کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له ‌سه‌ر کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریه‌که‌ی پاڕیزگاری هه‌ولێر!

Wednesday, 19/08/2009, 12:00


داوا ده‌که‌ین له‌په‌رله‌مان و دادگاکانی کوردستان لێکۆلینه‌وه‌ له‌وته‌کانی ئێمه‌ و پارێزگار بکرێت .

ئه‌گه‌ر پارێزگاری هه‌ولێر ده‌یهه‌وێ ڕاستییه‌کان ئاوژوو نه‌کاته‌وه‌، با بفه‌رمووێ ژماره‌ی مۆله‌تی تۆمارکردنی شاری هه‌ولێرمان لای یۆنسکۆ بۆ بڵاو بکاته‌وه‌!؟

ڕۆژی 2009.08.13 پارێزگاری هه‌ولێر نه‌وزاد هادی ، به‌یاوه‌ری نوێنه‌رێکی یونسکۆ و ئه‌ندامێکی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان ، کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌ریان ڕێکخست، بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی ئێمه‌ له‌ ‌چه‌ند رۆژی پێشو‌وتر بلاومان کردبۆ‌وه، که‌ شاری هه‌ولێر به‌شارێکی که‌لتوری لای یونسکۆ تۆمار نه‌کراوه‌ وه‌بازاڕی نیشتمان بێ مۆله‌تی یاسایی بنیاتنراوه‌ . لێره‌دا تێبینییه‌کانی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو بۆ ڕای گشتی ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی باشووری کوردسان، خوێنه‌ران، چاودێران، پسپۆرانی تایبه‌تکار له‌ بواری شوێنه‌وارناسی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی و ناڕاستی لێک جودا بێته‌وه‌، چه‌واشه‌کاریه‌کانی پارێزگاری هه‌ولێرێش بۆ هه‌مووان ڕوون بێته‌وه‌.

سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین پارێزگاری هه‌ولێر و وه‌فده‌ یاوه‌ره‌که‌ی چری ووته‌کانیان له‌سه‌ر یه‌ک خاڵ چرکردبۆوه‌ که‌ (یۆنسکۆ هیچ به‌یانامه‌یه‌کی له‌م باره‌وه‌ ده‌رنه‌کردوه‌) ، نه‌وه‌ک قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌وزانیاریه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی ئێمه‌ ده‌رمان کردوه‌ . وه‌ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه‌ بلێێن ئه‌و به‌یانامه‌یه‌ی ‌ڕۆژی2009.08.13 بڵاومان کرده‌وه به‌هیچ شیوه‌یه‌ک ئاماژه‌ مان به‌وه‌ نه‌کردوه‌ که‌ ڕێکخراوی یونسکۆ به‌یانامه‌ی ده‌رکردوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر شوێنێک به‌ شێوه‌یه‌کی تر بڵاوکرابێته‌وه‌، ئێمه‌ لێی به‌رپرس نین، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قی به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌، چیرۆک و باس و بابه‌تی ناو خودی وۆرکشۆپه‌که‌ی 1-2 ی 6/2009 ‌که‌ له ‌‌شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه، له‌ وێدا زیاتر له ‌200 که‌سایه‌تی ئه‌کادیمی و شوێنه‌وارناسی کوردی، بیانی ئاماده‌ و به‌ شدار بوون، له‌نێویاندا 6 ئه‌ندامی یۆنسکۆ بوون‌، که‌ له‌‌ 2 وتاریاندا تێبینی و ره‌خنه‌ی خۆیان له‌سه‌ر به‌هه‌ڵه‌ مامه‌له‌کردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی پێشکه‌ش به‌ ئاماده‌ بووان کردووه‌، که‌ زۆر دووره‌ له‌ پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی شوێنه‌وار به‌ تایبه‌ت‌ دروستکردن و دامه‌زراندنی باله‌خانه، تاوه‌ر، ئه‌ستووندی کاره‌با و تۆڕی په‌یوه‌ندی به‌رز، ته‌نانه‌ت ناشتنی دار و دره‌ختی به‌رز له ‌چوار ده‌وری قه‌ڵا... هه‌مووی دژ به ‌یاساکانی پڕنسیپه‌کانی شوێنه‌واره و لادانه‌ له بنه‌ماکانی پاراستنی شوێنه‌وار، هاوکات ‌تێبینی ئه‌وه‌یان داوه‌ که‌ به‌ پێی پێوه‌ری شوێنه‌وار نابێت له‌ چوار ده‌وری قه‌ڵا باله‌خانه‌ی له‌ 2 نهۆم بڵندتر دروستکرێ،‌ چه‌ندان فیلمی ڤیدیۆیی وێنه‌یان پێشان دابوو، که‌ به‌رزی ئه‌و باڵه‌خانانه‌ی ده‌خسته‌ ڕوو، که‌ زۆر له نۆرمی نێو ده‌وڵه‌تی‌ به‌رزتره، نموونه‌ش بازاری نیشتمان، ئوتێلی تاوه‌ری ئه‌ربیل، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێک له‌ وێنه‌کاندا دیمه‌نی سه‌ته‌لایتی سه‌ربانه‌کانی خست بووه‌ ڕوو، دیاره‌ ‌گرنگی نه‌دان به‌ گه‌ڕه‌که‌ کۆنه‌کان، پشتگوێ خستنیان، به‌شێکی تری ووتاره‌کانیان بووه‌، داوای پاراستن و گرنگی پێدان و خه‌مخۆرییان کردبوو.

پارێزگاری هه‌ولێر و هه‌ر که‌سایه‌تی و لایه‌نێکی به‌ر پرس ئه‌گه‌ر گومانێکیان له‌ ڕاستی و نا ڕاستی ئه‌م زانیارییانه هه‌یه‌ که‌ ئاماژه‌کران‌، پێشنیار ده‌که‌ین با ده‌قی باس و بابه‌ت و ڕووداوه‌کانی ئه‌و وۆرکشۆپه‌ ڕاپۆرت و گفتوگۆکان په‌خش و بڵاو بکه‌نه‌وه.

ئه‌وسا هه‌وڵی تۆمارکردنی داوا و سکاڵای یاسایی له ‌سه‌ر ئێمه بده‌‌ن، خۆ هێشتا به‌شدار بووانی ئه‌وێ ڕۆژێ له‌ ژیاندا ماون و ده‌توانن ببنه‌ گه‌واهی ده‌ری ڕاستییه‌کان. ئه‌و ڕۆژه‌ش که‌ پێویست بوو ئێمه‌ بێینه‌ هه‌ولێر بای ئه‌وه‌نده‌ به‌لگه‌مان به‌ ده‌سته‌وه‌یه لێفه‌ی شڕ له‌ سه‌ر هه‌تیوان فڕێ ده‌ین.

به ‌پێی زانیاریه‌کانی لامان‌ رێکخراوی یونسکۆ شاری هه‌ولێری له ‌جاری یه‌که‌م وه‌ک شارێکی کلتووری مێژوویی تۆمار نه‌کردووه‌ به‌ هۆی که‌م کوڕی زۆر، ئه‌گه‌ر پارێزگاری هه‌ولێر ده‌یهه‌وێ ڕاستییه‌کان ئاوژوو نه‌کاته‌وه‌، با بفه‌رمووێ ژماره‌ی مۆله‌تی تۆمارکردنی شاری هه‌ولێرمان لای یۆنسکۆ بۆ بڵاو بکاته‌وه‌!؟

پاریزگاری به‌ڕێز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که ‌ئه‌وان له‌گه‌ل یونسکۆ کارده‌که‌ن، له‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئێمه‌دا نه‌ هاتووه‌ که‌‌‌ یونسکۆ کارتان له‌گه‌ل نه‌کات ؟

پارێزگاری هه‌ولێر ده‌لێت (دروستكردنی باڵەخانەو دروستكردنی پاركی دەورووبەری قەڵا بۆ ماستەرپلانی پڕۆژەی قەڵا خۆیەتی و گونجانە لەگەڵ هەڵكەووتەی قەڵادا) دروست ئەوەی ئەوان باسی دەكەن سەد له‌ سەد پێچەوانەی ئەو بەرنامەیە كە حكوومەت مامەڵەی پێ دەكات لەگەڵ قەڵادا . ئه‌م چه‌ند دێره‌ی پارێزگار بۆ شوێنه‌وارناسان به‌ جێ ده‌هێلین ، چونکه‌ ئه‌وان ده‌زانن ئه‌و وتانه‌ی پارێزگار چه‌نده‌ دوره‌ له‌راستی ومه‌ترسیداریشه‌ له‌درێژه‌پێدانی پڕۆژه‌‌کانی وێرانکردنی شوێنه‌واره‌کانی هه‌ولێر .

ئێمه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌ وخۆمان به‌ نووسینگه‌ی یونسکۆ له‌ خۆرهاڵاتی ناوین کردوه‌ ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ل سه‌نته‌ره‌که‌شیان له‌ پاریس ، رونکردنه‌وه‌ و زانیاری ووردمان پێداون، داواشیان لێکردوین به‌سکاڵانامه‌ و داخوازینامه‌ هاوکار‌یان بکه‌ین به‌تایبه‌تی له‌پاریس بۆ زیاتر به‌دوا داچوونی پێویست و ڕۆژانی داهاتوش گوێبیستی هه‌واڵ ده‌بن .

له‌کۆتایشدا داوا له‌په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و دادگاکانی کوردستان ده‌که‌ین ده‌قی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ل وته‌کانی پارێزگار بکه‌نه‌ کارنامه‌ی کارکردنتان و بۆ ئه‌وه‌ی راستیه‌کان بۆ خه‌لکی کوردستان به‌دیار بکه‌وێت



بۆ زانیاری زیاتر له ‌سه‌ر به ‌یانامه‌که‌ی ئێمه‌ و وته‌کانی پارێزگار ده‌کرێ بڕواننه‌ ئه‌و لینکانه‌ی‌ خواره‌وه‌:

http://www.chaknews.com/kurdish/news.php?readmore=6199

http://www.xebat.net/article.php?id=25818

که‌مپینی دژ به‌تێکدانی شوێنه‌واره‌کان له‌باشووری کوردستان

‏19‏/08‏/2009

[email protected]

Te : 0046735366757


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە