کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ پیره‌ كه‌ركوك

Friday, 13/04/2012, 12:00



پیره‌ كه‌ركوك،ئه‌مجاره‌یان له‌ هۆشیاری هاته‌ خه‌وم!
دیار بوو قه‌ڵس بوو كه‌ ده‌مێكه‌ خه‌ون به‌ ئه‌وه‌وه‌ نابینم،یان ناخه‌وم!
وه‌ك جاران نا!
ئه‌م جاره‌یان پیره‌ دارێكی به‌ ساڵا چووی ڕه‌نگ زه‌ردی تینوو بوو
ده‌م به‌ گله‌یی،وێڵ و ئه‌وداڵی باخه‌وان و
لێوی وشك و پیته‌كانی گه‌رد و خاكیان لێ ئه‌باری
پرسیارێكی كرده‌ كۆش و دوای دوو سێ فوو فڕێی دایه‌ باوه‌شی من
زۆر ترسابوو منی كوێستان،به‌رگه‌ی گه‌رمای گه‌رمیان نه‌گرم
یان له‌بیرم چوبێته‌وه‌، لێواری نیشتمان وا له‌م خواری سه‌رزه‌مینه‌
كوره‌ی وا گه‌رم و ماچی وا ساردی هه‌بێت!
پرسیاری كرد...نا! پێم وا بێت پرسیار نه‌بوو
ته‌نها گله‌یی،سوكه‌ گله‌ییه‌كی هه‌بوو
ئه‌یوت:
كه‌ ئه‌نفال هات
زۆر ڕۆحیان برد
بوونه‌ جه‌سته‌ و له‌ ناو خاكدا نێژران
به‌ڵام نه‌ ڕه‌گیان داكوتی و
نه‌ خاكی ئه‌و عه‌ره‌بستانه‌ بستێ باڵای بۆ زیاد كردن
ناچار دوای كۆچ،دوای ئه‌و گه‌شته
‌ هێنرانه‌وه‌ و له‌ نیشتمان ڕه‌نگیان گرت!
به‌ڵام من چی؟
به‌ر له‌ ئه‌نفال،لێره‌ له‌ زگی نیشتمان كه‌وتمه‌ خوارێ و
ئا لێره‌دا پیره‌ باخه‌وان ڕه‌گی خۆشه‌ویستی هۆنیمه‌وه‌
ئاوم ئه‌خوارده‌وه‌ و
باڵام ئه‌كرد و
هه‌ر ڕۆژ گۆپكێ جلی سه‌وزی بۆ ئه‌پۆشیم
كه‌ ئه‌نفال هات،من نا
به‌ڵام ئه‌فسوس ئێوه‌ ڕۆشتن!
له‌و ڕۆژه‌وه‌...له‌گه‌ڵ هه‌ر ئێسك و تابوتێكدا
چاوه‌ڕوانم باخه‌وانێ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌رم بێنێ و
بمخاته‌ سه‌ر توێتایه‌ك و له‌ نیشتمان وشكم بكات
ڕزگارم كات له‌و وڵه‌یه‌ی بۆته‌ خۆره‌ و
جارێك جه‌سته‌ و
سه‌د جار كارێزم وشك ئه‌كات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە