حکوومەتێک لە ڕۆژئاوا یادی مەهاباد زیندوودەکاتەوە
Wednesday, 22/01/2014, 12:00
1719 بینراوە
گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە دامەزراندنی حکوومەتێک پێشوازی لە کۆبوونەوەی جنێڤ (٢) دەکەن. کەواتە بڕیاری خۆ ڕێکخستن وباشتر خۆ ئامادەکردن بۆ پاراستن وبەڕێوەبردنی ناوچە کوردیەکان، لە کاردانەوەی بەشداری نەکردن وبانگهێشتنەکردنی پەیەدە کە کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردیەکان دەکات، بڕیاری کارکردن هاتە ئاراوە وپەیدابوو ومایەی دڵخۆشی هەموو لایەنەکانە.
بە ئیعلانکردنی حکوومەتی جزیرە لە ڕۆژئاوادا یادی شەهید قازی مەحەمەد وهاوڕێیانی وئیعلانی جمهووریەتی مەهاباد دێنێتە یاد وزیندوو دەکاتەوە. بۆیە هەموان دەبێ باوەشی بۆ بکەینەوە ووەکوو بیبیلەی چاو بیپارێزین.
پێویست ناکات بەشداری نەکردنی کورد بە وەفدێکی سەربەخۆ بێتە مایەی سستی ونیگەرانی، چونکە کۆبوونەوەی جنێف پێش پەیدابوونی لە بار برا. ئێران کە لایەنێکی گەورەیە لە شەڕ وئاژاوەی سووریادا ئامادە نابێت، ئۆپۆزسیۆن لابردنی بەشار ئەسەدی مەرجی سەرەکیانە وحکوومەتی سووریاش ئەسەد بەخەتی سوور دادەنێن، تەنها ڕووسیا کە لایەنگری ڕژیمەکەی ئەسەدە وتاکوو ئێستا پشتگیری لێکردووە خراوەتە نێوان دوو ئاگرەوە، یان دەستبەردان لە ئەسەد یان ئەوەتا ئاگر دەکەوێتە ناو ماڵەکەی خۆی.
لەکاتێکدا ڕووسیا خۆی ئامادەدەکات بۆ یاری ئۆلۆمپیادی زستانە لە شاری سۆشی کە بڕیارە لە حەفتی مانگی داهاتوو دەست پێدەکات، بە دوو ڕۆژ پێش کۆنگرەی جنێڤ دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە چەند تیرۆریستێک بڕیاریان داوە لە سۆشیدا خۆ بتەقێننەوە، ئەمەش تێکدانی ئەو یارییە وزەرەر بەلێدانێکی گەورەیە لەم دەولەتە وبەشکستێکی گەورەی بۆ لە قەڵەم دەدرێت بەتایبەت پارەیەکی زۆری لێخەرج کراوە. ئەمریکاش یەکسەر هاتە سەر خەت وئامادەیی پاراستن ودەستدرێژ کردنی یارمەتی بۆ ڕووسیا خستەڕوو. ئەمریکا کاری واش بۆسەدەقەی سەری ئۆباما ولە ڕێی خوا ناکات. کەواتە ڕووسیا ناچارە نەرمی بنوێنێت، کەواتە ئەمریکا وئەجنداکانی ولایەنگرانی سوودمەندی سەرەکی کۆبوونەوەی جنێڤە ولەبەرژەوەندی ڕژیمەکەی ئەسەددا نییە.
دەگەڕێینەوە سەر باسەکەی خۆمان، برادەرانی پەیەدە دەبێ لە ڕووسیا زیاتر نەرمی بنوێنێت لە گەڵ هەموو پارتە کوردیەکان وبەزووترێن کات کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بێتە ئاراوە کەس فەرامۆش نەکرێت وپشتگوێ نەخرێت، ئێستا یەک ڕیزی کورد زۆر گرنگە، بەرژەوەندی میللەت پێش بخرێت وهەموو ناکۆکیەکان بەلا بنرێت.
سەرکەوتنی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنە بۆ هەرێمی کوردستان ودەتوانرێت بە پشتیوانی یەکتر ببێنرێت، بەیەک گەیاندنی دوو پارچەی کوردستانە ئەویش خەونێکی هەموانە، وڕێگا لە داعش وگرووپە توندڕەو وتیرۆرستان دەگرێت لە دزەکردن بۆ ناو خاکی هەرێمەکەمان. بۆیەش ئەرکی سەر شانی هەموو پارتەکانی کوردستانە بەگەرمی باوەش بۆ برایانی ڕۆژئاوا بکەنەوە بەتایبەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو خۆیان داوای یارمەتی دەکەن ئێمەش ئەم داواکارییەیان بە دڵسۆزی وکوردانە پێشوازی لێبکەین وبەدەنگیانەوە بچین ویارمەتی پێشکەش بکەین.