عه‌لی بۆسکانی وه‌ک ڕابه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆزی کورد

Monday, 31/01/2011, 12:00


عه‌لی بۆسکانی

شه‌هیدی سه‌نگه‌ری میلله‌ت عه‌لی بۆسکانی، نمونه‌یه‌که‌ له‌و خوێنه‌ ڕژاوانه‌ی که له‌ ڕابردوودا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتییه‌وه‌ له‌ شاری سلێمانی و له‌ ناو بازاڕدا تیرۆر کرا. تیرۆر کردنی بۆسکانی له‌وده‌مه‌دا جگه‌ له‌وه‌ی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی گه‌وره‌ بوو بۆ دانیشتوانی شار، هاوکات کپکردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ گه‌وره‌یه‌ بوو که‌ خودی بۆسکانی له‌ به‌رامبه‌ر خراپی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وکاته‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی دا دروستی کردبوو، بووبووه‌ له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م لادانه‌ ئیتیکیه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خواسته‌کانی میلله‌ت، به‌ بڕوای زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی ئه‌وده‌مه، بۆسکانی به‌هه‌موو هێزی باڵانسی ئاشتی نێوان هێزه‌ جیاوازه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی ڕاگرتبوو، به‌ته‌نها دژی پاوانخوازیه‌کانی سه‌رانی پارتی و ئه‌کێتی ڕاوه‌ستابوو، هه‌میشه‌ خامه‌ و وته‌ی له‌نێو کایه‌ ڕۆشنبیریه‌کاندا، ده‌ستنیشان کردنی ئه‌و مه‌ترسیانه‌بوو که‌ پێشبینی ده‌کرد له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ردوو حیزبی یه‌کێتی و پارتی ڕووبدات، هاوڕێکانی گه‌واهی ئه‌وه‌ن که‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1993 بۆسکانی وێڕای خه‌مباریی و په‌ژاره‌ی بۆ ڕووداوه‌کانی ئاینده، پێشبینی شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌که‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی کردووه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وده‌مه باسی له‌ سود وه‌رگرتن له‌ به‌کار هێنانی سوپای به‌عسیزم و تورک و پازدارانی ئێرانی له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ کردووه. بۆسکانی له‌ناو که‌سایه‌تیه‌ ڕۆشنبیر و سیاسیه‌کانی سلێمانیدا پێگه‌یه‌کی به‌رچاو و کاریگه‌ری هه‌بووه. بۆسکانی له‌ناو شاردا به‌ سه‌نگه‌ری میلله‌ت ده‌ستنیشانکرابوو، پیاوێکی شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیرێکی خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی کورده‌واریی بوو، ئه‌و سه‌ره‌تای کێشه‌ و ناکۆکیه‌کانی له‌گه‌ڵ سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی له‌ ئه‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، که‌ هه‌ردوو حیزب مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، لا گرنگتر بووه، لێ ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ڕێکخستنی هێزه‌ کوردیه‌کاندا و له‌ هه‌وڵی ناچار کردنیان به‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت به‌ پله‌ی یه‌که‌م، هه‌میشه‌ تووشی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سه‌رانی هه‌ردوو حیزب بووه‌ته‌وه‌ و له‌ناو خۆیاندا هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی دروست کردنی پلانی له‌که‌دار کردنی بۆسکانیدا بوون.
بۆسکانی ئه‌وده‌مه‌ ته‌نها هزرێکی قوڵ و سیاسه‌تمه‌دارێکی لێهاتوو بوو، به‌ته‌نها دژی سیاسه‌تی پاره‌کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رانی یه‌کێتیی و پارتی و فرۆشتن و لێخۆشبوون له‌ خاک و له‌ مافی نه‌ته‌وایه‌تی، وه‌ستاوه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ دیداره‌کانیدا له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و بارزانی دا سه‌رکۆنه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و خه‌مساردیه‌کانیانی کردوون و هێزی ڕێگری کردنی شه‌ڕی ناوخۆ بوو، تا له‌کۆتایدا و له‌ 29 ی 9 ی 1993 دا له‌ ناو بازاڕ، له‌ شاری سلێمانی، به‌ ته‌وجیهی خودی تاڵه‌بانی و به‌ سه‌رپه‌رشتی جه‌بار فه‌رمان، به‌ده‌ستی نامه‌ردێک ئه‌م که‌ڵه‌ پیاوه‌ تیرۆر ده‌کرێت و هه‌ر زوو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کان ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک مافی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیان نییه‌ و که‌یسی تیرۆرکردنه‌که‌ی دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ ده‌کرێت و به‌ پاره‌ و پله‌ و پایه، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌ ده‌مبه‌ستی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ش ده‌کرێت که‌ هاوڕێ و هاوبیر و هاو خه‌می بۆسکانی بوون، بۆیه‌ تا هه‌نووکه‌ش که‌سێک نه‌ له‌ هاوڕێیانی بۆسکانی و نه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی بۆسکانی ئاماده‌ی کردنه‌وه‌ی فایلی تیرۆر کردنی بۆسکانی نین به‌ ڕووی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌دا.
بۆسکانی له‌ ساڵانی پێش ڕاپه‌ڕین، ده‌ستێکی به‌هێز بووه‌ له‌ زۆرینه‌ی خۆپیشاندان و موزاهه‌راته‌کانی ئه‌وده‌مه‌دا و له‌ ساڵی 1983 له‌سه‌ر ئه‌رکی بۆسکانی په‌یکه‌ری کاوه‌ی ئاسنگه‌ر وه‌ک ڕه‌مزی دلێری و دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد، له‌ سه‌ره‌تای شه‌قامی توی مه‌لیک دروستکرا، هه‌ر هه‌مان ساڵ له‌ مفاوه‌زاتی نێوان یه‌کێتی و به‌عسییه‌کاندا، سه‌رانی یه‌کێتی بۆ دژایه‌تی کردن و چاوترساندنی بۆسکانی، کوڕێکی بۆسکانی به‌ناوی (جوتیار)ه‌وه‌ ده‌فڕێنن و دواتر له‌لایه‌ن مسته‌فا چاوڕه‌شه‌وه‌ ئازاد ده‌کرێت، هاوڕێیانی بۆسکانی هۆکاری ئازادکردنی کوڕه‌که‌ی بۆسکانی له‌لایه‌ن مسته‌فا چاوڕه‌شه‌وه‌ بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ ئه‌گێڕنه‌وه‌ که‌ ناوبراو بۆ بۆسکانی هه‌یبووه، چونکه‌ مسته‌فا چێوڕه‌شیش کۆنه‌ شیوعی بووه، هه‌روه‌ها فڕاندنی کوڕه‌که‌ی بۆسکانیش ئه‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ی بۆسکانی پیشانی سه‌رانی یه‌کێتی داوه‌ له‌مه‌ڕ ته‌نازولاته‌کانیان بۆ حکومه‌تی به‌عس و گوێنه‌دان به‌ ئازاد نه‌کردنی زیندانیانی سیاسیی کورد له سه‌رجه‌م زیندانه‌کانی به‌عسدا.
بێگومان بۆسکانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێگه‌یه‌کی به‌هێزی جه‌ماوه‌رییشی هه‌بووه‌ له‌ شاری سلێمانی، که‌ ئه‌وده‌مه‌ ته‌نها شارێک که‌ داینه‌مۆی شۆڕش بوو، ده‌یتوانی بێباکانه‌ له‌ ڕووی خیانه‌ته‌کانی سه‌رانی شۆڕش و یه‌کێتی بووه‌ستێته‌وه، ئه‌م دڵسۆزییه‌ ڕه‌هایه‌ی بۆسکانی بۆ میلله‌ت، زه‌ره‌رێکی گه‌وره‌ بوو له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی به‌رته‌سک و نا نیشتیمانیی ئه‌و هێڵ و ته‌که‌تووله‌ خائینانه‌ی که‌ به‌شێک له‌ سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی نوێیان ده‌برد به‌ڕێوه.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، بۆسکانی و که‌یسی تیرۆرکردنه‌که‌ی، له‌ ناو قوڵایی ته‌موو مژێکی چڕدا و له‌ سوچێکی نسرمی یاده‌وه‌ریه‌کانی ساڵانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردودا به‌ بێ نازی له‌ گۆڕنراوه‌ و له‌لایه‌ن هه‌موومانه‌وه‌ پشتگوێ خراوه.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستبردن بۆ بابه‌تی تیرۆرکردنی ڕابه‌رێکی نیشتیمانی وه‌ک بۆسکانی، ده‌ستبردنه‌ بۆ هه‌موو ده‌رگا داخراوه‌کانی دوونیا، وێڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 3 مانگه‌ به‌ هه‌موو توانای خۆم و چه‌ندین هاوڕێم له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، جگه‌ له‌ چه‌ند سه‌ره‌ داوێکی بچوک، نه‌مانتوانی وته‌ و زانیاری پێویست له‌ دۆست و هاوڕێ و خێزان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید بۆسکانی وه‌ربگرین، له‌ په‌یوه‌ندیمان به‌و نووسه‌رانه‌وه، که‌ بۆسکانی له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆی کتێبه‌کانی بۆ چاپ کردوون و وه‌ک هاوڕێی خۆی گیرفانی خۆی بۆ کردونه‌ته‌وه، قسه‌ی سه‌یر و نا ئینسانیمان گوێ لێبوو، که‌ زۆر که‌س شاهیدن له‌ سه‌ر دۆستایه‌تی نێوان بۆسکانی و ئه‌و نوسه‌رانه‌ که‌ ئه‌مڕۆ لافی ڕاستگۆیی له‌ کتێبه‌کانیاندا ده‌بارێنن به‌سه‌رماندا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆش که‌ پێشتر کوڕی ماڵی بۆسکانی بوون، کورسی و موچه‌کانیان ویژدانیانی بیمار کردووه، نه‌وه‌ی لاوی ئه‌وده‌مه‌ش، زۆر باش بیره‌وه‌ری ئه‌و ڕووداوه‌ کاریگه‌ره‌یان له‌ بیر نه‌ماوه، خۆیان وته‌نی، دوابه‌دوای تیرۆری بۆسکانی ئیدی ده‌رگای خیانه‌ت و دزی و شه‌ڕی ناوخۆ بۆ پارتی و یه‌کێتی که‌وته‌سه‌ر پشت و نه‌وه‌ی گه‌نجی ئه‌وده‌مه‌ش تیرۆر و کوشتن، بوو به‌ به‌شێک له‌ ڕووداوه‌کانی ژیانیان.
له‌ کۆتایدا بۆسکانی خوێنێکی ڕژاوی تره، ڕابه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆزێکی تری کورده، که‌ له‌ناو ڕیزبه‌ندی ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ گه‌ورانه‌دایه، که‌ له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ تیرۆر کراون و تیرۆر ده‌کرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە