كاریگەری ووشە لە سەر رژێمە دكتاتۆریەكان

Wednesday, 25/02/2015, 12:00


سیستەمە ستەم كاریەكان بەوە ناسروان لە مێژوودا كە بێ باك دەمێننەوە لە بەرامبەر هەموو لێپرسینەوەیەكی یاسایی و دەوڵەتی و جەماوەری و مێژوویی كاتێك هەڵدەسن بە ئەنجام دانی دەست درێژی و پێشرەوی لە پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ وپرنسیپە ئەخلاقی و دیموكراسی وپەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكاندا, ووتەكەی (گۆبڵز) وەزیری پروپاگەندەی (هتلر) لەو بارەیەوە روون ترین ئاماژەیە بۆ كاریگەری رۆشنبیری و توێژی نووسەران و رۆژنامە نووسان لە سەر نەك تەنها كۆمەڵگا بەلكو لە سەر سیستەمی حوكمرانیش , ئەو وەزیرە رەگەز پەرستە دەیگووت (كاتێك ووشەی رۆشنبیری دەبیستم خێرا دەسم دەبەم بۆ...دەمانچەكەم) هەر بۆیە هتلر فەرمانی دەركرد بە سووتاندنی بەرهەمی كەڵە نووسەرەكانی (المانیا) بە ئاشكرا وەك ئاماژەیەك بۆ مەترسی ئەو كتێبانە لە سەرهزر و هەستی كۆمەڵگای ئەڵمانی ئەو سەردەمە كە بە ئایدۆلۆجیای تاریكی راسیزم گۆشەگیر كرابوو,

ووشە لە كوردستان
لە سەردەمێك كەلتووری تفەنَگەكان باو بوون بە سەر كۆمەڵگادا ووشەكان لە توێ هەست و هۆش و كتێبەكاندا قەتیس ماوە بوون بەڵام لە دوای پێشكەوتنی كۆمەڵگا و پاشەكشە كردنی ئەو هێز و میلیشیاتە تاریكانە هەنَگاوێك بۆ دواوەوە ئیتر توێژی نووسەران و رۆژنامەنووسان هاتنە پێشەوە وەك تاكە جەنَگاوەر (كە تازە رەزن و مەخزەنی بەستبوو بۆ جەنَگێكی درێژخایەن) بۆ بینینی رۆڵیان و بەرگری كردن وەك ئەركی هەمیشەیان لە كۆمەڵگا و پرنسیپەكانی و راماڵینی پەردە رەشەكان لە سەر كێشەو ئەندێشەكانی مرۆڤ لە سایەی حوكمرانی ئەو میلیشیاتانە,دیارە كارەكانیان بە ئاسانی و بە بێ ئاست تەنَگی و تەنَگەژە و هەندێ جاریش دەست درێژی و پێشێل كردنی مافەكانیان ئەنجامی خۆی نەدەهێنا و رۆژ لە دوای رۆژ كاریگەری ووشەكانیان گورچكبر تر بوو بۆ ئەندام و بەرپرسانی ئەو حكومەتە كە لە لای خۆیەوە درێغی نەكرد لە كوشتن و تیرۆر كردنی پێشەنَگەكانیان بۆ بەر گرتن لە گەشە كردنی ئەو توێژە مەترسی دارە و تۆقاندنی سەرجەم كۆمەڵگا و نەهێشتنی هەستی شۆرش گێری و چاكسازی لە هەناویاندا, تیرۆر كردنی سەردەشت و سۆران و كاوە گەرمیانی و دەیان تریش مشتێكە لە خەرواری سەۆكووت گەرێكانیان,
ئەو پەیامانە چین كە لە توێی رووداوەكاندا خۆیان حەشار داوە
پەیامی یەكەم : دەسەڵات چووەتە دوا قۆناغی خۆی بە لە دەست دانی رەوایی و فەلسەفەی بوونی كۆمەڵایەتی و سیاسی و گۆرینەوەی بۆ دەسەڵاتێكی كەمینە و دابراو لە كۆمەڵگا و مێژوو لە لایەكەوە, ئامرازەكانی بۆ مانەوە و خۆ سەپاندنی تووند و تیژی و تیرۆری سیاسیە و دەست بەسەردا گرتنی داهات و دەرامەت و جومگە و پۆستە هەستیارەكانی ناو حیزب و حكومەت لە لایەكی ترەوە,
پەیامی دووەم : لە بەرامبەر ئەو رەوشە ترسناكەدا كۆمەڵگا بێ خاوەن نیە و نابێت لە ئێستادا بەڵام رەنَگە هێشتا شانس و دەرفەتی خۆ پێداچوونەوە مابێت بۆ دەسەڵات كە چی تر بە گوللە وڵامی ووشەی نارەزایەتیەكان نەداتەوە, لەم بازنە هەستیارەدا كۆمەڵگا بە دوو شێوە بەرخوود دەكات :
1_ بەردەوام دەبێت لە فشار هێنان بۆ سەر دەسەڵات و حكومەت بە هەموو جۆرەكانی فشاری مەدەنی لە رێپێوان و بەیان نامە و كۆر و سیمیار و مان گردن و گردبوونەوەی (عەفەوی) كە سەرەتایەكە بۆ بێ ئومێدی و بێ هودەیی و بێ كاریگەری ئەو فشارانە لە سەر دەسەڵات بۆ بە دی هاتنی ئارمانەكانیان كە رەنَگە گەشە بكات بۆ گرتنە بەری رێگای یاخی بوونی سەرتاسەری كۆمەڵایەتی و مەدەنی,
2_كۆمەڵگا كاتێك بە تەواوەتی دڵ خۆر دەبێت لەوەی نە دەسەڵات ئاسایش و ئارامی بۆ دابین دەكات و نە چارەنووسی دیارە و نە گروپ و فشار ئامێزەكان دەتوانن رەوشتی حكومەت بگۆرن و نە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەوڵی دانانی سنوورێك بۆ ستەم كاریكانی دەسەڵات دایە و نائومێدێكان تا دێت قووڵ دەبنەوە و چارە نووس و ئایندەی كۆمەڵگا تەڵخدار و بێ ئاسۆ دەبێت ئەو كاتە كۆمەڵگا خۆی بریار دەدات بە چی رێگایەك دەبێت دەست تێوەردات و بێتە سەر هێڵی گەرمی كێشەكان :
ا_ تاوتوێ كردنی هەموو ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی كە لە بەردەستدایە لە قۆناغەكە,
ب_ دروست كردنی رابەرایەتی نوێ لە جێگای ئەو سەركردە كلاسیكیانە كە بە ئاشكرا كار دەكەن,
ج_ هەڵبژاردنی كاری نهێنی و ژێر زەمینی و دانانی پلان بۆ گواستنەوەی بەشێك لە چالاكێكانی بۆ تاراوەگە و شاخ (بە هەر مانایەكی بێت) ئەگەر پێویست بكات,
د_ ئیش كردن بۆ (ئیختیاری) شۆرش لە زاڵ بوونی باڵی شَۆرش گێریدا بە سەر بیر كردنەوەی قۆناغەكە و كەنار خستنی هەر بزتنەوەیەكی چاكسازی و ریفۆرمی خوازانە,
لە كۆتاییدا ئەوەی دەگوزەرێ ئێستا لە كوردستان هێشتا قۆناغی پێدانی هەل و دەرفەتە بۆ دەسەڵات كە واز بهێنێ لە سیاسەتی تاكراوانە و خۆسەپاندن و هێشتا نمایندەی بەرەی نارەزایەتی لە برەوی ئەوەدان فشاری مەدەنی زیاتر بهێنن بۆ ئەو گروپە كەمینانەی ناو دەسەڵات و كۆتاه كردنی تووند و تیژی و كوشتنی سیاسی ودەست كاری نەكردنی پرنسیپەكانی ئازادی و دیموكراسی و رۆژنامە گەری لە لایەكەوە و گەرانەوەی رەوایی و كار كردن بە پێی دەستوور ویاسا و زەمینە خۆش كردن بۆ رادەست كردنی مەدەنیانەی دەسەڵات بە گوێرەی شایستەی هەڵبژاردنەكان و دامەزراندنی حكومەتی بنكە فراوانی میانرەو و (علمانی) و دووبارە بەرهەم هێناوەی دڵسۆزی بۆ نیشتمان وئاشتی كۆمەڵایەتی بێ مەرج و سازانی نیشتمانی و هەموو ئەو هەنَگاوە پێویستیانە بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئارام و خۆش گوزەران وسەقامگیر,
م.محمد گەرمیانی
شرۆڤە كاری سیاسی
سلێمانی ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە