پشتگیری ئێمە لە لیستی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بۆ؟
Saturday, 16/05/2009, 12:00
(
(هیچ شۆڕشێكى گەورە لە مێژووى هاوچەرخدا بە بێ ئامادەگى ڕۆشنبیران ڕووى نەداوە,هەرچۆن هیچ بزووتنەوەیەكى دژە شۆڕشیش بەبێ ئامادەگى ڕۆشنبیران نەكەوتووەتە سەر پێ.ڕۆشنبیران باوكان و دایكان و كوڕان و كچان و تەنانەت برازاى بزووتنەوەكانن))
ئیدوارد سەعید
(
بەس نییە مرۆڤ تەنها ستایشى فرەڕەنگى و زۆرایەتى بكات, بەڵكو دەبێت دروستیشى بكات) دولوز
ئێمە ناڵێن فرەڕەنگى و فرە دەنگیمان دروست كردووە بەڵكو ئەوەى دروست بووە دەمانەوێت خزمەتى بكەین و گەورەى بكەین و گەشەى پێ بدەین,خەڵكێكی زۆر ڕۆژانە چ لەسەر شەقامەكان یان لەڕێگەى ئیمەیل و تەلەفوونە لێمان دەپرسن ئایا ئێمە وەكو(ناسیح عبدوالرەحیم و سەباح على قارەمان) بۆ پشتگیری لیستی گۆڕان دەكەین ؟ئێمە لای خۆمانەوە سوپاسی خوێنەرە بەڕێزەكانمان دەكەین و ئە پرسیارەش بە هەقی ڕەوای خوێنەرانمان دەزانین كە ئاراستەی ئێمەى دەكەن یان ئەو ەكسانەى ئەو پرسیارەیان بە خەیاڵدا هاتووە، بۆیە ئیمەش لەو ڕوانگەیەوە ئەم ڕونكردنەوەیەیان بۆ دەخەینە پێش چاوان.
دیارە خەڵكی كوردستان شاهیدی ئەو ڕاستیەن كە ماوەی 18 ساڵە لە سایەی ئەو سیاسەتە چەقبەستووەی دەسەڵاتی بنەماڵەى و نەگریسی یەكێتی و پارتی خەڵكی كوردستان لە چ نەهامەتیەكدا دەژین و ژیاون، بۆڕزگار بوون لەو سیاسەتە چەواشەكاریەی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەدا بە هەزاران گەنجی بێگوناهی ئەم وڵاتە لە شەڕی براكوژیدا بوونە قوربانی مەرامەكانی دوو بنەماڵە، بۆ شكاندنی بتەكانی بنەماڵەیە تاڵەبانی بارزانی هەر بنەماڵەیەكی تر كە بە نیازە لە داهاتودا هەمان ڕێچكە بگرێت، ئێمە لەگەڵ نوسەرە بوێرەكانی تری كوردستانپۆست هەر لە مینبەری بەڕێزی كوردستانپۆستەوە ماوەیەكی زۆرە بەباوەڕبونمان بە فەلسەفەى كوردستان پۆست(ڕەخنە بە چەكوش)بەربووینەتە شكاندنی ئەو بتانە تەنانەت خوێنی خۆشمان خستووەتە كاسەوە لەو پیناوەدا، هەر لەو پیناوەشدا شەهیدیمان داوە لەوانەش شەهیدكردنی سورانی مامە حمە و هەوڵی تیرۆر كردنی ئەحمەد میرە هەڕشە و چاو سوركردنەوەی جوراو جۆری تریش لە نوسەرانی ڕەخنەگر، لە ژێر كاریگەری نوسەرانى ڕەهەند و نوسینەكانى كوردستانپۆست و ڕۆژنامەی ئاوێنە و هاوڵاتی و لڤین.
ئەمڕۆ ڕەوتێك هاتووەتە پێشەوە بە ناوی گۆڕانەوە، ئەو ڕەوتە سەرەڕای ڕەخنەی توندمان لە هەندێك كارو كردەوەیان بۆ نمونە بوونى هەندێك خەڵكی گەندەڵ وماستاوچی وەكو پیشەی هەمیشەیان خۆیان بردووەتە پێشەوە دەیانەوێت لە داهاتوودا هەمان ڕۆڵی جارانیان هەبێت بەڵام ئێمە هەرگیز لەو جۆرە كەسانە بێدەنگ نەبووین و ڕەخنەشمان لێیان هەبووە بەتوندترین شێوە ئەو جۆرە كەسانە بۆلەمەودوا نەك لە لیستى گۆڕان بەڵكو لە لیستى فریشتەكانشیدا بن ئێمە سڵیان لێناكەینەوە و هیچ موراعاتیان ناگرین و لەسەر بچوكترین نایاسایى گەندەڵى كەمتەرخەمى سەنگەریان لێدەگرین، بەڵام ئەوەندەى ئێمە ئاگاداربین ئەم جارە ئەو شانسەیان نەبێت چونكە خەڵك زۆر لەوانە وریاتر بووتەوە كە ڕێگە بدەن وەها خەڵكانێك بچنە پێشەوە،سەرەڕای ڕەخنەی توندمانیش لە و ڕەوتە بە باشی دەزانین لە ئێستادا پشتگیریان بكەین چونكە ئەوەندەى دڵنیاین لێى كە ئەو جۆرە كەسانە هیچ جۆرە پۆست و پلەو پایەیەكیان پێنادرێت.
لە چاوپێكەوتنێكدا (دكتۆر شاهۆ سەعید) دەڵێت(ئەركی ڕۆشنبیر لە هەموو وڵاتێكدا ئەوەیە پشتگیری ئۆپۆزسیۆن بكات) نمونەی ئوبامایشی هیناوەتەوە كە چۆن چینی ڕۆشنبیران نوسەران لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا پشتگیریان كردووە، هەروەها نوسەرو ڕوناكبیرى بەڕێز و خۆشەویستى نێو خوێندكاران و گەنجانى كوردستان (ڕێبین ئەحمەد هەردی)ش هەمان ڕای هەیە كە دەڵێت پێویستە پشتگیرى لەهەركەس و لایەنێك بكرێت كە دەیەوێت گۆڕانكارى بكات بەرەو باشكردنى بارودۆخى هەرێمى كوردستان.
نیچە دەڵێت (كێشە مەزنەكان پێویستیان بە خۆشەویستى مەزنە)بە بڕواى ئێمە هەرێمى كوردستان و خەڵكى كوردستان لە قەیران و كێشەى زۆر گەورەدان بۆیە ئیمەش وەكو دوو نوسەری كوردستانپۆست بە خوێنەرانمان ڕادەگەینین كە لە خۆشەویستیمان بۆ گۆڕانكارى و گۆڕان لەم واقیعە تاڵ و ناهەموارەى كوردستان بەرەوە واقیعێكى باشتر, پشتگیری لە گۆڕان دەكەین، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە ئێمە بچینە بەرەی دەسەڵاتەوە، چونكە خاوەنی ئەو لیستە كە خودی نەوشیروان مستەفایە هەتا ئەم ساتە وەك ستایشى نەوشیروان مستەفا نەكردووە و ستایشیشى ناكەین و باوەڕمان بە كەڵتى سیاسى نییە و هیچ خۆشەویستیەكمان نیە بۆ نەوشیروان وەك خودى نەوشیروان بەڵكو ئەوەى ئێمە هەمانە خۆشەویستى پڕۆژەى گۆڕانە ئەویش ئەگەر تەنها لە پێناوى هەرێمى كوردستاندا بێت, وەك سەركردەیەكیش ڕۆژێك لە ڕۆژان ستایشى ناكەین ,چونكە ستایش كردنى كەسى سیاسى لە فەرهەنگى عەقڵ و زمان و نویسنى ئێمەدا بوونى نییە,بەڵام هەمیشە پشتگیر ئەو پرۆژانەى دەكەین كە سودو قازانجى تێدابێت بۆ بەرەوپێشبردنى ئەزموونى دیموكراتى كوردستان,ئەوەى ئێمەى وا لێكردووە پشتگیرى لە پرۆژەكەى نەوشیروان مستەفا بكەین باوەڕبوونمانە بەگۆڕان و بەس نەوەك ئیمتیازات و پلەو پایەى دەستەڵات.
بەڵێنیشتان پێ دەدەین ئەگەر بێت و ئەم ڕەوتە دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەمان سیاسەتی یەكێتی و پارتیان پەیڕەوكرد، ئەوكاتە وەكو چۆن ئێستا بە ڕەخنەی چەكوشاوی دەنوسین ئەو دەمەش بە هەمان زمان و توندیەوە دەنوسین بەرامبەر بە نەوشیروان و لیستى گۆڕان.
ئێمە هیچ تموحێكمان شەخسیمان لە گەڵ لیستى گۆڕان و دەسەڵاتدا نیە جگە لەم تموحانەی لای خوارەوە :
1_ دەستاو دەستكردنی دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە چوار ساڵ جارێك
2_ بەرچاوڕونی لە بوجەی كوردستاندا و هینانی بۆ پەرلەمان و چاودێری كردنی لە چۆنێتی خەرجكردنیدا بە دادوەرانە دابەشكردنی ئەو بوجەیە.
3_ ڕاپێچكردنی كەسانی گەندەڵ بۆ بەردەم دادگا و سزادانیان لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانەوە تا دەگاتە كارگوزارێك.
4_ سەربەخۆ بوونی دادگاكانی كوردستان و بیلایەنیان ڕێگرتن لەدەستتێوەردانى حیزبى.
5_ دروست كردنی یەك هێزی ئاسایش وپۆلیس و هەواڵگری و پێشمەرگە بەبێ ئەوەی سەر بە هەیچ تاقم و گروپ و بنەماڵە و حیزبێك بن تەنها هێزی خەڵك و جێبەجێكردنی یاسا و گۆشكراوی مافەكانی مرۆڤ بن، نەك وەك ئێستا هێزێكی میلیشیای بنەماڵەی بێت.
6 _ دەرهێنانی یاسایەك بۆ سزادانی خەڵكانی ماستاوچی بۆ ئەوەی كەسایەتی بۆ تاكەكان بگەڕێتەوە.
7_ ڕێزگرتن لە بڕیارنامەكانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ نەتەوەیەگرتووكان و جێبەجێكردنیان لە كوردستاندا و ئازادى بیرو ڕاو ئازادى كارى ڕۆژنامەگەرى فروانتر بكرێت.
8_ ڕێزگرتن لە هەموو كەمە نەتوایەكان و مەزهەبەكان و تاد.... بەبێ جیاوازی.
9_ بە یاسا هەموو تاكێكی كە لە وڵاتدا دەژێت بە بێ جیاوازی مافی نیشتەجێ بوونی بۆ مسۆگەر بكرێت.
10_ نەهێشتنی ئەو جیاوازیە زۆرەی موچە دابەشكردنە لە نیوان چینی موچە خوراندا لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیر و ئەندام پەرلەمانەوە تا دەگاتە خواری خوارەوە.
ئەوانەو چەندین خاڵیتر كە ڕەنگە لە بیرمان چووبێت هیواو ئاواتی ئێمەیە، بۆ ئەوەی میللەتەكەی ئێمەش بگاتە ئاستی میللەتانی ئازادی خوازوو مرۆڤ پەروەر، ئیمە ناڵێن ئەو خاڵانەی ئێمە نوسیومانە لە ماوەی شەو ڕۆێكدا جێبەجێ دەكرێت، بەڵام خۆ ئەگەر لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردودا لە یەكەم هەنگاوە دەست پێبكرایە ئێستا كوردستان وڵاتێكی تربوو، ئیستاش هەرچ كەسێك هەرچ گرۆپێك هەرچ ڕەوتێك و حیزبێك ببێتە ئاڵا هەڵگری ئەو درووشمانە، لای كەمی لە % 85 ئەو داواكاریانە لە ماوەی حوكمی 4 ساڵیدا جێبەجێ بكات ئەوە دەتوانین بڵێین سەركەوتوو بووە لە حوكمكردنی وڵاتدا.
ئەو خاڵانەی كە لەسەرەوە نوسیومانە هەندێكی باشی لە پرۆژەكەی بزوتنەوەی خەڵكی لیستی گۆڕاندا دەیبینین، ئیمە بڕوامان وایە ئەگەر عومەر فەتاح ببەیت بۆ سوید ناتوانێت دز و گەندەڵ بێت چونكە یاسا لەوێ سەروەرە،هەروەها ئەگەر بەپرسێكى دەرەوەش لە كوردستاندا بكەیتە لیپرسراو چاوى ڕۆژنامەنوسان و نوسەران و ڕۆشنبیرانى لەسەر نەبێت ئەوا بێگومان بە ئەرك و كارى خۆى هەڵناستێت,بۆیە ئێمەش لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر لیستى گۆران بتوانێت بەو ئەركانەى خۆى هەستێت كە بانگەشەى بۆ دەكات ئەوا باشە ئەگەر نا ,بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هەر بڕو بیانویەكدا بێت هێندە مسقاڵە زەڕەیەك لادان قبوڵ ناكەین لەو بەرنامە و بەڵێنانەى كە داویانە بە خەڵك ,دڵنیابن وەك ئەمڕۆ چۆن لەسەنگەرى دژى یەكێتى و پارتى خەبات ئەكەین بەهەمان شێوەش بگرە زۆر توندتریش دژى ئەو كەسانە دەچینە مەیدان كە درۆیان لەگەڵ خەڵكدا كردووە بە قسەى باق و بریق خۆیان گەیاندووتە سەر كورسى,چونكە ئەم وڵاتەی ئێمە پێویستی بە سیستەمێكی مۆدیرنە نەك بە گۆڕینی دەم و چاوەكان كە هیچ لە مەسەلەكان ناگۆڕێت وكو ئێستا دەیبینین، ئەگەر لە داهاتوودا جێبەجێى بكەن، بۆیە پشتگیری ئەو لیستە دەكەین، نە پۆستمان دەوێت نە پلەو پایە، تا بەو بۆنیەوە پشتگیریان بكەین، هیوادارین توانیبێتمان خۆێنەرانمان لە مەبەستەكە تێبگەیەنین كە بۆ چی پشتگیری ئەو لیستە دەكەین لەم كاتەدا.
ئێمە بەم مەرجانە پشتگیرى نوێنەرانى لیستى گۆران دەكەین,چونكە ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ نەكەن كەواتە هیچ جیاوازیەكیان نابێت لەگەڵ نوێنەرانى لیستەكانى تردا.
ئەو مەرجانەى كە پێویستە لە نوێنەرانى سەر بە لیستى گۆڕان هەبێت :
1-خۆى ئامادە بكات بۆ شەڕى مەدەنیانەى ناو پەرلەمان و ئامادەبێت شەڕى بەرژەوەندیەكانى میللەت بكات لە پەرلەماندا.
2- موچەى مانگانەى كە وەریدەگرێت لە پەرلەمان بەم شێوەیە بێت (موچەى دەوامى ئێستاى+%50 موچەكەى)واتە پێویستە موچەكەى بكرێتە ئەوەندەو نیوێكى موچەى ئێستاى.
3-پاش تەواو بوونى كارەكەى لە پەرلەماندا نابێت خانەنشین بكرێت,پێویستە بگەڕێتەوە سەر دەوامە پێشوەكەى خۆى.
34-نابێت هیچ ئیمتیازاتێكى شەخسى وەك(زەوى 600م, پاترۆڵ و مۆنیكا و باڵەخانە) وەربگرێت.
5-پێویستە پێش ئەوەى بچێتە پەرلەمان سەروەت و سامانى خۆى ئاشكرا بكات.
6-پێویستە ئامادەى دادگایكردن بێت ئەگەر لەماوەى ئەو 4 ساڵە ئەو پۆستەى بەكار هێنابوو بۆ مەرامە شەخسیەكانى خۆى.
باختین دەڵێت(بەلاى مرۆڤەوە هیچ شتێك لە نەبوونى وەڵام ترسناكتر نییە)بۆیە پێویستە لیستى گۆڕان و خودى نەوشیروان مستەفا كەكاتێك متمانەى میللەتیان بەدەست هێنا ئەوە باش لەبەرچاو بگرن ئەگەر لە ئاست وەڵامدانەوەى پرسیارە جەوهەریەكانى كۆمەڵگادا نەبن و بێدەنگ بن وەڵامیان بۆ قەریرانەكان نەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە چارەنووسى یەكێتى و پارتى چاوەڕوانیانە....
ناسیح عبدولرحیم لە شاری هەڵەبجەی شەهیدەوە
سەباح عەلی قارەمان لە شاری كفریەوە
[email protected] [email protected] ئەم بابەتە پێکەوە لەگەڵ ناسیح عەبدولڕەحم نووسیومە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست