با مێژوو بڕیار بدا
Tuesday, 22/10/2013, 12:00
1638 بینراوە
زۆر جار کێشەی نێوان دوو کەس یا دوو بنە ماڵە یا دوو هۆز یا دوو دەوڵەت بە نێوانجیگەری کەسانی لێهاتوو یان دەوڵەتانی خێر خواز کۆتایی پێ دێو ئاو بە ئاور دادەکرێ. بەڵام ئەوەی جێگای سرنجە پێداچونەوەبە مێژوویە ، (هەڵبەت هەر نەتەوەیەک مێژووی تایبەت بەخۆی هەیە) کە بە رێگوزەرێکی هاسان دا تێپەڕ نەبووە کە هەر واهاسان بنەماڵەیەک یا حیزبێک تەنانەت دەوڵەتانی بەهێز بە مەرامی دڵی خۆیان بیگۆڕن ولەسەر هزرو رامانی خۆیان لێکی دەنەوە .
مێژووی نەتەوەیەکی بندەستی وەکو کورد ئەگەر خێرنەخوازی بیانی ئاڵوگۆڕی بەسەر هێناوە وەکی چێشتی مجێوری لێ کردووە ، خێرنەخوازی دواکەوتووسەرهیشکی خۆماڵیش لەسەر ساجی عەلی داناوەوسەرە نەخی هەودای هێندێک گرێوگۆڵی وەها بزر کردووە کە کەس ناوێرێ ئەنگوستی لەسەردانێ ولە خودای راستان نزیکی کاتەوە .هۆی سەرکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردوستان بۆتە دەشتی تراویلکە بۆ دیرۆکناس ولێکۆلێلەروشاعیرو مرۆوی بوێر وخاوەن هەست .هەر چی پێمان دیکتە دەکەن بە خامەی دەستی خۆمان دەیکەینە مێژوو ولەزاری منداڵی کوردی دە ئاخنین .
٣٥ساڵی تەختە کەس نەماوە لێی نەپرسم ئەو ئاڵایە ی کە شەهید قازی موحەممەد رادەستی مەڕحومی مەلا مستەفای کرد کام ئاڵایە ؟ (جارێکیان لە سۆئێد لە ئەندامێکی ناوەندی ح، د . ک ، م پرسی گوتی : دەبێ چاو لە کتێب بکەم !؟) بە پێی کام بەڵگە یە؟ ئەگەر ئەو ئاڵایە ی کە ئەوڕۆکە لە باشور هەڵدراوە لە کام ئاڕشیودا وەگیرو خستووە ؟کێ بە شاهید دەگرن ؟تا کوردی پێ رازی بێ؟ هەتا نوسینی ئەو ڕستانەش کەس شک نابەم جوابم داتەوە یا ڕێنمونیم بکا ؟
رووداوەکانی سەردەمی کۆماری مهاباد بەتەواوی کەمو کورتی خۆیەوە بەشێک لە مێژووی ئێمەن . کوردیش بە رووداوە شیرنەکانی سەربەرزەو بە رووداوە تاڵەکانیشی دڵ بە هێشو برینە . بیستومە دەڵێن : کاتێک کە مەلا مستەفا بۆ دوایین دیدار کە پێشەوای دیوە وچۆتەلای بۆ ئەوەی کە رەگە ڵی کەوێ وباوەڕ بە دوژمن نەکا ، پێشەوا دەڵێ : من خەڵکی کەسکو سوری مهاباد بە جێ ناهێڵم بەڵام ئەو ئاڵایە دەدەمە دەست تۆ دەبێ بیپارێزی .ئەورستەیە بۆتە وێردی سەرزاری کۆمەڵگای کورد و داییم دووپات دەبێتەوە .ئەو کەسانە کێن کە هاتا ئەوڕۆ قازانجیان لەو رستەیە کردووە ؟ کام حیزب یا کام بنە ماڵە بە باشی توانیویانە بازەرگانی بەو هەڵویستە بکەن ؟ کارێکی گرانە کەدەبێ مرۆوی راستبێژ وەدوای کەلێن وقوژبنی مێژوومان کەوێ و راستیەکان ئاشکرا بکا .
لە هە موو دونیادا ئاڵا یا سرودی نەتەوەیی وزۆر بابەتی دیکە ئاڵو گۆڕی بەسەردادێ کوردیش جیاواز نییە دەکرێ لەداهاتودا ئەو ئاڵو گۆڕانە بەسەر خۆیدا بێنێ (بە مەرجێک شەڕی ناوخۆیی لەسەر ساز نەبێ). بڕیاری مێژووی هەر نەتەوەیەک وانەی سەرەکییە بۆ تاکو بۆ سەربەرزی ئەو نەتەوەیە .هەموومان رێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردوستان وراگەیاندنی کۆمارمان کەموو زێدە بیستووەیا خوێندومانەتەوە .(٢٢/ ١/ ١٩٤٦ ز هەڵکردنی ئاڵای کوردوستان دیاری کراوە .) واوێدەچێ لە تەواوی ئەو وێنانەدا کە دیارن و بە بەشداری پێشەواو کەسانی ناوداری دیکە ئاڵایەک هەڵدراوە کە جیاوازی لە گەڵ ئەو ئاڵایە هەیە کە ئەوڕۆلە باشوری وڵات دەبیندرێ .ئەرکی لێکۆڵینەوەو بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆی کێ ؟ ئەمن دیاری ناکەم با پسپۆڕی تایبەت بەو کارە جوابی خەڵک بداتەوە .
سەرچاوە : پەڕتوکی حکومەتی میللی کوردوستان / مهاباد ساڵی ١٩٤٦ ز/ لە نوسینی ، ولیام ئینگڵتۆن جونیۆر .
وەرگێڕانەوە لە ئینگلیسی : جەنابی مەحەممەد سەمەدی
پێداچوونەوە : جەنابی عەوڵای سەمەدی
جەعفەر کەریمی/ ٢١/ ١٠/ ٢٠١٣
سرنج: ئەو وێنانەی ئاڵای سەردەمی کۆماری کوردوستان بە ئێمە نیشاندەدا کە لە رێوڕەسمی کۆماردا هەڵدراون وهیچ ئاڵایەک نابیندرێ کە وەکو ئەو ئاڵایە بێ کە ئێستا لە باشوری وڵات دێتە بەر چاومان .پێدەچێ ئەو ئاڵایە هەمان ئاڵابێ کە پێشەوا رادەستی مەلا مستەفای کردبێ . (ج: من هیچ بەڵگەیەکم ئەو ڕۆ لەبەر دەست دانییە لە غەیری ئەو وێنانە کە بۆخۆیان دەگەڵمان دەدوێن .)