کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەردانەكەى سەرۆكى هەرێم لە رۆژى قیامەت دەچێت!!!

Friday, 11/06/2010, 12:00


لە كاتێكدا ئێران ناوچە سنورییەكانى هەرێمى كوردستان تۆپباران دەكاتو دانیشتوانى ناوچە سنورییەكان لە بن خێمە ژیان دەكەن، سەرۆكى هەرێمى كوردستان مەسعود بارزانى باسلە پەیوەندى توندو تۆڵى نێوان هەرێمى كوردستانو توركیاى دەستەخوشكى ئێران دەكات! هەروەها لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەى لە گەڵ وەزیرى دەرەوەى توركیا ئەحمەد داود ئۆغلو وەك بڵێیت كوردستان بۆتە وڵاتێكى سەربەخۆ باسى لە پشتیوانى هەرێمى كوردستان كرد لە سیاسەتى كرانەوەى توركیا، سەیرە سەرۆكى هەرێمى كوردستان چەندین كۆنگرەى رۆژنامەوانى كردو بەبێ ئەوەى هەڵوێستێكى لەبەرانبەر نەبوونى ئالاى كوردستان هەبێت، بەڵام باسلە كرانەوەكەى توركیا دەكاتو باس لە تۆپبارانو ئۆپەراسیونەكانى توركیا ناكات!! بۆچى لەوكاتەى ئالاى كوردستان بۆ سەرۆكەكەى هەرێم دانەنرابوو هەڵوێستێكت نەنواندو بڵێیت لەبەرئەوەى ئالاى هەرێمەكەم دانەنراوە منیش هیچ قسەیەكم بۆ رۆژنامەنووسانو میدیاكان نییە؟! خۆ ئەمە باشترین حالەتبوو بۆ ئەو حەكیمیەى تۆ وەك باس دەكرێت.
لە كاتێكى وادا سەفەرى تۆ بۆ توركیاو فەرەنساو وڵاتانى تر پێویست تر بوو، یان سەفەرێكى ئەو خەڵكەت بكردایە لەبەر ئاسنو ئاگرى ئێران لە بن خێمە ژیان دەكەن بەبێ بوونى هیچ پێداویستیەك؟! من لە سەرۆكەكەى خۆم، سەرۆكەكەى هەرێمى خۆم دەپرسم: كام سەفەریان گرنگتر بوو؟!. لە شوێنى ئەوەى تۆ وەكو سەرۆكى هەرێمەكەم كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیت بكردایە بۆ هەموو میدیاكانو هەڵوێستێكى سەرۆكانەو خەمخۆرانت بنواندایە، تۆ لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغلو كۆنگرەى رۆژنامەوانى دەكەیت، بەبێ ئەوەى ئەو ئۆغلوە تۆ وەك سەرۆكى هەرێمەكەم بناسێنێت دەڵێت: لە كاتى سەردانەكەم بارزانىو خانەوادەكەى پێشوازییەكى باشیان لێكردم! ئەگەر تۆ لە خەمى هەرێمەكەت نەبیت، ئەى كێ وەكو سەرۆكى هەرێمەكەم وتەى حەكیمانە بۆ دانیشتوانى هەرێمەكەى بدات؟!.
ئەو سەفەرە كتوپرەى تۆ زۆر ناوەخت بوو، چونكە توركیاى دۆستى ئێرانو دژى كورد دەزانن سنورەكەى هەرێمى كوردستان لە شوێنى ئەوەى خەڵكى سنورەكان قەرەبوو بكەنەوە لەكاتى شەڕى نێوان ئێرانو عێراق، خاكى بابو باپیرانیان جێهێشتبوو، كەچى لە شوێنى قەرەبووكردنەوە ئاسنو ئاگرمان وەكو دیارى بۆ دەنێرنو سەرۆكەكانیشمان بۆ كۆشكو تەلارەكانیان بانگهێشت دەكەن وەك ئەوەى نە باى بێتو نەباران! ئەگەر دڵنیاش نەبم ڕەنگە دواى گەڕانەوەت لەم سەفەرانەت ئێرانیش داوەتنامەیەكى فەرمیت بۆ بنێرن، چونكە دەزانن ئێمە گرنگى بە كاتى سەفەرەكان نادەین!.
سەرۆكەكەم لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكان وتت: توركیا پردێكى عێراقە بۆ گەیشتن بەجیهانى دەرەوە، هاوكات هەرێمى كوردستان پردێكى پتەوە بۆ پەیوەندى نێوان توركیاو عێراق. من نازانم ئەم وتەیەى بەرێزت بۆ بەرژەوەندى عێراق بوو، یان توركیا، چونكە ئەگەر هەرێمى كوردستان ئەو پردە بوایە حكومەتى عێراق هەڵوێستى لەبەرانبەر ئۆپەراسیونەكانو تۆپبارانكردنى قەندیلو ناوچەكانى تر دەبوو لە كاتێكدا توركیا بەفرۆكەش بە پاساوى بوونى (پارتى كرێكارانى كوردستان) بوردومانى خەڵكى سڤیل دەكات! ئایا ئەمەیە پردى بەهێزكردنى نێوان توركیاو عێراق؟! سەرۆكەكەم تۆ توركیا بە وڵاتێكى گرنگو كاریگەر وەسفكردو داواى قوڵبونەوەى پەیوەندییەكانى توركیاو هەرێمى كوردستان دەكەیت، بەڵام من دەڵێم حەیف لە كاتێك تۆپبارانمان دەكەن سەرۆكەكەى هەرێمەكەم داواى قوڵبونەوەى پەیوەندی بكات، لەكاتێكدا برینى جەرگى باوكو دایكى بەسۆز جەبارى گوندى وێزە سارێژ نەبووە، لە كاتێكدا هێشتا خەونە جوانەكانى بەسۆز بۆ رۆژنامەنووسان كۆتایى پێ نەهاتووە، لەكاتێكدا بەسۆز هێشتا ناوچەكانى تۆپباران دەكرێت، لەكاتێكدا باوكو دایكى بەسۆز جانتاى قوتابخانەیان هێشتا هەڵنەگرتووەو شەو لە تەنیشت خۆیانەوە سەعى بە تارمایى بەسۆز دەكەن، ئاخر ئەمە چ نیشتمانێكە خودایە بەسۆز لە شوێنى بەرگى قوتابخانە كفن لەبەرى بكرێت، كەچى جانتاى سەفەرى سەرۆكم هەڵدەگیرێت بەرەو فرۆكەخانە! لەكاتێك بەسۆز تێر سۆزى دایكو باوكى نەبوو، لە گۆڕنرا، سەرۆكەكەم لەگەڵ كورد كوژانى سەرسەختى مێژوو كۆبۆوە!!!! سەدان بەسۆزى تر لە چاوەڕوانى مەرگدانو مەرگێكى چاوەڕوان نەكراو بەناویاندا گوزەر دەكات، ئێمەش لە چاوەڕوانى فرۆكەیەكى توركیاداین سەرۆكەكەمان بە سەلامەتى بۆ بگەڕێنێتەوە.
سەرۆكەكەم لە خۆشەویستى بۆتۆ بۆ وڵاتو بۆ منداڵو پیرو گەنجى سەرسنورەكەم ئەمەم بۆ نووسى، چونكە تۆ سەرۆكى هەرێمەكەمى، بەڵام لات سەیر نەبێت، ئێوەش لاتان سەیر نەبێت، لەوكاتەى سەفەرەكەت كردو لە ئەنقەرە كۆنگرەى رۆژنامەوانیت كرد تەنهاو تەنها بیرم بۆ رۆژى قیامەت چوو، چونكە وەكو دەڵێن: لە رۆژى قیامەت نە باوك ئاگاى لە منداڵەكانى دەمێنێت، نە دایك ئاگاى منداڵەكانى، وە نە منداڵەكان ئاگایان لە دایكو باوكیان دەبێت، واتە هەر كەسەو خەمى خۆیەتى رزگارى بێت. بۆیە ئەو رۆژەم وەك رۆژى قیامەت هاتە بەرچاو.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە