درۆ وەك سەرچاوەیەكى سەرەكى ڕاگەیاندنە سێبەرەكان
Saturday, 03/01/2015, 12:00
ڕاستە ئەمڕۆ لەم هەرێمەى ئێمەدا دەستخستنى هەواڵە هەستیار و گرنگەكان زۆر ئاستەم بووە بۆ دەزگاكانى ڕاگەیاندن، زۆر جار بەئەنقس ڕاستى هەواڵ و ڕوداوەكان دەشاردرێنەوە لە كەناڵەكان، یان تایبەت دەكرێن بەچەند كاناڵێكى تایبەتى حیزبى و سێبەر، یان هەر بەفەرمى لێدوان و پێدانى زانیارى قەدەغە دەكرێت بۆ دەزگاكانى ڕاگەیاندن، هەموو ئەمانە ناكاتە ئەوەى كە ئەگەر دەستخستنى هەواڵ وا ئاستەم بوو ئیتر ڕاگەیاندنەكان پەنا ببەن بۆ دروستكردنى هەواڵى نادروست و چەواشەكارى، لە كاتێكدا ئیتیكى ڕۆژنامەوانى ڕێگە بە ڕۆژنامەوان دەدات لە پێناودەستخستنى زانیارى ڕاستدا ڕۆژنامەوان پەنابباتە بەر دزە پێكردنى زانیارى.
لە هەرێمى كوردستاندا ڕاگەیاندنەكان بەهەر چوار جۆرەكەیانەوە(بینیین و بیستن و خویندنەوە، ئەلەكترۆنى) لە سێ حاڵەت بەدەر نیین،كە ئەوانیش(حیزبى و ئەهلى و سێبەر)ن.
- ڕاگەیاندنى حیزبی: ئەو جۆرە لە ڕاگەیاندن بەهۆى پابەند بونیانەوە بە سیاسەتى حیزبەوە كەمتر پەنا بۆ دروستكرنى هەواڵى ناتەندروست دەبەن، ئەوان كار لەسەر ئەجێنداى حیزبەكەى خۆیان و ڕەخنەى نەیارەكانیان دەكەن، هەرچەندە ئەوانیش لێوان لێون لە هەڵە و پەڵە و زیادەڕۆیى و بەهیچ شێوەیەكیش نابینیت ڕەخنەكانیان ئاراستەى حیزبەكەیان بكەنەوە.
-ڕاگەیانى ئەهلى: ئەم جۆرەش لە ڕاگەیاندن هەر چەندە تاڕاددەیەك هاوسەنگیان پاراستووە و كەمتر پەنا بۆ دروستكردنى هەواڵى ساختە و ناتەندروست دەبەن،بەڵام ئەمانیش دەیانجار تۆمەتى سێبەر و سەربەم لایەن و وەرگرتنى هاوكارى لەلایەن تاوانبار دەكرێت، بەڵام لەناو تێكڕاى ڕاگەیاندنەكاندا زۆرترین هەواداریان هەیە و ڕاستگۆترینیانن.
- ڕاگەیاندنى سێبەى: ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندنەیە كە شایستەى زۆر ترین قسەلەسەركرنە، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنەیە كە خودى ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكارانى ناشیرینكردووە چونكە هەرخۆى لەسەر بنەماى (بۆ درۆ و دژى نەیارەكان)دروست بووە ! زۆرترین درۆ و هەواڵى ناتەندروست لێرەوە بڵاودەكرێتەوە، ئەمەش ئەو دیوە ناشیرینەى حیزبەكانمان نیشان دەدات، كە بەجۆرێك لە جۆرەكان زۆربەى حیزبەكان بەتایبەت حیزبەگەورەكان لەم جۆرە ڕاگەیاندنەیان دامەزراندووە ، ئەوەى كە حیزبەكان ناتوانن لە ڕاگەیاندنە حیزبییەكانیانەوە بە ئاشكرا ئاراستەى یەكترى بكەن لێرەوە ئاراستەى دەكەن!!! لەو جۆرە ڕاگەیاندنەوە بۆت دەردەكەوێت كە ئەوو حیزبانە تاچ ئاستێك دوژمنى باوەكوشتەى یەكترن،ئاخر پەنا بۆ هەموو جۆرێك لە هەواڵى درۆى زۆر گەورە و نادروست و ناڕاست دەبەن بێ ئەوەى گوێ بەوە بدەن كە ئایا خەڵكى باوە بەوجۆرە لە هەواڵ دەكەن یان نا!!! ئەگەر سەرژمێریەك بۆ كەناڵەكانى ڕاگەیاندن بكەین بۆت دەردەكەوێت كە ڕاگەیاندنى سێبەر لەهەردوو جۆرەكەیتر زیاترن و سەرجەم ئامرازەكانى ڕاگەیاندن لە (بینراو و بیستراو و خوێندرا و ئەلەكترۆنى)گرتۆتەوە، كێشەى ئەم كەناڵانە تەنها ئەوە نیە كە سێبەرن و خۆیان بە ئەهلى دەزانن یان ئەوە نییە كە زۆربەى زانیارەكانیان درۆ و ناڕاستن و یان سەرچاوەى زانیارەكانى ئەمان دەزگا هەواڵگریەكانى حیزبن، بەڵكو لە ڕوى ئابوریشەوە فشارێكى زۆریان لەسەر ئابورى ئەم هەرێمە دروستكردووە، چونكە موچە و نەسریە و خەرجى ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە زۆر خەیاڵى و زەبەلاحە، كە بە جۆرێك چەند هێندەى كەناڵێكى ڕاگەیاندنى هاوشێوەیەتى.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست