روانگه‌یه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ل سه‌رۆکی هه‌رێم کۆ ببنه‌وه
Friday, 02/04/2010, 12:00
چه‌ند رۆژێ له‌مه‌وبه‌ر ئۆفیسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وه‌ک هه‌واڵێکی گرنگ ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌لبژاردن، سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌موو پارت و لیسته کوردستانییه‌کان کۆ ده‌بێته‌وه به مه‌به‌ستی نزیککردنه‌وه‌یان و یه‌کخستنی هه‌ڵوێستی کورد له به‌غدا.
1. له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی پێشووشدا سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ندین جار له‌گه‌ل سه‌رۆکی حیزبه کوردستانییه‌کان کۆدهبۆوهو ته‌نانه‌ت ئه‌نجومه‌نیکی حیزبه‌کانیش هه‌بوو که هه‌ر وه‌ختێ مه‌سعود بارزانی بیویستایه بانگی ده‌کردن. کاریگه‌ری و نرخی هه‌ر چوارچێوه‌یه‌کی رێکخراوه‌یی یان کارێک ئهنجامهکانێتی. بڕوا ناکه‌م که‌سێک هه‌بێ ته‌نانه‌ت یه‌ک ئه‌نجامی کاریگه‌ری ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ی ساڵانی پێشووی له یاد ما بێ یان بزانێ ئه‌نجومه‌نی حیزبه‌کان چ بوو یان چ ده‌ورێکی هه‌بوو. ئه‌مه زیاتر له 'به‌ره‌ی نیشتمانی دیمۆکراتی' حیزبی به‌عس له عیراق و سووریا ده‌چوو که چه‌ند که‌سێکی نوێنه‌ری جه‌ند حیزبێکی کارتۆنی وه‌ک پاشکۆی به‌عس ناو به ناو کۆ ده‌بوونه‌وه تا رواله‌تی پلورالیزم و فره‌حیزبی به سیستمی دیکتاتتۆری تۆتالیتاری تاقه سه‌رۆکی فه‌رمانده و حیزبه‌که‌ی بدات. له لایه‌کی ترێشهوه ئه‌و کۆبوونه‌وانه هه‌میشه له پشت په‌رده‌وه کراون و ئێمه ته‌نانه‌ت تۆماری ئه‌و کۆبوونهوانهشمان نه‌بینیون و نازانین چ بریاردراوهو چۆن به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێکردنی بریاره‌کان کراوه. راستی ده‌وری ئه‌و کۆبوونه‌وانه له گرنگییه‌کی ره‌مزی بۆش بۆ سه‌لماندنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی رههاو نه‌به‌ستراو به هیچ بنه‌مایه‌کی ده‌ستووری و پرۆسه‌یه‌کی یاساییه‌وه هچی تریان ڵێ شین نه‌بۆته‌وه.
2. دوای 19 ساڵ له ده‌سه‌ڵاتی کوردیی، و له‌گه‌ڵ بوونی په‌رله‌مان و حکومه‌تیشدا، هێشتا ئاژاوه‌یه‌کی زۆر له سیستمی ده‌سه‌لات و بریارداندا هه‌یه‌و جه‌ماوه‌ری خه‌لكی کورد به ته‌واوه‌تی په‌راوێز کراوه. ته‌نانه‌ت له پرسی گرنگی وه‌ک دانانی بودجه بۆ ناوجه‌کان، ده‌رهێنانی نه‌وت و سه‌رچاوه ئابوورییه‌کان، نه‌خشه‌دانانی ئابووری و په‌ره‌سه‌ندن، سسیتمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن، چاره‌سه‌ری گرفته کۆمه‌لییه‌کان. هتد بریاره‌کان له تاریکیدا ده‌درێن و جه‌ماوه‌ر لێیان بێئاگایه. ته‌نانه‌ت وه‌ک ئاشکرایه تا ئێستا په‌رله‌مان و حکومه‌تیش ده‌ورێکی جێهجێکهرانهو چه‌واشه‌کارانه‌یان هه‌بووه‌و هه‌موو بریاره گرنگه‌کان و جارهنووسسسازهکان له پشته‌وه دوور له ئه‌مانه‌ت و روونکاریی [شه‌فافیه‌ت] له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی حیزبییه‌وه دراون و ده‌درێن به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماله‌یی و مه‌کته‌به سیاسییه‌کانیانه‌وه بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و ناوچه‌یی نه‌ک خزمه‌تی جه‌ماوه‌ری کوردستان وه‌ک مافێکی سروشتی و هاوولاتیی خۆیان. بۆ نموونه له پڕێکدا له ده‌ره‌وه پشکی کۆمپانیایه‌کی نه‌وت به‌رزده‌بێته‌وه‌و سه‌دان ملیۆن دۆلار قازانج ده‌کا چونکه ده‌ڵین له کوردستان کۆنتراکتی ئیمزا کرددووه و نه‌وت ده‌ردێنێ یان فه‌زیحه‌تی ملێۆنه‌ها دۆلار قازانج بۆ که‌سان و ده‌ڵالانی له پشت ئه‌م کۆنتراکتانهوه ئاشکرا ده‌بن، که‌جی خه‌لكی کوردستان ئاگای له هیچ نییه‌و نازانێ چۆن و بۆچی سه‌رباری تاڵانی بودجه‌و مڵك و سامانی سه‌رئه‌رزی گه‌له‌که‌مان، ملك و سامانی بنئهرزیشی که مڵكی نه‌وه‌کانی داهاتوومانه، ئاوا ده‌درێته کۆمپانیای بێگانه‌ی گومانلێکراوو. چۆن بریاری ئاوا چاره‌نووسساز، به بێ یاسا‌و ده‌ورو چاودێر‌و دیبات و رازیبوونیی په‌رله‌مان و خه‌لک، ده‌درێ و كێن ئه‌م کارانه ده‌که‌ن له کاتێکدا هێشتا خه‌لكی کورد نه‌ک هه‌ر هیچی له به‌روبومی نه‌وت ده‌ستنه‌که‌وتووه، به‌لکو ده‌بێ بۆ بهدههستهێنانی به‌رمیله نه‌وتێکیش له زستاندا نرخێکی زۆر بده‌ن و زه‌حمه‌تێکی زۆر بکێشن؟
3. کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی زیانبه‌خشی ئه‌م نادیمۆکراسی و ناروونکاریی و نابه‌رپرسیارییه له بریاردانی سیاسی و به‌رێوه‌بردنی ولاتدا، ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆر‌و غه‌درو بێدادییهیه که بۆته په‌تای کوشنده‌ی کۆمه‌لگای کورده‌واری و ئه‌و هه‌موو گرفته سیاسیی و کۆمه‌لایه‌تی و که‌لتوورییه که له‌م وابووهوه سه‌ریان هه‌لداوه‌و ته‌شه‌نه‌یان کردووه که ژنان و گه‌نجان به‌تایبه‌تی و کۆمه‌لگای کوردی و پاشه‌رۆژی کوردستان به گشتی بوونه‌ته قوربانی ئه‌و بێدادیی و سته‌مه سیاسیی و کۆمهلییانه. داگیرکردنی زهویو زاری گشتی و ملکو مالی خه‌لک، له‌ناوبردنی که‌رتی كشتوکالی و به‌رهه‌می خۆماڵی، دزینی بودجه‌و سامانی گه‌ل و قۆرخکردنی بازاڕ‌و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له‌لایه‌ن کۆمپانیا بنه‌ماڵه‌یی و حیزبییه‌کان و شه‌ریکه بیانییهکانیانهوه، داڕماندنی ئاستی په‌روه‌رده‌و خوێندن و زانست و رۆشنبیریی، ده‌سدرێژی بۆ سه‌ر نامووس، جیاوازیکردن له دامه‌زراندن و هه‌لی کاسبکاریدا، جیاوازییه‌کی زۆر له ئاستی و مووچه‌و سامان و خانووبه‌ره‌دا، گرتن و لێدان و ئیهانه‌کردن، ژیرپێدانی مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه تاکه‌که‌سی و دیمۆکراتییه‌کان، به حیزبکردنی کۆمه‌لگاو شتنه‌وه‌ی مێشکی خه‌لک به سه‌دان ده‌زگای میدیای حیزبی که به پاره‌ی گشتی به‌رێوه ده‌چن، بوونی میلیشیای تایبه‌ت، داڕمانی به‌های ئه‌خلاقی، زیادکردنی مردن و نه‌خۆشی و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان و دیارده‌ی خۆکوشتن و کوشتن، بلاوبوونه‌وه‌ی خه‌ته‌رناکی هه‌ژاریی و بێکاریی و که‌مده‌رامه‌تی، ژیانی پڕکوێرهوهری خێزانه‌کانی ئه‌نفال و ئاواره‌کانی که‌رکوک، به‌رده‌وامی هه‌لاتنی گه‌نجان و وه‌ستانیان له ده‌ره‌وه دژی به زۆر ناردنه‌وه‌یان بۆ دۆزه‌خی هه‌رێم، هتد ئه‌مانه ته‌نها رواله‌ته دیاره‌کانی ئه‌و سیستمه‌ن که له سه‌ر جیاوازیی و نادادیی ده‌سه‌لاتی بنه‌ماڵه‌یی و ملهوڕی حیزبی و ئاژاوه‌ی بێسیستمی دامه‌زراوه.
4. له هه‌مووی خراپتر و بهربهریتر ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو زۆلم و جیاوازییه زۆرانه‌شدا یاسایه‌ک و دادگایه‌کی ده‌ستووری بالا نییه که خه‌لک بتوانێ په‌نای بۆ به‌رێ و داوای مافی خۆی یان ههقسهندنهوهو قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان له ئه‌نجامی زوڵمێکدا بکات. له ئافره‌تێکه‌وه که به زۆر به شوو ده‌درێ، یان به تاوان ده‌ستدرێژی نامووسی لێده‌کرێ و له به‌رنه‌بوونی ماف و پشتگیریی یاسایی زۆریان ناچارده‌کرێن خۆ بسووتێنن یان ده‌کوژرێن، بۆ ئه‌و گه‌نج و ده‌رچووانه‌ی زانکۆ که به ناهه‌ق و له‌به‌ر جیاوازیگهریی حیزبی و ناوچه‌یی مافی دامه‌زراندن و خانووداریی و پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ریان لئ حه‌رام ده‌کرێ، تا ئه‌و عه‌شیره‌ت و بنه‌مالانه‌ی به بێ یاسا‌و به ناهه‌ق زه‌وی و ملکییان داگیرکراوه، تا سه‌دان قوربانی شه‌ڕی براکوژی که هه‌ن هێشتا چاره‌نووسی کورو که‌سه‌کانیان نازانن یان هه‌ر ده‌ربه‌ده‌رو مالداگیرکراون، تا ئه‌و که‌سانه‌ی که به ناهه‌ق له به‌ر جیاوازی بیر‌ورا یان ده‌نگدان بۆ لیستێک له‌سه‌رکار ده‌رده‌کرێن، نانبراو ده‌کرێن یان ده‌گوێزرێنه‌وه‌و ئیهانه ده‌کرێن، یان ته‌نانه‌ت ده‌گیرێن و ئه‌شکه‌نجه ده‌درێن، تا ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی که ته‌نیا له به‌ر ههولدانیان بۆ دۆزینه‌وه‌و راپۆرتکردنی رووداوه‌کان و راستییه‌کان راوهدوودهنرێن و ده‌گیرێن و سووکایه‌تییان پێده‌کرێ، یاسای داپه‌روه‌ریی و لێپرسینه‌وه‌و سزادانی تاوانبار‌و تاوانکار ئه‌سه‌ری دیار نییه‌و جه‌نگه‌ڵی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی جێگه‌ی گرتۆته‌وه. چه‌مکی مرۆڤ له کوردستاندا وه‌ک هاولاتییه‌ک که ماف و که‌رامه‌ت و ئازادییه‌کانی پارێزراو بن و ده‌رفه‌تی یه‌کسانی ژیان و کار‌و پێشکه‌وتن و به‌شداری له بریاری سیاسی‌دا هه‌بێ، له ئارادا نییه.
5. له هه‌موو سسیتمێکی حوکمڕانیدا هه‌ر کارێک یان هه‌نگاوێک و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات [مه‌رجه‌عییه‌تێک] که توانستی بڕیاردانی هه‌بێ ده‌بێ به یاسا رێک بخرێ و پرۆسه‌و ئه‌نجامه‌کانی به‌رپرسیاریی یاسایی بیانگرێته‌وه. له سیستمی حوکمڕانی دیمۆکراتیدا سه‌رچاوه‌کانی بڕیاردانی ده‌سه‌لات که‌مترین مه‌رکه‌زییه‌ت و هایریارکییان [ده‌سه‌لاتی هه‌ره‌مییان] تێدایه. به‌لكو زیاتر شێوه‌ی نانێوه‌ندی و له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌گرێته‌وه. واته ده‌سه‌لات بۆ هه‌موو ئاسته‌کانی جین و توێژه‌کانی گه‌ل داده‌به‌زێ و له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌موو هه‌رێم و ناوجه‌کان به شار‌و گونده‌وه له پرۆسه‌ی ده‌سنیشانکردنی پێویستییه‌کانی ژیانیان و پرسه سیاسییه گرنگه‌کان و نه‌خشه‌دانان و بریاردان و به‌شداریی و چاوه‌دێری جێبه‌جێکردن و هه‌ڵسه‌نگاندندا به‌شدار ده‌بن. ئه‌مه ته‌نیا پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی په‌رله‌مان ناگرێته‌وه به‌لکو هه‌موو ئهوچالاکی و شتانه ده‌گرێته‌وه که رۆژانه پێوه‌ندی به ژیانیانه‌وه هه‌یه وه‌ک کۆمه‌لگایه‌کی مه‌ده‌نی دیمۆکراتی که ده‌توانن بۆ خۆیان جاره‌نوسی خۆیان بریار بده‌ن.
6. له‌لایه‌کی تریشه‌وه بۆ سه‌لماندن و چه‌سپاندن و به‌کارخستنی ماف و به‌رپرسیارێتی وه‌کیه‌کی هاولاتیان، هه‌موو ولاتێک ده‌ستوورێکی بنه‌ره‌تی و کۆمه‌له یاسایه‌کی سه‌ره‌کی هه‌ن که ماف و ئازادییه‌کانی هاوولاتییان زامن ده‌که‌ن و چوارچێوه و میکانیزمی جێبه‌جێکرنی بنه‌ماو مادده‌کانی ده‌ستوورو ده‌وری ده‌سه‌لاته یاساییه‌کان دیار ده‌که‌ن. هه‌موو هاولاتییه‌ک ژن و پیاو، بێ گوێدانه پله و پایه‌و چین و شوینی کۆمه‌لایه‌تی، مافی وه‌کیه‌کییان هه‌یه په‌نا ببه‌نه به‌ر یاسا بۆ به‌هره‌مه‌ندبوون له مافه‌کانیان و هه‌موو به پێی یاسا مافی ده‌رفه‌تی یه‌کسانیان بۆ خوێندن و په‌روه‌رده‌و خوێندنی بالا‌و وه‌زیفه‌و کار و کاسبی و دامه‌زراندن له ئیشه‌کانی ده‌وله‌ت و سوودوه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌کانی بازار‌و وه‌به‌رهێناندا هه‌یه . هه‌موو تاوانێکێش وه‌ک یه‌ک به‌رامبه‌ر یاسا ده‌بێته‌وه‌و تاوانکار سزا ده‌درێ. دیاره ئه‌و تاوانانه‌ی دژ به به‌رژه‌وه‌ندی و مافی گشتی و مافه‌کانی مرۆڤن، وه‌ک گه‌نده‌لیی و دزیی و داگیرکاریی و کوشتن و ده‌سدرێژی شه‌ره‌ف، سزاکانیان قورستره. ئه‌وه ئه‌رکی حکومه‌ت و ده‌زگاکانی ده‌سه‌لاته که پاسه‌وانی یاسا بن و زامنی چێبه‌جێکردنی بن و خۆشیان له پێش هه‌ر هاولاتییه‌کی تره‌وه به‌رفه‌رمانی یاسا‌و ڕێساکانی ولات بن و له سه‌رووی ئه‌مه‌شه‌وه ببنه نموونه‌ی ده‌سپاکیی و راستگۆیی و روونکاریی و ره‌وشتبه‌رزیی.
6. دوای دوو هه‌لبژاردن له هه‌رێمی کوردستاندا له ماوه‌ی که‌متر له ساڵیکدا، ئێستا کاتی ئه‌وه هه‌یه هاوكێشه‌کان پێچه‌وانه بکرێنه‌وه‌و له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نیا بیر له ده‌سه‌لات و دابه‌شکردنی ده‌سکه‌وت و ئیمتیازه‌کانی دروستکراو به ده‌نگی خه‌لك و پیوه‌ندی و ئاشتکردنه‌وه‌و ته‌قدیسکردنی ره‌مزه‌کانی ده‌سه‌لات بکرێته‌وه، بیر له‌و خه‌لکه بکرێته‌وه که ده‌نگی داوه، بیر له کێشه‌کانی ژیانی میلله‌ت بکرێته‌وه‌و نه‌خشه‌ی خێرا‌و دوورخایه‌نی چاره‌سه‌رکردنیان بۆ دابنرێ. بیر له مندالانی شه‌هیدان و پاشه‌رۆژی گه‌نجه‌کانمان و کۆمه‌ڵگاکه‌مان بکرێته‌وه. ئه‌رکی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی حیزب و سه‌رۆکی لیسته‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزیسسیۆن ئه‌مه‌وه نییه له ناوان خۆیاندا بۆ رووتاندنه‌وه‌ی میلله‌ت رێک بن و سیاسه‌تی (عفا الله عما سلف) ده‌رباره‌ی تاوان و گوناح و ناحه‌قییه‌کان دژی گه‌ل به‌کاربهێنن و شه‌ڕی پاره‌و ده‌سه‌لاتی پتر بۆ خۆیان و بنه‌ماڵه‌و دهستهودایهرهکنایان بکه‌ن. دیاره ده‌سه‌لات ته‌نیا له ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌ست ده‌کا میلله‌ت هه‌یه هه‌ر وه‌ک ده‌وری خه‌لک ته‌نیا ئه‌وه بێ ده‌نگ بده‌ن یان ده‌نگه‌کانیان بکڕدرێ و ته‌زویر بکرێ و شه‌رعییه‌ت به ده‌سه‌لاتی نادادپهوهرو گه‌نده‌ڵ و نادیمۆکراتی بده‌ن و دواییش له بیر بچنه‌وه. پێویسته ئه‌م هاوكێشه‌یه بهرواژوو بکرێته‌وه، پێویسته ده‌سه‌لات و حکومه‌ت له خزمه‌تی گه‌لدا بن و به‌رپرسیار بن به‌رامبه‌ری نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
7. له لایه‌کی ترێشهوه دیسانه‌وه ده‌سه‌لات ده‌یه‌وێ له به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی عاقیبه‌تی تاوان و ناهه‌قی و نادادپه‌روه‌رییه‌کانی و ئه‌رکه یاساییه‌کانی به‌رامبه‌ر به خه‌لکی کوردستان هه‌ڵبێ و و له جیات وتاری دیمۆکراسی و داد و یه‌کسانی له کوردستاندا که پێویسته وتاری زاڵ و کارای قۆناغی دوای هه‌لبژاردن بێ، جارێکی تر وتارێکی نه‌ته‌وه‌یی ساخته و بێناوه‌رۆکی وه‌ک یه‌کریزی بهرامانبهر به (ئه‌وی دی) له به‌غدا زاڵ بکاو پرسه سه‌ره‌کییه‌کانی ژیانی خه‌لک چه‌واشه بکات و هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و جه‌ماوه‌ری کوردستان به ههڵهڕێ و لاڕێدا به‌رێ. له کاتێکدا ئاشکرایه تاقه ڕێگه‌ی به‌هێزبوون به‌رامبه‌ر به‌غداو هه‌موو هێزه ده‌ره‌کییه‌کان له کوردستانه‌وه ده‌ستپێده‌کاو کۆتایی دێ ئه‌ویش به به‌هێزکردن و پته‌وکردنی به‌ره‌ی کوردستان خۆیه‌تی به خوێندنه‌وه‌و حیساببۆکردنی هه‌موو تاکێکی کورد. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و سه‌لماندنی حوکمی یاسا‌و گێڕاندنه‌وه‌ی مافی زه‌وتکراوو چه‌سپاندنی یه‌کسانی و ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێ.
8. ئه‌م راستییانه ده‌مانگێڕنه‌وه بۆ بازنه‌ی یه‌که‌م و بۆ خاڵی سه‌ره‌تا، بۆ ئه‌و بۆشاییه ده‌ستووریی و یاسایی یه‌ی له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه. ئیراده‌ی گشتی هه‌ر گه‌لێک یان کۆمه‌لێک له دهستوورهکهیدایه. هیچ حکومه‌تێکی شه‌رعی له جیهاندا نییه که ده‌ستووری نه‌بێ و به پێی ده‌ستوورێک رێکنهخرابێ و چاوه‌دێری نه‌کرێ. په‌رله‌مان وه‌ک سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، هێز له ده‌ستوور وه‌رده‌گرێ و ده‌ورێکی گرنگی په‌رله‌مان پاراستنی ده‌ستووره. نه‌بوونی ده‌ستوور له کوردستاندا وایکردووه حکومه‌ت تا ئێستا به مانا یاساییه‌که‌ی نه‌بێ و په‌رله‌مانیش بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی تێدابێ. تا ده‌ستووری دیمۆکراتی به شێوه‌ی دیمۆکراتی بریاردراومان نه‌بێ و ئه‌و ده‌ستووره ده‌وری په‌رله‌مان کارا نه‌کاو په‌رله‌مان خۆی به یاسای دیمۆکراتی ریفۆرم نه‌کرێ تا زامنی ئۆپۆزیسیۆنیكی مافدارو کارا بکات، ناتوانین سیستمێکی دیمۆکراسی راسته‌قینه که پشت به یاسا‌و رێسا‌و دامودهزگاو دامه‌زراوه‌ی دیمۆکراتی ببه‌ستێ، دابمه‌زرێنین. واته ناشتوانین کۆمه‌لگایه‌کی دیمۆکراتی داد‌و ده‌رفه‌تی یه‌کسانمان هه‌بێ.
9. سه‌رانی کورد کاتێ باسی هه‌ر کێشه‌یه‌ک له عێراقدا ده‌که‌ن سه‌ری زار‌و بنی زاریان وشه‌کانی ده‌ستوورو ته‌وافوقه. پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: ئایا که ده‌ستوورو ته‌وافوق و پلورالیزم و حکومه‌تی هه‌مه‌لایی و یاسا بۆ عێراق چه‌مک و وتار‌و میکانیزمه گرنگه‌کانی رێکه‌وتنی سیاسی بن ، ئه‌ی بۆ کوردستان چ جۆره مه‌رجه‌عیه‌تێکی ده‌ستووری و میکانیزمێکی یاسایی و پلورالیزمێكی دیمۆکراتی هه‌ن؟ راستییه‌که‌ی ئێمه له کوردستاندا دوای ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌ی ئه‌نفال و پاشماوه‌کانی و ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌ی شه‌ڕی براکوژی و دزیی و داگیرکاریی و غه‌درو زوڵم و گه‌نده‌لیی و ئه‌و سسیتمه نایه‌کسانییه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردیی، ئێمه پێویستیمان به به‌خۆداچوونه‌وه‌وه پێداچوونه‌وه دیراسه‌یه‌کی ورد‌و قوولیی کۆمه‌لگاکه‌مان و پرۆسه سیاسییه‌کانمان و خاڵی هێزو لاوازیی و سروشتی ده‌رفه‌ته نه‌ته‌وه‌یی و ناوخۆییه‌کان و ئاست و سروشتی هه‌ڕه‌شه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان هه‌یه. ئێمه پێویستیمان به‌وه هه‌یه که نه‌ک ته‌نیا هاوکۆکییهکی [ته‌وافوقێکی] سیاسی له نێوان حیزب و هێزه سیاسییه‌کانی کوردستاندا و له نێوان حکومه‌ت و میلله‌تدا هه‌بێ، به‌لکو پێوسیتیمان به هاوکۆکییهکی کۆمه‌ڵایه‌تی پته‌ویشه، به مانایه‌کی تر پێویستیمان به [په‌یمانێکی کۆمه‌لایه‌تی] فراوان و کراوه هه‌یه که له سه‌ر بنه‌مای مافه سروشتییه‌کانی مرۆڤ و بنه‌ماکانی داپه‌روه‌ریی و ده‌رفه‌تی یه‌کسان و دیمۆکراسی کۆمه‌لگایی و به‌ها ئه‌خلاقییه‌کان دامه‌زرابێ. دیسانه‌وه وه‌ک ههنگاوێکی سه‌ره‌تایی سه‌ره‌کی بنه‌مایی ده‌بێ به ده‌ستووردا بچینه‌وه‌و بیکه‌ینه یاسای بنه‌ڕه‌تی پێکهێنانی ئه‌و په‌یمانه سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیییه.
10. بۆیه من تکا له به‌رێزان سه‌رۆکی کۆمار‌و سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌م که ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی دلسۆزانه‌و راستگۆیانه‌و ویزدانییانهو نه‌ته‌وه‌ییانه له‌م باره‌وه‌وه به‌و ئاراسته‌دا بکه‌ن. ئه‌ویش به گێڕانه‌وه‌ی ده‌قی ده‌ستوور بۆ په‌رله‌مان و له هه‌مان کاتدا کردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی مانگێکی تری پێشکه‌شکردنی راوبۆچوون بۆ هاولاتییان تا ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کرێ ده‌ستووره‌که تۆکمه و ته‌واو بکرێ. ئێـمه که خاوه‌نی مێژووی ئه‌نفال و مێژوویه‌کی دوورودرێژتری چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یین ناکرێ ده‌ستووری ئێمه له ده‌ستووری عێراق یان هیچ وڵاتێکی دیمۆکراتی، که‌متر دیمۆکراتی و به‌خۆگری مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه‌کانی هاو-وڵاتییان بێت.
11. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستووریش ته‌نیا وشه‌ی سه‌ر کاغه‌ز نه‌مێنێته‌وه و به‌ڕاستی، وه‌ک چۆن هه‌میشه به‌رپرسانی کورد له هه‌موو كێشه‌و مافێکدا ئاماژه بۆ ده‌ستووری عیراق ده‌که‌ن، ئاواش ده‌ستووری کوردستان ببێته سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و میکانیزمی هاوکۆکیی سیاسی و کۆنتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته هه‌ر به پێی ئه‌و ده‌ستووره به زووترین کات دادگایه‌کی ده‌ستووری بالا پێکبهێندرێ که سه‌دی سه‌د له که‌سانی پرۆفێشنالی سه‌ربه‌خۆ پێکبێن که رۆشنبیری یاسایی و ئه‌زموون و راهێنانی تایبه‌تییان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌بێ. پێویسته ئه‌م دادگایه مه‌رجه‌عی یاسایی ههرهباڵاو دوایی بێت که هه‌موو هاولاتییه‌ک بۆ راستکردنه‌وه‌ی ناهه‌قییه‌کان و زامنکردنی مافه مرۆڤییه سروشتی و مافه دیمۆکراتییه ده‌ستوورییه‌کانی بتوانێ به ئاسانی په‌نای بۆ به‌رێت و له‌گه‌ڵ ده‌ستووردا وه‌ک ویژدان و عه‌قڵی بهکۆمهلیمان له کاردابێ.
12. ئێستا بۆ سه‌دان کاری تاوان و ناهه‌قیی له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه وه‌ک ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مڵکومالی خه‌لک، قۆرخکردنی بازرگانی و کاسبیی، ژێرپێدانی ده‌رفه‌تی یه‌کسان و جیاوازیکردنی حیزبی له وه‌زیفه‌و دامه‌زراندندا، جیاوازیکردن دژی ئه‌و هاولاتییانه‌ی له هه‌نده‌ران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌یانه‌وێ له کوردستان دابمه‌زرێن یان کاسبی بکه‌ن و خزمه‌تی ولاته‌که‌یان بکه‌ن، ده‌رکردن و نانبرین له سه‌ر بیرورای جیاواز، گرتن و هێشتنه‌وه له زیندان به بێ فه‌رمانی یاسایی، مردنی گومانلێکراوی خه‌لک له زیندانه‌کاندا، ناعه‌داله‌تی حوکمدان له دادگادا، ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان، ده‌ستدرێژی سیکسی بۆ سه‌ر ئافره‌تانی ئیشکه‌ر له داموده‌زگاکانی حکومه‌تدا، هه‌ژاریی و بێلانه‌یی منالان، جیاوازی و ناعه‌داله‌تی له برینه‌وه‌ی مووچه‌دا، جیاوازیی و ناهه‌قیی له ته‌رخانکردنی بودجه بۆ ناوچه جیاکانی هه‌رێم، مردنی هه‌رزان له سه‌ر جادده‌و به خواردنی ئێکسپایه‌رو رووداوی جۆراوجۆر، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری بۆ که‌سانی پیروپهککهوتهو خاوه‌ن نه‌خۆشی ده‌روونی و عه‌قلیی، لێنهکۆلێنهوهو به ئهنجامنهگهیشتن له هه‌زاران که‌یسی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسووتاندن به‌تایبه‌تی هی ژنان دا، به‌کارهێنانی هێزی ێشمه‌رگه وه‌ک میلیشیا بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی، دامه‌زراندنی ده‌یان هه‌زار که‌س وه‌ک فه‌رمانبه‌ری حیزبیی به پاره‌ی حکومه‌ت و به‌کارهێنانیان بۆ کاری حیزبی دژهدیمۆکراتی و دژه یه‌کسانی، فه‌شه‌لی ده‌یان پرۆژه دوای خه‌رجکردنی ملیۆنه‌ها دۆلار بۆیان و موحاسهبهنهککردنی هیچ که‌س، گه‌نده‌لی بێ‌سنوور له لایه‌ن به‌رپرسانی حیزبی و ئیدارییه‌وه وه‌ک له راپۆرته‌کانی چاودێری داراییدا هه‌ندێکیان ئاشکرا کراون، دزین و ونبوونی پاره‌ی کۆنتراکته نه‌وتییه‌کان، ناشهرعیبوون و شاراوه‌یی و گۆمانلێکراوی کۆنتراکته نه‌وتییه‌کان و کۆنتراکته بازرگانی و وهبهرهینهرهکان له‌گه‌ڵ کۆمپانیا بیانییه‌کاندا، به‌شینه‌وه‌ی پله‌و پایه و زه‌وی و سامان به سه‌ر که‌سانی بنهمالهکاندا به بێ پالپشتی یاسایی و سیاسه‌تی روونکاریی، هتد بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌و ده‌یان جۆری تری ناهه‌قیی و تاوان و گه‌نده‌ڵیی، لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی و رێگای شکاتی یاسایی و مه‌رجه‌عی ده‌ستووریی و یاسایی بۆ مرۆڤی کورد نییه‌و ئه‌مه‌ش به هه‌ق کوردستانی کردۆته جه‌نگه‌ڵ و بهربهرستان.
13. وه‌ک هه‌موو گه‌لێکی شارستانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه، تاقه ڕێگایه‌ک بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمۆکراتی که مافی هاونیشتمانیبوونی یه‌کسان و ده‌رفه‌تی یه‌کسان و مافی مرۆڤی یه‌کسان به تاکه‌که‌سانی ده‌داو که‌رامه‌ت و که‌سێتیی و ئازادییان ده‌پارێزێ رێگای به‌رجه‌سته‌کردنی ئیراده‌ی ئازادی گشتی و خواستی دادخوازی و یه‌کسانیخوازیمان له ده‌ستوورێکی دیمۆکراتی و سیستمێکی دادپه‌روه‌ری سه‌ربه‌خۆ دایه له‌گه‌ڵ دانانانی به‌رنامه‌یه‌کی یاسادانانی خێرا که بنه‌ما کانی دادپه‌روه‌ری و هه‌قخوازیی و جیاوازی نه‌هێشتن له کوردستانه‌که‌ماندا هه‌تا هه‌تایه وه‌ک حه‌قیقه‌تی نه‌گۆڕ له تیۆری یاسایی و پراکتیسی کۆمه‌ڵایه‌تییدا بچه‌سپێنی و بخاته کار و هه‌موو هاولاتییه‌ک بێ جیاوازی ده‌ستی به فریاگوزاری و په‌ناو پاڵپشتی یاسا رابگات. بۆیه یاسای هه‌ره له‌پێش که ئه‌مرۆ کۆمه‌له‌که‌مان زۆر به په‌له پێویستێتی یاسای ده‌رفه‌تی یه‌کسانه بۆ هاولاتییان که جیاوازی له دامه‌زراندن و وه‌زیفه‌و کار‌و کاسبی و خوێندن و خانووبه‌ره‌و ه‌به‌ره‌و خانه‌نشینی و ده‌ستگیریی و پاراستنی کۆمه‌لایه‌تی ، له سه‌ر بنچینه‌ی ره‌گه‌زو ناوجه‌و بیرورای سیاسی و ئینتیمای حیزبی نه‌هێڵێ و به‌کارهێنانی خزمایه‌تی و ناوچه‌گه‌ریی و حیزبایه‌تی بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر کام له‌و مافانه بکاته جه‌ریمه‌و مافی ئه‌وه به هاولاتییان بدا که له کاتی هه‌ستکردن به هه‌ر جیاوازییه‌ک له به‌رده‌م ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ بهدههستهێنانی ئه‌و مافانه یان پاراستنی ئازادییه ده‌ستوورییه‌کانیان په‌نا به‌رنه به‌ر یاسا‌و دادگای به‌رزی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم و یاساشكێنان سزا بدرێن. هه‌روا بۆ دانانی سنوورێکی یاسایی خێرا بۆ ئه‌و هه‌موو زوڵم و تاوان و ده‌ستدرێژی فیزیکی و سێکسی که ده‌رهه‌ق به ئافره‌تان ده‌کرێ به په‌له یاسایه‌کی مۆدێرنی کاریگه‌ر بۆ پاراستنی ژنان له هه‌راسانکردنی فیزیکی و سایکۆلۆجی و سێکسی ده‌ربچێ و بخرێته کار‌و له‌گه‌ڵ یاسایه‌ک بۆ دابه‌شکردنی یه‌کسانی بودجه‌و داهاتی کوردستان بۆ ناوجه‌کانی کوردستان به پێی ژماره‌ی دانیشتووان و پێویستی کۆمه‌لایه‌تی مێژوویی له به‌ر هۆکاری ئه‌نفال و ههقخوراویی له بودجه‌کانی پێشووداو یاسایه‌ک بۆ هاندانی گه‌رانه‌وه‌ی توانا‌و به‌هره‌ی وزه‌ی خه‌لکی کورد له ده‌ره‌وه بۆ به‌شداریبوونیان له دروستکردنی ژێرخانی زانستی و ته‌کنیکیی و هیزه مرۆڤییه‌کانی کوردستانه‌که‌یاندا.
14 . ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ستووری و یاساییه جه‌وهه‌رییانه بۆ دامه‌زراندن و چه‌سپاندنی بنه‌ماکانی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌لایه‌تی و یه‌کسانی ده‌رفه‌ت، پێویسته ئه‌جندای لهپێشیی دوای هه‌لبژاردنه‌کان بن. ئه‌م ئه‌جندایه‌ش به دانیشتن و چه‌ند دانیشتنێک له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێم پێکنایه‌ن. به‌لکو پێویسته ده‌سه‌لاته‌کان و پێناسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له چوارچێوه‌ی ده‌ستوورو یاساکانی هه‌رێمدا بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێداچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم له ده‌ستووردا، که گه‌وره‌ترین خاڵی ناکۆکی بوو له سه‌ر ده‌ستووره‌که، کارێکی به په‌له‌و پێویسته. من له به‌رنامه‌ی کامپینی سه‌رۆکایه‌تیمدا، پێسنیازی لابردنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی و جێگرتنهوهیم به ئه‌نجومه‌نی پیران کرد. به‌رێز مه‌سعود بارزانی ش له وتارێکیدا له سڵیمانی رازیبوونی خۆی نیشاندا که ئه‌و به‌شه‌ی پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکه‌وه هه‌یه لاببرێ. ئێستا ده‌کرێ پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌و بڕگانه له ده‌ستووردا بکرێنه‌وه سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم وه‌ک به‌شێکی جیانه‌بۆوه له سیستمی دیمۆکراتی ولات پێناسه بکڕێ و له به‌رده‌م په‌رله‌ماندا به‌رپرسیار بێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باشتر وایه ئه‌نجومه‌نێکی سه‌رکردایه‌تی بالا دروست بکرێ به سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم که زیاتر ده‌وری ته‌نسیقی هه‌بێ و له سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی وه‌زیران و سه‌رۆکی گه‌وره‌ترین حیزنی ئۆپۆزیسیۆن پێک بێ و ده‌وری سه‌رۆکی هه‌رێم نزیک بێ له ده‌وری سه‌رۆکی کۆمار له حکومه‌تی عێراقدا. دیسانه‌وه پێوسیتی یه‌که‌م و سه‌ره‌کی ئێستا گه‌رانه‌وه‌ی ده‌ستووره بۆ په‌رله‌مان و باشترکردن و دیمۆکراتیکردنی زیاتری ده‌ستووره وه‌ک ئیراده‌ی ئازادی یه‌کگرتووی گه‌له‌که‌مان بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌لی داد‌و یه‌کسانی.
27 مارتی 2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست