خوێندنەوە باشترین چەكى بەرەنگارى دیسپۆتیزمە
Monday, 01/02/2010, 12:00
خوێندنەوە بە سروشت دەسەڵاتێكى مەعریفییە و لە كۆمەڵگە داخراوەكانى شمولى هەڕەشەیە بۆ سەر دەسەڵاتى تاكڕەو كە لەبڕى هەمووان بیردەكاتەوە و عەقڵى مرۆڤ ئیلغا دەكاتەوە تا دەستبگرێت بەسەر سەرجەم ووردەكارییەكانى ژیانى و هەموو مافەكانى موسادەرە بكات ، وشەى نوسراو پەرە بە فیكر دەدات و مرۆڤ پێشدەخات چونكە وشە وتەبێژى فەرمیى عەقڵە وەكو نوسەرى فەرەنسى ریجیس دۆبریە ئاماژەى پێدەدات .
كاتێك لە ڤۆلتێر یان پرسى كێ پێشەنگى مرۆڤ دەكات ؟ لە وەڵامدا وتى : ئەوانەى دەزانن چۆن دەخوێننەوە)) بێگومان ئەم گوتەیەى ڤۆلتێر ئاماژەیە بۆ كۆمەڵگە دیموكراسییەكان كە بیرى ئازاد و رادەربرین تیاییدا گەشە دەكات و رازییە بەوەى دەسەڵاتى دیكەى هاو تەریب هەبێت لە گەڵیدا و ئەمە بە هەرەشە نازانێت لە بەردەمى بەڵكو ئەمە هێزە بۆ تاك و كۆمەڵگە و دەوڵەت ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە جەنگ لە پێناو دیموكراسیدا جەنگە لە پێناو خوێندنەوەدا چونكە بوارى ئەوە دەرەخسێنێت تاكەكان سەیرى فیكرو ئەزموون و بۆچوونى خەڵكى دیكە بكەن ئەمەش لە دەرەنجامدا زەمینەسازى پێكەوە ژیان دەرەخسێنێت وێڕاى جیاوازى بیرو بۆچوونیان .
بە پێى دوا راگەیندراوى یۆنسكۆ كەلێنى گەورەى نێوان كۆمەڵگە دوواكەوتووەكان و وڵاتە پێشكەوتووەكاندا كەمى خوێندنەوەیە بۆ نموونە هەر بە پێى هەمان راگەیەندراوى یۆنسكۆ لە وڵاتەدا عەرەبییەكاندا 35 كتێب بۆ یەك ملیۆن كەس بڵاو دەكرێتەوە بەڵام لە ئەوروپا 558 كتێب بۆ ملیۆنێك كەس كەواتە دەبێت ئاگادارى رۆڵى خوێندنەوە بین لە ئازادبوونى هزردا هاوكات توێژەرێكى فەرەنسى دەڵێت : تێگەیشتن لە دەق لە 20% دەگەڕێتەوە بۆچاو كە دەخوێنێتەوە بەڵام لە 80% دەگەڕێتەوە بۆ خودى خوێنەر كە پرسیارى دەبێت و لە پەراوێزى لاپەرەكان تێبینییەكانى دەنوسێت بۆیە لە رژێمە پۆلیسییەكان خوێندنەوە ترسناكترین هەرەشەیە بۆ سەر رژێم بەو هۆیەى بوارى فێڵبازى و تەفرەدان كەمدەبێتەوە و هەر ئەوەش هۆكارى ئەوەیە كە ئەو جۆرە رژێمە كۆت دەخاتە سەر راگەیاندن و ئەوەى خزمەتى ئەو نەكات بوارى نادرێتى كار بكات .
* سەرنوسەرى گۆڤارى شار
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست