دەوڵەتی کوردی و مەترسییەکانی بەردەمی لە ئایندەدا
Wednesday, 02/07/2014, 12:00
2079 بینراوە
بێگومان دەوڵەت و بون بە خاوەنی قەوارەی سیاسی سەربەخۆ بۆ گەلی کورد بەدیهێنانی خەونێکی درێژە کە دەیان ساڵە گەلەکەمان بێوچان لە هوڵداندایە بۆی ، لەو پێناوەشدا بە هەزاران گیانی فیدا کردووەو هەزاران بریندارو ئاوارەو دەربەدەری چەشتووە، ئەم خەونی بون بە خاوەنی قەوارەی سەربەخۆیە لە زیهن و بیرو ئەندێشەی هەمو تاکێکی ئەم گەلەدا ئامادەگییەکی بەردەوامی هەیەو یەکێك بووەو یەکێکیشە لە هەرە هیوا دێرین و نوێکانمان ، قوربانیدان و ڕازی بونمان بەژینی سەربەرزی پڕ لە کولەمەرگی و پڕ لە کوێرەوەری بۆ گەشتنمان بووە بەم مافە بنچینەیی و ڕەوایە، تێکەڵ بونی لاوان بەشۆڕشەکان و بەخشینی گیانی شیرینیان لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا بووە، زۆربەی جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشمان کە جێگەیان گرتووە لە ناو شەقامی کوردیدا لە بەرئەوە بووە کە هەڵگری دروشمی کارکردن بوون بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان ، ئێستاش لە سەدەی ٢١ دا بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە هاتووە بە سەر نەخشەی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی وڵاتانی کاپیتالیستی و پیشەسازیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، دەرفەتێکی زێڕین و خوا کرد بۆ گەلەکەمان هاتۆتە پێش کە ئازایەتی خۆمان و سەرکردایەتییەکەشمان نییە ، دەرفەتێك هیچی کەمتر نییە لە دەرفەتەکەی بەهاری نەوەدو یەك کە توانیمان بیقۆزینەوەو ڕاپەڕینی تێدا ئەنجام بدەین ، بگرە ئەم هەلە زێڕینترو نایابتریشە ، چونکە بەبێ قوربانییەکی گەورە بە چەند کاتژمێرێك بە هۆی ئەو گۆڕانە گەورەیەی کە لەناوچەی سونەدا دروست بو هێزەکانی پاراستنی هەرێمی باشوری کوردستان (پێشمەرگە) توانییان کۆنترۆڵی بەشی هەرەزۆری ناوچە وازلێهێنراوەکانی باشوری کوردستان بکەنەوەو لە ڕوی ئەولەهی و سەربازییەوە بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە ، ئەم ڕوداوەش دەنگ و هەرایەکی گەورەی لە ناوەندەکانی دەنگوباسی جیهانیدا بەدوای خۆیدا هێنا ، ئێستا لە میدیای جیهانی و ناوچەیشدا باسی گەرم، باسی خیلافەتی ڕاگەیەندراوی گروپی چەتەکانی داعش و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە ، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی هەمو لایەکمانە سەرۆکی هەرێمی لێ بەدەر بێت جار جارە ئەو پرسە دێنێتە بەرباس هیچ سیاسییەکی تر و هیچ سەرکردەیەکی یەکەمی هیچ پارتێکی باشورمان نەدی بە جەسارەت و شێرگیرییەکی تەواو و بوێرییەوە بە ئاشکرا ئەو پرسە بێنێتە بەرباس و سەربەخۆیی کوردستان بە ئاشکرایی بکات بە ئەو ئامانجەی کە دەبێت بە خێرایی کاری بۆ بکرێت، بێگومان لە ئێستادا هەر سەرکردەو پارتێك لە گەڵ ئەم پێشهاتەدا خۆی ڕێکنەخات و ئەم ئامانجە گەورەیە وەلا بنێت و کاری مکوڕ و دەستوبرد ئاسای بۆ نەکات چەندە تێکۆشەرو پاك و شۆڕشگێڕو دڵسۆز هاتبێتە بەرچاوی خەڵك دەڕواتە ڕیساکلینی مێژو وەوە ناوی کوێر دەکرێتەوە، بۆیە داوام لە سەرکردەی پارتەکانمانە گوێ نەگرن لە هەڕەشەو گوڕەشەی ئێران و هەندێك دەعبای عەرەب ، بە پەلە بە هاوکاری خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزای ناوخۆیی و دەرەکی پرسی ڕاپرسی جەماوەری بۆ جیا بونەوە لەو قەوارەی ناوی عێراقە بکەنە ئامانجی یەکەمی خەباتیان و لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا ئەو کارە گرنگە بەئەنجام بگەیەنن ، سوپای نیشتیمانی ڕێکبخەن و سوپا پڕچەك و پۆشتە بکەن بە چەکی سەردەمی و پێشکەوتوو ، سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ پتەو بکەن وبە داهاتی نەوتی فرۆشراو کەرەستەی جەنگی پێشکەوتو بکڕن ، چونکە ڕۆژگارێکی زۆر سەخت و گرنگ لە پێشمانە کە دەبێت خۆمانی بۆ سازو تەیارو ئامادە بکەین .
بابان بریزی