کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پشتیوان سادق ئەو حەرەكەیە زۆر كۆنە!

Sunday, 08/02/2009, 12:00


پێش نیوەڕۆى رۆژى یەكشەممە رێكەوتى 8/ 2/ 2009 پشتیوان سادقى بەرپرسى لقى 2ى پ.د.ك خۆى چەند كەسێك بە حیمایەكانیانەوە بە ناو بازاڕى شارى هەولێردا رۆشتوون.
رۆشتنى پشتیوان سدیق و ئەعوانەكانى كارى ئەمڕۆیان نییە و زۆر كۆن و سواوە، ئەمەش جۆرێكە لە مەرامەكانیان بۆ راكێشانى سۆزى هاووڵاتیانى شارى هەولێر، كە لە ئەقڵ و بۆچوونى ئەو بەرپرسانە دەوەشێتەوە و پێیان وایە، كە ئەمەش سەردەمى نەزانییە! لێ نازانن كە هەرگیز هاووڵاتیانى شارى هەولێر چیتر بەو جۆرە نمایشە شانۆییانە ناخەڵەتین. من خۆم ئەو شانۆیەى كە لە دەرهێنان و نمایشكردنى ئەكتەرى حیزبی پ.د.ك پشتیوان سادق بوو، كە بە خۆشحاڵییەوە نەمدی، كاتێك دوا نیوەڕۆ چوومە بازاڕ و شەقامى باتە، هاوڕێیەكم شانۆكەى ئەو ئەكتەرەى بۆ گێڕامەوە و گوتى: "پشتیوان سادق بە دەم زەردەخەنەوە و سڵاو كردن و دەست بەرز كردنەوە بۆ دوكاندارەكان و هاووڵاتیانى شەقامەكە بەردەوام بوو، بەڵام ئەوەى جێى نیگەرانیمان بوو ئەوەبوو كە حیمایەكانى هەریەك لە ئاستى خۆى ناوچاویان لەو خەڵكە دابوو بە یەكدا و توڕە و رقاوى تەماشایان دەكردین هەر دەتوت بۆ راپێچمان هاتوون!؟".
ئێستا حیزب كارى نەماوە ئەوەنەبێت كە تەنها میواندارى و گەڕانى ناوبازاڕ بۆ خۆ دەرخستن (عەرزى عەزەڵات)یان بۆ ماوەتەوە، ئەوەى جێى سەرسوڕمانە ئەوەیە، كە ئایا پشتیوان و حیزبەكەى پێیان وایە بە هاتنە ناو بازاڕ و سڵاو كردن لە خەڵكى ناشرینیەكانیان لە یاد دەچێت، ئەرێ ئەو زەمەنەیان بیر دەچێت، كە هەر ئەو لقە چەندەها كەسى بێتاوانى بە (تۆ جەلالیت) دەدایە پێش خۆیان و پاشان زیندانى و ئەزیەتدانى جەستەیى و دەروونى دەدران!؟ رەنگە پشتیوان پێى وابێت خەڵكى هەولێر هێندە ساویلكەن تا بەو جۆرە كارانە ئینتیمایەك كە تا دوێنێ بوویانە بۆ پارتەكەى پشتیوان و لەق بووە، ئەمڕۆ پشتیوان جەڕڕاح ئاسا بە سەلامێك و پیاسەیەكى ناوبازاڕ بیهێنێتەوە جێى خۆى!؟ یاخود ئەو كەسانەى كە ئینتیمایان بۆ حیزبێكى تر هەیە، بەو شانۆ سەقەتانە بهێنێتە ئەو رایەى كە "بە راستى ئەوە بەرپرسێك بێت، كە هێندە سادەبێت و بێتە ناو بازاڕ، دەبێت پارتەكەشى هەمان رێچكەى هەبێت، چونكە ئەویش پەروەردەى پارتەكەیەتى!"، دڵنیابە كە هەرگیز میللەت ئەو كارانەتان بە پولێك ناكڕێت، تۆ سەرۆكەكەت بە 50 عەریزە ناگەیتە لاى، كە من بەڵگەم لایە كەسانى خاوەن مێژوو لە ناو پارتەكەت دەیان بروسكەى بۆ بینینى مەسعود كردووە، ماوەى دوو ساڵە وەڵامیان نەداوەتەوە! سەددام بە دیكتاتۆرى خۆى گەر عەریزەیەكت بدابایە بۆ بینینى، كاتێكیان بۆ دەسنیشان دەكردیت و دەتدیت، لێ سەرۆكەكەى تۆ كە تەنها 2 دوو پارێزگاى بە دەستەوەیە، بۆتە كاسپەر و هەرگیز نابینرێت، بەڵام دەرگاى بۆ ئەو عەرەب و جاشانەى كە تا دوێنێ رۆڵەى ئەم گەلەیان دەكوشت ئاوەڵایە.
لێرەوە بە پشتیوان سادق دەڵێم، كە چیتر ئەو حەرەكە كۆنە دووبارە نەكاتەوە، چونكە كارتان "تەمام شود"، بە شێوەیەك بارودۆخەكەتان ئاڵۆز كردووە و خەڵك بە بینینتان برینیان دەكولێتەوە، بە بۆیاخ و پۆڵیشى تۆ و دەیانى وەكو تۆ چاك ناكرێتەوە، چونكە وەك دەڵێن: "ماسى لە سەرەوە بۆگەن دەكات، نەك لە كلكەوە".
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە