ئاڵوگۆرى حكومەت لەنێوان متمانەو پەیمانى ستراتجى
Monday, 20/02/2012, 12:00
بەپێ ڕێكەوتنى نێوان پارتى ویەكێتى كە بەڕێكەوتنى ستراتیجى ناودەبرێت دەبێت هەریەك لەو دوو حزبە بۆ ماوەى دووساڵ ئاڵوگۆرى حكومەت وپەرلەمان بكەن لەئێستادا رۆژنامەكان سەرقاڵن بە رووماڵى هەواڵو رووداوەكانى ئاڵوگۆرەكە. بەڵام ئەوەى بەلاى من وزۆربەى رۆژنامەنوسان و چاودێرانى سیاسیەوە جێگەى تێرامانە ئەوەیە ئایا ئەم ئاڵوگۆڕە لەسەر بنەماى درێژكراوەى كابینەى شەشە یان دەبێتە كابینەى حەوت, هەروەها هەواڵەكان پێمان دەڵێن پارتى بە ناوى كابینەى حەوت ناوى دەبات و یەكێتیش دەڵێت درێژكراوەى كابینەى شەشەو لەسەر بەرنامەكەى لیستى كوردستانى دەروات بەرێوە, ئەگەر بەپێ ئەو ڕێكەوتنەى نێوان ئەو دوو حزبە بێت لە كاتى ئاڵوگۆڕدا سەرۆك لاى هەریەك بێت دەبێت جێگرەكەى لاى حزبەكەى تر بێت ئەمە بۆپەرلەمانیش هەروەهایە بەڵام ئایا پارتى دیموكراتى كوردستان ئامادەیە وەزارەتى ناوخۆ وسامانى سروشتى بداتە یەكێتى نشتیمانى كوردستان وئەوانیش وەزارەتى دارایى و پێشمەرگە بدەنە ئەوانە ئەمەى لاى یەكێتى تا رادەیەك ئاسایە بۆ یەكێتى بەڵام ئەوانەى لاى پارتى كەمێك زەحمەتە چونكە پارتى بە ئاسانى نایەوێت ناوخۆ وسامانى سروشتى لەدەست بچێت,
هەروەها ئەكەر كابینە ببێتە حەوت ئەوا دەبێت سەرجەم وەزیرەكان و بەرنامەكەى لیستى كوردستانى بگۆڕن وبەرنامە و وەزیرى نوێ دابنێن, ئایا ئەمە پەرلەمانى كوردستان رازى دەبێت لەسەرى لە كاتێكدا ئۆپۆزەسیۆن لەپەرلەمان تاوەكو ئێستا نەبەشدارى لە حكومەت دەكەن و نەبریاریان داوە دەنگ بە سەرۆكى حكومەت و جێگرەكەى بدەن ,
هەروەها جێگرى سەرۆكى حكومەت كە پشكى یەكێتیە لەپێش دانانى دەنگۆ وقسەى ئەوەهەبوو كە یەكێك بێت خەڵكى سلێمانى بێت تەنانەت هەموو ئەندامانى مەكتەبى سیاسى ئەو حزبە كۆكبوون لەسەر ئەو بۆچوونە بەڵام لەشارى بەغداد جەلال تاڵەبانى سكرتێرى یەكێتى عیماد ئەحمدى دانا, پرسیارەكە لەوەدایە ئایا عیماد ئەحمد لە نێوان و سلێمانى و هەوڵێر وخانەقین خزمەتى كامیان دەكات , ئایا دەتوانى دڵى خەڵكى سلێمانى رازى بكات و كارەكان خێرا تر بكات لە ئێستا؟ ئایا دەتوانێ بەدەم كێشە و گرفتەكانى خەڵكى هەولێر بچێت حسابى پلە دوویان بۆ نەكرێت لە هەولێر.ئایا دەتوانى خەمى شارەكەى خۆى بخوات و بەدەم داواكارى وكێشەكانیان بێت و خزمەتى زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە ببات ؟ ئەمانە گەڵێك پرسیارن وچەندان پرسیارى تریش زیندوو دەبێتەوە, بۆیە دەكرێت بلێن لە نێوان كابینەى شەش وحەوتدا رووداوەكان بە شێوەیەكى تر دەشكێنەوە و چاوەروانى كاردانەوەى زیاتر و رووداوى سیاسى زیاتر دەكرێت , چونكە لەم كاتەدا یەكگرتووى ئیسلامى ئامادە نیە لەگەڵ پارتى دانشێت و گفتوگۆ بكات لەدواى رووداوەكانى بادینان كە ئەوان بەدەستى پارتى دەزانن,ئایا یەكگرتوو ئامادەیە جارێكى تر دەنگ بە بە سەرۆكى حكومەت بدات و متمانەى پێ بدات , جونكە ئەم حزبە جەرگى لە بادینان سووتاوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست