رۆشنبیران و بازرگانیی بەرپرسان لەگەڵ داعش !
Tuesday, 11/11/2014, 12:00
زۆر باسی بازرگانیی بەرپرسانی كورد و داعش نەكرا، بەڵام ئەوەی جێی مشتومر و پرسیاری زیاترە كەس خۆی لەقەرەی مەسەلەی ئەو پارە زەبەلاحەی بەرپرسانی كورد نەدا.
بە بۆچونی من، دیارە لەبەر دوو هۆی سەرەكی بێت ؛
یەكەم : ئەوەی بازرگانی لەگەڵ داعش كردبێت دارودەستەشی تێدایە و خەڵكی لابەلای تێكەوتوە و بازرگانی بچوك و پیاوی ئەم و ئەویشی تێدایە و هەریەكە و بە پێی چۆنێتی بەشداریكردنی پێویستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت و وا باس دەكرێت كە ژمارەیەكیان گیرابن و كەس باسیان ناكات و ناویشیان جۆتە بنی گۆمێكەوە .
دووەم: ئەم گەندەڵیە تا رادەیەك خیانەتكارانەیە و لەكاتێكدایە كە هەواڵی پارە زل و زەبەلاحە ملیارەها دۆلارەكەی بەرپرسانی كورد دزەی كردۆتە نێو میدیاكانەوە، ئەگەر جار وبار باس لە بازرگانی لەگەڵ داعش دەكرێت چونكە خەڵكی سەرجەم لایەنەكانی تێدایە و زەرەمەندی یەكەم ئەو كەسانەن كە لە خوار پلە و پایە زلەكاندان و بۆ ئەوان بازرگانی دەكەن، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە ترسناكترەكە داپۆشرێت كە باس لە دە بەرپرسە زەبەلاحەكە دەكات لە بردنی ماڵ و سەروەتی میلەت تێوەگلاون كە بە سێ سەد ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە لەكوردستاندا، رۆشنبیران و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشو و دەسەڵاتی ئێستاش كە وەعدی چوار ساڵی ئارامیان دابوو نقەیان لە خۆیان بریوە لەم بارەوە و سەری خۆیان كزكردووە ەك نە بایان دێبێت نەباران .
لێرەدا ئەوەی زیاتر مەبەستمە، رۆشنبیرانی كوردستانە كە زۆربەیان لافی بێلایەنی دەدەن، بەڵام لە پرسێكی گرنگی وەك بازرگانیەكە و دزەكردنی هەواڵی ئەو هەموو سەروەت و سامانەی بەرپرسان لە كاتێكدا كە فەرمانبەران سێ مانگ جارێك مەعاش وەردەگرن، ئەوانیش دابەشبونی خۆیان بەسەر حزبەكاندا سەلماند و بەرژەوەندیە گشتیەكانیش كە زۆر جار باسیان دەكرد ئەوان خۆش.
من لێرەدا ئەگەر بابەتیانە باسی ئەو پرسە هەستیارە بكەم، دەڵێم بەرپرس چەند گەدەڵ بێت لەبەرژەوەندی خۆیدایە كە نەك گەندەڵی شەخسی خۆی بەڵكو هی حزبەكەشی بشارێتەوە، بەڵام ئەركی نیشتمانی رۆشنبیری خاكپارێز وشۆرشگێر ئەوەیە ؛ئەوەی زیان بە تاكی كۆمەڵ بگەیەنێت بیخاتە ژێر برسیار و راو هەڵوێستی هەبێت و وردەكاری هەموو نەرێنیەك بۆ خەڵكی باس بكات و هۆكار و چارەسەری بدۆزێتەوە، بەڵام وا دیارە لەگەڵ ئاوابونی خۆری ئۆپۆزسیۆن و بەشداریكردنیان لە دەسەڵات، رۆشنبیرانی بەناو سەربەخۆش چوونە نێو قۆناغی متبونەوە، ئەگینا مەعقولە لە پرسێكی وەك بازرگانی لەگەڵ داعشی خوێنمژ و ئاشكرابونی پارە زەبەلاحەكەی بەرپرسانی كورد لەم كاتەدا بەهەر هۆكار و مەرامێك بێت، رۆشنبیران خۆیان لەقەرەی نەدەن و قروقەپی لێبكەن .
ئەگەر بژاردە (نوخبە) ی كورد لە هەر بوارێكدا بێت بێ دەنگی هەڵبژێرێت خەڵكی ئاسایی چی بكات ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست