کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی پارتی

Wednesday, 01/07/2009, 12:00


پاش بلاوکردنه‌وه‌ی راپۆرتی پێشوو له‌ ماڵپه‌ری کوردستان پۆست له‌ 20/6/2009 ژماره‌یه‌ک (ئیمیل)م پیگه‌یست ، سه‌ره‌ڕای ده‌ست خۆشی کردن سه‌باره‌ت به‌ بلاوکردنه‌وه‌ی راپۆرته‌که‌ چه‌ند زانیارییه‌کی گرنگی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانیان ئاشکرا کرد ، به‌لام ئه‌وه‌ی جێ ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌وا خاوه‌ن چه‌ند ئیمیلێک خۆیان به‌ پارتی داده‌نێن و بێزاری و زویر بوونی خۆیان پێشان دا له‌ به‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی سیروان ابوبکر به‌رێوه‌به‌ری گشتی و ئاما‌ده‌یی خۆیان پێشان دا بۆ یارمه‌تی دانمان له‌م باره‌یه‌وه‌ . بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ باسی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان و ڕۆلی پارتی تێدا ده‌که‌ین:

1- سیروان لێپرسراوی ناوچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌ لقی (2)ی پارتی پاش ئه‌وه‌ی بووه‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتی و ئه‌ندامی لقی (2) ه ، بۆیه‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و له‌سه‌ر پارتی حساب ده‌کرێت.
2- ئه‌م پۆسته‌ حزبییه‌ وای لێکرد که‌ خۆی به‌ زل بزانێ و هیچ حسابێک بۆ که‌س نه‌کات و حزب بکاته‌ ئامێرێک بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌کانی و بتوانێت یاسا پێشێل بکات و که‌س لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ل نه‌کات و به‌ هه‌ڵسوکه‌وت خۆی به‌ زڵتر ده‌زانێت له‌ پارتی.
3- دژایه‌تی کردنی کادری لێهاتووی پارتی له‌ ناو وه‌زاره‌ت ئه‌گه‌ر ملکه‌چی ته‌واوی فه‌رمانه‌کانی نه‌بێت ، بۆ نمونه‌ دژایه‌تی کردنی فه‌رمانبه‌ر به‌ ناوی (ئارام) لێپرسراوی به‌شی یاسایی و کادری پێشکه‌وتووی پارتی و جێ ی متمانه‌ی سیروان بوو به‌لام ناچاری کرد خۆی بگوازێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی داد پاش ئه‌وه‌ی بۆی ده‌رکه‌وت که‌وا ئارام جێ ی مه‌ترسییه‌ بۆی ، هه‌مان چاره‌نووس تووشی فه‌رمانبه‌ر (عبدالستار) لێپرسراوی ئێستای به‌شی یاسایی بوو که‌ پله‌که‌ی (شاره‌زا)یه‌ و (30) سی ساڵ خزمه‌تی هه‌یه‌ و تاقه‌ تاوانی ئه‌و ره‌خنه‌گرتن بوو سه‌باره‌ت به‌ کاره‌ نایاساییه‌کانی سیروان بۆیه‌ یه‌کسه‌ر گواستیه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌ت.
4- به‌ زۆر کردنه‌ پارتی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی که‌وا بێ لایه‌نن به‌شێوه‌یه‌ک که‌وا که‌س نه‌ماوه‌ نه‌یکاته‌ پارتی چونکه‌ به‌مه‌زه‌نده‌ی نه‌خۆشی ئه‌و هه‌رکه‌سێک پارتی نه‌بێت ، دوژمنی پارتییه‌ و جێی له‌ وه‌زاره‌ت نابێته‌وه‌ وه‌ک بڵێ ی به‌ میرات بۆی ماوه‌ته‌وه‌ . به‌ خه‌یاڵی خاوی ئه‌و کاره‌ سوود به‌ پارتی ده‌گه‌ێنێت به‌لام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دوژمناتی بۆ پارتی زیاد کردووه‌ چونکه‌ به‌ چاوی خۆیان ده‌بینن ره‌فتاره‌ نابه‌جێ ییه‌کانی سیروان وه‌ک نمونه‌یه‌کی زیندووی حاشا هه‌ڵنه‌گری گه‌مژه‌یی و ساویلکه‌ی کادری پێشکه‌وتووی پارتی . ئایا به‌ نووکه‌ قه‌له‌مێک ئاده‌میزاد بیر و رای ده‌گۆڕێت ؟!
5- سیروان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پسه‌زمانه‌ له‌ کاتی هه‌ر گفتوگۆیه‌ک به‌رامبه‌ری پێ اقناع ناکریت و زوو هه‌لده‌چێت و ده‌ست به‌ هاوار کردن ده‌کات و کۆتایی به‌ گفتوگۆیه‌که‌ ده‌هێنێت بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ک له‌و گفتوگۆیه‌ سوودمه‌ند بێت و سه‌ر له‌ خۆی و به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌شێوێنێت و ناوه‌ڕۆکی گفتوگۆیه‌که‌ له‌بیر ده‌کرێت و به‌رامبه‌ره‌که‌ی نه‌عله‌ت له‌ خۆی ده‌کات که‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ل کردووه‌ !! بۆیه‌ ئه‌و کادره‌ هیچ کاتێک سوودی بۆ پارتی نه‌بووه‌ و نابێت چونکه‌ کادری حزبی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ پێویسته‌ قسه‌زان و هێمن و له‌سه‌ر خۆ بیت .
6- سیروان دان به‌وه‌دا نانێت که‌ حزبێک هه‌یه‌ ناوی " یه‌کێتی یه‌ " و فه‌رمانبه‌ری سه‌ر به‌ یه‌کێتی بوونی نی یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکرا له‌و وه‌زاره‌ته و که‌س بۆی نییه‌ باسی یه‌کیتی بکات‌ هه‌رچه‌نده‌ پارتی و یه‌کێتی حزبی فه‌رمانره‌وان له‌ هه‌ریمدا ! جا بۆییه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر کادرانی یه‌کێتی بیر له‌ خه‌باتی ژێرزه‌مینی بکه‌نه‌وه ، ‌ وا بزانن که‌وا " هه‌ر مه‌لیک ماوه‌ " و خه‌بات بکه‌ن بۆ به‌دی هێنانی مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی کوردستان !!!!!!!!!!!!!!!!!!
7- دروست کردنی تۆڕێکی سیخووری بۆ چاودێری کردنی گشت فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ و هه‌موو شتێکی پێ ده‌گات .
8- به‌کارهێنانی که‌سانی ساخته‌کار و که‌م زان و نه‌فام و هه‌ڵ په‌رست و نه‌فس نزم و ده‌م رووت و بێ ئابروو بۆ ئازاردان و سووکایه‌تی کردن به‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ ره‌زامه‌ندی و ده‌ست خۆشی کردنی سیروان بۆ نمونه به‌کارهێنانی فه‌رمانبه‌ر به‌ناوی (فرسه‌ت) که‌ شوفێر و سکرتیری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بوو و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی ساخته بوو هه‌رچه‌نده‌‌ ئه‌و ساخته‌کارییه‌ی لێ ئاشکرا بوو به‌لام چاوپۆشی له‌و ساخته‌کارییه‌ کرا و سزای یاسایی به‌سه‌رییدا نه‌سه‌پێندرا ‌، ئه‌و که‌سه‌ وه‌ک سه‌گێکی دڕنده‌ که‌وتبووه‌ گیانی فه‌رمانبه‌ران و ببووه‌ که‌سی دووه‌م و هه‌زار حسابی بۆ ده‌کرا و هه‌ر وه‌سلێکی پاره‌ی بنووسیبایه‌ یه‌کسه‌ر په‌سه‌ند ده‌کرا و هه‌ر یاداشتێکی بنووسیبایه‌ سیروان یه‌کسه‌ر جێ به‌جێ ی ده‌کرد و فه‌رمانبه‌رانی له‌ناو زیندانێکی گه‌وره‌ په‌ستبوو و بازاری راپۆرت نووسین له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران زۆر گه‌رم کردبوو وبه‌داخاوه‌ چه‌ند که‌سانێک یارمه‌تیان ده‌دا له‌و باره‌یه‌وه‌ که‌ ئێستا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ناویان بده‌رکێنین ، لێره‌دا پێویسته‌ دان به‌ وه‌دا بنێن که‌وا فرسه‌ت سه‌گیکی به‌ وه‌فا و مگیع بوو بۆ سیروان ، به‌لام خۆش به‌ختانه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه توند و تۆڵه‌ ‌ تا سه‌ر نه‌بوو و فرسه‌ت خۆی به‌ زلتر ده‌زانی (ئه‌و شوفێرو ئه‌ویش دوکاندار ، هیچ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ نی یه‌) و بێ باک بوو و ده‌ستی به‌ قسه‌کردن دژی سیروان کرد و چه‌ند نهێنییه‌کی ئاشکرا کرد و لێره‌دا زه‌نگی خه‌ته‌ر لێدرا ، ده‌ڵێی " نانی شوانی خواردبوو " بۆییه‌ سیروان به‌ شه‌قێک فرسه‌تی گه‌یانده‌ گوندی (که‌ورگۆسک) سه‌ر به‌ قه‌زای (خه‌بات) وفرسه‌ت له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی عه‌مباری هه‌ولیر خۆی دۆزییه‌وه‌ و به‌ مل شۆڕی و زه‌لیلی ده‌وامی کرد و قه‌یسه‌ری لێ بووه‌ کونه‌ مشک و ئێستا به‌ دووربینیش قه‌لا و مناره‌ نابینیت ، و بڕیاری تۆبه‌ی دا ، به‌لام حه‌یف و مه‌خابن " تۆبه‌ی‌ گورگ مه‌رگه‌" ، به‌م کاره‌ش سیروان دوو چۆله‌که‌ی به‌ به‌ردێک کوشت ، یه‌که‌میان: ته‌مبێ کردنی فرسه‌تی ملهوور و دووه‌میان: چاو ترساندنی ئه‌وانی تر.
9- مافی هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی خواردووه‌ و هه‌موو کاره‌ باشه‌کان بۆ خۆی ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ ، ئه‌و جیولۆجییه‌ ، یاساناسه‌ ، ئه‌ندازیاره‌ ، ژمێرکاره‌ ، کارگێره‌ ، .............. هتد .
10- دژایه‌تی کردنی پارێزگاری هه‌ولێر (نه‌وزاد هادی) به‌ ئاشکرایی هه‌رچه‌نده هه‌ردووکیان‌ له‌ یه‌ک حزبن به‌لام سیروان چاوی هه‌ڵنایێ به‌ کاره‌ باشه‌کانی پارێزگار که‌ هه‌موو که‌سێک شایه‌تی بۆ ده‌دات له‌ گه‌شه‌کردنی به‌رچاوی پارێزگای هه‌ولێر ، هه‌ر کاریک پارێزگار بیکات سیروان دژایه‌تی ده‌کات ، به‌لام له‌به‌رئه‌وه‌ی کاره‌کانی پارێزگار رێک وپێکن و بۆچاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی به‌رده‌وامی سووته‌مه‌نی ، دابه‌ش كردنی سووته‌مه‌نی له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کان وه‌رگیراوه‌ و درا به‌ پارێزگا و هه‌رچه‌نده‌ سیروان هه‌وڵی دا به‌لام هه‌وڵه‌کانی نه‌زۆک بوون و له‌ گوپی خۆی دا ، ئه‌و کاره‌ش‌ سه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری عه‌مباری هه‌ولیر کاکه‌ (حاجی حسام الدین) خوارد و خێروبێری سووته‌مه‌نیش ئاوبه‌ئاو چوو و کاکه‌ حاجی چووه‌ باوه‌شی ئاغاکه‌ی (ئه‌بو علی) (سیروان) ، ئه‌ویش بۆ پاداشت كردنی حاجی کرده‌ ‌ یاریده‌ری به‌ریوه‌به‌ری گشتی ، هه‌ر زوو له‌ رێگای لێژنه‌ی کۆبۆنی به‌نزین گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌یدانی خێر و ێه‌ده‌قاتی سووته‌مه‌نی و پڕکردنی گیرفانی به‌ پاره‌ی هاوولاتیانی داماو و زولم لێکراو که‌ بڕه‌که‌ی ده‌گاته‌ موو‌چه‌ی فه‌رمانبه‌رێک له‌ مانگێکدا و بێ شه‌ک پشکی (ئه‌بو علی) له ‌ کۆبۆنی به‌نزین زیاتره‌. شایه‌نی باسه‌ کاک حاجی (2) دوو سه‌عاتی ده‌وامی فه‌رمی خۆی کردۆته‌ (ێه‌ده‌قه‌) چونکه‌ رۆژانه‌ تا سه‌عات یه‌کی پاش نیوه‌ڕۆ ده‌وام ده‌کات که‌چی ده‌وام تاکو سه‌عات سێ یه‌ !!!! به‌ واتایه‌کی تر ( 2 سه‌عات له‌ 7 سه‌عات) مووچه‌که‌ی حه‌رامه‌ ، واته‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێی مووچه‌که‌ی حه‌رامه‌ به‌ شه‌رع و یاسا. ئایا کاک حاجی ئه‌وه‌ به‌ ره‌وا ده‌زانێت که‌ دوو سه‌عات زووتر له‌ ماڵه‌وه‌ بحه‌سێته‌وه‌ به‌لام ئه‌وانی تر له‌ ده‌وام بن ؟
11- گه‌نده‌ڵی سیروان گه‌یشته‌ راده‌یه‌ک که‌وا زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بێ هیوا کرد که‌ رۆژێک بێت گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ بکرێت له‌ر وه‌زاره‌ته‌ ، هه‌ر بۆیه‌ فه‌رمانبه‌ر (قاسم) به‌رێوه‌به‌ری ژمێرکاری و خاوه‌ن ئه‌زمونێکی دوورودرێژ له‌و بواره‌وه‌ ، خۆی له‌و پۆسته‌ کێشایه‌وه‌ چونکه‌ بۆ سه‌رف کردنی پاره ده‌بوایه‌ کاک قاسم چاوپۆشی کردبایه‌ و واژووی له‌سه‌ر هه‌موو وه‌سلی پاره‌ کردبایه که‌‌‌ ئه‌مه‌ش خیانه‌ته‌ له‌ گه‌ل و وولات . ئێستا کاک (قاسم)ی ده‌ستپاک له‌ پاشکۆی وه‌زاره‌ت سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌وام ده‌کات .
12- (ئارام) و (عبدالستار) و (قاسم) سێ کادری پارتی و هه‌ر سێکیان به‌رێره‌به‌ر بوون که‌وا سیروان دووریانی خسته‌وه‌ له‌ کاره‌کانی خۆیان . ئایا سیروان دڵسۆزتره‌ له‌وان ؟ به‌دڵنییایی یه‌وه‌ ده‌ڵێم نه‌خێر .
13- به‌خێرهاتنه‌وه‌ی خاتوو ایڤان و کاک سیروان به‌ بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ وولاتی تورکیا ده‌که‌ین و واپێده‌چێت ئه‌وان هه‌وڵی شکاندنی (ریکۆردی جێنس) ده‌ده‌ن له‌ باره‌ی زیاترین سه‌فه‌ر کردنی دوو فه‌رمانبه‌ر به‌ پێکه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وولات . عه‌ره‌ب ووته‌نی (اژا کنت لا تستحی فافعل ما شئت).


له‌ کۆتایی ووتاره‌که‌م تکا و داواکاریم ئه‌وه‌یه‌ که‌وا سه‌ۆکی حکومه‌ت به‌ریز (نێچیرڤان بارزانی) لێژنه‌یه‌کی گه‌ڕان به‌دوای راستییه‌کان پێکبهێنێت بۆ ئاشکرا کردنی راستییه‌کان و سزا دانی گه‌نده‌ڵ و ناپاک و دز و جه‌رده‌ به‌ مه‌رجێک سزادان به‌ پێ ی به‌ڵگه‌کان بێت که‌ به‌ هه‌زاران به‌ڵگه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ته‌نها چاوه‌ڕێ ی یه‌ک ئیشاره‌تی سه‌رۆکی حکومه‌ته‌ که‌ به‌رده‌وام داوای به‌ڵگه‌ ده‌کات له‌کاتی باس کردنی گه‌نده‌ڵی .
به‌رێز سه‌رۆکی حکومه‌ت ، پێکهێنانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ کارێکی سه‌خت و گران نی یه‌ ، چونکه‌ زۆربه‌ی زۆری فه‌رمانبه‌ران ئاماده‌ن یارمه‌تی ئه‌ر لێژنه‌یه‌ بده‌ن و به‌ڵگه‌کان ئاشکرا بکه‌ن به‌ مه‌رجێک نهێنی بێت، تاکو جه‌نابتان له‌ راستییه‌کان ئاشنا بن و بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌ بده‌ن چونکه‌ ئه‌و کاره‌ نابه‌جێ یانه‌ی که سیروان‌‌ ده‌ی‌کات خۆی پشت ئه‌ستور کردووه‌ به‌ جه‌نابتان و وێنه‌یه‌کی فۆتۆگرافی که‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابتیان وه‌یگرتووه‌ له‌ ژووه‌رکه‌ی هه‌لیواسیوه‌ بۆ خۆبه‌زل زانین و چاو ترساندنی فه‌رمانبه‌ران و ده‌مکوت کردنیان !!

سه‌رۆکی حکومه‌ت ، دووباره‌ داوا له‌ به‌رێزتان ده‌که‌م که‌وا په‌له‌ بکه‌ن له‌ پێکهێنانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ و کارا کردنی و ببێته‌ ده‌ست پێکی راسته‌قینه‌ی بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی له‌ حکومه‌تی هه‌رێمدا ، چونکه‌ هه‌ر رۆژێک دێت گه‌نده‌ڵ و دز و جه‌رده‌کان رسوا ده‌بن و به‌ روو ره‌شی ده‌درێنه‌ دادگا و سزای عادیلانه‌یان به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پینن و تاریکی زیندانیان داهاتووی کوردستان رووناک ده‌کاته‌وه‌ .
چاوه‌ڕوانی فرمانی به‌رێزتانین .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە