عوسمانى حاجى مەحموود و سەردەمە شوومەكەى بەڵام بــە ویژدانەوە
Monday, 23/03/2009, 12:00
1113 بینراوە
چەند رۆژێ بەرلەئیستا چاوپێكەوتنێكى داناى ئەحمەد مەجیدم خوێندەوە لە رۆژنامەى ئاوێنەدا ، كەتیایدا چۆن بەدەست پرسیارە بوێرەكانى رۆژنامەنووسێكى گەنجەوە دووچارى شۆزۆفرینیا بۆتەوە و نائومێدانە هەوڵدەدات میللەتێ چەواشە بكات ، بەڵام ئەوەى چاوپێكەوتنەكە بخوێنێتەوە ئەزانێ كە تاكە یەك رستەى تیانیە كە لەدرۆ هەڵنەكێشرابێ .
بەهەرحاڵ خۆ داناى ئەحمەد مەجید هەرچۆنێك بێ رووى ئەمجۆرە چاوپێكەوتنانەى هەیە ئەگەر بەوجۆرەش بێت ، خۆئەگەر لەتایەكى بودجەكەى پارێزگارى سلێمانیشى دابێت .. چوار باخچە و بیست شەقام و دووپرد هەیە شانازى پێوەبكات ، بــــەڵام باوەڕتان بێت عوسمانى حاجى مەحموود لەوەزارەتى ناوخۆ ئاوێكى رشتووە كە بۆ یەك سەدەى تریش پاكناكرێتەوە ، تەماشاى وتەكانى شێخ جەعفەرى وەزیرى پێشمەرگە بكەن لە پێگەى چاودێردا[هەرچەندە زۆرینەى ماستاوكردنە بۆ ئاغاكانى] ئەو دەڵێ : دەشێ هەموو كوردستان تەنها سەد هەزار پێشمەرگەى هەبێت لەئایندەدا ، بەڵام خوا شاهیدە عوسمانى حاجى مەحموود تەنها لە گەرمیان زیاتر لە دووسەد هەزار پۆلیسى خەفیفەى دامەزراندووە ، كەتەنها كاریان ئەوەیە قەمسەڵە ئەمریكییەكەى بۆ لەبەركەن و كلكى دەمانچە گلۆكەكە وەدەرخەن و لە قاوەخانەكاندا بڵێن بەڕیشى خاڵە عوسمان قەسەم ، ئیتر سەرى مانگانیش بە پەنجەمۆر مووچەكەیان وەربگرن ، من بۆخۆم پشتیوانیم بۆ بزووتنەوەى ریفۆرمى ناو یەكێتى ناشارمەوە ، بەڵام بەگۆڕى هەموو شەهیدێكى سەربەرزى ئەم كوردستانە گەورەترین تاوانە عوسمانى حاجى مەحموود لەسەر ریفۆرم و هەر بزووتنەوەیەكى پێشكەوتوخوازى تر حساب بكرێت ، مەسەلەى ئەوەى كە لێرە و لەوێ هەندێ قەڵەم فرۆش بەشان و باڵى عوسمانى حاجى مەحموودیاندا هەڵدەدا ، هۆكە تەنها پۆستەكەى بووە لە وەزارەتى ناوخۆدا بۆ خۆبردنە پێشەوە بووە ، دەنا خۆ هەر ئەو پێشمەرگە نەبووە ، هەریەك لەم بەڕێزانە لە 1976 وە پێشمەرگەى شاخ بوون و تەنانەت لە ڕووى رۆشنبیریشەوە زۆر لە عوسمان لە پێشترن.. ئەندامى مەكتەب سیاسى هەیە دەستى لەكاركێشابێتەوە و بەیاوەرى كەسێكى وەك كۆسرەت و ئەرسەلان بایز بچێت بۆ هەندەران ، ئەگەر ئەمە نازونوكى ئاشتبوونەوە و پۆستى تر نەبێت !؟.
بەگەڕانەوە بۆ ئەو وێرانەیەیى عوسمانى حاجى مەحموود وەك كەلاوەى گەندەڵستان جێهێشتووە لە وەزارەتى ناوخۆ ، باوەڕتان بێت هاوكێشەیەكە بەهەزار حەكیم و شارەزا چارەسەر ناكرێت ، هۆ خەڵكینە تەماشاى پێگەى رووداو بكەن بزانن چۆن وەزیرى ناوخۆى بەغداد ئاشكراى كردووە كە [62000] شەست و دوو هەزار كارمەندى ناوخۆ لەسەر گەندەڵى دەردەكات!، وەزیر ئەبێ وا كردە بێت لەئاست گەندەڵیدا یان توخوا باهەرنەبێت، ئادەى دۆست و براینە بابزانین خاڵە عوسمان بە ژمارەى پەنجەكانى یەك دەستیش خەڵكى گەندەڵكارى دەركردووە؟ بێگومان نەخێر چونكە سەرە مەزنەكانى گەندەڵى هەمووى وەك دەروێش لەدەوروپشتى خۆیبوون، تەماشاى ئەم بەناو پێشمەرگەیە بكەن، كە ئەبوو دۆستى هەموو خەباتگێر و پاكێك بوایە كەسێكى پێشمەرگەى دانەبڕاوى وەك شێخى ئاواتى بەجۆرێ پەراوێزكردبوو كە سەردەمێكى درێژ بە پاس هاتوچۆى ئەكرد، بەڵى هەموو دەزانین كە عەمید سالارى رۆڵى دلێرى سەى مەجیدى دەبینى بەنسبەت عوسمانى حاجى مەحموودەوە لەرووى داراییەوە ، چونكە سالار بەڕێوبەرى كۆمپانیایى [ئارام/ دۆلار] بوو كە هێندەى كۆمپانیایى نۆكان داهاتى هەبوو بە دراوى قوورس بەهۆى پاوانكردنى تەواوى حیمایەكردنى ئەو كۆمپانیایانەى نەوتیان بەتاڵان دەبرد لە كوردستان ، دەستە گوڵێكى ترى كاكە عوسمان هوشیار سەوزەبڵاخیە ، ئەم ئەفسەرە بەجۆرێگ گەندەڵە كە هاوسەرەكەى پێشووى هێندە بەڕێز بوو لە دادگا داواى تەڵاقى لێكرد ، چونكە قبوڵینەكرد كە هاوسەرى بێت، هوشیار كە تەنها لە گەندەڵیدا هوشیارە، هەموو دەزانین پێش ئەوەى عوسمان بێتە وەزیر كرێچیەكى نەبووى كارێزە وشك بوو، ئەوە دوور لە ئیستاى كە بێ لە قەسرەكەى بەكرەجۆ و باخەكەى و شەهر و عەسەلە نوێكەى لە پایتەختى ئوردن و لوبنان كە سێ دەفتەر دۆلارى تێچوو . تەنها ئوتومبیلە وەنەوشەكەى نرخەكەى شەش دەفتەر و نیو دۆلارە ، ئەمانەش هەمووى بەرەكەتى ئال عوسمانى بوو بۆ عقید هوشیار كە لەپڕێ پێى بوو بە كوڕێ.
سهرنجی کوردستانپۆست: کاک سهباح عهلی قارهمان ئاگاداری کردینهوه، که ئهو کهسهی بهناوی سامان گهرمیانی وهک پێشمهرگه، ناوی هاتووه و کراوه به کهسێکی قارهمان، ڕاست نییه، سامان گەرمیانی ئەو كەسەیە كە لە گەل مستەفا چاورەشی فایلدار دەستیان لە كوشتنی شەهید خالید گەرمیانی بورزایدا ههبووه، بە خیانەت شەهیدیان كرد وتیان گوایە كەوتوەتە ناو مەفرەزەی بەعسەوە. ئێمه لهگهڵ ڕیزمان بۆ کاک سهباح عهلی قارهمان، ئهو ناوه و لهگهڵ چهند بهشێکی تریمان سانسۆر کرد. داوای لێبووردن له کاک سهباح دهکهین. ئهوهش دهبێت به کاک سهباح و ههموو لایهکی دهڵێین دهبوو به نووسینێک سهرنج و رهخنهی خۆی بگرتایه، چونکه ئهو ناوانه بۆ ئێمه نامۆیه و ئهو کهسانهی له ڕێگای ئێوهوه دهناسین و ئێمه لیستی ههموو ڕووداو و ناوی جاش و پیاوکوژ و تاوانبارانمان له لا نییه، تا لهو رووهوه ئێوه رهخنهمان لێبگریت و لێمان زیز ببیت.