کۆبوونەوەی ینك..پدك..گۆڕان..دوا هەلی دەسەڵات بۆچاکسازی
Monday, 28/03/2011, 12:00
مانگ ونیوێکە خۆپیشاندان زۆربەی شارووشارۆچکەکانی گرتۆتەوەودەسەڵاتی هەردووبنەماڵەش لەوپەڕی بێباکیەوە وەعدی درۆوبریقەدار ئەدەن ،دەسەڵات گەر وابزانێ کات کوشتن لەمەودوا بەسوودی ئەو دەگەڕێتەوە هەڵەیەکی کوشندە دەکات،چونکە تووڕەیی خەڵکی ئەمڕۆ زۆرزیاترە لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان ئەویش بەهۆی خەمساردی دەسەڵات ونەنانی هیچ هەنگاوێکی جدی بەئاراستەی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خەڵکی،بۆیە دەبێت دەسەڵاتی هەردووبنەماڵە باش لەوە بگەن سەبری خەڵکی وشەقام سنووری هەیەو لەئەگەری هەر ڕووداوێك دەبێت هەر خۆی بەرپرسیاریەتیەکەی بخاتە ئەستۆی خۆیی وهیچ کەسوولایەنێك تۆمەتبار نەکات چونکە هەمووپەرچەکردارێکی خەڵکی دەرئەنجامی ئەو سووکایەتی پێکردنەی دەسەڵاتە بەمیللەت
بزووتنەوەی گۆڕان لەهەست کردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی وئەخلاقی بەرامبەر بەجەماوەرو دڵسۆزانی میللەت وخۆپیشاندەران بۆ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات لەئەگەری لەکۆنترۆڵ دەرچوونی خۆپیشاندەران بەشێوەیەك کەبەهیچ هێزوولایەنێك نەتوانرێت بەری پێبگیرێ وکەوتنەوەی قوربانیەکی زۆر لەم حاڵەتەدا بەپێویستی زانی ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدات ودەسەڵاتداران بۆ دواجار ئاگادار بکاتەوە کە ئەم سیاسەتی کات کوشتنەی ئەوان پەیڕەوی دەکەن دواجار بەکوشتنی دەسەڵات وبەهەدەردانی خوێنێکی زۆری میللەت کۆتایی دێت.بزووتنەوەی گۆڕان هەمووئەوانەشی دڵنیا کردۆتەوە کەئامانجی ئەم کۆبوونەوانە بۆ جێبەجێکدنی ئەجێندای دەسەڵات نیە بەکەلێن خستنە ناو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە چونکە گۆڕان دڵنیایی تەواوی داوە بەهەردوو پارتی ئۆپۆزسیۆن یەکگرتووی ئیسلامی وکۆمەڵ هەروەها شەقامی کوردیش کە بەهیچ شێوەیەك ووردەکاری گفتووگۆکان لەوان ناشارێتەوەو ئەوانیش شەریکن لەبڕیاردانی هاوبەش سەبارەت بەئەنجامی گفت وگۆکان
ئەمڕۆ هەردووحیزبی دەسەڵاتدار بەهەمان بیرکردنەوەی دەسەڵاتە دکتاتۆرەکانی ناوچەکە ڕەفتار ئەکەن وئامادەنین تائێستا ڕاستی داواکاری شەقام و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بسەلمێنن وئەو حەقیقەتە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەن کەئەوە کەللە ڕەقی وچاوچنۆکیانە بۆ سەروەت وسامان وکورسی هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر ئەزموونەکەمان ولەدەستدانی ،دەسەڵات ئەوەش باش دەزانێ کەئەوە شەقامە خەمخۆری دواڕۆژ وئەزموونەکەمان ،بەڵام دەسەڵاتی بنەماڵەیی وبەرژەوەندیەکانیان خراونەتە پێش هەمووشتێك و ئامادەنین دەستبەرداری بن.بۆیە هەموو ئەوانەی کەدژ بەم دانیشتنەن دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن کەئەمە دوا زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ دەسەڵات بۆ دەستکردن بەچاکسازی وهەنگاو نان بەکردەوە بە وئاراستەیەدا چونکە ئەمڕۆ باروودۆخەکە گەیشتۆتە قۆناغێك کەدەبێت دەسەڵات چاوەڕوانی هەمووڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراوبکات ئەوکات نەهێز نەهاواری دەسەڵات فریای ناکەوێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست