کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


نامەی رۆژ

Monday, 16/12/2013, 12:00



لە کوردەواریدا دەڵێن : کەسێکی لێی بترسی خۆشت ناوێ .

لەو بابەتەدا ترس دەکەوێتە رێڕەوێکی دیکە ، نە بەو واتایە کە باس لە کەسایەتیەکی ترسنۆک بکا . بەو واتایە کە شەهید کاوەو کاوەکان ئاماژەیان پێ کردووەو دەڵێن : شەوانە ناتوانین لە ماڵی خۆمان بخەوین ! نەکا ترۆرمان کەن وبمانکوژن .شەهید کاوە پێش گزنگی خۆر لەخەو رادەبوو و نامەی رۆژانەی نەتەوەکەمی یەک بەیەک دەگەیاندە بەر دەرگای هەموو مرۆوێکی کوردی بوێر پێی دەگوتن : رۆڵەکانمان ئەنفال کران ، لەدار دران ،و...... دیکتاتۆڕی خۆماڵی کورد گەیشتە دەسەڵات تا لەرێگای زەبرو زەنگی خۆیان ترسی داگیرکاران بۆ کۆمەڵگای کورد بەدیاری بێنن ! جگە لەوەش ئەوان دەڵێن ،لە باوەشی دایکی ئەنفالدا پێنوسی شیرین و ڕایەڵی مێشکی کاوەکانتان دەکەینە ئامانج ،
مرۆو کاتێک کە خۆی لەئاوێنەدا دەبینێ روخساری خۆی چاو لێدەکا ،ئەوەی کەدێتەبەر چاوی تەنیا رواڵەتی جەستەیەتی . بە چاو لێکردن لە ئاوێنە مرۆو دەنگی دڵی خۆی نابیسێ هزرو ڕامانی خۆی لەو چرکەساتەدا ناتوانێ هەڵسەنگێنێ راستیەکانی دەروونی خۆی لەوکاتەدا نایەتەبەر چاو . شەهید کاوەکان خۆیان لەو رواڵەتە بەدوور راگرت بە ئێمەیان گوت : با پیکەوە راستییە کان ئاشکرا کەیەن دژی دزو پیاو کوژەکان راوەستین .
یەکێک لە بنە ماکانی سەرەکی بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگای ئازاد ، گوتاری ئازادە کە دەکەوێتە سەر شانی تاکی بوێرو هەڵبژاردەی کۆمەڵگا .لە دوای شەڕی دووی جیهانی ئورووپیەکان هەتا رادەیەکی زۆر توانیان بگەنە ئاستێک کە ئەوڕۆ لەبەر چاوانە گوتاری ئازاد پێش لەزۆر کارەساتی دڵتەزێن دەگرێ سیستمی شاراوە ودەسەڵاتی شاراوە هێدی هێدی لە رۆژنامەگەری ئازاددا جێگای نابێتەوە ، ئەوەی کە دەسەڵاتو سەرکردەو حیزبی کوردی لە ماوەی سەت ساڵی رابوردوودا لێی ترساوە .سەدەی رابوردووی کورد ، سەرهەڵدانەکانی ئەوسەدەیە ،شکستی شٶڕشەکان ،و....... بونەتە هۆی ئەوەی کە هەموومان وەک منداڵی ترس لە دیک بوبین بەو واتایە ئەوەندی کە لە داگیرکار ترساوین ئەوەندەش لە دەسڵاتی بێ هێزو چاو لەدەستی کورد نیکەران بوین چون چەخماخەی دەسپێکی زۆرینەی شۆڕشەکانمان بەدەستی بیانی هەڵگیرساوەو بەدەستی بیانی کوژاوەتەوە .
ئێمە ئەگەر بەچاو خشاندنێک بە مێژووی خۆماندا بچینەوە راستگۆیانە لەگەڵی بدوێین وبەرچاو تەنگ نەبین بە راشکاوی دەردەکەوێ ئەو بێ بەختیانەی کە بەسەرمان هاتووە هەر هەمووی هی دوژمن نەبووە تاوانباری سەرەکی بۆ خۆمانین .لەچەند خاڵی خواروو کە قسەی دڵی خۆمی لەسەردەکەم مەبەستم بێ حورمەتی بە کەس نییە ئەوانە بەشێکین لە کارەساتێک کە بەسەرمان هاتوون .
خاڵی یەک : سمکۆی شکاک ، بە بابی ناسیونالیسی کورد دێتە ناسین ، بۆخۆی سواری ئەسپ بوو لەسەر رێگای شاری شنۆ بۆسەیان بۆ داناو شەهیدیان کرەد . ئەو کارەی کە سمکۆ کردی دەچێتە پێگەی کام رێگوزەری شۆڕش با مێژوو بڕیاربدا .
خاڵی دوو : نەمر قازی مەحەممەد، ٤٥ کیلۆمیتری رێگابڕی وبەدەستی خۆی کوردکوژێکی وەک ، رەزم ئارای ، هێنایە مهاباد ولەوێ بە شەهید قازی گوت ، بۆ ئاڵای ئێرانت دابەزاندوو؟ لەگەڵ روسەکان خەریکبوی کوردوستان لەئێران جودا کەیەوە . ئەو حەڕەکەتەی نەمر پێشەوا بەمن دەڵی کە دوژن زۆر بە هێزە دەبێ لێی بترسم !
خاڵی سێ : مەڕحومی مەلا مستەفا لەتاران پێیان گوت ،،کاری تۆ تەواو بووە ودەبێ چەک دانێی ،، لەو کاتەوە شامان لێ بوو بە قارەمان بۆ خۆشمان ترسنۆک ؟
خاڵی چوار : دوکتورینی شە‌ید قاسملو بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە ،، خومەینی لەگەل سددام بسازێ خودموختاریش د ەدا بە کوردەکانی ئێران ! ترۆری دوکتور قاسملو بۆ کورد ئەو پەیامەشی دا بە ئێمە کە دوژمن زۆر بەهێزە ودەبێ وستەت لەبەری نەیە . ئەو رێکارەی د: قاسملو چی بەسەر مێژووو تاکی کورد هێنا بڕۆ لە ناو کەمپەکانی کۆی سەنجەق لە باشور پرسیار بکەن .؟
خاڵی پێنج : ئەو خاڵە لە پەیوەندی لەگەڵ شەهید کاوەدا دەنوسم ، دەنا پێم خۆش نەبوو باسی بکەم . شەهید کاوە لەبەر دەرگای ماڵی خۆیان لە باوەشی دایک وهاوسەریدا نامەردانە ئەیاغەکانی تاڵە بانی ترۆریان کرد. براکەی من ،ڕەشاد کەریمی ، کاتی خۆی لە چەنگ جەللادەکانی کۆماری کەمتیارەکان دەربازی شاری سلێمانی بوو تا ئیعدام نەکرێ و گوتی دەچمە لای دەسەڵاتی کوردی کە چی پاش ماوەیەک بەدەستی سەنگاویەکان و سیخۆرانی باڵادەستی کۆماری ئیسلامی بەرۆژی رووناک لە سلێمانی ترۆر کرا ئێستاش نەما نزانی تەرمەکەی لە کوێیە ! برای من لەباوەش دایکو بەردەگای ماڵی خۆی نە کوژرا ، دەسەڵاتی ترسەنۆکی کورد بەمنی گوت دوژمن بەهێزە دەبێ لیی بترسین .!
ئەو ترسەی کە ئەڕۆ دەسەڵاتی کوردو حیزبە کوردیەکان درێژەی پێدەدەن ، ترسی خۆیانە لە دوو مەبەست ، لەدەست دانی دەسەڵات و ترس لە داگیر کار . پەیامی ترۆڕەکانی بارزانی وتاڵەبانی ، پەیامی پاراستنە بەرژەوەندی دوژمنی کوردە ئەو سیاسەتەی کە کاوە گەرمیانی ترۆردەکاو بەوانیدیش دەڵێ بێدەنگ بن .و متمانەش بۆ داگیرکار جێ بە جێ دەکا.
لە هەندەران تاقمێک رووناک بیر دەژین کە یا سەر بە حیزبن یان دەڵین بێ لایەنین بە خۆیان دەڵین رۆژ نامە نووس.هەروەک دەزانن بۆ ماوەیەکە چەند چالاکوانی کوردی رۆژهەڵاتی وڵات کە بەردیان بە سیخۆرخانەی کۆماری ئیسلامی دادابوو لە لایان ژێنڕاڵەکانی بنە ماڵەی بارزان گیراون . ئەو رۆژنامە نوسانە نەمەیان بۆ جەنابی سەرۆکەکەیان بەشیوە یە ک ناردووە کە مرۆو شەرم لە وشەش دەکاکە چاوی لێ بکا . بەبەکار هێنانی ،، سەرۆک بارزانی ،، داوات لێ دەکەین ئەو گیراوانی ئازاد بکە .. ! بیر لە بوێری ئەمەگناسی گەنجێکی وەک ، شەهید کاوە دەکەمەوەو دەڵێم : لە نێوانی مانگی منومانگی ئاسمان جیاوازی زەمین تا ئاسمانە . لەونێوەدا هەڵویستی ،،خالید عەزیزی ،، سەرگەورەی لەتە دێمۆکڕاتەکان جێگای سرنجە کە دەفەرموێ : ئەو گیراوانە کارێکی باشیان نەکردووە ئێمە نابێ لێرە وا بکەین دەبێ بچینەوە بۆ وڵاتی خۆمان بەردان باوێژین .!؟
بە پێی یەکێک لە راگەیاندنەکان دەبێ بنە ماڵەی بارزانی ئیزنیاندابێ کە سیخۆرەکانی ئێرانی بچنە ناو زیندانو چاویان بە ئەو گیراوانە بکەوێ !ئەو سناریۆیە ئەوەمان پێ دەڵی کە ئەو گیراوانە رازی ببن دوای وتووێژ لە گەڵ پاسدارەکان بگەڕێنەوە بۆ لای بنە ماڵەکانیان یانی بەم شێوەیە رادەستی سێدارەیان کەنەوە .ئەو سیاسەتەی کە کاوەکان لە بەرانبەریدا نەترسانە خۆیان بۆ فیداکرد بە شیوەیەکی دیکە روخساری خۆی دەردەرخا .
هەژار کوژەکان ،، کاوەیان ترۆر کرد . بەڵام بۆ کۆمەڵگای وشیار نامەی رۆژانەی کاوەو لاوێن، پێنوسی شیرینەکان ، هەڵوێستی دایکی ئەنفال ، هەر چی رۆژە دێتە ناو ژووری ماڵە کانمان و پێمان دەڵێن : بۆ ئەوەی کە منداڵەکانتان ئازاد بژین ترسەنۆک گەورە نەبن رایەڵی ژیانو تان وپۆی رامانی پێنو سی کاوەکان بخوێننەوەو مەبنە بەشێک لە جەستەی لەرزۆک وترسنۆکی ئەیاغەکانی ئەو دەسەڵاتە .
جەعفەر کەریمی / ١٦/ ١٢/ ٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە