سیاسەتی ملهوڕانەی پارتی و یەکێتی، کوردستان بەرەو ئایندەیەکی تاریک دەبات!
Friday, 08/04/2011, 12:00
پاش دوو ڕۆژ لە بەیاننامەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان، لەڕاگەیاندنێکی شەڕەنگێزانەدا، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی بەو پەڕی بێ دەربەستی و ملهوڕیەوە بەیاننامە و پرۆژەی ئۆپۆزیسیۆنیان کردوەتە بیانووی زەمینەسازی هێرش و پەلامار بۆ سەر خۆپیشاندانی جەماوەرو هەڕەشەی سەرکوتی زیاتر دەکەن. ناونانی خۆپیشاندان بە ئاژاوەگێڕو یاخیبوون لە شەرعیەت و دەستور و یەکسان کردنی خۆپیشاندان بەپیلانی ئۆپۆزیسیۆن، تاوانبارکردنی خۆپیشاندەران بە هاوکاری کردنی دەستی بیانی و هەوڵی شۆڤێنیستەکان هەموویان بۆ سازدانی زەمینەی ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکارانەو خوێنڕشتنی زیاتری جەماوەری ناڕازی کوردستانن.
ئاشکرایە ئەم ڕاگەیاندنەی یەکیەتی وپارتی کە هاوشێوەی بەلاغی سەربازیەو نیشانەی ئامادەیی دەسەڵاتە بۆ قەوماندنی کارەسات، لە بارودۆخێکدایە کەهێشتا دەسەلات سەرەتایترین هەنگاوی لەراستای وەلامدانەوە بەخواستەکانی جەماوەری کوردستانی نەداوەتەوەو بکوژانی ڕۆڵەکانی خەڵکی ناڕازی ڕاپێچی دادگا نەکردووە، کەچی ڕێگایەکیان هەڵبژاردووە جگە لەدەستبردن بۆکوشتار ولەخوێن هەڵکێشانی خەباتی ههقخوازانەی جەماوەر شتێکی تری بەدواوە نییە. ئەم شێوە ڕاگەیاندنەی پارتی ویەکێتی نیشانەی قووڵی قەیرانێکی سیاسیە کەدەسەڵاتی میلیشیایی-مافیایی ئەو حزبانە لە کوردستان دامەنگیریەتی. قەیرانی سیاسی دەسەڵات بەئەندازەیەک قوڵە کەلە سایەیدا پارتی ویەکێتی هەر پاشەکشەیەک هەرچەندە کەم و بێ بەهاش بێت بەهەڕەشەی داڕمان بۆ سەر دەسەڵاتی کرمێ و پواوی خۆیان دەبینن. دەسەڵاتێک کەچەندین ساڵە بەزۆری سەرەنێزەی چەک و بەبارمتەگرتنی پارووی دەمی خەڵک حوکمداری دەکات، توانای گرتنە بەری ڕێگایەکی ترو شێوازێکی تری بۆ دەربازبوون لەقەیرانی ئێستا نییە. بەڵام کارنامەی هەڕەشە ئامێزی حکومەتە ڕووخاوەکانی تونس ومیسر ئەو ڕاستییەی سەلماند کەزمانی هەڕەشە ئامێزی دەسەڵاتداران ئاکامێکی تری نەبووە جگەلە ڕوخان وجێهێشتنی کورسیەکانی دەسەڵات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەکاتێکدا کە ئەم ڕاگەیاندن و نیازە شەڕخوازانەیەی دەسەڵات ئیدانە و ڕیسوا دەکات، جەماوەری کوردستان و ئازادیخوازان و ڕای گشتی جیهان لەپیلان و نەخشەی بەرپاکردنی تاوان و کوشتار لەلایەن پارتی ویەکێتیەوە ئاگادار دەکاتەوە. جەماوەر بۆ درێژەدانی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان تا بەدی هێنانی خواستەکانیان پێویستە بەهێزێکی هەرچی فراوانتر و ڕێکخراوتر بڕژێنە مەیدانەوە و لە تەواوی شارو شارۆچکەکان سەرا و مەیدانەکانی ئازادی ئاپۆڕەدارتر و خرۆشاو تر بکەن و وێڕای درێژەدان بەشێوازەکانی تا ئێستا ناڕەزاییەکان، لە ناوەندەکانی کار وشوێنی ژیانیان بەگرتنە بەری هەر شێوازێکی مەدەنی گونجاو و کارساز جووڵانەوەکە فراوانتر و کاریگەر تر بکەن. ئازادیخوازان وڕای گشتی جیهانیش بانگەواز دەکەین کەگوشارەکانی خۆیان لەسەر حزبە دەسەڵاتدارەکان چڕ تر بکەنەوە. سیاسەتی ملهوڕانەی دەسەڵات کوردستان بەرەو ئایندەیەکی تاریک و هاوشێوەی لیبیا پاڵ پێوە دەنێت. با بەهەوڵی هاوئاهەنگی هەموو هێزە ناڕازی و ئازادیخوازەکان ڕێگا لە بەلیبیا کردنی کوردستان بگرین.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
2011-04-08
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست