کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كارەكانى بەرێوەبەرایەتى كتێبخانە گشتییەكانى سلێمانى لەچاوى فەرمانبەرەكانیەوە

Wednesday, 08/06/2011, 12:00


كارەكانى بەرێوەبەرایەتى كتێبخانە گشتییەكانى سلێمانى
لەچاوى فەرمانبەرەكانیەوە

سیروان جاف [email protected]
یەكێك لەدەستكەوتەكانى ئەم حكومەتەى دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح رێككردنەوە یاخود رێكخستنەوەى سیستمى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستانە كە لەم ماوەیەدا ئەو جیاوازییەى لەنێوان موچەى ئیدارەى پێشووى سلێمانى و هەولێردا هەبوو بەبریارى ئەنجومەنى وەزیران نەماو بریاریش درا قەرەبووى ساڵانى رابردووش بۆ فەرمانبەرانى سلێمانى بكرێتەوە كە مووچەكانیان بەرێژەیەك لەمووچەى فەرمانبەرانى هەولێر كەمتر بووە.
بریارەكەى حكومەتى هەرێم مایەى رەزامەندى و ستایشى فەرمانبەران بوو، هەروەها بریتى بوو لە هەڵگرتن و بنەبڕكردنى یەكێك لە ئاسەوارە خراپەكانى دوو ئیدارەیى، كە جگە لەمە كابینەكەى دكتۆر بەرهەم چەندین هەوڵی ترى لەم رووەوە لەبەرچاوەو جێگاى دەستخۆشییە، هەنگاوەكانى خودى سەرۆك وەزیرانیش لەماوەى ئەم خولەى حكومەتدا جدیەتى پێوە دیار بووە.
ئەوەى لێرەدا جێگاى سەرنج و نیگەرانیشە ئەداى جێبەجێكردنى بریارەكەى سەرۆكى حكومەتە لەلایەن فەرمانگەو لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە سەبارەت بە یەكسانكردنى سیستمى مووچەى هەرێمى كوردستان، یەكێك لەو فەرمانگەیانە بەرێوەبەرایەتى كتێبخانە گشتییەكانى سلێمانییە كە جگە لە كتێبخانەى گشتى سلێمانى سەرجەم كتێبخانە گشتییەكانى قەزاو ناحیەكانى ئەو پارێزگایەى لەخۆ گرتووە، ئەگەرچى رێژەى كتێبخانەكان زۆرن و سلێمانى قەزاو ناحیەى زۆرى بەدەمەوەیە، بەڵام ئەوەى زیاتر رەخنەى لەسەر كارەكانى ئەم بەرێوەبەرایەتیە دروست كردووە بێ ئەزموونى و كەمتەرخەمى كارمەندو فەرمانبەرەكانیەتى لە ئیش و كارەكانیاندا، كە بەردەوام فەرمانبەرانى كتێبخانەكانى دەرەوەى شارى سلێمانى گەلەیى ئەوە دەكەن راپەراندنى كارەكانیان دوا دەكەوێت و نووسراوەكانیان ون دەكرێن و زۆرجار بەهەڵە دۆسیەى مووچەكانیان رێك دەخرێت و مافیان دەخورێت.
بەحوكمى ئەوەى زۆربەى رۆژ سەردانى كتێبخانەى گشتى هەڵەبجە دەكەم كە سەر بە بەرێوەبەرایەتى كتێبخانەى گشتى سلێمانییە زۆرجار گوێبیستى گلەیی كارمەندانى ئەو كتێبخانەیە دەبم و باس لەموعاناتەكانیان دەكەن بەدەست بەرێوەبەرایەتییەكەیانەوە لەسلێمانى، هەر یەكەیان چیرۆكێكى هەیەو بەشێوەیەك دەیگێرێتەوە كە ناچار دەبیت ببیتە هاوسۆزى، كەپرسیاریان لێ دەكەیت بۆچى سكاڵا دژى ئەو كەمتەرخەمیانە بۆ سەرووتر یان لاى وەزارەتى رۆشنبیرى تۆمار ناكەن، دەڵێن لەكاردانەوەیان دەترسین و كارەكانمان ئەوەندەى تر تێك دەدەن و چەند جارێكیش ئەوەمان كردووە سوودى نەبووە.
كاتێك دەیاندوێنى ئامادە نین بەناوى خۆیانەوە لێدوان بدەن و حەزیش دەكەن دەنگیان بەشێوەیەكى ناراستەوخۆش بێت بگاتە سەرووى ئەو بەرێوەبەرایەتییەو لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەم بارەیەوە منیش هەندێكیانم دواندو هەریەكەیان چیرۆكێكى خۆى بۆ گێرامەوە، جگە لە بەسەرهاتى تایبەتى خۆیان هەموویان پێكەوە یەك چیرۆكیان لەگەڵ ئەو بەرێوەبەرایەتییەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە كە دەڵێن كاتێك دەچینە بەردەم مێزەكانیان بەتوانجەوە باسى هەڵەبجەیى دەكەن و دەڵێن كەى سەربەخۆیى وەردەگرن، كەمەبەستیان بریارى ئیدارەى سەربەخۆیە بۆ هەڵەبجەو ئ\ەویش هەر لەم چەند مانگەى رابردوودا كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم بریارى لەسەر داوە.
زیاتر لەپێنج فەرمانبەرى ئەم كتێبخانەیە پێیان وایە زوڵمیان لێكراوە كە دەستكارى موچەكانیان نەكراوەو وەك خۆیان ماونەتەوەو دەڵێن هەریەكەیان بەپاساوێك فەرمانبەرى بەبرپرس لەدۆسیەى موچەو ژمێریارى بێ بەشى كردوون لەرێككردنەوەى موچەكانیان بەپێى ئەم سیستمە نوێیەى یەكخستنەوەى موچەى سلێمانى و هەولێر كە دەبێت هەموو فەرمانبەرێكى دامەزراو لەساڵى 2003بەدواوە بگرێتەوەو ئەوانیش هەر لەو ساڵەداو بگرە پێشتریش دامەزراون.
یەكێك لەو فەرمانبەرانەى كتێبخانەى گشتى هەڵەبجە دەڵێت تەنها ئیرەیى بەرپرسەكانى بەرێوەبەرایەتییەكەیان لەسلێمانى رێگربووە لەبەردەم چاككردنى مووچەكەیانداو بەپێى ئەو بەدواداچوون و پرسیاركردنانەمان لە بەرێوەبەرایەتییەكانى تر پێیان وتووین ئێوە مەشمولى بریارەكەى حكومەتن و غەدریان لێكردوون، نموونەى فەرمانبەرى زۆریترى وەك ئێمە هەیە مووچەكانیان زیادى كردووە.
ئەوان دەڵێن بەهەندێكمانیان وتووە مووچەكانتان خۆى زۆرەو لەوە تێپەریوە هیچ زیادكردنێك بتانگرێتەوە، بەچەند كەسێكیشیان وتووە ئێوە خزمەتى ترتان هێناوەتەوەو مووچەكەتان زیادى كردووەو پارەى براوى خانەنیشنەكەتان نەداوەو برۆن بیدەن بۆتان دەستكارى دەكەین، لەكاتێكدا ئەمە دوو بابەتى جیاوازەو پارەى خانەشین پەیوەندى بەم بریارەوە نییەو هەریەكەیان ئیجرائات و ئوێولى خۆى هەیە..
فەرمانبەرەكان گلەیى لەبێسەروبەرى كارى ناو بەرێوەبەرایەتى كتێبخانەى گشتى سلێمانى دەكەن و دەڵێن دۆسیەكانیان تێكەڵ و پێكەڵەو هەمیشە نووسراو و ئەوەلیاتەكانمان ون دەكەن و داوا دەكەن نوسخەى هەڵگیراوى ماڵەكانى خۆمانیان بۆ بەرین بۆ بەرێكردنى كارەكانمان، یەكێكیان دەڵێت جارێكیان بۆ وەرگرتنى مۆڵەتى خوێندن رۆَژێكى تەواو لەدادگاو قائیمقامیەتى هەڵەبجەو دائیرەكەى خۆم كەفالەت و تەئیید سەكەن و نووسراوى ترم رێكخستووەو بۆ رۆژى دواتر چوومەتە كتێبخانەى گشتى سلێمانى مامەڵە رەسمییەكەم خستووەتە بەردەم ئەو فەرمانبەرە بەرپرسەى كە لەژوورێكدا لەگەڵ زیاتر لەشەش ژنى ترى فەرمانبەردا دانیشتوووەو پێى وتووم لەدەرەوە چاوەڕێ بكە تا بۆت تەواو دەكەم، زیاتر لەسەعاتێك چاوەروانى كاتێك دەچمە ژوورەوە تازە پێم دەڵێن فەرموو ئیشت چییە، ئەو فەرمانبەرە دەڵێت لەسەر مێزى ئەو فەرمانبەرە مامەڵەكەم ئاوێتەى دەیان فیل و نووسراوى تر دەبێت و دواى نیوسەعات گەران ئەڵێن داواى لێبووردن دەكەین وەڵا ون بووەو نازانین كەوتووەتە كوێوە دەبێت برۆیتەوە بۆ هەڵەبجەو سەرلەنوێ كەفالەت و تەئییدو مامەڵەى نوێ بكەیت، فەرمانبەرەكە بەحەسرەتەوە دەڵێت ئاخر چۆن ون نابێت هەمیشە سەرمێزەكانى ئەو خوشكانە لەفەى خواردن و نان و قۆرى چایى بەسەورەوەیەو لەگەرمەى دەوامدا خەریكى خوردن و قسەو سوعبەتى خۆیانن.
ئەوەى زۆر سەرنجى ركێشام وتەى هەندێ لەفەرمانبەرەكانى ئەو كتێبخانیەبوو كە پیچیان وایە هەندێ لەبەرپرسەكانى بەرێوەبەرایەتییەكەیان و لەگەڵیدا كتێبخانەى گشتى سلێمانیش مووچەكانیان خەیاڵیانە بۆ خۆیان دەستكارى كراوەتەوەو پێیان وایە ئەگەر لیژنەیەكى باڵا لەدەرەوە پیاچوونەوەى دۆسیەى مووچەكانیان بكات شتى زۆر سەرسورهێنەر دەۆزێتەوەو دەردەكەوێت گەندەڵى ئیدارى مالى لەناو بەرێوەبەرایەتى كتێبخانە گشتییەكان و بەرێوەبەرایەتى كتێبخانەى گشتى سلێمانى لەچ ئاستێكى ئابڕووبەرانەدایە.
ئەو فەرمانبەرانە دوا قسەیان ئەوەبوو وتیان ئەگەر هەركەسێك دەیەوێت بزانێت ئەزموونى كارو شارەزایى بەرپرس و فەرمانبەرەكانى ئەو بەرێوەبەرایەتییە لەچ ئاستێكدایە با بروات سەردانى فەرمانگەى تۆماركردنى زانیارى تایبەت بەفەرمانبەران بكات لەسلێمانى بۆ ئەوەى بزانێت بەرێوەبەرایەتى كتێبخانە گشتییەكان زانیارییەكانى تایبەت بە فەرمانبەرەكانى كتێبخانەكانى سەر بەسلێمانییان چۆن داوەتە ئەو فەرمانگەیە كە زۆربەیان هەڵەو ناتەواوبوون و كارمەندەكانى فەرمانگەى تۆماركردنى زانیارى خۆیان جارێكیتر زانیارییان لە فەرمانبەرەكان وەرگرتووەتەوەو كارە لارەكانى ئەوانیان راست كردووەتەوە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە