کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


خوێندنەوەیەك لە پەراوێزى هەڵبژاردنى 21/9دا, کە پیاوە تەنهاكە بردیەوە!

Thursday, 26/09/2013, 12:00

1344 بینراوە


هۆشمەند كەلارى هەڵبژاردنى 21/9/2013 سەنگى مەحەك بوو بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكانى كوردستان, چونكە سەنگ و قورسایى هەمووانى دەرخست ئەگەر زۆر ڕاستیش نەبێت , چونكە تەزویر و فڕوفێڵەكان لێنەگەڕان كە هەڵبژاردنێكى پاك و پوخت و بێ خەوش بەڕێوەبچێت تا هەموان بەڕاستى سەنگ و قورسایى و قەوارەى خۆیان بزانن, بەهەر حاڵ ئەم پڕۆسەى هەڵبژاردنە وێسگەیەكى یەكلاكەرەوە بوو بۆ هەموان و بەتایبەتیش بۆ یەكێتى و بزوتنەوەى گۆڕان, چونكە دەریخست كە یەكێتى بەداخەوە بەرەو لاوازى وبچوكبونەوە و كەمبونەوە چوە و لەبەرامبەریشدا بزوتنەوەى گۆڕان بەرەو هەڵكشان و گەورەبوون و گەشەكردن چووە , لەڕووى دەنگ و جەماوەرو ڕاست و ڕاستگۆیى سیاسەت و بەرنامە و دروشمەكانیەوە.
سەركەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان بەدەرەجەى ئیمتیاز بۆ كەسایەتى و كاریزمایى نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە و دواتر بۆ پشتیوانى و لایەنگرى جەماوەر بۆ سیاسەت و بیروڕاو بۆچونەكانى, نەوشیروان مستەفا بەتەنها بزوتنەوەى گۆڕانى دامەزراند و گەشەى پێدا و توانى لەماوەى 5 ساڵى تەمەنیدا 3 هەڵبژاردنى گەورە و سەخت لە كوردستان و عێراقدا بباتەوە , ئەو بەتەنها ڕادیۆیەك و تەلەفزیۆنێك و سایتێكى ئەلكترۆنى و ڕۆژنامەیەك توانى شكست بە هێزى یەكەمى سیاسى و سەربازى لەكوردستاندا بهێنێت كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستانە و هەرخۆشى یەكێكە لەدانەزرێنەرانى یەكێتى.ئەو بەتەنها سەركردایەتى و ڕابەرایەتى بزوتنەوەى گۆڕانى كرد و داڕێژەر و ڕێكخەرى سیاسەت و بۆچونەكانى بوو, هەر ئەو بەتەنها ڕێكخستن و هەیكەلى ڕێكستنى بزوتنەوەكەى داڕشتوە لەسەر بنەماو بۆچون و ڕچەو مۆدیلێكى نوێ وجیا لە هەموو حیزبە سیاسیەكانى ترى كلاسیكى كوردستان.ئەو بەتەنها بێ هێزى پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس توانى سەركەوتنى گەورە بەدەست بهێنێت, ئەو بەتەنها توانى ڕاى گشتى جەماوەرى ناڕازى كوردستان بۆى خۆى مسۆگەر بكات, ئەو بەتەنها لە بانگەشەى هەڵبژاردندا و بەبێ هاوكار و بەبێ مەكتەب سیاسى و جێگر و سەرۆك و سەركردە و بنكردە توانى سەركەوتن بەدەست بهێنێت و لە هێزێكى تازە لەدایكبووى 5 ساڵە و كەم ئەزمون گرەوى گەمەى دیموكراسى لە گەورەترین هێزى سەر گۆڕەپانەكە ببانتەوە كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستانە.ئە پیاوە تەنهایە توانى بەتەنها بەرەو ڕووى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار و بەتوانا لە ڕووى مادى و مەعنەوى و پاشخانى مێژوویى و تواناى سەربازى و پەیوەندیە ناوچەیى و نێودەوڵەتى و ماكینە بەهێزەكانى ڕاگەیاندنیان و توانا زەبەلاحە ئابوریەكەیان بوەستێتەوە و بتوانێت هەڵوێستەیان پێبكات.و كارتى سوریان بەڕوودا بەرزبكاتەوە و پێان بڵێت و تێیان بگەیەنێت كە چیدى ناتوانن پاوانخوازى دەسەڵات بن و هەتاهەتایە هەر ئەوان دەمڕاست و حاكمى ڕەهاى كوردستان بن و تەنها ئەوان سەروەت و سامانى ئەم میلەتە زەوت بكەن, ئەو بەتەنها توانى وا لەهەردوو حیزبى دەسەڵات بكات كە دان بە بچوكبونەوە و بێ متمانەیى جەماوەر و سیاسەتە هەڵەكانیاندا بنێن و لەمەودوا حساب بۆ بزوتنەوەى گۆڕان و سیاسەتەكانى بكەن,ئەو بەتەنها وایكرد كە جەماوەرى كوردستان بەلایەنگرانى هەردوو حیزبیشەوە هوشیار تر ببنەوە و چیدى پەردەى بێدەنگى بدڕن و كەڕ ولاڵ ئاسا ملكەچى بڕیارە ناڕەواكانى سەركردە و پارتەكانیان نەبن و بوێرانەتر داواى مافە ڕەواو زەوتكراوەكانیان بكەن.ئەو پیاوە تەنهایە تێیگەیاندن كە بوونى هێزى گەورەو زەبەلاحى ئابورى و سیاسى و سەربازى بەس نیە بۆ بردنەوەى گەمەى دیموكراسى بەڵكو ئەوە متمانەى جەماوەر و ڕاستگۆیى بەرنامە و فكر و كردەوەیە كە زامنى بردنەوەى گەمەى دیموكراسى و جەماوەرى دەكات و ترس و تۆقاندن و ویژدان كڕین داوى هیچ سەركردە و پارت و تاكڕەوێكى دونیاى نەداوە تا داوى یەكێتى و پارتى بدات.بەهەق ئەم پیاوە توانى

ئەرێ ئەم سەركەوتنەى نەوشیروان مستەفا و گۆڕان لەخۆڕاوە هاتوە؟
نەخێر بەڵكو لە لایەك لە ئەنجامى خۆسەپاندن و گوێنەگرتن و ملهوڕیكردنى هەردوو پارت و سەركردەكانیانەوە هاتوە بۆ داواكاریە ڕەواكانى جەماوەر و بەهەدەردان و دزینى سەروەت و سامانى میلەت و ناعەدالەتى و نەبونى خزمەتگوزارى و ...هتد. و لەلایەكى تریشەوە بۆ پارێزگاریكردنى بزوتنەوەى گۆڕان بوە لە ماف و داواكارى و پشتیگیركردنى داخوازیەكانى هەموو چین و توێژەكانى میلەتەوە بوە لەبەرامبەر فیرعەونەكانى پارتى و یەكێتیدا.بۆیە ئەم سەركەوتنە یەك لەدوا یەكانەى بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى 5 ساڵدا لەخۆڕاوە نەهاتوە و بەڵكو داواكارى و پێویستى قۆناغەكە سەپاندویەتى و بەفڕوفێڵ و تەزویرات نەبوە و, ئەگەریش ساختەكارى لە بنكەیەك یان دوان و زیاتر كرابێت ئەوا جارێكى تر لە ئەنجامى گەندەڵى و گەمژەیى كادر و سەركردە و ئۆرگانەكانى یەكێتیەوە بوە كەلەپاش 38 ساڵ تازە بەتازە دەڵێن وەڵا فێڵمان لێكراوە, ئەى شارازەیى و ئەزمونى چەند ساڵەتان بۆ كوێ برد, جا كەوایە و ناتوانن بەرگرى لە مافەكانى خۆتان بكەن , ئیدى چ پێویست دەكات لەسەر كورسى حوكم بمێننەوە و هەندێكیشتان بەنیازى دەستكارى و گۆڕِانكارى ئەنجامەكان بن و بتانەوێت بەتۆپزى بمێننەوە و درێژە بە گەندەڵى و دزى و ساختەكارى و بەتاڵانبردن بدەن,ئێوە بەناو سۆسیال دیموكراتن و بڕواتان بە هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕى دەسەڵات بە ئاشتیانە هەیە ئیدى چ پێویست دەكات هێندەى تر خۆتان و مێژوە پڕ شانازیەكەتان ڕەش و تاریك و ناشیرینتر بكەن, بڕۆن وازبێنن و دووربكەونەوە و جێگەكانتان بەجێبێڵن بۆ ئەو گەنجە بەتوانا و لێهاتوانەى كە سەربازى ون ئاسا و شەووڕۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ خزمەتى یەكێتى, ئێوە بونەتە بارێكى قورس بەسەر ئەستۆى یەكێتیەوە وناتوانن چیدى ڕابەرایەتى ئەو حیزبە تێكۆشەرە بكەن, بەداخەوە دەركەوت كە تەنها مام جەلال بوە كە یەكێتى ڕاگرتبو نەك ئێوەى بێتوانا, ئەوەتا لەیەك فورسەتى غائب بوونى مام جەلالدا بێتوانایى ئێوە و ڕووى ڕاستەقینەتانى دەرخست كە كەسانێكى مشەخۆر و بێ جەماوەر و بێمتمانەن و ناتوانن تەنانەت ئیدارەى حیزبەكەى خۆتان و ململانێ ناڕەواكانیشتان بدەن. و ئێوە بە سیاسەتە هەڵەكانتان سلێمانى و گەرمیانتان لەدەست خۆتاندا كە بە قەڵاى سیاسى و سەربازى خۆتانتان دەزانى.ئێوە كە خۆتان بەحیزبێكى پێشكەتووخواز و خاوەن ڕچە و ڕێبازێكى سۆسیالیستى دەزانن دەركەوت كە ناتوانن لەگەڵ گۆڕانكاریەكانى سەردەمدا خۆتان بگونجێنن و خۆتان نوێبكەنەوە.لەبەرامبەریشدا پارتى كە وا ناسراوە حیزبێكى بنەماڵەیى و دواكەوتوو عەشایەرە دەركەوت كە ئەو لەتوانایدایە لە ئێوە زیاتر خۆ بگونجێنێت و نوێبكاتەوە لەگەڵ ڕۆحى سەردەم و گۆڕانكاریەكاندا.

ئایندەى یەكێتى بەرەو كوێ؟گۆڕانیش چى لەبەردەمدایە؟
گەر یەكێتى بەجدى بیر لە گۆڕانكارى بنەڕەتى و ڕیشەیى نەكاتەوە لە سیاسەت و بیروبۆچون و بەجدى بەسەر كار و كردەوەكانیدا نەچێتەوە و خۆ ڕێكنەخاتەوە ونەگەڕێتەوە بۆلاى جەماوەرەكەى و بەزوترین كات پلینۆم یان كۆنگرەى چوارەمى خۆى نەبەستێت و بەجدى گوێ لە كادران و ڕۆشنبیران و دڵسۆزانى نەگرێت و بەنیاز بێت هەر بەم سەركردایەتى و دەموچاوە بێزراوانەوە بەردەوام بێت و سەرقافڵەى كاروانەكە بكات ئەوا نەك جارێكى تر خراپتریشى بەسەر دێت بەڵكو گورگان خواردووش دەبێت و بەتەواوەتى بچوك و بەرەو نەمان هەنگاو دەنێت.بۆیە ئایندەى یەكێتى و چارەنوسى لەدەست نەوەیەكى نوێدایە نەك ئەم سەركردایەتیەى ئێستاى, ئەم كەوتنەى یەكێتى لەهەموو شكستەكانى هەكارى و قۆناغى كیمیاوى و ئەنفالەكانى ساڵى 1988 و 31ى ئاب وجیابونەوەى گۆڕان لێى گەورەترە , چونكە هەموو ئەو كارەساتانە لەلایەن دوژمنەكانیەوە بەسەریدا سەپێنرابوو كە ململانێیەكى ڕەوابوو جگە لە جیابونەوەى گۆڕانخوازەكان, بەڵام ئەم شكستەى بەدەستى جەماوەرەكەى خۆى توشى بوو بە پلەى یەكەم بۆیە سارڕێژبوون و ئاشتكردنەوە و متمانە بەدەستهێنانەوەى ئەو جەماوەرە زۆر قورسە,بۆیە ئایندەى یەكێتى زۆر ڕوون نیە, وەستاوەتە سەر هەڵوێست و كردارى سەركردایەتى ئێستاى كە لەوپەڕى باشیدا پێویستە پاشەكشە بكەن و قۆناغى نوێ تەسلیم بەنەوەیەكى نوێ بكەن و چاوەڕوانیش بن بۆ چەند ساڵێكى تر لە ڕیزى سێیەم گەر چوارەم نەبێت چاوەڕوانبن , كە بۆخۆم ئەو پاشە ڕۆژە تاریكە بۆ یەكێتى بەڕەوا نابینم.و ئەم شكستەى یەكێتى بەو شێوەیە و بەو گەورەییە چاوەڕوانكراو نەبوو, بەڵكو تەنها چاوەڕوانى لەدەستدانى چەند كورسیەكى كەم دەكرا.
لەبەرامبەریشدا, بزوتنەوەى گۆڕان ئەرك و كارى گەورەى لەبەردەمدایە و لە ئەستۆدایە و دەرگایەكى واڵاترى لەبەردەمدا كراوەتەوە بۆ چوونە ناو دەسەڵات و فەرمانڕەوایى , بەڵام هەڵبژاردەكانیش ساناو ساكار نین و گەلێك سەخت و دژواریشن, بەڵام لە دونیاى سیاسەتدا موستەحیل بونى نیەو دوژمنى دوێنێ دەبێتە دۆست و بەرژوەوەندیەكان هەموان كۆ دەكاتەوە. بۆیە بۆ پێكهێنانى حكومەت هێشتا زووە كە بەرچاو ڕوون بین , بەڵام لە ئەنجامە بەراییەكانەوە دەردەكەوێت كە پارتى سەرەڕاى گزى و فێڵ و ساختەكارى توانیویەتى پلەى یەكەم بەدەست بێنێت و پاڵێوراوى یەكەمە بۆ پێكهێنانى حكومەت,بەڵام بە تەنها نا , بەڵكو حوكمى ئەنجامەكانە كە دەبێت حكومەتێكى شەریكایەتى پێك بهێنێت, جا یا لەگەڵ گۆڕان وەك براوەى دووەم و بێ سەرئێشەو بێ پەنا بردنە بەر هێزە ئیسلامیەكانى تر چونكە بەهەردووكیان ژمارەى پێویست لەكورسیەكانى پەڕلەمان و زیاد لەنیوە پێكدێنن و بەمەش دەتوانن حكومەتێكى تاڕادەیەك زۆرینە لە ژمارەى كورسى و جەماوەر و ناوچەكان لەخۆ بگرن,بەڵام بۆ زیاتر سەركەوتنى ئەم حكومەتە باشتر وایە كە لایەنى تریش بەشدارى پێبكەن بۆئەوەى كێشە و گرفت نەیەتە ڕێگەیان و هەڵەكانى یەكێتى و پارتى ڕابووردوو دووبارەنەكەنەوە, بەڵام دوورى لە بیروبۆچوون وهەبوونى ململانێى توندى فكرى و سیاسى و بۆچونەكان وادەكەن كەئەم هەڵبژاردەیە زۆر نزیك نەبێت, هەربۆیە پارتى گەر بیەوێت حكومەت پێك بێنێت دوور لە گۆڕان ئەوا دەبێت لەجیاتى یەك شەریك ئەوا پەنا بەرێتە بەر چەندین شەریك لە یەكێتى و پارتە ئیسلامیەكان و نەتەوەكانى تر كە ئەمەش بۆخۆى جارێكى تر حكومەتێكى ڕەنگ و دەنگ جیاوازى دوور لەیەك لە بەرژەوەندى و بیر و بۆچووندا دەبێت,چونكە پارتى ئەمجارە ناتوانێت بەتەنها لەگەڵ یەكێتیدا و دواى كەمبونەوەى ژمارەى كورسیەكانى حكومەت پێك بهێنێت و نەهاوپەیمانى ستراتیژیش وەكو خۆى دەمێنێتەوەو ئەمجارەیان یەكێتى بچوكتر و بێهێزتر دەبێت و پارتیش ئەگەر هاوبەشى بە یەكێتى بكات ئەوا لە ڕووى بەزەیى و سۆزەوەیە نەك حساب بۆكردنى سەنگ و قورسایى یەكێتى جارانى بێت و پارتیش وەكو دەڵێن هەقى بەرودوا لە یەكێتى دەكاتەوە و داخى دڵى لە 66 وە پێدەڕێژێت و سەركردەكانیشى سووك و ڕەزیل دەكات. گەر پارتى نەیتوانى حكومەت پێك بێنێت , ئەوا پاڵێوراوى دووەم بزوتنەوەى گۆڕانە, كە دەتوانێت لەگەڵ هێزە ئیسلامیەكان و یەكێتیدا بەسانایى حكومەت پێك بێنێت دوور لە پارتى,كە ئەم فورسەتە فورسەتێكى مێژوویى و بێوێنەیە لە مێژوودا بۆ وەدەرنانى پارتى لە گۆڕەپانى سیاسى كوردستان و بچوككردنەوە و نەهێشتنى و ڕزگاركردنى میلەتى كوردیشە لەهەموو پۆخڵەوات و سیاسەتى بەبنەماڵەیى كردنى حوكمڕانى لەكوردستاندا هاوشێوەى بنەماڵە عەرەبەكانى كەنداوى عەرەبى كە پارتى خەوى پێوە دەبینێت. بەڵام ئەمجارەشیان بەڕێوەبردنى كوردستان چ بێ پارتى و چ بێ یەكێتى بۆ هیچ هێزێكى تر سانا و بێ گرفت نابێت, هەربۆیە یەكێتى و پارتى تائێستاش دەتوانن بەڵانسى هێزەكان ڕابگرن و تێكیشبدەن, تا ئەو كاتەى لە قۆناغەكانى داهاتوودا بەتەواوەتى بچوك دەبنەوە و كاریگەرى گەورەیان نابێت.چونكە بە سانایى دۆڕاندنیان قبوڵ ناكەن و زۆر نزیكە پەنا بۆ بەكارهێنانى هێز وشەڕهەڵایسانەوە ببەن, بەڵام ئەوكات شەرعیەتى هەڵبژاردنەكان ڕێگرە لەبەردەمیاندا و ناتوانن لەبەردەم دونیاى دیموكراسیدا خۆڕابگرن و هەرهێندەى 4 ساڵیش لە دەسەڵات دووربكەونەوە سانا نیە گەڕانەوەیان بۆ حوكم و دەسەڵات.چونكە سەرچاوەى دارایى و دزى و گەندەڵیەكانیان و زەوتكردنى سەروەت و سامانى میلەتیان لێدەسێنرێتەوە و بەمەش هێز و تواناى سەربازیشیان بچوك دەبێتەوە.

ئەى چارە چییە؟
چارەسەر بریتیە لە چارەسەرێكى مام ناوەندى و دڵڕازیكردن كە چارەسەرێكى نابەدڵە, بەڵام لەبەرژەوەندى هەموان و ئایندەى ئەم ئەزمونى حوكمڕانیەى كورددا و لەبەر بەرژەوەندى باڵاى نەتەوە و نیشتیمان و لەبەر ئەوەى مەسەلەى كوردیش لە ئێستادا لەناوچەكەو دونیاشدا ئاسۆكانى ڕوونتر بونەتەوە, هەربۆیە دەبێت هەمووان دەست بگرن بە قوڵفى یەك و یەكگرتوویى ڕیزەكانى میلەتەكەمانەوە و حكومەتێكى هاوبەش و بنكە فراوان پێك بێنن هەریەكە بە قەوارە و لەسەر بنەماى ئیستیحقاقى هەڵبژردنەكە و متمانەى جەماوەر بێت و بەشدارى بكەن و بەمەش هەموان بەشدار دەبن و قۆناغەكەش ڕزگار دەكەن و دەتوانن گەر ڕاستگۆ بن لەگەڵ یەكتردا و لەگەڵ میلەتیشدا ئەوا باشترین خزمەت بكەن و برایەتى و تەباییش بپارێزن و خۆش ئامادەكەن بۆ قۆناغ و هەنگاوى گەورەتر بە ئاڕاستەى داخوازى و مافە نەتەوەییەكان گەر هەریەكەیان كەمێك لەخۆبووردوو بێت و پێ بنێت بە بەرژەوەندیە تەسك و بچوكە حیزبى و كەسایەتى و عەشایەریەكانى خۆیاندا.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)