بۆ بەڕێز پۆڵا سەعید نووسەری وتاری ڕاستییە نادیارەکان
Saturday, 09/05/2009, 12:00
1267 بینراوە
پێشەکی من دەستخۆشی لە ئاست و پێنووسە بە بڕشتەکەت دەکەم ، بەڵام چەند ڕەخنەیەکیشت ئاراستە دەکەم ، بۆیە هیوادارم بەهەند وەریان بگریت بۆ ئەوەی پێنووسەکەت زیاتر لەبرەودا بێت و مەبەست و پەیامیشت وەکو خۆی بگات .
من زۆربەی نووسینەکانت دەخوێنمەوە ، بۆیە هەست دەکەم کە دابڕانێك لە نێوان کاکە پۆڵاو خوێنەرەکانیدا هەیە ! بێگومانم لەوەی کەئاستی نووسینەکانت بەرزن ، بەڵام بە بۆچونی من کەموکوڕییەك لە جوانکاری بەکارهێنانی هەندێ ووشەی بێگانەدا هەیە . ئەگەر نووسینی ڕاستییە نادیارەکان بە نموونە وەربگرین ، دەتوانین ئەم ڕەخنانەی ئاراستە بکەین :-
1. بە هەڵە نووسینی هە ندێ ووشەی بێگانە ، وەکو (دیستانس ، پڕۆفیسیوناڵ ، ئیدیۆلۆگی ، ئیندیڤیدووالی ، ڤیتالیتێتی) کە بەئاسانی خوێنەر لە مەبەستی ناگات ، چونکە گۆڕانی تێدا کراوەو لە ووشە ڕاستییەکانی خۆیان جیاوازن . لە ڕاستیدا پێویستە ئەو ووشانەی سەرەوە بەم شیوەیە بنووسرێت :- (دیستەنس نەك دیستانس ، پڕەفێشنەڵ کە کورد بە پڕۆفێشناڵ دەیخوێنێتەوە ، ئایدیۆلەجی کە کورد بە ئایدیۆلۆجی دەیخوێنێتەوە ، ئیندەڤیجوەڵ کە هەندێ کەس بە ئیندەڤیژوەڵ دەیخوێننەوە و ڤیتالەتی نەك ڤیتالیێتی) . ئەو ووشانەی سەرەوە هەموویان ووشەی ئینگلیزین ، خۆشت باش دەزانیت کە گۆڕینی یەك پیت یان یەك دەنگ لە هەر ووشەیەکی زمانی ئینگلیزی واتاکەی بەتەواوی دەگۆڕێت . ئەکرێت بەڕێزتان بەدواداچوون لەسەر ئەو چەند ووشەیەی سەرەوە بکەن بەبەکاهێنانی فەرهەنگێکی ئینگلیزی .
2. بۆ هەندێ لەو ووشانەی سەرەوە ، ووشەی کوردیمان هەیە . ئەبێ هونەری بەکارهێنانی ووشەی بێگانە لە کوێدا بێت لە کاتێکدا مرۆڤ بەهەڵە بەکاریان بهێنێت ؟ ئەگەر بۆ هەندێکیان ووشەی کوردیمان نییە ، ئایا پێویست نییە ڕوونکردنەوە یان تێبینیان لەسەر بدەیت ؟ یان بۆچی بۆ هەندێکیان ڕوونکردنەوە دەدەیت بەڵام هەندێکی تریان پشت گوێ دەخەیت ؟
3. لەکاتی بەکار هێنانی ئەو ووشانەدا ، بۆچی ووشەی لاتینی و ئینگلیزی وەك ئەوەی کە ناسراوە بەکارناهێنت ؟ لەڕاستیدا زۆربەی ئەو ووشانە مۆرکی ئینگلیز یان یۆنانن ، بەکارهێنانی ووشەی ئینگلیزی لە هەموو زمانەکانی تر ئاسان ترو باو ترە ، چونکە تاکە زمانی یەکگرتووی زانست و پێشکەوتنی جیهانە . بەڵام دیارە بەڕیزتان کاریگەری زمانێکی ئەوروپی دوور لە زمانی ئینگلیزیتان لەسەرە ، بۆیە بەو شیوەیە ووشەکان تووشی شێواندن دەبن و لای خوێنەر نامۆن .
لەکۆتایدا هیوادارم ئەو خاڵانە جێی خۆی بگرێت و پێنوسەکەشت بە بڕشت تر کات .