كێ بەرپرسیارە لە گۆش نەكردنی كوڕی من و ھەزارانی تر، بە بیری نەتەوەی و كوردایەتی ودلسۆزی بۆ خاك و گەلەكەی
Sunday, 20/05/2012, 12:00
ڕۆیی ئاواتی بردە بن گڵی ڕەش
ڕۆی كورد ماوە بێكەس و بێبەش
ھێمن
زۆر دەمێكە وەك تاكی كورد باوەڕم بە چەمك و بیرۆكە، وتاری سیاسی ، دەوڵەتی كوردی نەماوە، بەڵام! وەنەبێ بەتەواوی لە ھزرم دا گووژابنەوە، نەخێر! بەڵكوو زۆربەی شەوانم دەست لەملی ئازادی دەكەم وبیرۆكە و تیئوریەكان ، دەكەم بە ملوانەكەیەك و بەدەستی خۆم لەملی ئازادی دەئاڵێنم و دەستی دەگرم و بەڕەو ڕووی نیشتیمانم پێكەوە سەری ڕێز دادەنۆێنین و چاوەڕێی ئەوەین نیشتمانمان ژیانمان لێپیرۆز بكات . ھەر لەم خەونەشمدا سەرێك بۆ ئاسۆ ھەڵدەبڕم ، لە گەڵ گزنگی ڕۆژ كوڕەكەی خۆم و منداڵانی تری كورد دەبینم، ھەر یەكێكیان ئاڵا و واڵایەكیان لەدەستی دایەو ڕایدەوەشێنن، وەك ئەسپی شێ، ھەركەسەو تیشكێكی لە ژێر خۆی بێ زین گرتوەو كۆمەڵ، كۆمەڵ بەناو نیشتماندا دەڕژێن.
ئەوەی نائومێدی كردووم، مەردوومی ھەنووكەن ، با جارێ بازێك بدەم وبەسەر پێوە، كە ھەر ڕێمان كەوتە سەر ئەم كۆڵانە باسێك لە نەخۆێندەواری و خۆێندەوار و ڕۆشن بیرش بكەم ، بێگوومان خۆشتان ئازادن لە بۆچوونەكانتان. بەلای منەوە مەرج نیە كەسی نەخۆێندەوار(ئەوكەسەی خۆێندویەتی بەڵام تەواوی نەكردوە) ناڕۆشنبیر بێ ، یاخود كەسی خۆێندەوار، بەواتە كەسی ئەكادیمی لە بوارێكدا كە بۆی خۆێندوە ڕۆشنبیر بێ، جگە لە بوارەكەی خۆی، ئەگەر لەمیشدا خۆی ڕۆشنبیر كردبێ، ئەوە ماشااللەی گەرەكە، كەواتە لە ناو كوردا ڕۆشن بیری دوو كەوانەی دەوێت، چوونكە كورد جیاوازی لە نیوان ڕۆشن بیرو دەوڵەمەند و خاوەن بڕوانامەی لێتێكچووە، وا دەزانێ دكتۆر لە بوارەكانی ژیان بەگشتی دەزانێ و ھەروەھا پاڕێزەرێكیش دەتوانێ ڕەچەتەیەكی دەرمان بۆ نەخۆش بنووسێ، بەڵام بابایەك بە درێژای ژیانی ھەزاران پەڕتۆكی خۆێندۆتەوە ، تاڵی و سۆێری ژیانی چەشتووە، بەكوردیەكەی، فلیمی ژیانی بە ڕەنگاو ڕەنگی و ڕەش و سپی دیتوە! بە دیدی زۆربەی كەس لە ئاستی ئەو دكتۆرەدا نیە كە خوا دەزانێ بە چەند قۆپیە دەرچووە، یانیش جگە لە پەرتۆكی تایبەت بە زانكۆیەكەی نەپڕژاوەتە سەر ھەواڵێكی ڕۆژانەی شارەكەی خۆی. نمونەم بۆ ئەم باسەی سەرەوەم ، ئەو كەناسە بوو كە ڕۆژانە سەر شەقامەكانی خاوێن دەكردەوە ، بە ڵام بەھۆی لێزانین و شارەزای لە بواری گەشتیاری لە بەریتانیا بێ ھیچ مەرجێك زانكۆی كام بریدچ بڕوانامە بە پلەی ماستەری پێشكەش كرد، بەداخەوە ھەوڵمدا لینكەكەی ببینمەوە بەڵام دەستم نەكەوت، بەھەرحاڵ نازانم بۆ لەم باسەی خۆم لام دا، دیارە ویستم باسێكی كەسایەتیە كوردیەكان و خاڵی لاوازیان بكەم ، كە ئەمرۆ بەھۆی چەند سەرماییەكی بێ ئارەقە خۆی لێبووە بە سوقرات.
ھاوڕێیەكی زۆر دڵسۆزم ، كوڕەكەی خۆی و ئەوەی منیش كە تەمەنیان یانزدە ساڵانە، ماوەیەكە وانەی كوردی و مێژووی كوردستانیان پێ دەڵێ ، بۆ ئەوەی لە پاڵ زمانی ئینگلیزی كە بۆ ئەوان بە زمانی یەكەم ھەژمار دەكرێ ، شارەزایان لە زمانی دایكیش ھەبێ و مێژووی كوردیش بزانن ، ھیچ نەبێ ئامادەبن بۆ دوا ڕۆژ ، ئەگەر نەگەرێنەوەش بۆ كوردستان وەك لۆبیەك لە دەرەوە بتوانن خزمەت بە نەتەوەكەیان بكەن. لەم ڕۆژانەدا كوڕەكەی من لام دانیشتبوو بە ئاسپای و لەبەر خۆیەوە ھونراوەیەكی ھێمنی نەمری دەخۆێندەوە، دیار بوو باسی فیداكاری و خۆبەخت كردن لە پێناو نیشتمان بوو، گەر ھەڵە نەبم " گفتوگۆ لە گەڵ وەنەوشە" بوو، بەھەرحاڵ لە ھەمان كاتدا لە سەر لاپ تۆپەكەم دیمەنی ئەو كابرایەم بینی كە بە نائومێدی ھاواری دەكرد كە عیماد ئەحمەد ببینێ و ئەویش پێشمەرگە بوو لە گەل ناوبراو ، بە دیتنی دڵم سارد بوو ،بێگوومان ئەگەر ئەم كابرایە لە گەڵ خودی خۆی پێشمەرگەش نەبوو بێ ، وەك تاكێكی كورد پێویست بوو ئاوا بەخۆێن ساردیەوە پشتی تێنەكرێ و بزانن داواكاری چیە، مەگەر تێكۆشان و پێشمەرگایەتی بۆ دادی ئەم ھەژارانە نەبووە ! ھەربۆیە بە وكوڕەكەمم گووت ، جارێ ئەم پارچە بپەڕێنە (پاس)ی كە، ئەویش بەسەر سوڕمانەوە: بۆ پاسی كەم مەگەر یەك مانگە تۆ و كاك ... نەتان دەویست بەجوانی بیخۆێنمەوەو لەبەری بكەم، بۆ وازی لێبێنم ، منیش نەم دەزانی بۆ وازی لێبێنێ ، ئایا كەسێك لە ئاستی بەرپرسیاری دانەبێت بۆ دەبێت كاریگەری لەسەر سۆزی من دروست بكات و لە خۆشەویستی نیشتیمانێك كە خۆمان پێش خەڵك و دووژمن غەدری لێدەكەین كەم بكاتەوە.
لێرەوە من لە خۆێنەری كورد دەپرسم ، كێ بەرپرسیارە لە گۆش نەكردنی كوڕی من و ھەزارانی تر، بە بیری نەتەوەی و كوردایەتی ودلسۆزی بۆ خاك و گەلەكەی، منم یان سەركردەی كوردە، یانیش ھەموومانینن؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست