کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕاستى نێو زیندانەكانى دەسەڵاتى پارتى بەشى پێنجەم

Monday, 07/03/2011, 12:00


چى لەدادگاكان ڕوودەدات؟؟؟
دەمەوێ ئەم نوسینە وڵامێكى كورت بێ بۆ ئەو كەسانەى شەو و ڕۆژ بانگەشەى سەربەخۆبونى دادوەرەكان و دادگاكان دەكەن لەكارەكانیان.سەرەتا لە یاساناسان و بەرپرسە حكومیەكان و بەتایبەتى وەزیرى داد دەپرسم كە ئایا دەبێت حاكم بێتە ناو دەزگاى ئاسایش یاخود بێتە ناو دەزگاى رێكخستن و ئیفادە لە زیندانییەكان وەرگرێت؟ ئەوە لە چ یاسایەك هەبووە و ئەمەتان لە كوێ هێناوە؟ چونكە دەزانن حاكم شوێن و مەكانى دانیشتنى خۆى هەیە و دیارە ئەویش دادگایە نەوەك بێتە ناو دەزگا ئەمنییەكان و رێكخستن و دەزگاحزبیەكان لەوێ ئیفادە لە زیندانییەكان وەرگرێت، لەوەش سەیرتر بە چاوبەستراوى مۆرى لەسەر ئیفادە پێ بكات كەوا ئەم زیندانییە بەخۆشى نازانێت مۆرى لەسەر چى كردووە،نیچیرڤان بارزانى ساڵى (2009) لە (20/5) لەكاتى كردنەوەى تەلارى ئەنجومەنى دادوەرى زۆر بەسیقەو متمانەوە باسى دادوەرو دادگاكانى دەكرد وەكو ئەوەى لەلاى ئەو دادوەرانە دادپەروەرى و مافى مرۆڤ ببەخشرێتەوە. جەنابى دەیگوت ((جاران لە سەردەمى حیزبى بەعسدا خەڵك دەستگیر دەكران بەبێ بڕیارى دادگاو پاشان سیناریۆیەكیان بۆ دروست دەكرد و لە دادگاى نهێنى بە سزاى خۆیان دەگەیاند))،ئێستاش حكومەتە مافیایەكەى بارزانى هەمان سیناریۆ دووبارە دەكاتەوە. جاران "عواد بەندەر" و ئەمسالى ئەو لە دادگاكان خەڵكیان بەرەو پەتى سێدارە دەبرد، ئێستاش هەمان سیناریۆ هەریەك لە ((حاكم ئیسماعیل و حاكم عمر و حاكم شاكر و حاكم محمد)) جێبەجێى دەكەن، ئا ئەمانە هەموویان سەر بە دەزگاى ئاسایش و رێكخستنەكانى پارتینە مافى مرۆڤیان كردۆتە پێڵاو و لە پێ ى بەرپرسەكانى پارتى دەكەن.
لەم هەرێمە فەرمانى دەستگیر كردن بەدەست هیچ لایەنێك نیە جگە لە دەزگا حزبیەكان و دەزگاى ئاسایشى پارتى و بەبێ ئەوەى دادگا ئاگادار بكرێتەوە،لەكاتێكدا لەدەستورى عێراقدا ئەمە باسكراوە لەفەقەرەى (ب) لەماددە(37) دەڵێ:((نابێ كەس دەستگیربكرێت یان لێكۆڵینەوەى لەگەڵ بكرێت تەنها بەپێ ى بڕیارى دادگا نەبێ)). وەلەهەمان ماددەدا لەفەقەرەى (ج) دەڵێ: ((هەموو جۆرەكانى سزادانى دەروونى و جەستەیى و مامەڵەى نامرۆڤانە قەدەغەیەو،هەردانپێدانانێك بەزۆر یان هەڕەشە یان سزادان بێت هیچ بایەخێكى یاسایى نیە،زیان لێكەتوو مافى ئەوەى هەیە بەپێ ى یاسا داواى قەرەبوو بكاتە لەبەرامبەر ئەو زیانە ماددى و مەعنەویانەى كەلێ ى كەوتووە)).لەدەستورەكەى بارزانیش لەزۆر جێگادا باسى ئەم بابەتە كراوە،بۆنمونە لەماددەكانى : ((24،25،26،27،28،29،32،33،34،35،36)). بەڵام ئەگەر كەسێك دەستگیر بكرێت هەر لەو ساتەى دەگاتە زیندانى ئاسایش هەر بە شاق و شولاق و كێبل پێشوازییەكى گەرمى لێ دەكەن بێ ئەوەى بزانن ئەم كەسە چى كردووە،لەلایەكى تر باشە من ئەگەر خۆم تاوانبار بم بۆ دەبێت كەس و كارم دەستگیر بكرێن و ئەزیەت و ئازار بدرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت یان ئیعترافم پێ بكەن بەوەى ئەگەر ئیعتراف نەكەیت ئەوا دایك و خوشكت دەهێنین لەبەر چاوى تۆدا دەستدرێژییان لێ دەكرێت،ئەو پێشێلكارییانەى كەلێرەدا ڕوویداوە لە هیچ چەرخ و زەمانێك ڕووینەداوە.ئەوەى لەژێر دەسەڵاتى پارتى ڕوودەدات بەرامبەر زیندانیەكان.هەتائێستا لەوەتەى حكومەتى عێراق هەیە شتى واڕووى نەداوە بەحكومەتى بەعسیشەوە، لەزیندانى ئەم هەرێمە زیندانى بە نهێنى دادگایى دەكرێت لە ژوورێكى تایبەت لە بەردەم كۆمەڵێك پیاوى رێكخستن و ئاسایش كەوا راستەوخۆ دادوەر فەرمان لەوان وەردەگرێت؟بۆنمونە زیندانییەك بەناوى (.......) هەموو ئەوبە بەڵگەو تۆمەتانەى ڕەتكردەوە كەوا درابوونە پاڵى، بەڵام دادوەر پێى گووت: كوڕم بەدەست من نییە، خوا حەقت بكات. توخوا ئەمە چ قسەیەكە ئەو دادوەرە دەیكات؟
یان لەناو ژوورى دادگایى كردن حاكم بڵێت: بڕۆن كێك و بیبسیم بۆ بێنن برسیمە لەكاتى دادگایى كردندا!!! یاخود لەكاتى دادگایى كردنى زیندانییەك حاكم پرسیارى لە زیندانییەكە دەكرد بەڵام ئەم ئەفسەرەى ئاسایش كەوا ئامادەى ئەم دادگایى كردنە بوو بەتووڕەییەوە لە بەرامبەر حاكم هەستایەوە و پێى گووت: چیتر پرسیارى لێ مەكە تەواو.
جا من نازانم چۆن متمانە بەدادوەرێك بكەم كە بەپێ ى بەرژەوەندى دەزگا حزبیەكان بڕیار دەدات.وەلەجیاتى دەستەى دادگا،كەسى سەر بەڕیكخستنەكانى پارتى و ئەفسەرى ئاسایش لە ژوورى دادگا ئامادە بن و ئەوان ڕێ و شوێنى ئەم دادگایى كردنە بەڕێوەبەرن؟ زیندانییەك بۆمى گێڕایەوە گوتى پاش ئەوەى حاكم ئیفادەى لێ وەرگرتم پێمگووت: جەنابى حاكم من تاكو ئێستا ئیعترافم نییە تەنها منیان هێناوە بۆ دادگا چونكە ئێمە دەوڵەمەندین و داواى پارەیەكى زۆریان لێ كردومە لەلایەن ئەفسەرانى ئاسایشەوە، بەڵام من ڕازى نەبوومە.پاشان حاكم پێى گوتم:بەدەست من نییە ئەمە نووسراوى ئاسایشە. هەر لە بەردەم جەنابى حاكم ئەفسەرانى ئاسایش منیان دا بەر مست و پێلەقە، جا جەنابى حاكمیش نەیتوانى یەك قسە بكات بەڵكو پێم پێدەكەنى.... ئەوەیە مافى تاكەكەس لە هەرێمەكەى مسعود بارزانى.....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە