کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌رهه‌م ساڵح بۆ؟

Wednesday, 11/05/2011, 12:00


"له‌ دانیشتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆشنبیرێك یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ قسه‌ی‌ پێ ده‌وترێت، پێی‌ وایه‌ ئه‌وه‌ ناهه‌قییه‌ی‌ به‌رامبه‌ری‌ ده‌كرێت و نایشارێته‌وه‌ زۆر به‌و ره‌خنانه‌ قه‌ڵسه‌ كه‌ لێی‌ ده‌گیرێت، رۆشنبیره‌كه‌ش وه‌ڵامی‌ ده‌داته‌وه‌ پێی‌ ده‌ڵێت: كاكه‌ تۆ بڕۆره‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌ی‌ خۆتان خه‌ریكی‌ زه‌رعات به‌ كه‌س باست ناكات*".

له‌ ئێستاشدا ئه‌م هه‌مو روداو و ململانێ‌ سیاسییه‌ هه‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا، میدیای‌ حیزبی‌ به‌تایبه‌ت میدیای‌ یه‌كێتی‌ كێشه‌كه‌یان كردوه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ گوایه‌ گۆڕان خۆشی‌ به‌ دكتۆر به‌رهه‌م نایات و رقیان لێیه‌تی‌، بۆیه‌ وا ده‌كه‌ن. دنیابینیی‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بۆ كێشه‌كان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ گه‌وجێتیی و گه‌وجاندنه‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵحیش ئه‌گه‌ر كه‌سێكی‌ ئاسایی بوایه‌ باس نه‌ده‌كرا، ئه‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ به‌ روكه‌ش یه‌كگرتوی‌ هه‌رێمه‌، یان رونتر بڵێین جه‌نابی‌ دكتۆر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بینای ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ر پاسه‌وانه‌كانی‌ بیناكه‌ی‌ خۆشیدا نییه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك جار له‌پاڵ ره‌خنه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ ره‌خنه‌ی‌ كه‌سی‌ له‌خۆشی‌ ده‌گیرێت.

وه‌ك رۆشنبیره‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر د.به‌رهه‌م كابرایه‌ك بوایه‌ كاسبی‌ ماڵی‌ خۆی بكردایه‌ یان عه‌ره‌ب وته‌نی‌ (حبیب الله‌) بوایه‌ كه‌س باسی‌ نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و به‌خواستی‌ خۆی‌ زۆر به‌ له‌خۆڕادیوی‌ بۆته‌ ئه‌و قه‌ڵغانه‌ی‌ كه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ ئه‌م هه‌مو تاوانه‌ ده‌كرێت، ئه‌و بۆته‌ ئه‌و ده‌واره‌ی‌ كه‌ له‌ژێریا حیزب و بنه‌ماڵه‌ ئه‌م وڵاته‌ وێران ده‌كه‌ن، بۆته‌ ئه‌و ته‌كنۆكراته‌ی‌ كه‌ به‌پشتی‌ ئه‌مه‌وه‌ میلیشیاكان گه‌نجی‌ ئه‌م وڵاته‌ ده‌كوژن، دكتۆر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ناویه‌وه‌ به‌ هه‌زاران چه‌كدار هاورده‌ ده‌كرێت بۆ كوشتن و ئازاردانی‌ گه‌نجانی‌ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌، ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و ته‌نها ماسكێكه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ی‌ ئێمه‌ له‌و ماسكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سی‌ تر دوای‌ دكتۆر نه‌بێت به‌ قوربانی‌، له‌ڕاستیدا ئه‌و قوربانییه‌! قوربانی‌ به‌ومانایه‌ی‌ كه‌ كه‌سێك وا هه‌ست بكات به‌ راستی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌ و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌شی‌ نییه‌ كه‌ مافی‌ خۆیه‌تی‌ هه‌یبێت.

باسی‌ هه‌مو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ماوه‌ی‌ فه‌رمانڕوایی‌ دكتۆر به‌رهه‌مدا به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵك و ئۆپۆزسیۆن كراوه‌، ته‌نانه‌ت باسی‌ ئه‌و دوانه‌ییه‌ له‌ هه‌ڵوێستیشی‌ ناكه‌ین كه‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ رێبین هه‌ردی‌ كرد و پێی وت: پێمناخۆشه‌ وایان لێكردویت و بڕوابكه‌ ئاگادارنیم، "هاوكات له‌ناو مه‌كته‌ب سیاسی‌ حیزبه‌كه‌شی‌ ده‌ستخۆشی‌ له‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ كردوه‌ كه‌ باش له‌ رێبینیان داوه‌**". ته‌نها یه‌ك نمونه‌ وه‌ك ده‌نكێك له‌ خه‌رواری‌ كاره‌ساتی‌ فه‌رمانڕوایی‌ ئه‌و باس ده‌كه‌ین، د.به‌رهه‌م له‌ 26-4-2011وه‌ به‌ بڕیارێك مۆڵه‌تی‌ بلیتی‌ لۆتۆی‌ نیشتمانی‌ راگرت و فرۆشتنی‌ بلیتی‌ ئه‌و یانسیبه‌ی‌ قه‌ده‌غه‌كرد، به‌ڵام خۆش بڕیار نه‌ك كۆمپانیای‌ جۆی‌ خاوه‌نی‌ بلیته‌كه‌ گوێی‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ نه‌دا، بلیت فرۆشه‌كانیش بڕیاره‌كه‌ی‌ دكتۆریان وه‌ك به‌ڵێنه‌كانی‌ هاته‌به‌رگوێ‌ و ئێستا چ ریكلام و چ فرۆشی‌ ئه‌و بلیته‌ له‌ 26-4 گه‌رمتره‌، وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت (كل ممنوع، مرغوب)، له‌هه‌موی‌ سه‌یرتر تائێستا كۆمپانیای‌ جۆی‌ ته‌حه‌دای‌ حكومه‌ت ده‌كات و له‌نوسراوێكدا بۆ حكومه‌ت ده‌ڵێت: "ناتوانین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاره‌كانمان راگرین"، جه‌نابی‌ دكتۆر ئه‌بێت چێژی‌ ده‌سه‌ڵات چی‌ بێت كه‌ بڕیاره‌كانت ته‌نها له‌ ژوره‌كه‌ خۆتدا بڕده‌كات، لێره‌دا ئه‌پرسین: ئایا ئه‌كرێت ره‌خنه‌گرتن له‌ وه‌ها سه‌رۆك حكومه‌تێك به‌ رق و كینه‌ ناوببرێت؟

له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بۆ به‌ كه‌ساندنی‌ كێشه‌كان سه‌روزمانی‌ بوكه‌ڵه‌كانی‌ حیزب ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕان به‌گشتی‌ و چه‌ند كه‌سێك به‌تایبه‌ت كێشه‌یان د.به‌رهه‌مه‌، بوكه‌ڵه‌كان به‌و ئاوازه‌ سه‌مایان پێ ده‌كرێت كه‌ كه‌سێك له‌ بۆشایی ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌نه‌ جه‌مسه‌ری‌ كێشه‌كه‌، ره‌نگه‌ بۆ ئه‌مه‌ پاداشتی‌ تایبه‌تیشیان پێ بدرێت، زۆرجار گوێبیست ده‌بین ئه‌ڵێن: گۆڕان تاكه‌ مه‌رجیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌ر گۆڕانكارییه‌كدا د.به‌رهه‌م نه‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، ئه‌مه‌ گێلاندنه‌ جگه‌ له‌ گه‌وره‌كردنی‌ كه‌سێك له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌، سه‌رگه‌ردانی‌ خوێنده‌واره‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ ته‌قلیدیانه‌یه‌، بونی‌ د.به‌رهه‌م له‌و پۆسته‌دا گه‌وره‌ترین چانسه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن به‌گشتی‌ و تایبه‌تر بۆ گۆڕان، چونكه‌ به‌بونی‌ كه‌سانێك له‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌مه‌كه‌ كه‌ خاوه‌ن بڕیار نین ئه‌م سیستمه‌ بێ وێنه‌یه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ عه‌یبدارتر ده‌كات، ئاخر هاونیشتمانیان چ متمانه‌یه‌كیان به‌ سه‌رۆك حكومه‌تێك بێت كه‌ نه‌توانێت بكوژی‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیربكات و كۆمپانیایه‌كی‌ یانسیب ته‌حه‌دای‌ بڕیاره‌كانی‌ بكات، دڵنیام له‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن ئێستا ته‌مه‌نای‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پارتی‌ دو ساڵه‌كه‌ی‌ تریش دكتۆر به‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت قبوڵ بكات، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا مسۆگه‌رتر ده‌كات.

چ كاره‌ساتێكه‌ ئه‌مه‌ی‌ روده‌دات گێلیه‌ یان گێلاندن؟، هه‌رچۆن هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت به‌ روخاندنی‌ ئه‌زمونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وێنا ئه‌كه‌ن، ئاواش ره‌خنه‌گرتن له‌ سیستمێكی‌ جوت حیزبی‌ شكستخواردو به‌ رقلێبونه‌وه‌ی‌ د.به‌رهه‌م ئه‌چوێنن.


* ئه‌و رۆشنبیره‌ی‌ خۆی‌ له‌ روداوه‌كه‌دابو ئه‌م گفتوگۆیه‌ی‌ بۆ گێڕامه‌وه‌...
** یه‌كێك پاسه‌وانه‌كانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ (ی‌.ن.ك) خۆی‌ گوێبیستی‌ ده‌ستخۆشییه‌كه‌ی‌ د.به‌رهه‌م بوه‌، ئه‌مه‌ی‌ گێڕایه‌وه‌...
Wednesday, May 11, 2011
کوردستانپۆست: له‌سه‌ر داوای به‌ڕیز نووسه‌ری بابه‌ته‌که‌ ،وتاره‌که‌مان بلاومان کرده‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە