با جەنگی ئایدۆلۆژی کۆتایی پێبێت. کوردستان چۆن ڕزگار دەبێت؟
Friday, 16/12/2011, 12:00
کە منداڵ بووم بەبیرم دێت ماڵمان لەهەولێر باری کرد بۆ گوندی نازەنین. ئەو کات تەمەنم هەر ٥-٦ ساڵان دەبوو. تازە خەریک بوو تێدەگەیشتم بۆچی ئێمە لەشارەوە لەم خانوە خۆشەی ئەو سەردەم، کە شوێنی داڵدەی خێزانەکەمان بوو، بەجێمان هێشت و هاتین بۆ ئەم گوندە بچووکە و لەگەڵ ماڵی ئەندامێکی دیکەی پارتەکە خانوێکی دوو ژووریمان دابەشکرد کە پڕبوو لە کێچ و زیندەوەری تری زیانبەخش، کە پێشتر کرابووە خوێندگە و چۆڵکرابوو پاشان بۆ هاوینەکەی ماڵمان بارکرد بۆ ناو باخچەیەک و لەژێر کەپرا دەژیاین و بەشەویش لەبانی دەخەوتین، بەڵام گلەییمان لەم ژیانە نەبوو چونکە لەپێناو کوردایەتی بوو. ئەو کات تێگەیشتنم وابوو کە هەموو کورد لەڕژێمی سەدام یاخییە و ئێمەش لەبەر ئەوەی کە باوک و برامان لەشاخ بوو، لەلایەن ڕژێمەوە چاودێریمان لەسەر بوو و هەراسان ببووین و بارکردنی ئەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەکمان بوو. ئەو کات نەمدەزانی پارتایەتی چییە، بەیەکچاو لەهەموو پێشمەرگەم دەڕوانی و ناوی پێشمەرگە لەلای کورد پیرۆز بوو. جا براکوژی دەستی پێکرد، وەکو چۆن منداڵێک لە لەپۆلی یەکەوە یەک دوو سێ فێر دەبێت، منیش ئاوا دەبووایە ناوی پارتەکانم بزانیبووایە و کامەیان لەگەڵ ئێمەیە و کامانیان دژن. ئیتر کوردایەتی بوو بە دژایەتی و ڕووی ڕاستی پارتەکان بەدیار کەوت، هێزی ڕاکێشەر و پاڵنەری دەرەکیش لەکات بۆ کات و لەناوچە بۆ ناوچە دەگۆڕا و هەوڵی پارتەکانیش لەوەدا بوو، کامیان ببنە باشترین پیاوی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ بەدەست هێنانی سەرماییەی زیاتر بۆ بەرژەوەندی چەند تاکێکی دیاریکراو. کار گەیشتە ئەمە کە دەستدرێژی دەکرایە سەر ماڵە پێشمەرگەکان، تاڵان دەکران و دەسوتێنران، بۆیە ژیانی ئێمە کەوتە مەترسییەوە و باشتر وابوو بگەڕێینەوە بۆ شار چونکە گەورەتربوو و شانسی خۆشاردنەوە زۆر بوو لە ڕژێم. هەرچی لەگوند بوو، هەموو ماڵێک یەکتر دەناسن و دەزانن کامیان ماڵە پێشمەرگەن و لاریشیان نییە لەوەی ئەگەر زمانت لێبدەن.
لەوکاتەی کە کورد سەرقاڵ بوون بە یاری براکوژی، ئەژدیهایەکەی بەغدا کێچی کەوتە کەوڵ و پڕی دایە کوێت و داگیریکرد و کردییەوە بە بەشێک لە وڵاتی دایک. ڕۆژئاواش بۆ ئەوەی ئۆتۆمۆبیلەکانیان لەکار نەکەون و بەرمیلەنەوتەکانیان لەهاتن نەوەستێت کوتکێکی زلیان بەسەری ئەژدیها کێشا و برینداریان کرد و کوێتیشیان ئازاد کردەوە. گەلی کورد ئەمەی بەهەڵ زانی و ڕاپەڕی و زۆربەی ناوچەکانیان ئازاد کردن و کاکی پێشمەرگەش هاتنە سەر خوانی ئامادە و ململانێکانیان هێنایە ناو شار و جێگاش کرایەوە بۆ چەند پارتێکی ئیسلامی توندڕەو لەژێر ناوی جیاجیاوە. گەشەکردنی ئەوان خێراتر بوو لەوانەی کلاسیکیەکان، چونکە سەرچاوە داراییەکانی ئەوان جگە لەوڵاتانی دراوسێ لە سعودیاشەوە دەهات و مێتۆدی کۆکردنەوەی لایەنگرانیان شێوەیەکیتر بوو. بەوهۆیەش کە کورد زۆرینەی ئیسلامن کاری ڕاکێشانی لایەنگران بۆلای خۆیان ئاسانتر بوو.
ئەو بارەی کە ئەم کەشەی تێدا دەگوزەرا و دەگوزەرێت پارادۆکسالە؛ لەلایەک سەرکردەکان لەهەوڵی پەیداکردنی پارەی زیاترن لەئاستی بوجە بۆ ڕاگرتنی سەنگایی و فراوانکردنی پارتەکانیان، لەلایەکی تریشەوە ئەندامە بێئاگاکان و بەئاگاکانیان جەنگی ئادۆلۆژییان درێژەپێداوە. سەرەتا مارکسیزمی سور بوو دژی بۆرژوازی، پاشان کاڵبۆوە بۆ سۆسیالیزم، لەهەمان کاتیشدا دێمۆکراتیزم پەیدا بوو، جا بیری سۆسیالدێمۆکراتی و لە دوای ئەویش ڕادیکاڵی ئیسلامی نۆرەیان بوو. لەم سەردەمە نێزیکانەش بیری لیبرالیزمی پەیدابووە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری کورد پێی ئاشنا نین. ئەوەش کە هێشتا نەهاتۆتە ناو جەنگی ئایدۆلۆژیای کوردەوە بیری لیبەرال دێمۆکراتیزمە، کە بە وتەی فوکویاما (نوسەری ئەمێریکایی) هەموو وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە و جەنگی ئایدۆلۆژی کۆتایی پێدێت، بەهاری عارەبیش نمونەیەکە. بەکورتی وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، سەرکردەکان خەریکی پارەکۆکردنەوەن، دارودەستەکانیشیان لە گێژاوی جەنگی ئایدۆلۆژی تاهەتایی دا ماون، وەکو توشبووان بە دەرمانی هۆشبەر ناتوانن لێی دەربچن.
دوو سێ هەفتە لەمەوبەر لە یەکێک لە تەلەڤیزیۆنەکانی دەسەڵاتی هەرێم پرسیار لەلایەن پەیامنێرێکیانەوە ئاراستەی ئامادەبووێک کرا لەبارەی ئەنجامی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆژە لەبارەی هزری نەتەوەیی. وەڵامی ئامادەبووەکە ئەوە بوو کە هەموویان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە هزری نەتەوەیی شتێکی باش نیە بۆ گەلی کورد. ئەمە وەکو ''دێژاڤوو'' بوو بۆ من، چونکە بەبیرم دێت ٦-٧ ساڵ لەمەوبەریش هەرهەمان شتم بینی، ڕەنگە هەر لەهەمان کەناڵیش بووبێت و ڕەنگە هەر هەمان پەیامنێریش بووبێت و بۆشی هەیە هەرهەمان میوانی کۆڕەکەش بووبێت کە پرسیارەکەی ئاراستەکرا. یانیش هەرهەمان پەخشە لێیانداوەتەوە. بۆشی هەیە هەرهەمان بووکەشووشەبن قوڕمیشکرابنەوە.
لێرەدا پرسیا ئەوەیە؛ ئەمانە بۆ دەبێت وا بیر بکەنەوە، لەکاتێکدا تەنانەت لە وڵاتێکی بچووکی وەکو دانیماڕک زمانی خۆیان بەهیچ زمانێک ناگۆڕنەوە، وڵاتی خۆیان بەهیچ وڵاتێک نادەن، ئاڵاکەیان لەهەموو شتێک لا پیرۆزترە، خۆیان پێ ناسیۆنالیستە و پێشییەوە سەبەرزن ئەمانە و چەندیتر سیمبۆلی نەتەوەییانە و هەوڵی پاراستنیان دەدەن لە لافاوی گلۆبالیزە بوون، کە ئێستا گەورەترین مەترسییە بۆ نەمانی بیری نەتەوەیی.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆ گەلی کورد پێویستە و کورد دەتوانێت پێی ڕزگار بێت هەتا درەنگ نیە، بزوتنەوەیەکی بیری ناسیۆنالیستی سەد لە سەد بێت، کە هەوڵ و ئامانجیان ڕزگارکردنی کورد بێت لە دەستی داگیرکار و پێکهێنانی دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی کوردی کە لە کەمترین خاک و مافی تاکێکی گەلەکەی خۆی خۆش نەبێت. ئەمەش بەم مێشکە ژەنگگرتووانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن ناکرێت، بەڵکو گەنجی ناسیۆنالیستی دیپلۆماسی خوێنگەرمی دەوێت. لەهەمووشیان گرنگتر دەبێت هەموو نەتەوەی کورد هاوڕابن و بیری ئایدۆلۆژی و ئایینی و ڕاشیۆنالی وەلاوە بنێن. بیری هۆزانوانێکی وەکو هێمن و جگەرخوێن و پەشێو بکەنە ڕێباز بۆ خەباتەکەیان.
ئەگەر خوێنەر بەگومانە لەوەی کە چۆن و لەکوێوە دەست پێبکات باهەر هیچ نەبێت پەیوەندی بکەن بە ''بزووتنەوەی دوارۆژی كوردستان'' یان ''پارتی رابوونی نیشتمانی'' کە دوو پارتی نوێن و لەلایەن گەنجی بەپەرۆش و خوێنگەرمەوە دامەزراون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست