سەرنجێك بۆ پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا
Wednesday, 15/10/2014, 12:00
ئەوەی لەو پەیامەدا هاتوە گەلێ کرچ و کاڵە. جگە لە دووبارە کردنەوەی ئەوەی لەزاری شەقام هاتە دەر سەبارەت بە؛کوبانی؛ شتێکی وای تێدا نەبوو کە خەڵکی نەیوتبێ. ئەوە تەنها وەك پەخشانێکی پڕ لەسۆز بۆ شەرڤانان و بەرخودانی یەك مانگەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە بەرانبەر چەتەکانی داعش. ئێمە چاوەڕێی شتێکی نوێمان لەو پەیامە ئەکرد کە نەوترابێ و بزانین ڕاو بۆچوونی نەوشیروان جیاوازە لەوانی تر وەیان وەکو ئەوانی ترە. لەڕاستیدا باس کردنی ئازایەتی و نەبەردی ئەو کوڕ و کچانەی نێو کۆبانی پێوستی بەو جۆرە پەیامە نەئەکرد،لەبەرئەوەی ڕۆژانە و خولەك دوای خولەك لەڕێگای ڕاگەیاندنەکان و ئینتەرنێتەوە دوا بەهەواڵ ئەگەیەنرێ. بۆیە ئەو پەیامە نەیتوانی ببێتە خاڵی وەرچەرخان لەتێکۆشان و خەباتی گەلەکەمان دژ بە داعش.
لەڕاستیدا، نەوشیروان مستەفا تەنها ئەو پەیامەی بڵاو کردەوە تا سبەینێ نەڵێن هیچی نەووت. دەنا ئەوەی ووتی شتی زۆر سادەو ساکار بوو. گەر بێتو بچینە ناوەڕۆکی پەیامەکە،ئەوا ئەوەی من هەستم پێکرد خۆی لە دوو خاڵدا بەرجەستە ئەکا:
یەکەمین: لەو پەیامەدا وویستی ئاستی بەرخودان و بەرگری کوردی ڕۆژئاوا یەکسان بکا بە تێکشاندنەکانی پارتی لەشەنگال و دەوروبەری هەولێر. لەهەمان کاتیشدا شۆردنەوەی ئەو دۆڕاندن و تێکشاندنانەی هێزەکانی یەکێتی لە جەلاولا بە سەرکەوتن وهاوتاکردنی هاوکێشە سەربازیەکان.
دووەمین: لەو پەیامەدا وویستی جارێکی تر خۆی لای پارتی و تورکیا وا نیشان بدا کەوەك ئەوان بیرئەکاتەو لەو ستراتیژەی پارتی و تورکیا لای نەداوە. دەنا ، ئەبوو لانی کەم نەختێ پەنجەی ڕەخنەی لە پارتی و تورکیا بگرتایە لەکاتێکدا ئەوان مایەی پیلان دانان و بوژانەوەو گەشەکردنی داعشن.
نەوشیروان بۆ ئەوەی زەرەر بەپەزەکانی نەکەوێ ئا بەو شێوە لاواز و شەرمنانە تەنها خواستی سۆزی بۆ خەباتی کوردستان دەبڕی. لێرەوە ئەزانین کەوا نایەوێ بەرژەوەندی ئابووری خۆی بخاتە مەترسی و هات و تەنها بەو چەند دێڕە سەری خۆی قەبڵاند و لەئەنجامدا شاباشی خۆی لە پارتی و تورکیا وەرئەگرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست