ئینكار وچاونووقاندن قەیرانەكان چارەسەرناكات
Friday, 18/11/2011, 12:00
ئەرێ چاكسازی وبەرەنگاربوونەوەكانی بەرزانی بۆگەندەڵی چی لێهات؟ چووە بەر دلۆڤانیا خوا وتەواوبوو, وادیارە لە كوردستان تەنها سێ كەس بەگەندەڵییەوە گلابوون و ئاشكرابوون وسزادران وتەواو, . بۆیەشە پێویستیمان بە لیژنەی نەزاهە ولێكۆڵینەوە وبەدواچوون نییە ,خۆزگە وابوایە. بەرزانی جارێكیتر لەئاست گەندەڵی چاوی نووقاند و ئینكاری كرد, لە باتی ئەوەی پلانێكی توكمە وموكم دابرَژێت و بەدڵسۆزییەوە هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت وتەندورستی بگەرَێنێتەوە بۆئەم هەرێمەمان كە بەدەست چەند دەردێكی گران وكوشندەوە گلاوە و دەناڵێنیت ورَۆژ بەرَۆژ لاوازی وبێهێزی لەسەر وسیما ورَوخساریا دیاردەكات و زۆردەبێت. بەرزانی لەجیاتی ئەوەی بۆ پێشەوە هەنگاوبنێت گەرَایەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. پێش ماوەیەك لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی وابزانم لەگەڵ كەناڵی عەرەبییەدا بوو دەڵێت باسی گەندەڵی لە كوردستان موبالەغەیە و بەو شێوەیە نییە. نازانم شەرمدەكات باسی گەندەڵی كوردستان بكات كە لەئاستی جیهان ونێودەوڵەتیدا یەكەمە وئەو وچەند كەسێك لەبنەماڵە بەرپرسی یەكەمن لێی, یان ئەو وادەزانێت كە ئینكار وخۆگێلكردن چاونووقاندن لە ئاستی قەیرانەكان,قەیرانەكان چارەسەردەكات. ئەوەی جێگای داخ ونیگەرانییە ئەم رَا كردنەی بۆ پێشەوە نەك تەنها چارەسەر نییە بەڵكو گەوەتر و ئاڵۆزتریان دەكات. ئەوەی سەیر وسەرنج رَاكێشە,سەرەرَای ئەم وەزعە نالەبارە, سەرەرَای نیگەرانی ونارَازی شەقامی كوردی وبێهیوایی خانەوادەی شەهیدان وبریندارانی 17ی شوبات ورَۆژانی دواتر ئەوەی جێگای پرسیارە بێدەنگی ئۆپۆزسیۆنە. ئەمە چەند مانگێكە ئۆپۆزسیۆن تەنها یەك قسە دووبارە دەكاتەوە ئەگەر برَیارەكان جیبەجێ نەكرێن دانشتنی پێنج قۆڵی نییە, بەڵام دانشتنی دووقۆڵی هەیە. ماوەیەكە رَژیمە گەندەڵكە بۆئەوەی خۆی لەم چەڵەمەیە رَزگاركات, دەستی هاوێشتۆتە سیاسەت,لەلایەك لەگەڵ بەغدا هەندێ دەرگای داخراو وكۆن تەنها بۆ موزایەدە دەكاتەوە, بەرزانی بۆیەكەمجار لە ژیانی دوای بیستساڵ لە حوكمرَانی سەردانی ناوچەی گەرمیان دەكات, سەرەدانی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكات ولەگەڵیان كۆدەبێتەوە, بە تاكە هەوڵدەدات لە گەڵ هەرسێ لاییەنەكە كۆبێتەوە و وابزانم هەوڵی تێكدانی نێوانیان دەدات, خۆی واپیشان دەدات كە هەرهیچ نەبووە ورَووینەداوە وهەموشتێك وەكو سەعاتی سویسری بەرَێوەدەچێت. ئەم بێدەنگییە دوور ودرێژەی ئۆپۆزسیۆن زەرەرێكی گەورە لەدۆسیەی چاكسازی ورَسواكردنی گەندەڵی وگەندەڵكاران دەدات ودروشمی گۆرَان ودەیگۆرَین كاڵدەبێتەوە, تەنها دەسەڵاتە لەم ساتە لەمهەل ومەرجە, ئێمە حوكم دەكەین و ئێوەش تەماشابكەن, تەنها دەسەڵاتە گەندەلەكە سوودمەندە. ئەمەش قەبوول نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست