‌و دیوه‌خانه‌که‌ی هیچی ترنیه، لای ئه‌م وانه‌ی شۆڕشگێڕێتی بریتیه له مانه‌وه له‌ده‌سه‌ڵاتدا به‌هه‌ر نرخێ بێ، گرنگ نیه چۆن شۆڕش به‌ره‌و ئامانجه نه‌خشه‌کێشراوه‌کانی ئه‌برێ، گرنگه شۆڕشهوان(مه‌سعود) چۆن خۆی سوکانی له‌ده‌ستدا دهمێێتهوهو به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌ی چهرخێنێ. لای ئه‌م ئه‌و شۆڕشه‌ی که‌ناوی لێنراوه کوردایه‌تی جگه له تێگه‌یشتنێکی سرف بنه‌ماڵه‌یی هیچی تر نیه، واته کوردایه‌تی یه‌کسانه به‌بنه‌ماڵه ، وهبنهماڵهش ده‌بێ له‌پێناو مانه‌وه‌یدا ئامرازه‌کانی کوردایه‌تی بخاته خزمه‌ت خۆیی و خاوه‌ن دیوهخانهکهیهوه، وه پێشمه‌رگه‌ش له‌حاڵه‌تێکی وادا جگه له کۆمه‌ڵی چه‌کدار که پاراستنی بنه‌مه‌ڵه ده‌بێ بخه‌نه پێش پاراستنی نیشتمان و گه‌له‌وه هیچی تر نین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست